راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شه‌ڕی‌ ساردی‌ سه‌درو عه‌سائیب به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌

تایبه‌ت
ده‌سته‌واژه‌ی‌ جه‌نگی‌ سارد به‌ته‌واوی‌ به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی‌ نێوان ره‌وتی‌ سه‌درو عه‌سائیبدا ده‌سه‌پێت، چونكه‌…
26.09.2013  |  به‌غدا
Supporters of Muqtada al-Sadr on the streets.
Supporters of Muqtada al-Sadr on the streets.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ پاش هه‌ر گرژییه‌ك سه‌ركرده‌كانی‌ هه‌ردوولا پابه‌ند ده‌بن به‌هێوربوونه‌وه‌وه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان ئه‌و ناكۆكییه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌ به‌جۆرێك ده‌گاته‌ ئاستی‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ چه‌كداری‌، هه‌رچه‌نده‌ هۆكارو ژماره‌ی‌ قوربانییه‌كان به‌نهێنی‌ ده‌مێننه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو لایه‌نی‌ ره‌وتی‌ سه‌درو عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق له‌ئێرانه‌وه‌ نزیكن، به‌ڵام ناكۆكی نێوانیان كۆتایی‌ پێنایه‌ت، به‌ڵام گوتاری‌ موقته‌دا سه‌در گۆڕانی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌سه‌ردا هاتووه‌و پشتیوانی‌ سوننه‌و خۆپیشاندانه‌كانیان ده‌كات، هه‌رچی‌ لایه‌نی‌ عه‌سائیبیشه‌ هێشتا پابه‌ندن به‌به‌رگری‌ له‌شیعه‌وه‌.

عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق بزوتنه‌وه‌یه‌ك چه‌كداری‌ ئیسلامی‌ شیعه‌یه‌، له‌و كاته‌وه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 2004 موقته‌دا سه‌در بڕیاریدا سوپای‌ مه‌هدی‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا رابگرێت، ئه‌م گروپه‌ لێیان جیابوونه‌وه‌و جموجۆڵی‌ سه‌ربازییان ده‌ست پێكرد.

كاتێكیش سه‌در له‌ساڵی‌ 2007 بڕیاریدا چالاكی‌ سه‌ربازی‌ سوپای‌ مه‌هدی‌ به‌ته‌واوی‌ هه‌ڵپه‌سێرێت، ئه‌م بڕیاره‌ ناڕه‌زایی‌ ئێرانی‌ لێكه‌وته‌وه‌و بڕیاریدا پشتیوانی‌ عه‌سائیب بكات به‌ڕێبه‌رایه‌تی‌ خزعه‌لی‌.

خزعه‌لی‌ كه‌ ده‌سته‌ڕاستی‌ موقته‌دا سه‌در بوو، دواتر عه‌سائیبی‌ دامه‌زراندوو هه‌ر خۆیشی‌ تائێستا رێبه‌رێتی‌، هه‌رچی‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كانی‌ تری‌ هاوشێوه‌ی‌ محه‌مه‌د ته‌باته‌بائی‌‌و ئیكرام كه‌عبی‌ له‌به‌سره‌و عه‌بدولهادی‌ ده‌راجی‌ له‌به‌غدا، سه‌رجه‌میان له‌و نه‌وه‌ گه‌نجه‌ بوون كه‌ شوێن موقته‌دا كه‌وتبوون.

پاش جیابوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م گروپه‌و بێهیوابوونی‌ سه‌در له‌گه‌ڕانه‌وه‌یان، چه‌ند مانگێكه‌ ناكۆكییه‌كی‌ توند له‌نێوانیاندا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، كه‌ سه‌ره‌تا به‌شه‌ڕه‌ قسه‌ ده‌ستی‌ پێكرد تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ موقته‌دا سه‌در به‌"ئه‌هلی باتیل" ناویبردن‌و وتی‌ "له‌شه‌ڕیان به‌دووربین، ئه‌وانه‌ نه‌ سه‌ر به‌منن نه‌ به‌باوو باپیرانم".

