راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مالیكی‌‌و بارزانی‌.. له‌هێڵی‌ سوره‌وه‌ بۆ فه‌رشی‌ سور

زانكۆ ئه‌حمه‌د
كاتێك بارزانی‌‌و مالیكی‌ له‌هه‌ولێر به‌گه‌رموگوڕی‌ یه‌كتریان له‌ئامێزگرت، ئه‌و دیمه‌نه‌ بۆ هه‌ندێ كه‌س مایه‌ی‌…
13.06.2013  |  سلێمانی
Iraqi PM Nouri al-Maliki (r) and the Iraqi Kurdish President Massoud Barzani at last week\\\'s press conference. Pic: Getty
Iraqi PM Nouri al-Maliki (r) and the Iraqi Kurdish President Massoud Barzani at last week\\\'s press conference. Pic: Getty

به‌شێك له‌چاودێرانی‌ سیاسی‌ پێیان وایه‌ سه‌ركرده‌كانی‌ عێراق به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌‌و له‌نێویشیاندا نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران‌و مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌"پیاوی‌ قه‌یرانه‌كان" ناسراون، چونكه‌ هه‌رچه‌ند مانگ جارێك له‌رێی‌ لێدوانه‌ ئاگرینه‌كانیان‌و جوڵاندنی‌ هێزه‌وه‌، ترس‌و نائارامی‌ ده‌خه‌نه‌ دڵی‌ هاوڵاتیانی‌ عێراقه‌وه‌و دواتریش له‌كون فه‌یه‌كونێكدا هه‌موو شتێك ئاسایی‌ ده‌بێته‌وه‌.

كاتێك به‌هۆی‌ نائارامییه‌كانی‌ قه‌زای‌ دوز‌و دروستبوونی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ دیجله‌ له‌مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ر)ی‌ ساڵی‌ رابردوو هه‌ردوو لایه‌نی‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌فه‌رمانی‌ مالیكی‌‌و بارزانی‌ له‌ده‌وربه‌ری‌ كه‌ركوك كۆبوونه‌وه‌و لوله‌ی‌ تۆپ‌و تفه‌نگه‌كانیان كرده‌ رووی‌ یه‌كتر، ئه‌وێ‌ رۆژێك كه‌م كه‌س هه‌بوو پێشبینی‌ بكات به‌ئاسانی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئه‌م دوو سه‌ركرده‌یه‌ ئاسایی‌ ده‌بێته‌وه‌.

له‌گه‌رمه‌ی‌ ناكۆكییه‌كاندا بارزانی‌ له‌گه‌ڵ‌ وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌یدا له‌كۆتایی‌ هه‌مان ساڵ‌ چووه‌ به‌ره‌كانی‌ پێشه‌وه‌ی‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌و هانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ ده‌دات كه‌ رێ‌ له‌پێشڕه‌وی‌ سوپای‌ عێراقی‌ بگرن، هه‌ر هه‌نگاوێك نزیكبوونه‌وه‌ی‌ "سوپاكه‌ی‌ مالیكی‌" به‌ "هێڵی‌ سوور" وه‌سف ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا له‌بری‌ ئه‌و "هێڵه‌ سووره‌" له‌كاتی‌ هاتنیدا بۆ هه‌ولێر فه‌رشی‌ سوور بۆ مالیكی‌ راده‌خرێت.

له‌لایه‌كه‌ی‌ تریش مالیكی‌ له‌ڕێی‌ "لێدوانه‌ ئاگرینه‌كان"یه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرد كه‌ رێگه‌ نادات هیچ كه‌سێك له‌یاسا ده‌ربچێت‌و ده‌بێت هێزه‌ چه‌كداره‌ كوردییه‌كان سنوری‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان جێبهێلێن، ئه‌ویش جوڵاندنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ به‌"هێڵی‌ سور" وه‌سف ده‌كرد.

