راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كامپی‌ دۆمیز.. ژیانێكی‌ نوێ‌ له‌چاره‌نوسێكی‌ نادیاردا

ئاراڵ کاکل
له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ شه‌ڕو ئاژاوه‌ی‌ ناوخۆی‌ سوریا ژیانی‌ گه‌لێك له‌هاوڵاتیانی‌ ئه‌و وڵاته‌ی‌ تێكداوه‌، به‌ڵام بۆ…
28.03.2013  |  دهۆك

نه‌ریمان‌و ره‌شید سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و بارگرانییه‌ی‌ به‌هۆی‌ ئاواره‌ییه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ سه‌رشانیان، به‌ڵام له‌ناو ئه‌و باره‌ نائارمه‌دا توانیان به‌یه‌ك بگه‌ن‌و ژیانی‌ هاوسه‌رێتی‌ پێكبهێنن.

نه‌ریمان ره‌مه‌زان (22 ساڵ‌) كچه‌ ئاواره‌یه‌كی‌ سورییه‌و هه‌فته‌ی‌ رابردوو له‌گه‌ڵ‌ ره‌شیدی‌ ئامۆزای‌ له‌كامپی‌ دۆمیز چوونه‌ ژیانی‌ هاوسه‌رێتییه‌وه‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ماڵی‌ نه‌ریمان له‌شاری‌ قامیشلۆو ماڵی‌ ره‌شیدی‌ هاوسه‌ری‌ له‌دیمه‌شق بوون، بۆیه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا یه‌كتر بینینی‌ ئه‌م كچ‌و كوڕه‌ زه‌حمه‌ت‌و بووه‌و ته‌نانه‌ت خێزانه‌كانیشیان به‌ده‌گمه‌ن سه‌ردانی‌ یه‌كتریان كردووه‌، به‌ڵام هاوسێیه‌تیان له‌خێمه‌كانی‌ كامپی‌ دۆمیز ماوه‌ی‌ نێوانیانی‌ كورتكرده‌وه‌.

نه‌ریمانی‌ تازه‌ بووك ماكیاژێكی‌ تۆخی‌ كردبوو ده‌ستێك جلی‌ په‌مه‌یشی‌ كردبووه‌ به‌ر، باسی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرد كه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌یدا پێش چوار مانگ هاتوونه‌ته‌ كامپی‌ دۆمیزو چه‌ند رۆژێكیش پاش ئه‌وان ماڵی‌ مامی‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ هه‌مان كامپ.

یه‌كتر بینینی‌ ئه‌م كچ‌و كوڕه‌ له‌ژیانی‌ ئاواره‌ییدا حه‌زو خۆشه‌ویستی‌ له‌نێوانیاندا دروست ده‌كات‌و چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا ره‌شیدی‌ ئامۆزای‌ (23 ساڵ‌) ده‌رفه‌ت ده‌هێنێت‌و رازی‌ خۆشه‌ویستی‌ خۆی‌ بۆ نه‌ریمان ده‌دركێنێت‌و دواتر بڕیار ده‌ده‌ن بچنه‌ ژیانی‌ هاوسه‌رێتییه‌وه‌.

ره‌شید عومه‌رو نه‌ریمان وه‌ك شوێنێك بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ مانگی‌ هه‌نگوینیان له‌ناو كامپه‌كه‌دا چادرێكیان بۆ دابینكراوه‌، ئه‌وان ته‌نها خاوه‌نی‌ دوو دۆشه‌ك‌و سه‌رین‌و به‌تانییه‌كن‌و له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن زۆر به‌و ژیانه‌ ئاسووده‌ن.

ئه‌گه‌ر ئاواره‌یی‌‌و مانه‌وه‌ له‌كامپ خۆشبه‌ختی‌ به‌م تازه‌ بوك‌و زاوایه‌ به‌خشیبێت، به‌ڵام بۆ به‌شێكی‌ زۆر له‌ئاواره‌كان دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ماڵ‌‌و حاڵی‌ خۆیان مانای‌ ده‌رده‌سه‌رییه‌كی‌ زۆره‌.

به‌پێی‌ ئه‌و ئاماره‌ فه‌رمیانه‌ی‌ له‌كامپی‌ دۆمیز له‌پارێزگای‌ دهۆك تۆماركراون، له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ 2011و 2012 رۆژانه‌ نزیكه‌ی‌ 100 كه‌س وه‌ك ئاواره‌ له‌و كامپه‌ تۆماركراون، به‌ڵام له‌مساڵدا ژماره‌ی‌ ئه‌و ئاوارانه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی‌ 700 كه‌س له‌هه‌ر رۆژێكدا.

