راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بڵێی‌ عێراقیه‌ به‌رگه‌ی‌ ئه‌و له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌ بگرێت؟

موسته‌فا حه‌بیب
پاش ئه‌وه‌ی‌ په‌تای‌ جیابوونه‌وه‌و له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شان به‌رۆكی‌ لسیتی‌ عێراقیه‌ی‌ گرت، ئێستا گه‌وره‌ترین…
8.11.2012  |  به‌غدا
Election posters from 2010 show pictures (right) of Ayed Allawi, leader of the beleaguered Iraqiya party.
Election posters from 2010 show pictures (right) of Ayed Allawi, leader of the beleaguered Iraqiya party.

ته‌نانه‌ت وێبسایتی‌ فه‌رمی‌ ئه‌و لیسته‌ له‌مانگی‌ شوبات (فێبرایه‌ر)ی‌ رابردووه‌وه‌ نوێ‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌و ئه‌مه‌ش دووری‌ هه‌ڵوێستی‌ چوار سه‌ركرده‌كه‌ی‌ ده‌رده‌خات‌و كاردانه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌موو جیابوونه‌وه‌یه‌یه‌ كه‌ رووبه‌رووی‌ بوونه‌وه‌.

لیستی‌ عێراقیه‌ له‌چوار پێكهاته‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ پێكدێت كه‌ پێكه‌وه‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنیان كرد، ئه‌وانیش بریتین له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ "ویفاق"‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ "ته‌جدید"و لیستی‌ "عێراقیون"‌و لیستی‌ "ئه‌لحه‌ل".

دیارترین سه‌ركرده‌كانی‌ ئه‌م لیسته‌ش له‌پاڵ‌ ئه‌یاد عه‌لاویدا بریتین له‌ئوسامه‌ نوجێفی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و ساڵح موتڵه‌گی‌ جێگری‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران‌و تاریق هاشمی‌ جێگری‌ سه‌ره‌ك كۆمار كه‌ ئێستا سزای‌ له‌سێداره‌دانی‌ له‌سه‌ره‌.

لیستی‌ عێراقیه‌ كه‌ ئه‌وكات وه‌ك هاوپه‌یمانێتیه‌كی‌ عیلمانی‌ ناتایفی‌ خۆی‌ ناساند، زۆربه‌ی‌ پێكهاته‌كانی‌ سوننه‌ن‌و ئه‌یاد عه‌لاوی‌ شیعه‌ی‌ عیلمانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ عێراقیه‌ براوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌ڵبژاردن بوو، به‌ڵام نه‌یتوانی‌ پۆستی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران به‌ده‌ست بهێنێت، پاش ئه‌وه‌ی‌ "هاوپه‌یمانێتی‌ نیشتیمانی‌" شیعه‌ (159) په‌رله‌مانتاری‌ كۆكرده‌وه‌ به‌یه‌كگرتنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسایی‌ نوری‌ مالیكی‌‌و هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌‌و به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌تیان گرته‌ ده‌ست.

به‌ڵام عێراقییه‌ دانی‌ به‌وه‌دا نه‌ناو وه‌ها مامه‌ڵه‌ی‌ كرد كه‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ پۆستی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ لێبردووه‌، له‌و كاته‌وه‌ كه‌وته‌ ناكۆكییه‌كی‌ قوڵ‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌حه‌وت وه‌زیر له‌و حكومه‌ته‌دا به‌شداره‌.

درێژه‌كێشانی‌ ئه‌م ناكۆكیانه‌ به‌خراپ له‌سه‌ر عێراقییه‌ كشایه‌وه‌و ورده‌ ورده‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ پاشه‌كشه‌یان كردوو جیابوونه‌وه‌.

یه‌كه‌مین هه‌نگاوی‌ جیابوونه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ هه‌شت په‌رله‌مانتار ده‌ستی‌ پێكرد له‌مانگی‌ ئازار (مارس)ی‌ 2011‌و پێكه‌وه‌ كوتله‌یه‌كی‌ نوێیان دروستكرد به‌ناوی‌ كوتله‌ی‌ "عێراقیه‌ی‌ سپی‌" به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ حه‌سه‌ن عه‌له‌وی‌، ئه‌وكات بیانووی‌ جیابوونه‌وه‌یان ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ‌ شێوازی‌ به‌رێوه‌بردنی‌ عێراقیه‌دا نین له‌لایه‌ن چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ دیاریكراوه‌وه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ سه‌ركرده‌كان بهێنن.