كه‌ وێنه‌ی‌ بارزانی‌ له‌پێگه‌ی‌ فه‌رمی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ له‌ناو سه‌نگه‌ری‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌دووربین ته‌ماشای‌ به‌ری‌ ئه‌و به‌ری‌ هێڵی‌ رووبه‌روبوونه‌وه‌ی‌ ده‌كرد كه‌ هێزی‌ سوپای‌ عێراق لێی‌ جێگیر بوبوو، هه‌ندێ‌ له‌لایه‌نگرانی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ ئه‌و وێنه‌یه‌یان گرێدابۆوه‌ به‌"حیكمه‌تی‌ دوربینی‌" سه‌رۆكه‌وه‌و پێیان وابوو، ئه‌و پێداگرییه‌ی‌ له‌سه‌ر "مافی‌ كورد" ده‌یكات، هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ بۆ سه‌پاندنی‌ مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنوسین، به‌ڵام مالیكی‌ به‌ر له‌وه‌ی‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ سه‌ردانی‌ هه‌ولێر بكات، به‌ئاشكرا رایگه‌یاند "له‌عێراقدا شتێك نییه‌ ناوی‌ مافی‌ چاره‌ی‌ خۆنوسین بێت"، كه‌چی‌ بارزانیش ده‌نگی‌ لێوه‌ نه‌هات.

یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردوو نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌رێی‌ فرۆكه‌یه‌كی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ جێگره‌كانی‌‌و ژماره‌یه‌ك له‌وه‌زیره‌كانی‌ له‌فرۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێر نیشتنه‌وه‌‌و بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیش له‌پێشوازیدا بوو، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین جار هه‌ردوولا یه‌كتریان به‌"دیكتاتۆر" ناو بردبوو، به‌ڵام یه‌كتر بینینه‌كه‌یان هیچ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌و كه‌شه‌ بارگرژه‌ی‌ له‌سه‌ر نه‌بوو، بگره‌ زۆر به‌گه‌رموگوڕی‌ به‌ره‌وی‌ رووی‌ یه‌كچوون‌و به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ یه‌كتریان له‌ئامێز گرت.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ها راگه‌یه‌ندرابوو كه‌ مه‌به‌ستی‌ سه‌ردانه‌كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئاسایی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراقه‌ له‌هه‌ولێر، به‌ڵام له‌په‌راوێزی‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌شدا مالیكی‌‌و بارزانی‌ پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌و دواتریش كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسان ئه‌نجامدا.

كۆنگره‌كه‌ی‌ ئه‌وانیش هاوشێوه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسیی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ تری‌ عێراق جگه‌ له‌گه‌شبینی‌ هه‌ردوولا هیچی‌ تری‌ لێنه‌كه‌وته‌وه‌، هه‌ردوولا باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ بڕیاریان داوه‌ به‌پێكهێنانی‌ چه‌ند لیژنه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ نێوانیان، ئه‌مه‌ش ئه‌و قۆناغه‌یه‌ كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر پێی‌ گه‌یشتوون‌و هیچ هه‌نگاوێكی‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌ڵنه‌هێناوه‌.

مه‌حمود عوسمان په‌رله‌مانتاری‌ كورد له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ به‌غدا له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ نێوان مالیكی‌‌و بارزانی‌ "رێكه‌وتننامه‌یه‌كی‌ ناڕوون‌و نا شه‌فافه‌"و ئه‌وه‌ نه‌خراوه‌ته‌ روو ئاخۆ به‌ چ ئالییه‌تێك كێشه‌كانی‌ نێوانیان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

مه‌حمود عوسمان ره‌خنه‌ی‌ له‌وه‌ش گرت كه‌ له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌نوسییه‌كه‌دا مالیكی‌‌و بارزانی‌ رێگه‌یان نه‌داوه‌ رۆژنامه‌نووسان پرسیار بكه‌ن‌و هیچ په‌ڕه‌یه‌ك له‌ناكۆكییه‌كانی‌ رابردووی‌ نێوانیان هه‌ڵبده‌نه‌وه‌.

مالیكی‌‌و بارزانی‌ له‌هه‌ولێر پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌و هێزه‌كانی‌ هه‌ردوولاش هێشتا له‌ده‌وروبه‌ری‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ تر رووبه‌رووی‌ یه‌كتر وه‌ستاون، ئه‌م "دوو فاقیه‌" له‌سیاسه‌تكردن چاودێرانی‌ كردووه‌ به‌دوو به‌شه‌وه‌.