هه‌ردوو لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كه‌ ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ له‌كه‌شێكی‌ بارگاوی‌ به‌ململانێ‌ ده‌ژین، هه‌ریه‌كه‌شیان ده‌یانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ رانه‌گه‌یه‌ندراو ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ شیعه‌نشینی‌ به‌غداو خوارووی‌ عێراق بسه‌پێنن، هه‌ریه‌كه‌شیان له‌ناكۆكی‌ كه‌سی‌‌و عه‌قیده‌یی‌‌و سیاسییدا ده‌ژین.

كێبڕكێی‌ سه‌پاندنی‌ ده‌سه‌ڵات ته‌نها له‌ناوچه‌ شیعه‌كان نه‌مایه‌وه‌، به‌ڵكو په‌ڕییه‌وه‌ بۆ ئه‌و پارێزگا سوننییانه‌ش كه‌ به‌شێكی‌ دانیشتوانه‌كه‌یان له‌شیعه‌ن، به‌ڵام خه‌ڵكه‌ سوننه‌كه‌ نازانن چۆن ئه‌م دوو لایه‌نه‌ شیعه‌یه‌ له‌یه‌ك جیابكه‌نه‌وه‌.

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ نزیك له‌عه‌سائیب ئه‌و گروپه‌ ئه‌مڕۆ توانایه‌كی‌ دارایی‌‌و سه‌ربازی‌ به‌هێزیان هه‌یه‌و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتی‌ ده‌كرێن، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كارده‌كه‌ن بۆ راكێشانی‌ لایه‌ندارانی‌ هێزه‌كانی‌ تر، به‌تایبه‌تی‌ له‌گروپه‌كه‌ی‌ سه‌در.

له‌كاتی‌ بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كاندا عه‌سائیب وێنه‌ی‌ خومه‌ینی‌ رێبه‌ری‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌‌و خامه‌نه‌ئیی‌ رێبه‌ری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام سه‌درییه‌كان به‌ته‌واوی‌ دژی‌ ئه‌و وێنانه‌ن‌و ته‌نانه‌ت به‌م دواییه‌ گروپێكیان چه‌ند وێنه‌یه‌كی‌ خومه‌ینی‌‌و خامه‌نه‌ییان له‌شاری‌ سه‌در له‌به‌غدا دڕاند.

له‌سه‌ر ئاستی‌ سیاسیش كێشه‌ی‌ گه‌وره‌یان هه‌یه‌، موقته‌دا كه‌ رێبه‌رایه‌تی‌ سوپای‌ مه‌هدی‌ ده‌كات، به‌ته‌واوی‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ گۆڕیوه‌و میانه‌ڕه‌و ده‌نوێنێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌رجه‌م راوێژكارو كادیره‌ سیاسییه‌كانی‌ به‌پاڵپشتی‌ شیعه‌ی‌ لوبنان گۆڕیوه‌ تا له‌فه‌له‌كی‌ ئێران ده‌ربازی‌ ببێت.

له‌پاش ناڕه‌زایی‌ سوننه‌كان كه‌ هه‌ر شه‌ش پارێزگای‌ ئه‌نبارو سه‌لاحه‌دین‌و موسڵ‌‌و دیاله‌و كه‌ركوك‌و به‌غدای‌ گرته‌وه‌، زۆرێك له‌هێزه‌ شیعه‌كان بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد یان دژی‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ وه‌ستانه‌وه‌، به‌ڵام سه‌در تاكه‌ كه‌سایه‌تی‌ شیعه‌ بوو كه‌ داوای‌ به‌جێهێنانی‌ خواستنه‌كانی‌ خه‌ڵكه‌ ناڕازییه‌كه‌ی‌ ده‌كرد.

