راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئه‌نجومه‌ی‌ ره‌ژه‌ش چووه‌ ژێر باڵی‌ حیزبه‌كانه‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
سه‌یر له‌وه‌دایه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ راژه‌ كه‌ ده‌بێت سه‌ربه‌خۆبێت‌و كاره‌كه‌ی‌ بریتی‌ بێت له‌نه‌هێشتنی‌…
29.08.2013  |  به‌غدا
البرلمان العراقي
البرلمان العراقي

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق چوار ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر‌و له‌ئازاری‌ 2009 پرۆژه‌ یاسای‌ راژه‌ی‌ ئیتیحادی‌ په‌سه‌ند كردووه‌، به‌ڵام كێشه‌ی‌ ئه‌ندامێتی‌ حیزبه‌كان له‌سه‌ری‌ وایكردووه‌ له‌وكاته‌وه‌ نه‌چێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

جه‌واد جبوری‌ په‌رله‌مانتاری‌ لیستی‌ ئه‌حراری‌ سه‌ر به‌ره‌وتی‌ سه‌در به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران دواكه‌وتووه‌ له‌دیاریكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ راژه‌، چونكه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌ندێ‌ له‌حیزبه‌كان نییه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیانی‌ به‌سه‌ردا بسه‌پێنن".

به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران لیستی‌ ناوی‌ پاڵێوراوانی‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی‌ ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان كرد، هه‌ر به‌گه‌یشتنی‌ سه‌ركرده‌ی‌ كوتله‌ په‌رله‌مانییه‌كان لێره‌و له‌وێ‌ ده‌ستیان كرد به‌ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایی‌.

پێكهێنانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ راژه‌ی‌ ئیتیحادی‌ داوایه‌كی‌ ده‌ستورییه‌، به‌و پێیه‌ی‌ له‌ماده‌ی‌ 107دا هاتووه‌ "ئه‌نجومه‌نێك داده‌مه‌زرێت به‌ناوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئیتیحادی‌ كه‌ كاره‌كه‌ی‌ بریتی‌ ده‌بێت له‌رێكخستنی‌ كاروباری‌ خزمه‌تی‌ گشتی‌ ئیتیحادی‌، له‌نێویاندا دامه‌زراندن‌و به‌رزكردنه‌وه‌و دیاریكردنی‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ به‌پێی‌ یاسا".

له‌و ده‌مه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 2009 بێنه‌وبه‌رده‌یه‌كی‌ زۆر دروست بوو له‌گه‌نده‌ڵی‌ دامه‌زراندنی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ ده‌وڵه‌ت، په‌رله‌مان توانی‌ له‌ژێر فشاری‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌‌و داواكاری‌ خه‌ڵك‌و زۆربوونی‌ بێكاری‌ ئه‌و یاسایه‌ ده‌ربكات.

مشتومڕه‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌حمه‌تی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌رچوانی‌ زانكۆكان بوو، له‌كاتێكدا ده‌ڵاڵه‌كانی‌ كاروباری‌ حكومی‌ له‌هه‌ردوو كه‌رتی‌ مه‌ده‌نی‌‌و ئه‌منی‌، وه‌زیفه‌یان به‌چه‌ند ملیۆن دینارێك ده‌كڕییه‌وه‌.

له‌ماده‌ی‌ 2ی‌ یاسای‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا هاتووه‌ "ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ گرێدراوه‌ به‌په‌رله‌مانه‌وه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی‌ مه‌عنه‌وی‌ هه‌یه‌و له‌رووی‌ دارایی‌‌و ئیدارییه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌، سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ یان كه‌سێك له‌بری‌ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی‌ ئه‌كات".

له‌ماده‌ی‌ سێهه‌میشدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ ئامانجی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ "به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ وه‌زیفه‌ی‌ گشتی‌‌و ره‌خساندنی‌ ده‌رفه‌تی‌ یه‌كسان‌و گه‌شه‌پێدانی‌ ئاستی‌ فه‌رمانبه‌ران".

