راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

په‌رله‌مان ده‌یه‌وێت سنوری‌ پارێزگاكان رێكبخاته‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
په‌رله‌مانی‌ عێراق سه‌رقاڵی‌ تاوتوێكردنی‌ یاسایه‌كه‌ بۆ داڕشتنه‌وه‌ی‌ نه‌خشه‌ی‌ نوێی‌ عێراق، له‌رێی‌ ئه‌و…
11.07.2013  |  به‌غدا

له‌حاڵه‌تێكی‌ ده‌گمه‌ندا هه‌ندێ‌ له‌كوتله‌كانی‌ ناو په‌رله‌مانی‌ عێراق توانیان بسازێن بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 2011ه‌وه‌ تاڵه‌بانی‌ سه‌ره‌ك كۆمار ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كردبوو، به‌ڵام سازان له‌سه‌ر گفتوگۆی‌ یاساكه‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئاسانه‌، چونكه‌ ئه‌و یاسایه‌ له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی‌ ته‌كنیكی‌‌و سیاسیدایه‌.

له‌كاتی‌ سه‌ردانی‌ بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بۆ لای‌ مالیكی‌ له‌رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردوو، مالیكی‌ رایگه‌یاند رێكه‌وتوون له‌سه‌ر ده‌نگدان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ یاسا كه‌ په‌كخرابوون، له‌نێویاندا یاسای‌ گۆڕانكاری‌ نه‌خشه‌ی‌ پارێزگاكان.

تێپه‌ڕاندنی‌ یاساكه‌ به‌و ساناییه‌ نییه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ كوتله‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌كانی‌ وه‌ك عێراقییه‌و هێزه‌ سونییه‌كانی‌ تر له‌دژی‌ وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ پێیان وایه‌ هه‌نگاوێكه‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ عێراق‌و گۆڕینی‌ دیمۆگرافیای‌ ناوچه‌كانی‌.

به‌پێی‌ رای‌ ئه‌و پسپۆڕانه‌ی‌ "نیقاش" پشتی‌ پێیان به‌ستووه‌، له‌حاڵه‌تی‌ جێبه‌جێكردنی‌ یاساكه‌دا نه‌خشه‌ی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 1968، ئه‌مه‌ش ئه‌و مێژووه‌یه‌ كه‌ تیایدا حیزبی‌ به‌عس ده‌سه‌ڵاتی‌ گرتووه‌ته‌ ده‌ست، به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ پارێزگاكانی‌ سه‌لاحه‌دین‌و نه‌جه‌ف‌و موسه‌ننا هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ریه‌ك له‌و پارێزگایانه‌ ده‌لكێن به‌پارێزگای‌ تره‌وه‌، بۆ نموونه‌ تكریت ده‌بێته‌ قه‌زایه‌كی‌ سه‌ر به‌به‌غداو نه‌جه‌ف ده‌بێته‌ قه‌زایه‌كی‌ سه‌ر به‌كه‌ربه‌لاو ئاکرێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر موسڵ‌.

له‌سه‌ره‌تای‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ حیزبی‌ به‌عسه‌وه‌ هه‌تا كۆتاییه‌كه‌ی‌ (1968 - 2003) له‌و ماوه‌یه‌دا 239 بڕیار بۆ كێشانی‌ سنووره‌كان ده‌رچووه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ پارێزگاكانی‌ ئێستای‌ لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، هێزه‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌كانیش داوا ده‌كه‌ن سنوره‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ پێش به‌عس.

له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێك له‌هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ تر به‌ته‌واوی‌ ئه‌و یاسایه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌و پێیان وایه‌ دژی‌ خه‌ڵكه‌و هه‌وڵێكه‌ بۆ تێكدانی‌ ئاشته‌وایی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌.

