راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌رێمی‌ كوردستان باجی‌ دۆستایه‌تی‌ توركیاو ئێران ده‌دات

رۆمان زاگرۆس
هه‌ر یه‌ك له ‌دوو سه‌ركرده‌ دیارەکەی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دەیشکێننەوە بە لای یەکێک لە دوو دراوسێکەی عێراقدا‌. یه‌كێكیان لە ئێرانەوە‌ نزیکە و…
6.12.2012  |  له‌نده‌ن

وەلائی‌ تاڵه‌بانی بۆ ئێران ‌و بەرزانی بۆ توركیا ته‌نها له‌ خه‌یاڵی‌ شیكه‌ره‌وه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵنه‌قوڵاوه‌، به‌ڵكو راستییەکی حاشاهەڵنەگرە و دەشێت ئەمە قورس بکەوێت لەسەر کوردی عێراق لە داهاتودا.

ئه‌م وەلائە‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزه‌ كه‌ ئه‌م دوو هێزه‌ باڵاده‌سته‌ی‌ كوردستان‌ لە چەند مەسەلەیەکی چاره‌نوسسازدا بکەونە دوو کەمپی دژبەیەکەوە – لەوانەش هەڵوێستیان بەرامبەر هاوپەیمانی شیعه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وا لە بەغدا و مه‌سه‌له‌ی‌ كورد له‌توركیا و لەم دواییانەشدا مەسەلەی کورد‌ لە سوریا.

حاڵی حازر حیزبەکەی تاڵەبانی، یەکێتی، و حیزبەکەی بارزانی، پارتی، پێکەوە حوکمی هەرێمی کوردستان دەکەن.

بەڵام لە واقیع دا، هەرێمی کوردستان دابەشبووە بەسەر دوو ناوچەدا، هەرێمی "زەرد" ی پارتی و "سەوز" ی یەکێتی و هەر یەکێکیشیان هێزە چەکدارەکانی هەرێمەکەی خۆی خسۆتەتە ژێر رکێفی خۆیەوە. ئەم کێبڕکێیە، کە بۆتە هۆی سڕینەوەی متمانە لە نێوانیاندا، رەگی لە رابردودا هەیە. لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا شەڕی براکوژی نێوانیان بووە هۆی دروستبوونی ئەو هەرێمە زەرد و سەوزەی کە تا ئەمڕۆش ‌‌هێڵەکانی بە زەقی ماون سەرەڕای ئەوەی پێێ دەڵێن "یەکگرتنەوە" ی دوو ئیدارەکەیان. رەگە کۆنەکەی ئەم رکابەرییە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی براکوژی نێوانیان لە حەفتاکان و هەشتاکاندا.

له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردووشدا هەردوو حیزبەکە ناکۆک بوون لەسەر چەند ‌مه‌سه‌لەیەکی‌ گرنگ، لەوانەش: هەڵوێستیان بەرامبەر ‌گێڕانه‌وه‌ی‌ ره‌شنوسی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێم بۆ په‌رله‌مان‌ و هه‌ڵوێستی‌ هه‌ردوولا ‌به‌رامبه‌ر توركیا و دۆزی‌ كورد له‌و وڵاته‌ و پەیوەندی هەرێم له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی ‌‌و ته‌نانه‌ت رێكکه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیجی‌ نێوانیان كه‌ له‌‌ 2007 دا ئیمزایان كردووه ‌و به ‌هۆیه‌وه‌ بەبرابه‌ش كوردستان به‌رێوه‌ده‌به‌ن.

پێش ئه‌وه‌ی‌ شۆڕشی‌ سوریا ئەجێندای ئێران‌ و توركیا تەواو لەیەکتر دووربخاتەوە، یەکێتی و پارتی، لەو کاتەوەی رێککەوتننامەی ستراتجییان ئیمزاکردووە، توانییبوویان ناكۆكیه‌ مێژوویه‌كانی‌ خۆیان وه‌لا بنێن ‌و هاوهه‌ڵوێست بن له‌سه‌ر مەسەلە سه‌ره‌كییه‌كان.