كامپی‌ دۆمیز به‌ دووری‌ 20 كم ده‌كه‌وێته‌ باشوری‌ خۆرهه‌لاَتی‌ دهۆك و 60 كم له‌سنوری‌ سوریاوه‌ دووره‌، گه‌وره‌ترین كامپی‌ كورده‌ ئاواره‌كانی‌ سوریایه‌ كه‌ له‌ فراوانی‌ نزیكه‌ی‌ 250 دۆنم زه‌وی‌ تا ئێستا 11900 خێزانی‌ لێ‌ تۆماركراوه‌، %52 دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ره‌گه‌زی‌ نێر و 48% له‌ره‌گه‌زی‌ مێیه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ 25519 كه‌سی‌ سه‌ڵت كه‌به‌بێ‌ خێزانه‌كانیان روویان له‌وێ‌ كردووه‌و له‌م ژماره‌یه‌ش ته‌نها 144 كه‌سیان مێیه‌، به‌م پێیه‌ش كۆی‌ ژماره‌ی‌ تۆماركراوی‌ كورده‌كان له‌و كامپه‌ تا كۆتایی‌ مانگی‌ شوبات (فێبرایه‌ر)ی‌ ئه‌مساڵ‌ گه‌یشتۆته‌ 76400 كه‌س، به‌لاَم له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌شێكی‌ كورده‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ كامپ‌و له‌شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ده‌ژین.

به‌پێی‌ ئه‌و لیسته‌ی‌ كه‌ ده‌ست په‌یامنێری‌ "نیقاش" كه‌وتووه‌و ناوی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ تیا تۆماركراوه‌ كه‌ له‌كامپه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، له‌و كاته‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2011 كامپه‌كه‌ به‌ره‌سمی‌ ناسێنراوه‌، تائێستا 20 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ناو لیسته‌كه‌دا هۆكاری‌ مردنی‌ كه‌سه‌كان دیاری‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵام وه‌ك دكتۆر به‌ختیار ئه‌حمه‌د ره‌شید سه‌رپه‌رشتیاری‌ ته‌ندروستی‌ كامپی‌ دۆمیز ده‌ڵێت "هۆكاره‌كان رووداوی‌ له‌ناكاوو نه‌خۆشی‌ درێژخایه‌ن‌و نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ بوون".

له‌به‌رامبه‌ردا به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ له‌سه‌رچاوه‌ پزیشكییه‌كانه‌وه‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتوون، له‌ماوه‌ی‌ حه‌وت مانگی‌ رابردوودا له‌ناو سه‌رجه‌م ئه‌و ئاواره‌ سوریانه‌ی‌ له‌پارێزگای‌ دهۆك نیشته‌جێبوون، به‌وانه‌ی‌ ناو كامپی‌ دۆمیزو ده‌ره‌وه‌ی‌ كامپه‌كه‌ش نزیكه‌ی‌ 600 منداڵ‌ له‌دایكبوون، به‌نه‌ریمان‌و ره‌شیده‌وه‌ تائێستا زیاتر له‌ 42 كه‌س له‌ناو كامپی‌ دۆمیز ژیانی‌ هاوسه‌رگیریان پێكهێناوه‌.

به‌ پێی‌ ستانداردی‌ جیهانی‌ رێكخراوی‌ UNHCR هه‌ر تاكێك له‌كامپی‌ دۆمیز مانگانه‌ 31 دۆلاری‌ بۆ خه‌رج ده‌كرێت، جگه‌ له‌ پێدانی‌ پێخه‌ف‌و پێداویستی‌ ته‌ندروستی‌.

وه‌ك خالید حسێن به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كامپی‌ دۆمیز ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات له‌مساڵدا حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕی‌ 12 ملیۆن دۆلاری‌ بۆ كامپه‌كه‌ ته‌رخانكردووه‌ "جگه‌ له‌وه‌ش به‌رده‌وام له‌لایه‌ن هاولاَتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ كۆمه‌ك و هاوكاری‌ كۆ ده‌كرێته‌وه‌".

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و كۆمه‌ك‌و هاوكاریانه‌ كه‌چی‌ تائێستا نه‌توانراوه‌ چادر بۆ هه‌ر خێزانێكی‌ كامپه‌كه‌ دابینبكرێت، وه‌ك له‌داتاكانی‌ كارگێڕی‌ خیوه‌تگه‌ی‌ دۆمیزدا هاتووه‌ له‌كۆی‌ 2145 چادری‌ ته‌واودا 3301 خێزانی‌ لێ‌ ده‌ژین، هه‌روه‌ها له‌ 3697 چادری‌ ناته‌واویشدا 5250 خێزانی‌ دیكه‌.

"به‌ به‌راورد به‌ كامپه‌كانی‌ تری‌ ناوچه‌كه‌ دۆمیز به‌باشترینینان ئه‌ژمارده‌كرێت كه‌ هه‌ر تاكێك ئازادی‌ هاتووچۆی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ كامپه‌كه‌و سه‌فه‌ركردنی‌ بۆ شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌رووی‌ دارایشه‌وه‌ بۆی‌ بلوێت ده‌توانێت ماڵی‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ یه‌كێك له‌شاره‌كان، جگه‌ له‌وه‌ش له‌رووی‌ دابینكردنی‌ خۆراكه‌وه‌ هه‌موویان له‌بارودۆخێكی‌ باشدان." خالید حسێن به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كامپی‌ دۆمیز به‌ "نیقاش"ی‌ راگه‌یاند.