له‌مڕووه‌وه‌ په‌رله‌مانتاری‌ عه‌ره‌بی‌ كه‌ركوك عومه‌ر جبوری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ناكرێت ته‌نها له‌چاوتروكانێكداو به‌یاسایه‌كی‌ ساده‌ زنجیره‌یه‌ك بڕیار هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ كه‌ چل ساڵ‌ پێش ئێستا ده‌رچوون".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "بڕیاره‌كانی‌ رژێمی‌ به‌عس ئه‌گه‌ر یاسایی‌ بن یان نایاسایی‌، ئه‌مڕۆ له‌رووی‌ دابه‌شبوونی‌ دانیشتوانه‌وه‌ گونجاون" پێشی‌ وایه‌ جێبه‌جێكردنی‌ یاساكه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ چه‌ند پارێزگایه‌ك "ئه‌مه‌ش مایه‌ی‌ قبوڵكردن نییه‌".

به‌پێی‌ ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ كه‌ تاڵه‌بانی‌ ده‌ستی‌ هه‌بووه‌ له‌نوسینه‌وه‌یدا "هه‌موو بڕیارو رێنمایی‌‌و یاسایه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ كه‌ رژێمی‌ به‌عس بۆ ئامانجه‌ سیاسییه‌كانی‌ خۆی‌ ده‌ریكردوون له‌رووی‌ دابه‌شكردنی‌ ناهاوسه‌نگانه‌ی‌‌و یاریكردن به‌سنوری‌ پارێزگاو قه‌زاو ناحیه‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری‌ كۆماری‌ عێراقدا".

له‌هۆكاری‌ ئاماده‌كردنی‌ پرۆژه‌ یاساكه‌دا هاتووه‌ "رژێمی‌ پێشوو رێوشوێنی‌ نادادپه‌روه‌رانه‌ی‌ په‌یڕه‌وكردووه‌ له‌سنوری‌ ئیداری‌ پارێزگاو قه‌زاو ناحیه‌كاندا، به‌و شێوه‌یه‌ی‌ كه‌ خۆی‌ ویستوویه‌تی‌ یاری‌ پێكردوون له‌رێی‌ ده‌ركردنی‌ یاسای‌ كۆمارییه‌وه‌، ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ش بۆ سوودی‌ گه‌لی‌ عێراق نه‌بووه‌، به‌ڵكو بۆ ئامانجی‌ سیاسی‌ رژێم بووه‌، له‌پێناو ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا به‌هه‌موو ره‌نگه‌كانیانه‌وه‌، بۆیه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌و گێڕانه‌وه‌ سنوره‌كان بۆ باری‌ ئاسایی‌ خۆیان به‌ر له‌دروستبوونی‌ رژێمی‌ به‌عس، ئه‌م یاسایه‌ ده‌رچوو".

هێزه‌ كوردییه‌كان به‌هێزترین پاڵپشتی‌ ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ به‌و پێیه‌ی‌ به‌رێژه‌یه‌كی‌ زۆر په‌یوه‌سته‌ به‌شاری‌ كه‌ركوكه‌وه‌ كه‌ ساڵانێكی‌ دوورو درێژه‌ بووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ جێناكۆك‌و یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ترین كێشه‌كانی‌ عێراق.

محسین سه‌عدونی‌ په‌رله‌مانتاری‌ كورد له‌لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "یاساكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و پارێزگایانه‌ی‌ ماده‌ی‌ 140 ده‌یانگرێته‌وه‌، هاوشێوه‌ی‌ كه‌ركوك كه‌ قه‌زای‌ دوزخورماتووی‌ بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئێستا لكێنراوه‌ به‌پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دینه‌وه‌، هه‌روه‌ها ناوچه‌كانی‌ نخێب‌و عه‌ین ته‌مر له‌پارێزگای‌ ئه‌نبار ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا".

به‌پێی‌ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ هه‌رێم‌و پارێزگاكانی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رچووه‌، به‌م زوانه‌ ئه‌و یاسایه‌ ده‌خرێته‌ كارنامه‌ی‌ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ تا خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ بكرێت، ئه‌وه‌ش زانراوه‌ كه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ به‌ده‌نگی‌ زۆرینه‌ له‌سه‌ر یاساكه‌ رازی‌ بووه‌.

له‌به‌رامبه‌ر هێزه‌ كوردییه‌كان كه‌ هه‌وڵی‌ تێپه‌ڕاندنی‌ یاساكه‌ ده‌ده‌ن، هێزه‌ شیعییه‌كان هیچ رێگرییه‌كیان نییه‌، به‌ڵام به‌هه‌مان گه‌رموگوڕی‌ كورده‌وه‌ هه‌وڵی‌ بۆ ناده‌ن.