له‌باره‌ی‌ په‌یكه‌ری‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌شه‌وه‌ له‌ماده‌ی‌ پێنجه‌مدا ئه‌وه‌ رونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكێك‌و جێگرێك‌و حه‌وت ئه‌ندامی‌ ده‌بێت، كه‌سانێكن كه‌ لانی‌ كه‌م هه‌ڵگری‌ بڕوانامه‌ی‌ زانكۆن، دوان له‌وانه‌ش له‌بواری‌ یاساو دوانی‌ تریان له‌بواری‌ كارگێڕی‌‌و ئابوری‌‌و یه‌كێك له‌پزیشكی‌‌و یه‌كێك له‌ئه‌ندازیاری‌‌و یه‌كێك له‌كشتوكاڵ‌.

به‌ڵام به‌پێی‌ ئه‌و لیسته‌ی‌ ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان كراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ ناوه‌ پاڵێوراوه‌كان سه‌ر به‌حیزبه‌ گه‌وره‌كانن، ئه‌مه‌ش مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ژێر باری‌ پشك پشكێنه‌ی‌ تایفی‌ هاوشێوه‌ی‌ دیاریكردنی‌ وه‌زیرو پۆسته‌كانی‌ تر.

له‌ناو لیسته‌كه‌دا پێنجیان سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتیمانی‌ شیعه‌و دوانیان سوننه‌و دوانیان كوردن، به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تییه‌ كه‌ حیزبی‌ ده‌عوه‌ ده‌یه‌وێت بۆخۆی‌ بێت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ كه‌ داوایكرد ناوی‌ نه‌هێنرێت ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ كوتله‌كان‌و لیژنه‌ی‌ یاسایی‌، كوتله‌كان تووشی‌ سه‌رسوڕمان بوون كه‌ بینیویانه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌ندامه‌كان سه‌ر به‌ده‌وڵه‌تی‌ یاسان.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دا سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌حیزبی‌ ده‌عوه‌ی‌ مالیكی‌‌و جێگره‌كه‌ی‌ له‌یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌.

سه‌لمان جمێلی‌ نوێنه‌ری‌ لیستی‌ عێراقییه‌ دیارترین كه‌س بووه‌ له‌وانه‌ی‌ دژی‌ ئه‌و پێكهاته‌یه‌ بووه‌و داوایكردووه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌وان بێت، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌و تاسازانی‌ سیاسی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ دواخراوه‌.

بنه‌مای‌ سازانی‌ سیاسی‌‌و پشك پشكێنه‌ له‌خراپترین نه‌نگییه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسییه‌ له‌ساڵی‌ 2003وه‌، سه‌ره‌تاكه‌شی‌ بۆ ئه‌و ده‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ پۆل برێمه‌ر ئه‌نجومه‌نی‌ حوكمی‌ دروست كرد.

ئه‌وكات برێمه‌ر 25 ئه‌ندامی‌ هه‌ڵبژارد له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پشك پشكێنه‌و ژماره‌ی‌ دانیشتوان، له‌وانه‌ 13 ئه‌ندامیان شیعه‌و 5یان سوننه‌و 5یان كورد بوون، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌ندامێكی‌ مه‌سیحی‌‌و یه‌كێكی‌ توركمان، پاش ئه‌وه‌ش حكومه‌تی‌ كاتی‌ عێراق پێكهات كه‌ به‌هه‌مان بنه‌ما كاریده‌كرد.

به‌مشێوه‌یه‌ پشك پشكێنه‌ی‌ تایفی‌‌و سازانی‌ سیاسی‌ جارێكی‌ تر خۆی‌ سه‌پانده‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی‌ ده‌بێت سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌جۆرێك بووه‌ هاوشێوه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆكانی‌ تر كه‌ ئه‌ندامانی‌ حیزبه‌ گه‌وره‌كان به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌به‌ن.

له‌وانه‌ ده‌سته‌كانی‌: ئه‌ستۆپاكی‌، مافی‌ مرۆڤ، كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن، بانكی‌ ناوه‌ندی‌، راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كان، دیوانی‌ ئه‌وقافی‌ سوننه‌و شیعه‌و مه‌سیحی‌، ئه‌مانه‌ هه‌موویان ته‌نها به‌ناو ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆن.

