راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كورده‌كان ناكۆكن له‌سه‌ر پێكهێنانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌سوریا

هیوا بەرزنجی
سه‌رباری دۆخی خراپی كوردانی رۆژئاواو كۆچی به‌رده‌وامیان بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه‌چی هێشتا پارته‌ سیاسییه‌كانی رۆژئاوا ناكۆكن له‌سه‌ر پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی…
5.09.2013  |  سلێمانی

هه‌رچه‌ند مانگێك پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ئازاری‌ ساڵی‌ 2011 شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ سوریا ده‌ستیپێكرد، به‌شێكی‌ زۆر له‌ناوچه‌ كورنشینه‌كانی‌ سوریا كه‌وته‌ ده‌ست هێزه‌ كوردییه‌كان‌و به‌تایبه‌تیش هێزه‌كانی‌ پارتی‌ یه‌كێتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان (په‌یه‌ده‌)ی‌ سه‌ر به‌پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان.

هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌په‌یه‌ده‌ هه‌ر زوو كه‌وتنه‌ خۆی پڕچه‌ككردن‌و چه‌ندین ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردن‌و گروپی چه‌كداری ئاسایش پارێزی له‌و ناوچه‌ ئازادكراوانه‌ پێكهێنا‌، هه‌روه‌ها توانیان ده‌ست بگرن به‌سه‌ر بیره‌ نه‌وته‌كانی ئه‌و ناوچانه‌دا.

له‌دوای په‌شه‌كشه‌ی‌ هێزه‌كانی رژێمی سوریا له‌كوردستانی‌ سوریا تائێستا به‌عه‌مه‌لی په‌یه‌ده به‌ته‌نیا‌ به‌بێ به‌شداریكردنی پارته‌كانی تر، ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌رێوه‌ ده‌بات‌و بۆشایه‌ ئیدارییه‌كانی پڕكردووته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ره‌ی كوردی له‌و ناوچه‌یه‌ لاواز كردووه.

دوای دوو ساڵ له‌به‌رێوه‌بردنی ئه‌و ناوچانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تاكلایانه‌، ئێستا په‌یه‌ده‌ له‌هه‌وڵی پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆدایه‌ له‌كوردستانی‌ سوریا‌ به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موو لایه‌نه‌كان دانی پێدابنێن‌و وه‌ك ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵام پێناچێت ئه‌م هه‌وڵه‌ی په‌یه‌ده‌ هاوشێوه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كورستانی‌ عێراق (ساڵی 1992) سه‌ربگرێت، چونكه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وكاته‌ی حزبه‌كانی هه‌رێم كه‌ خۆیان له‌"به‌ره‌ی كوردستانی" یه‌كخستبوو، پارته‌ سیاسییه‌ كورده‌كانی سوریا خاوه‌نی هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوو نین‌.

تائێستاش زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانیان ته‌نیا له‌ دووره‌وه‌ سه‌یری خاكه‌كیان ده‌كه‌ن‌و له‌هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن، ته‌نانه‌ت باره‌گای سه‌ره‌كی به‌شێك له‌و حزبانه‌ له‌هه‌ولێرو سلێمانین، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای دۆخی خراپی سوریاو یه‌كلایی نه‌بوونه‌وه‌ی چاره‌نووسی رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د.

جه‌عفه‌ر حه‌نان نوێنه‌ری په‌یه‌ده‌ له‌هه‌ولێر، له‌لێدوانێكی بۆ "نیقاش" ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ته‌نها ئیداره‌ی‌ ناوچه‌ كوردنشیه‌كانی‌ سوریا به‌ڕێوه‌ ببه‌ن‌و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌موو پارته‌كانی تر نه‌گه‌ینه‌ ئه‌نجام، ئه‌وا به‌ته‌نیا ئاماده‌ نین ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ پێكبهێنین، به‌ڵكو پێویسته‌ هه‌موو پارته‌كانی ترو رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌شداری له‌و ئیداره‌یه‌ بكه‌ن و هه‌ر لایه‌نه‌ی به‌گوێره‌ی پێگه‌ی خۆی ئه‌ركی ئیداره‌كه‌و نه‌ته‌وه‌كه‌یان بخانه‌ سه‌رشانیان، گه‌رنا سه‌ركه‌وتوو نابین".

نوێنه‌ره‌كه‌ی په‌یه‌ده‌ له‌هه‌ولێر ته‌ئكید له‌وه‌شده‌كاته‌وه‌ له‌كاتی پێكهێنانی ئیداره‌كه‌ ئه‌وان توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌رووی ماددی‌و كادری مرۆییه‌وه‌ ئیداره‌ی ئه‌و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ بكه‌ن‌و سه‌ربه‌خۆیشی‌ بپارێزن، ده‌شڵێت "پێكهێنانی ئه‌و ئیداره‌یه‌ دۆخی كوردان باشتر ده‌كات‌و مافه‌كانیان زیاتر ده‌پارێزێت له‌ئاینده‌ی سوریادا".