له‌ نۆی‌ نیسان (ئاپرێل)ی‌ رابردوو پێنج ئه‌ندامی‌ عێراقیه‌ی‌ سپی‌ جیابوونه‌وه‌و ئه‌وانیش ناوی‌ عێراقیه‌ی‌ ئازادیان له‌خۆیاننا.

له‌مڕووه‌وه‌ جه‌مال به‌تیخ په‌رله‌مانتاری‌ عێراقیه‌ی‌ سپی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "عێراقیه‌ كێشه‌ی‌ زۆری‌ هه‌یه‌و له‌لایه‌ن چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ دیاریكراوه‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌برێت كه‌ ده‌یان په‌رله‌مانتاریان فه‌رامۆش كردووه‌و له‌مه‌سه‌له‌ سیاسیه‌كاندا رایان وه‌رناگرن".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی‌ جێگیر كارناكات‌و تێڕوانینێكی‌ روونی‌ نییه‌، ئه‌مه‌ش وایلێكردووه‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ شێواو بن، عێراقیه‌ نه‌یاری‌ حكومه‌ته‌و هه‌مانكات خۆیشی‌ به‌شداره‌ له‌حكومه‌تدا، ئه‌مه‌ كارێكی‌ نالۆژیكیه‌".

بزوتنه‌وه‌ی‌ ویفاقی‌ نیشتیمانی‌ كه‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات‌و بڕبڕه‌ی‌ پشتی‌ لیستی‌ عێراقیه‌یه‌، ئه‌ویش به‌م دواییه‌ له‌چه‌ند پارێزگایه‌كه‌وه‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ جیابوونه‌وه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ رۆڵی‌ عه‌لاویان لاواز كرد.

زنجیره‌ی‌ جیابوونه‌وه‌كان له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد كه‌ چه‌ند ئه‌ندامێكی‌ له‌پارێزگاكانی‌ نه‌جه‌ف‌و زیقار دیاله‌و واست له‌بزوتنه‌وه‌كه‌ جیابوونه‌وه‌و چوونه‌ پاڵ‌ عێراقیه‌ی‌ سپی‌، به‌وه‌ش كۆتایی‌ هات كه‌ ده‌ ئه‌ندامی‌ ویفاق له‌پارێزگای‌ دیوانیه‌ هه‌مان كاریان دووباره‌ كرده‌وه‌.

هه‌موو ئه‌م جیابوونه‌وانه‌ رۆڵی‌ ئه‌یاد عه‌لاوییان له‌ناو لیستی‌ عێراقییه‌ لاواز كردو چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ تر هاتنه‌ پێشه‌وه‌، ئه‌مه‌ش مایه‌ی‌ ره‌زامه‌ندی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا بوو به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ مالیكی‌ نه‌یاری‌ عه‌لاوی‌.

له‌مڕووه‌وه‌ محه‌مه‌د سه‌هیود په‌رله‌مانتاری‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "عه‌لاوی‌ ئه‌مڕۆ نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌موو ئه‌ندامانی‌ عێراقیه‌ ناكات، زۆربه‌ی‌ جیابوونه‌وه‌كان به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ بووه‌".

هه‌ندێ‌ له‌پێكهاته‌ سیاسییه‌كانی‌ ناو عێراقییه‌ پابه‌ند نه‌بوون به‌بڕیاره‌كانی‌ عه‌لاویه‌وه‌و پێیان باش بووه‌ هه‌ڵوێستی‌ تایبه‌تی‌ خۆیان هه‌بێت، به‌ڵام هه‌مان كات جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان هه‌ر له‌ناو عێراقیه‌دا ماونه‌ته‌وه‌و جیانه‌بوونه‌ته‌وه‌.

دیارترینی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ئوسامه‌ نوجێفی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بوو كه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ گردبوونه‌وه‌ی‌ "عێراقیون" ده‌كات‌و هه‌ندێ‌ كه‌س وه‌ك نوێنه‌ری‌ شه‌رعی‌ لیستی‌ عێراقیه‌ ده‌یناسێنن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ساڵح موتڵه‌گی‌ جێگری‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران بۆ كاروباری‌ خزمه‌تگوزاری‌.