به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی‌ راژه‌ی‌ ئیتیحاد گرنگییه‌كه‌ی‌ له‌و ده‌ستانه‌ی‌ تر زیاتره‌، به‌و پێیه‌ی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌باری‌ ئابوری‌ وڵاته‌وه‌و چینێكی‌ به‌رفراوانی‌ بێكاران كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س، چونكه‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان‌و گه‌نده‌ڵی‌ دارایی‌‌و ئیداری‌ باڵیان كێشاوه‌ به‌سه‌ر چۆنێتی‌ دامه‌زراندنی‌ فه‌رمانبه‌راندا، عێراقییه‌كانیش هیوایان هه‌ڵواسیوه‌ به‌م ئه‌نجومه‌نه‌دا تا ئه‌و كێشه‌یه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر بكات.

له‌حاڵه‌تی‌ دامه‌زراندنی‌ ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌، ده‌بێت هه‌موو وه‌زاره‌ت‌و ده‌زگا حكومییه‌كان پابه‌ندبن به‌ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ژماره‌ی‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش راگه‌یاندن بڵاوده‌كاته‌وه‌و به‌چاوپێكه‌وتن فه‌رمانبه‌ران وه‌رده‌گرێت‌و ره‌وانه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ده‌كات.

موحسین سه‌عدون په‌رله‌مانتاری‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "پێكهێنانی‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هۆكارێك ده‌بێت بۆ رێگرتن له‌كۆچی‌ ئه‌و كه‌سه‌ به‌توانایانه‌ی‌ به‌هۆی‌ بێكارییه‌وه‌ عێراق جێده‌هێڵن".

له‌ماده‌ی‌ نۆهه‌می‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ له‌توانایدا هه‌یه‌ "فه‌رمانبه‌ر دابمه‌زرێنێت یان دووباره‌ دایبمه‌زرێنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ته‌نها له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌نجومه‌نه‌ به‌پێی‌ پێوه‌ری‌ شاره‌زایی‌ پیشه‌یی‌".

له‌تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ تر ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی‌ لێهاتوویی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ تاقیده‌كاته‌وه‌ كه‌ دایانده‌مه‌زرێنێت له‌رێی‌ چاوپێكه‌وتن‌و تاقیكردنه‌وه‌ی‌ نوسین بۆ زانینی‌ تواناو لێهاتوییان، ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ پێشتر خزمه‌تیان هه‌بووه‌ یان خاوه‌نی‌ بڕوانامه‌ی‌ به‌رزن یان بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی‌ پۆسته‌كان زیاترن له‌كه‌سه‌ داواكاره‌كان.

ئه‌زموونی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ راژه‌ یه‌كه‌م حاڵه‌تی‌ له‌م چه‌شنه‌ نیه‌ له‌عێراقدا، كاتێك سیسته‌می‌ پادشایه‌تی‌ له‌ساڵی‌ 1956 ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی‌ دامه‌زراند‌و تا ساڵی‌ 1978 كاریپێكرا، تا ئه‌و ده‌مه‌ی‌ رژێمی‌ به‌عس هه‌ڵیوه‌شانده‌وه‌.

باسم جه‌میل ئه‌نتوان پسپۆڕی‌ ئابوری‌ داوا ده‌كات دۆسێی‌ دامه‌زراندن به‌شێوه‌یه‌كی‌ وردو دوور له‌ململانێی‌ سیاسی‌‌و تایفی‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت پشت به‌كه‌سانی‌ شاره‌زاو لێهاتوو ببه‌سترێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش كرا ئه‌وا به‌باشی‌ بۆ ئابوری‌ نیشتیمانی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

به‌ڵام بنه‌مای‌ پشكداری‌ له‌نێوان حیزبه‌ گه‌وره‌كان بۆ عێراقییه‌كان مژده‌به‌خش نییه‌، چاودێرانیش پێیان وانییه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ راژه‌ بتوانێت به‌باشی‌ كاری‌ خۆی‌ بكات.