به‌قسه‌ی‌ حه‌نان ئێران‌و توركیا لاری نه‌بوونی خۆیان له‌سه‌ر پێكهێنانی ئه‌و ئیداره‌یه‌ ده‌ربڕیوه‌، دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وان له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا هه‌وڵه‌كانیان چڕتر ده‌كه‌نه‌وه‌ تا ئه‌و ئیداره‌یه‌ به‌ره‌زامه‌ندی هه‌موو لایه كوردییه‌كان پێكبهێنن‌و گه‌شبینیشه‌ به‌وه‌ی سه‌ركه‌وتووبن له‌و هه‌نگاوه‌.

كه‌چی پارتی دیموكراتی كورد لەسووریا (ئه‌لپارتی) كه‌ دووه‌مین هێزی سیاسی كوردییه‌ له‌سوریا‌ له‌رووی نفوزو كاریگه‌رییه‌وه‌و نزیكه‌ له‌پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق،‌ ره‌خنه‌ی توند له‌په‌یه‌ده‌ ده‌گرێت‌و به"‌تاكڕه‌و" وه‌سفی ده‌كات‌و ئاماده‌ش نییه‌ به‌شداری ئه‌و ئیداره‌یه‌ بكات.

له‌لێدوانێكی بۆ "نیقاش" د.عەبدولحەكیم بەشار سه‌رۆكی ئه‌لپارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ تائێستا ئه‌وان بۆ پێكهێنانی ئه‌و ئیداره‌یه‌ پرس‌و راوێژیان پێنه‌كراوه‌و جه‌ختله‌وه‌شده‌كاته‌وه‌‌ گه‌ر ئه‌و ئیداره‌یه‌ پێكبهێنرێت، ئه‌وا شكست ده‌هێنێت، چونكه ‌"بەداخەوە هێشتا رێژەیەكی زۆر سەربازی رژێم لەناو قامیشلۆ بوونی هەیە، كە زیاد لەحەوت هەزار سەرباز دەبێت‌و لەگەڵ ئەوەشدا دەزگای ئەمنی‌و بەرپرسیارێتیان هەیە، ناكرێ لەئێستادا باس لەدروستكردنی ئیدارەیەكی سەربەخۆ بكەیت، لەكاتێكدا كورد دنیایەك دوژمنی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەو پرسە بەیەكەوە بڕیاری لەسەر بدرێت‌و زەمینەسازی بۆ بكرێت‌و بەڕاوێژ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوری بێت".

سه‌رۆكی ئه‌لپارتی پێی‌ وایه‌ پێكهێنانی‌ ئه‌و ئیداریه‌ له‌گه‌ڵ‌ په‌یه‌ده‌ كارێكی‌ زه‌حمه‌ته‌ چونكه‌ "ئه‌وان ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی‌ ئێمه‌یان له‌ناوبردووه‌و ژماره‌یه‌كی‌ تریشمان له‌زیندانه‌كانی‌ ئه‌واندان".

گرژبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی په‌یه‌ده‌و ئه‌لپارتی وه‌ك دوو هێزی گه‌وره‌ی كورد له‌‌سوریا له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕش له‌لایه‌ن گه‌لانی سوریا زیاتر زه‌قتر بووه‌، ئه‌م بارگرژییه‌ به‌ناردنی 200 پێشمه‌رگه‌ی ئه‌لپارتی له‌چه‌ند مانگی رابردوو له‌هه‌رێمه‌وه‌ بۆ رۆژئاوا كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ مه‌شقیان پێكرابوو ئه‌وه‌نده‌ی تر دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆزكرد، گه‌رچی له‌سنوور ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی ئه‌لپارتی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی په‌یه‌ده‌وه‌ ده‌ستگیركران‌و دواتریش ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی توڕه‌بوونی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حكومه‌تی هه‌رێم له‌كاردانه‌ی ئه‌وه‌شدا سنووری فیشخابوویان به‌رووی په‌یه‌ده‌‌و كوردانی رۆژئاوا داخست.

به‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و سنووره‌ش له‌ 15ی ئابی ئه‌مساڵدا له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ نه‌توانرا په‌یوه‌ندییه‌كانی په‌یه‌ده‌و ئه‌لپارتی خاوبكرێته‌وه‌، به‌هۆی‌ ئه‌مه‌و هێرشه‌كانی‌ رژێمی‌ سوریاوه‌، كاروانی‌ ئاواره‌كانی‌ سوریا بۆ هه‌رێم رووی‌ له‌زیادبوون كرد.