دانیشتوانی‌ ئه‌و كامپه‌ بۆچوونێكی‌ جیاوازیان له‌گه‌ڵ‌ به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌یدا هه‌یه‌و وه‌ك به‌رجیس فه‌رمان حوسێن (51 ساڵ) ده‌ڵێت "به‌لاَم به‌ته‌نیا ئه‌رزاق مرۆ تێرناكا، خێزانه‌كه‌م له‌شه‌ش كه‌س پێكدێت‌و رۆژانه‌ كارده‌كه‌م، كه‌چی ته‌نها 3 بۆ 4 هه‌زار دینار قازانج ده‌كه‌م".

به‌رجیس له‌ده‌روازه‌ی‌ كامپه‌كه‌دا له‌سه‌ر مێزێك پاكه‌تی‌ جگه‌ره‌ی‌ ده‌فرۆشت گوتیشی‌ "سێ‌ مانگ‌و نیوه‌ له‌حه‌سه‌كه‌وه‌ هاتووم‌و دۆخی‌ ئه‌منی‌ ئه‌و شاره‌ زۆر خراپ بووه‌، هیچ چاره‌یه‌كی‌ تریشم نییه‌".

به‌رجیس‌و زۆرێك له‌دانیشتوانی‌ ئه‌و كامپه‌ رۆژانه‌ به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك كێشه‌وه‌ ده‌ناڵێن كه‌ دیارترینیان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن كێشه‌ی‌ ته‌ندروستییه‌.

دانیشتوانی‌ ئه‌و كامپه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن پیسی‌ ئاوی‌ خواردنه‌وه‌ تووشی‌ چه‌ندین نه‌خۆشی‌ كردوون، به‌تایبه‌تی‌ نه‌خۆشی‌ زه‌ردوویی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو له‌ناو منداڵانی‌ كامپه‌كه‌دا هه‌یه‌.

دكتۆر به‌ختیار ئه‌حمه‌د ره‌شید سه‌رپه‌رشتیاری‌ ته‌ندروستی‌ كامپی‌ دۆمیز ئه‌و زانیارییه‌ پشت راست ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئێستا ئه‌و نه‌خۆشییه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌ "چونكه‌ خۆمان پشكنین بۆ تانكه‌ره‌كانی‌ ئاو ده‌كه‌ین، دوای‌ دڵنیابوونه‌وه‌ی‌ له‌ رێژه‌ی‌ پێویستی‌ كلۆر ئینجا دابه‌شی‌ ده‌كه‌ین".

به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكی‌ تر له‌نه‌خۆشییه‌ به‌ربڵاوه‌كان هه‌وكردنی‌ سییه‌كانه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ "هه‌رچه‌نده‌ له‌پشكنینی‌ به‌رده‌وامداین بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ هۆكاره‌كه‌ی‌‌و كۆنتڕۆڵ كردنی‌".

سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌م گرفتانه‌ش بارانی‌ كۆتایی‌ وه‌رزی‌ زستانی‌ ئه‌مساڵ‌ ره‌حمی‌ به‌و په‌نابه‌رانه‌ نه‌كردو له‌هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌می‌ مانگی‌ ئازار (مارس) به‌هۆی‌ بارانێكی‌ به‌هێزه‌وه‌ لافاو له‌ناو كامپی‌ دۆمیز دروست بوو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 113 چادرو 8 ته‌والێت كه‌وتن‌و 18 كه‌س بریندار بوون‌و منداڵێكی‌ ساواش گیانی‌ له‌ده‌ستدا".

خراپی‌ باری‌ ته‌ندروستی‌‌و كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كان هه‌ندێ‌ له‌دانیشتوانی‌ كامپی‌ دۆمیزیان ناچار كردووه‌ بڕیاری‌ به‌جێهێشتنی‌ كامپه‌كه‌ بده‌ن، حه‌سه‌ن حه‌مكۆ كه‌ خاوه‌نی‌ دوو منداڵه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌.

حه‌سه‌ن وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت له‌ترسی‌ نه‌خۆشی‌ كامپه‌كه‌ی‌ جێهێشتووه‌، چونكه‌ یه‌كێك له‌منداڵه‌كانی‌ چه‌ند په‌ڵه‌یه‌كی‌ له‌سه‌ر روخساری‌ دروست بووبوون، له‌مڕووه‌وه‌ وتی‌ "چه‌ند جار بردوومه‌ته‌ بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ كامپ، به‌لاَم هۆكاره‌كه‌یان نه‌دۆزیه‌وه‌و بۆیان چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌".

حه‌سه‌ن بڕیاری‌ داوه‌ ماڵه‌كه‌ی‌ له‌چادرێكی‌ كامپه‌كه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ خانوویه‌ك له‌هه‌ولێر، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كارێكی‌ له‌وێ‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌.

حه‌سه‌ن وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ئاواره‌ییدا هه‌ر شاره‌و شار ده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ زۆرێك له‌ئاواره‌ سورییه‌كانی‌ تر ئومێدی‌ به‌وه‌یه‌ رۆژێك باری‌ ئه‌منی‌ سوریا جێگیر ببێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ زێدی‌ خۆی‌‌و له‌ده‌رده‌سه‌ری‌‌و ده‌ربه‌ده‌ری‌ رزگاریان ببێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