به‌ڵام لەم چەند مانگەی دواییدا جیاوازی نێوان ئه‌م دوو سه‌ركرده‌یه‌ ته‌واو دەرکەوت کاتێک‌ تاڵه‌بانی‌ ئاماده‌نه‌بوو ئیمزا له‌سه‌ر یاداشتی‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ لە‌ مالیكی‌ بكات ‌و هەوڵەکانی بارزانی‌ ئەوسای پەتەواوی پەکخست.

به‌ لەبەرچاوگرتنی گرنگیی‌ جیۆستراتیجی‌ كوردستانی‌ عێراق‌و بایەخی‌ ئابوری لە مەودای‌ درێژخایه‌ندا‌ بۆ ‌ئێران ‌و توركیا، كه‌ بەشێکی دیار لە دانیشتوانی خۆیان کوردن‌، زۆر نەڕۆشتوین ئەگەر بڵێین ئەگەر گۆڕانێکی گەورە لە بیرکردنەوەی ئەم دوو سەرکردەیەدا روونەدات، کوردستانی عێراق باجی ئەم جەمسەرگیرییە هەرێمییە دەدات کە هەریەکەیانی بەلایەکدا راکێشاوە – ئەمە دەشێت ببێتە هۆی دابڕانێکی ئەوەندە گەورە کە رەنگە یەکگرتوویی خاکی هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر مەترسییەوە.

نوێترین ئاماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ ئاستی‌ بازرگانی‌ كوردستان‌و توركیا ساڵانه‌ له‌نێوان 8 بۆ 10 ملیار دۆلاردایه‌ و سەرباری‌ ئه‌و ئابڵوقه‌ ئابورییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ی‌ به‌سه‌ر ئێرانیشدا سه‌پێنراوه‌، بازرگانی‌ ساڵانه‌ی‌ هه‌رێم ‌و ئێران نزیكه‌ی‌ 8 ملیار دۆلاره‌. ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ به‌شه‌ بازرگانیه‌كه‌ی‌ توركیا به‌ر هه‌رێمی‌ زه‌رد و ئه‌وه‌ی‌ ئێرانیش به‌ر هه‌رێمی‌ سه‌وز ده‌كه‌وێت.

ئەمە جگە لەوەی کە‌ بە گوێرەی دواترین خەمڵاندنەکان، هه‌رێم خاوه‌نی نزیکەی‌ 45 ملیار به‌رمیل نه‌وته‌ و بەمەش شوێنێکی گرنگی هەیە لە‌سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ وزه‌ی‌ جیهان، ئەمەش هەرێمی کردووە بە کێڵگەیەکی ستراتیژی بەپیت بۆ هەردوو‌ وڵاتی دراوسێ و كۆمپانیا نه‌وتیه‌ زەبەلاحەکانی خۆرئاوا.

به‌شێكی‌ سه‌ره‌كی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ پیشه‌سازی‌ نه‌وت له ‌هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پێداگیرییه‌ی‌ بارزانی‌ كه‌ نه‌وت له‌ده‌ست بیرۆكراتییەتی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند له‌ به‌غدا ده‌ربهێنێت. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش وایلێكردووه‌ زیاتر له‌ توركیا نزیك بێته‌وه ‌و به‌قه‌د ئه‌وه‌نده‌ش له‌ تاڵه‌بانی‌ هاوپه‌یمانی (لە پەکەکەش)‌ دووربكه‌وێته‌وه‌. بارزانی‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ بێ ئاگاداری تاڵه‌بانی و یەکێتی‌ گرێبه‌ستی‌ لەگەڵ توركیادا ئیمزاکردووە، هاوكات روگیریشی‌ بۆ تاڵەبانی دروستكردووه‌ له ‌به‌رامبه‌ر به‌غدادا و ناچاریکردووە‌ بیانو بۆ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی‌ بهێنێته‌وه‌.

تاڵه‌بانی‌ لەم نێوەندەدا بەدوای دەرفەتی نوێدا دەگەڕێت بەدەر لە هاوپەیمانیەکەی ئێستای و بەدەر لەسنوری هەرێمیش. بە‌هێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی‌ ئاشتی‌‌و دیموكراسی‌ توركیای نزیک لە پەکەکەوە نمونەیەکی پڕبەپێستی ئەو هەوڵەیە بۆ نزیکبوونەوە لەکەمپی نەیارەکانی تورکیا، کەلەم سیاقەدا بارزانیش دەگرێتەوە.

مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ رابردوو، چەند رۆژێک ئەوەی بارزانی‌ له‌كۆنگره‌ی‌ پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدانی‌ توركیا (ئه‌و پارته‌ی‌ ئاردۆگانی‌ سه‌رۆك وه‌زیران سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات) گه‌ڕایه‌وه‌ کەتێیدا پۆزەتیڤانە هەوڵەکانی ئه‌ردۆگانی‌ هەڵسەنگاند؛ مه‌لا به‌ختیار،‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی،‌ له‌كۆنگره‌ی‌ پارتی‌ ئاشتی‌‌و دیموكراسی‌ له‌ناو توركیاوه‌ وتی‌ ناكرێت تورکیا "به‌چاوێكی‌ عوسمانیانه‌" ته‌ماشای‌ دۆزی كورد بكات.

به‌م دواییه‌ش تاڵه‌بانی‌‌و سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ كوردستان یاداشتێكیان دژی‌ پێشێلكارییه‌كانی‌ توركیا له‌به‌رامبه‌ر مافه‌كانی‌ مرۆڤ ئیمزاكر. بەڵام بەتەنها حیزبەکەی بارزانی‌ ناوی لەسەر یاداشتنامەکە نەبوو.

پاڵپشتیردنی بارزانی بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتیمانی‌ كوردانی‌ سوریا‌ وایکرد زیاتریش له‌جاران له‌توركیا نزیكبێتەوە‌، چونكه‌ توركیا له‌به‌رامبه‌ر باڵه‌ چه‌كدارییه‌كه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ناو سوریا، ده‌یه‌وێت ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ به‌هێز بكات، ئه‌وه‌ش ئاشکرایە كه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ناو سوریا دوو باڵی‌ هه‌یه: یه‌كه‌میان باڵی‌ سیاسی‌ "په‌یه‌ده‌" - پارتی‌ یه‌كێتی‌ دیموكراتی‌، دووهه‌میشیان باڵی‌ سه‌ربازی‌ "یه‌په‌گه‌" - یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل.

هه‌روه‌ك چۆن بارزانی‌ رۆڵی‌ هه‌بوو بۆ رێكخستنی‌ دیدارێك له‌نێوان وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیاو به‌رپرسه‌كانی‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ له‌هه‌ولێر، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌شه‌وه‌ زیاتر له‌جاران پشتی‌ كرده‌ په‌كه‌كه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا تاڵه‌بانی‌ له‌مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ گرنگی‌ تری‌ ناوخۆییدا پشتی‌ كرده‌ بارزانی: ره‌شنوسی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌.

لەکاتێکدا وەک خزمەتێک بۆ بارزانی لەڕێی په‌رله‌مانی‌ كوردستانەوە له‌ساڵی‌ 2009 ئه‌و ره‌شنوسەی تێپەڕاند، لە‌كۆتایی‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو، تاڵەبانی پاڵپشتی‌ له‌خواسته‌كانی‌ نه‌وشیروان مسته‌فای‌ دۆستی‌ كۆن‌و نه‌یاری‌ ئێستای كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستور بگه‌ڕێته‌وه‌ په‌رله‌مان‌و چه‌ند خاڵێكی‌ گرنگی‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌.

نه‌وشیروان مسته‌فا یه‌كێكی ترە له‌كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌كات‌و خاوه‌نی‌ 23 كورسیه‌ له‌كۆی‌ 111 كورسی‌ په‌رله‌مان. لەئێستادا ئەم دوو دۆستە کۆنە نیوەی زیاتری کورسیەکانی پەرلەمانیان هەیە کە لەڕێیەوە بتوانن تەنانەت حکومەت هەڵبوەشێننەوە و یەکێکی تر پێکبهێنن.