هه‌ندێك پێیان وایه‌ مالیكی‌‌و بارزانی‌ "به‌ئه‌نقه‌ست" له‌به‌ره‌به‌ری‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا گرێی‌ كێشه‌ی‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ نێوانیان توندتر ده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌ندێكی‌ تریش پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ كاریگه‌ری‌ وڵاتانی‌ دراوسێیه‌ كه‌ له‌شه‌وو رۆژێكدا هاوكێشه‌كانی‌ نێوان به‌غداو هه‌رێم هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای‌ رووداوه‌كانی‌ به‌ر له‌یه‌كتربینینی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ نێوان مالیكی‌‌و بارزانی‌ بكه‌ین، ده‌بینین زۆربه‌یان ئه‌گه‌ره‌كه‌ی‌ دووهه‌میان پشت راست ده‌كه‌نه‌وه‌.

رۆژی‌ 29ی‌ نیسان (ئاپرێل)ی‌ رابردوو نێچیره‌ڤان بارزانی‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ وه‌فدێكی‌ حكومی‌ له‌هه‌رێمه‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا كه‌وته‌ڕێ‌ له‌وێ‌ له‌گه‌ڵ‌ مالیكی‌‌و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ تری‌ عێراقیدا كۆبووه‌وه‌، هه‌ر ئه‌وكات نێچیره‌ڤان بارزانی‌ رایگه‌یاند كه‌ ئاماده‌كارییان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ مالیكی‌ سه‌ردانی‌ هه‌ولێر بكات.

ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ به‌غدا پاش چه‌ند سه‌ردانێكی‌ نێچیره‌ڤان بارزانی‌ دێت بۆ ئێران له‌مانگه‌كانی‌ كانوونی‌ دووه‌م (یه‌نایه‌ر)‌و ئازار (مارس)ی‌ ئه‌مساڵ‌، ئه‌وكات له‌راگه‌یاندنه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌ وه‌ها بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ ئێرانییه‌كان داوایان له‌نێچیره‌ڤان بارزانی‌ كردووه‌ كه‌ گرژییه‌كانی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا كه‌م بكه‌نه‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌ڵێنیان داوه‌تێ‌ كه‌ مالیكی‌ له‌به‌رامبه‌ر داواكانی‌ هه‌رێم نه‌رمی‌ بنوێنێت.

جگه‌ له‌كاریگه‌رییه‌كانی‌ ئێران میدیای‌ كوردی‌ باسی‌ له‌وه‌ش ده‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ریكا رۆڵی‌ گرنگی‌ هه‌بووه‌ له‌هێوربوونه‌وه‌ی‌ نێوان مالیكی‌‌و بارزانی‌، به‌و پێیه‌ی‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌مه‌ریكادا نییه‌ بارودۆخی‌ عێراق تێكبچێت، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ سوریای‌ هاوسێی‌ له‌شه‌ڕێكی‌ خوێناویدا ده‌ژی‌‌و دوور نییه‌ پریشكی‌ ئاگره‌كه‌ی‌ بپه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عێراق.

كامه‌ران مه‌نتك مامۆستای‌ زانكۆ له‌هه‌ولێرو چاودێری‌ سیاسی‌ ئه‌وه‌ به‌دوور نازانێت كه‌ ئه‌مه‌ریكا رۆڵی‌ راسته‌وخۆی‌ هه‌بووبێت له‌سه‌ر دانه‌كه‌ی‌ مالیكی‌ بۆ هه‌ولێر، له‌م رووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت عێراق له‌كێشه‌كانی‌ سوریاوه‌ بگلێت".

مه‌نتك پێی‌ وایه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ مالیكی‌‌و پێشوازییه‌ گه‌رموگوڕه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ به‌ئاسانی‌ ناتوانێت به‌سته‌ڵه‌كی‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌نی‌ ناكۆكییه‌كه‌ بتوێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هه‌ردوكیان چه‌ند مانگێكه‌ هێرشی‌ توند ده‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كترو سایكۆلۆژیای‌ هاوڵاتیانی‌ عێراقیشیان به‌و ئاراسته‌یه‌دا بردووه‌.

كامه‌ران مه‌نتك به‌دووری‌ نازانێت چه‌ند جارێكی‌ تریش قه‌یرانی‌ نێوان ئه‌م دوو سه‌ركرده‌یه‌ قوڵببێته‌وه‌و ده‌ڵێت "نازانم ئه‌وه‌ چ جۆره‌ دۆستایه‌تییه‌كه‌ كه‌ له‌هه‌ولێر باوه‌ش ده‌كه‌ن به‌یه‌كداو له‌ده‌وروبه‌ری‌ كه‌ركوكیش هێزه‌كانیان لوله‌ی‌ تفه‌نگیان كردووه‌ته‌ یه‌كتر؟".