له‌به‌رامبه‌ردا عه‌سائیب ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن سوننه‌كانه‌وه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌كوشتنی‌ كه‌سانی‌ سوننه‌ مه‌زهه‌ب له‌به‌غداو پارێزگاكانی‌ باشوور‌و وه‌ك عه‌بدولحه‌مید عانی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ئه‌نبار ده‌ڵێت "حكومه‌ت كارئاسانییان بۆ ده‌كات‌و لێیان ناپێچێته‌وه‌".

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌مانه‌ چه‌ندجارێك سه‌در له‌رێی‌ به‌یاننامه‌وه‌ پاڵپشتی‌ سوننه‌كانی‌ كردووه‌و له‌هاوپه‌یمانه‌ شیعه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاساو ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا له‌پارێزگایه‌كی‌ وه‌ك دیاله‌ دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌و هاوپه‌یمانی‌ له‌گه‌ڵ‌ عێراقییه‌ پێكهێناوه‌ بۆ دروستكردنی‌ حكومه‌تی‌ خۆجێیه‌تی‌.

جواد جبوری‌ په‌رله‌مانتاری‌ ره‌وتی‌ سه‌در له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئامانجمان له‌گه‌ڵ‌ سوننه‌كان له‌دیاله‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌یامی‌ دڵنیاییان بده‌ینێ‌ له‌وه‌ی‌ ئێمه‌ دژی‌ تایفه‌گه‌رین".

له‌دیارترین هه‌ڵوێسته‌كانی‌ سه‌دریش ئه‌وانه‌ بوو كه‌ دژی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ مالیكی‌ بوون، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ له‌هه‌موو بۆنه‌یه‌كی‌ سیاسی‌‌و ئه‌منیدا ره‌خنه‌ له‌مالیكی‌ ده‌گرێت‌و خۆی‌ له‌وه‌ ناپارێزێت كه‌ به‌دیكتاتۆر ناوی‌ ببات.

یه‌كێك له‌جیاوازییه‌كانی‌ سه‌درو عه‌سائیب ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌در چل كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌یه‌و هه‌شت وه‌زاره‌تی‌ به‌ده‌سته‌، به‌ڵام عه‌سائیب له‌و پۆستانه‌ بێبه‌شه‌، به‌ڵام پاڵپشتییان له‌شیعه‌كانی‌ عێراق‌و له‌مالیكی‌ جۆرێك له‌هێًزو دڵنیایی‌‌و پاداشتی‌ داونه‌تێ‌.

زیا ئه‌سه‌دی‌ په‌رله‌مانتاری‌ ئه‌حراری‌ سه‌ر به‌ره‌وتی‌ سه‌در له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هاوپه‌یمانی‌ مالیكی‌‌و عه‌سائیب بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گێچه‌ڵ‌ به‌ره‌وتی‌ سه‌در بكه‌ن".

به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ نێوان ئه‌م دوو گروپه‌وه‌ هێزه‌ شیعه‌كان تووشی‌ جۆرێك له‌رووگیری‌ بوون، ئه‌وه‌تا كاتێك مالیكی‌ هه‌وڵیدا له‌پاش كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ساڵی‌ 2011 عه‌سائیب بخاته‌ ناو پرۆسه‌ی‌ سیاسییه‌وه‌، سه‌در هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌هێزه‌ شیعییه‌كان كرد كه‌ به‌یه‌كجاری‌ له‌به‌ره‌كه‌یان دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌.

دوو له‌ناكۆكی‌ سیاسی‌، گرژی‌ نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی‌ سیاسی‌‌و میللی‌ ناڕه‌حه‌تی‌ دروستكردووه‌و به‌هۆیه‌وه‌ راگرتنی‌ كاری‌ میلیشیاكان زه‌حمه‌ت بووه‌، ناوه‌ ناوه‌ش په‌لاماری‌ چه‌كداری‌ دژ به‌یه‌ك رووده‌دات، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو گروپه‌كه‌ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ چه‌كیان داناوه‌، به‌ڵام هه‌موو كات ئاماده‌ن بۆ به‌كارهێنانی‌.