نوجێفی‌ كه‌ پێشتر لایه‌نگری‌ هه‌وڵه‌كانی‌ سه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌بوو له‌نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران، دواتر له‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ پاشگه‌زبووه‌و له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردوودا سێ‌ دانیشتنی‌ له‌گه‌ڵ‌ مالیكی‌ ئه‌نجامدا.

هه‌مان حاڵه‌ت له‌گه‌ڵ‌ ساڵح موتڵه‌گی‌ جێگری‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران دووباره‌ بووه‌وه‌ كه‌ پێشتر مالیكی‌ به‌دیكتاتۆر ناوبردوو، ئه‌ویش جارێكی‌ تر له‌هه‌ڵوێسته‌كانی‌ پاشه‌كشه‌ی‌ كردو پاش كۆتایی‌ هاتنی‌ قه‌یرانی‌ سه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی‌ خۆی‌.

مالیكی‌ له‌دووی‌ ئاب (ئۆگه‌ست)ی‌ رابردوو له‌په‌رله‌مانی‌ ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ داوای‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌موتڵه‌گ بكێشنه‌وه‌و بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پۆسته‌كه‌ی‌ خۆی‌، ئه‌ویش پێشوازی‌ له‌بڕیاره‌كه‌ كردوو پاش یه‌ك هه‌فته‌ به‌شداری‌ دانیشتنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ كرده‌وه‌.

نوجێفی‌‌و موتڵه‌گ جیابوونه‌وه‌یان له‌عێراقییه‌ رانه‌گه‌یاندووه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌و لیسته‌ ناڕازییه‌ له‌نزیكبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ‌ مالیكی‌ نه‌یاریدا، به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته‌ دووری‌ تێڕوانین‌و هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كانی‌ نێوانیان ده‌رده‌خات.

به‌ڵام عه‌لاوی‌ كه‌ شاره‌زاییه‌كی‌ دوورو درێژی‌ سیاسی‌ هه‌یه‌، پێی‌ وایه‌ هۆكاری‌ ئه‌م جیابوونه‌وانه‌ بریتین له‌"فشاری‌ حكومه‌ت له‌رێی‌ پاداشت‌و سزاوه‌" وه‌ك هێمایه‌ك بۆ مالیكی‌.

پێده‌چێت جیابوونه‌وه‌ی‌ عێراقیه‌ی‌ سپی‌‌و عێراقیه‌ی‌ ئازاد ئه‌وه‌نده‌ ئازاری‌ عه‌لاوی‌ نه‌دات به‌قه‌د نزیكبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ نوجێفی‌‌و موتڵه‌ك له‌مالیكی‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ دوور نییه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ پارێزگاكاندا مالیكی‌‌و نوجێفی‌‌و موتڵه‌ك هاوپه‌یمانێتییه‌كی‌ نوێ‌ پێكبهێنن.

سامی‌ عه‌سكه‌ری‌ په‌رله‌مانتاری‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا‌و كه‌سی‌ نزیك له‌مالیكی‌ به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك رایگه‌یاند كه‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا گفتوگۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ موتڵه‌گ‌و نوجێفی‌ ده‌ستپیكردووه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگایانه‌ی‌ بڕیار وایه‌ له‌مانگی‌ نیسان (ئاپرێل)ی‌ داهاتوودا به‌رێوه‌ بچێت.

سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌ڵام هێشتا ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ عه‌لاوین پێیان وایه‌ ئه‌م له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌ كاریگه‌ری‌ له‌عێراقییه‌ ناكات‌و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكاندا به‌هێزو گوڕوتینه‌وه‌ به‌شداری‌ ده‌كات.

له‌مڕووه‌وه‌ عیتاب دوری‌ په‌رله‌مانتاری‌ عێراقیه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "هه‌وڵی‌ هه‌ندێ‌ لایه‌ن بۆ پارچه‌كردنی‌ عێراقیه‌، ئامانجی‌ خۆی‌ ناپێكێت".

هه‌ندێ‌ له‌چاودێران پێیان وایه‌ زنجیره‌ هه‌ڵه‌كانی‌ عێراقیه‌ له‌بواری‌ به‌رێوه‌بردنی‌ قه‌یرانه‌كاندا، له‌و كاته‌وه‌ی‌ حكومه‌ت پێكهاتووه‌و له‌به‌رامبه‌ردا په‌یڕه‌وكردنی‌ سیاسه‌تێكی‌ واقیعی‌ له‌لایه‌ن نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانه‌وه‌، بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانی‌ ئه‌و لیسته‌.