سه‌رۆكی ئه‌لپارتی هاتنی به‌لێشاوی كوردانی رۆژئاوا بۆ باشووری كوردستان به‌مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌و ئیداره‌یه‌و ئاینده‌ی كورد له‌سوریا‌ ده‌زانێت، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات له‌و ماوه‌یه‌ی سنوور كراوه‌ته‌وه‌ تائێستا 30 هەزار كوردی رۆژئاوا هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌و كوردانه‌ی له‌ رۆژئاواوه‌ روویان كردووته‌ هه‌رێم ده‌گاته‌ نزیك بە 200 هەزار.

هاوشێوه‌ی ئه‌لپارتی، مسته‌فا جومعه‌ سه‌رۆكی پارتی ئازادی كورد له‌سوریا نیگه‌رانه‌ له‌هه‌نگاوه تاكلایه‌نه‌كانی په‌یه‌ده‌و پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌كوردستانی‌ سوریا له‌م ئان‌و ساته‌دا به‌سه‌ركه‌توو نازانێت، بۆیه‌ به‌پێویستی ده‌زانێت له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا په‌یه‌ده‌ پابه‌ندی رێككه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر بێت كه‌ له‌ 2012 له‌لایه‌ن گشت پارته كوردییه‌كانی‌ سوریاوه‌ ئیمزا كراوه‌ كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان پابه‌ند ده‌كات به‌به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ی رۆژئاوا به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كگرتوو.

سه‌رۆكی پارتی ئازادی كورد له‌سوریا له‌لێدوانه‌كه‌ی "نیقاش" ره‌خنه‌ له‌پرۆژه‌كه‌ی په‌یه‌ده‌ بۆ پێكهێنانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ ده‌گرێت‌و ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌ له‌گه‌ڵ پرۆژه‌‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی كوردی له‌رۆژئاوا، چونكه‌ مافی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌ستبه‌رناكات، ته‌نیا ئیداره‌یه‌كه‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی دام‌و ده‌زگاكان، ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورددا نییه‌".

مسته‌فا ئه‌وه‌ به‌دوور ده‌زانێت له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و ئیداره‌یه‌ پێكبهێنرێت، له‌ئه‌گه‌ری پێكهێنانیشی پێشبینی ‌ده‌كات رووبه‌رووی ده‌ستوه‌ردانی‌ ئۆپۆزسیۆنی سوری‌و وڵاتانی ئیقلیمی ببێته‌وه‌.

چاوێرانی سیاسی‌و شاره‌زایانی كاروباری رۆژئاوای كوردستان ئاماژه‌ به‌وه ‌ده‌ده‌ن گه‌ر حزبه‌كانی كوردستانی‌ سوریا یه‌كگرتوو یه‌كگوتار نه‌بن، ئه‌وا پێكهێنانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ دۆخه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر ئاڵۆز ده‌كات‌و رووبه‌رووی فشاریش ده‌بێته‌وه‌.

ره‌زوان بادینی شاره‌زایانی كاروباری سوریا به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند "گه‌ر ئیداره‌كه‌ یه‌ك حزب پێكی بهێنێت، هه‌م شه‌رعیه‌ت وه‌رناگرێت‌و هه‌میش ناتوانێت پشتیوانی چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌ستبه‌ربكات، چونكه‌ تائێستا هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد له‌و ناوچه‌یه‌ نه‌كراوه‌ تا هه‌ر لایه‌نه‌ی به‌پێی قه‌باره‌ی خۆی به‌شداری له‌پێكهێنانی ئیداره‌كه‌ بكات، ئه‌مه‌ش له‌شكستی نزیكده‌كاته‌وه‌".

ره‌زوان پێی‌ وایه‌ "راگه‌یاندنی ئۆتۆنۆمی له‌م كاته‌دا بۆ رۆژئاوای كوردستان باشتره‌ تا پێكهێنانی ئیداره‌یه‌ك، چونكه‌ راگه‌یاندنی ئۆتۆنۆمی له‌دوای رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د كورد له‌سه‌ربه‌خۆی نزیكتر ده‌كاته‌وه‌".

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ پێیوایه‌ په‌یه‌ده‌‌ ده‌یه‌وێت به‌كردنه‌وه‌ی سنووری رۆژئاوا بۆ كۆچكردنی به‌لێشاوی كوردانی رۆژئاوا بۆ هه‌رێمی كوردستان فشار بخاته‌ سه‌ر پارته‌كانی رۆژئاواو حكومه‌تی هه‌رێم تا رازیببن به‌پێكهێنانی ئه‌و ئیداره‌یه‌‌و وتی‌ "ده‌یه‌وێت وای نیشانبدات گه‌ر كۆچكردن به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت‌و دۆخی رۆژئاواش هه‌ر وابێت به‌بێ رێكخستنه‌وه‌و پێكهێنانی ئیداره‌یه‌ك كۆنترۆڵ ناكرێت".