هه‌ندی‌ له‌چاودێران پێیان وایه‌ شیعه‌ ئه‌م یاسایه‌ وه‌ك كارتێكی‌ فشاری‌ له‌به‌رامبه‌ر كورد به‌كارده‌هێنێت، به‌تایبه‌تی‌ له‌و كاتانه‌ی‌ دۆسیه‌كانی‌ نه‌وت‌و گازو بودجه‌ دێنه‌ پێشه‌وه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ عه‌لی‌ عه‌لاق په‌رله‌مانتاری‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "یاسای‌ كێشانه‌وه‌ی‌ سنوری‌ پارێزگاكان بۆ چاره‌سه‌ری‌ هه‌ڵه‌ی‌ نه‌خشه‌ی‌ پارێزگاكانه‌".

هه‌روه‌ها وتی‌ "رژێمی‌ پێشوو هه‌وڵی‌ ده‌دا بۆ گۆڕینی‌ نه‌خشه‌و دیمۆگرافیای‌ دانیشتوان، بۆیه‌ ده‌بێت ئێستا هه‌مووی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ باری‌ ئاسایی‌ خۆی‌".

عه‌لاق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ یاساكه‌ جوگرافیای‌ پارێزگاكان دیاریده‌كات‌و هیچ سیفه‌تێكی‌ سیاسی‌ نییه‌، به‌ڵام دانی‌ به‌وه‌شدا نا كه‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ پێویستی‌ به‌سازانی‌ نیشتیمانییه‌ له‌ناو په‌رله‌ماندا، چونكه‌ بڕیارێكی‌ له‌م چه‌شنه‌ پێویستی‌ به‌ده‌نگی‌ دوو له‌سه‌ر سێی‌ په‌رله‌مانتارانه‌.

مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌مایه‌تییه‌ ئاینی‌‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان خاڵی‌ لاوازی‌ ئه‌م یاسایه‌یه‌، بۆ نموونه‌ پێكهاته‌ی‌ توركمان زۆر له‌م یاسایه‌ ده‌ترسێت، چونكه‌ مافی‌ ئه‌وانی‌ تیا په‌یڕه‌و نه‌كراوه‌.

بۆ ئه‌مه‌ ئه‌رشه‌د ساڵحی‌ په‌رله‌مانتارو رێبه‌ری‌ كه‌مایه‌تی‌ توركمان پێی‌ وایه‌ ده‌بێت له‌پاڵ‌ ئه‌و یاسایه‌دا یاسایه‌كی‌ تریش ده‌ربكرێت.

ساڵحی‌ ده‌ڵێت "پێویستمان به‌یاسایه‌كه‌ بۆ دروستكردنی‌ پارێزگای‌ نوێ‌، چونكه‌ ده‌كرێت ناوچه‌كانی‌ زوبێرو دوزخورماتوو نخێب بۆ خۆیان ببنه‌ پارێزگایه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ".

زۆربه‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی‌ قسه‌یان بۆ "نیقاش" كردووه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئێستا ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ زه‌حمه‌ته‌و ره‌نگه‌ دوابكه‌وێت بۆ خولێكی‌ تری‌ په‌رله‌مان هاوشێوه‌ی‌ ده‌یان یاسایی‌ تر كه‌ دواخراون.

ره‌عد دهلكی‌ په‌رله‌مانتار له‌پارێزگای‌ دیاله‌وه‌ پێی‌ وایه‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ له‌م كاته‌دا قه‌یرانێكی‌ تری‌ سیاسی‌ ده‌ته‌قێنێته‌وه‌.

هه‌رچی‌ په‌رله‌مانتاری‌ سه‌ربه‌خۆ عوسمان جحێشییه‌ دڵنیایه‌ له‌وه‌ی‌ له‌م خوله‌دا په‌رله‌مان توانای‌ نییه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر یاساكه‌ بدات‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "بارودۆخی‌ ئێستای‌ وڵات‌و زۆری‌ قه‌یرانه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ په‌رله‌مان سه‌ركه‌وتوو نابێت له‌تێپه‌ڕاندنی‌ یاساكه‌".