بۆچوونێك هه‌یه‌ كه‌ پێی‌ وایه‌ ئێران رۆڵی‌ هه‌بووه‌ له‌یه‌ك نزیككردنه‌وه‌ ئه‌م دوو نه‌یاره‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێك بارگرژی‌ كه‌وتبووه‌ نێوانیان. دانیشتنی‌ تاڵه‌بانی‌‌و نه‌وشیروان نزیك بوو له‌سه‌ردانی‌ قاسم سولەیمانی – سه‌رۆكی‌ سوپای‌ قودسی‌ ئێرانی – بۆ هەرێم.‌

پاش ئه‌وه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو سه‌ردانی‌ ئێرانی‌ كرد، به‌دوایدا سولەیمانی له‌مانگی‌ ئه‌یلول گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سه‌ردانی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز. Link: http://www.niqash.org/articles/?id=3147

ئه‌و كات رۆژنامه‌ ناوخۆییه‌كان وه‌ها بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا سولەیمانی ویستوێتی‌ په‌یامێك بگه‌یه‌نێت به‌دۆسته‌كانی‌ له‌ناوچه‌ی‌ سه‌وز، له‌نێویشیاندا نه‌وشیروان مسته‌فا، بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاڵپشتی‌ یاخیبووه‌كانی‌ سوریا نه‌كه‌ن.

ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ پڕ له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌ی‌ نێوان بارزانی‌‌و تاڵه‌بانی‌ كه‌ بووه‌ هۆی‌ كۆتاییهێنان به‌ناكۆكی‌ چه‌كداری‌ نێوانیان‌و پێكه‌وه‌ وه‌ك برا به‌ش هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانیان دابه‌ش كرد، پێده‌چێت ئێستا له‌ژێر فشاری‌ وڵاتانی‌ دراوسێدا به‌ره‌و داڕمان بچێت، دیاترین نموونه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌م دواییه‌ هه‌ردوولا ئاشكرا رایانگه‌یاند رێكه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیژی‌ نێوانیان قابیلی‌ سه‌رله‌نوێ‌ پێداچوونه‌وه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و گله‌ییانه‌ی‌ له‌ناوخۆی‌ حیزبه‌كانیاندا دروست بووه‌.

ئه‌م گله‌ییانه‌ش زیاتر له‌ناوخۆی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌وه‌ دێت كه‌ هه‌ندێ‌ له‌ئه‌ندامه‌كانی‌ بێهیوا بوون له‌و رێكه‌وتنه‌و پێیان وایه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ شوێنپێی پارتی‌ بكه‌وێت.

به‌ڵام دەنگی ناڕەزایی دژ بە هاوپەیمانیەکە تەنانەت لەدەرەوەی ئەم دوو حیزبەشدا سەدای هەیە‌، به‌و پێیه‌ی‌ وایكردووه‌ بوونی هه‌ڵبژاردن له‌ناوخۆی‌ كوردستاندا بێسوود بکات، چونكه‌ هه‌ردوولا هه‌موو شتێكیان له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شكردووه‌و كه‌سیان ئاماده‌نین ده‌ستبه‌رداری‌ ده‌ستكه‌وته‌كانیان ببن.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا پێده‌چێت ئه‌نكه‌ره‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگ بێت كوردستان به‌ئارامی‌ له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ به‌هێزدا به‌رێوه‌ بچێت. ئه‌نكه‌ره‌ ئاماده‌یه‌ ته‌واو ئه‌م ئه‌سپه‌ تاو بدات، ئیتر به‌لایه‌وه‌ گرنگ نیییە ئاخۆ‌ ئه‌مە‌ له‌سه‌ر حیسابی‌ دیموكراسی‌ ناوخۆی‌ كوردستان دەبێت یان نا.

ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت، ئه‌گه‌ر بارزانی‌ له‌مه‌ی‌ ئێستا زیاتر له‌توركیا نزیكبێته‌وه – سەرەڕای چەند سەرکەوتنێکی تاڕادەیەک باش بەڵام کاتیی لە بواری ئابوریدا – رەنگە کوردستان و دوو ناوچە رەنگینەکەی بخاتە به‌رده‌م مه‌ترسیی لێکداترازان، چونكه‌ هەموو بستێک نزیک بوونەوەی لە ئەنکەرە ئەوەندەش له‌یه‌كێتی‌ هاوپه‌یمانی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش دووریدەخاتەوە‌، لەکاتێکدا پێناچێت هیچکام له‌دوو سه‌ركرده‌كەی هه‌رێمی‌ سه‌وز ئاماده‌بن پاڵپشتی‌ ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی‌ بارزانی‌ بكه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