راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئێران ده‌یه‌وێت هه‌رێمی‌ سه‌وز بۆ لای‌ خۆی‌ رابكێشێت

هه‌ستیار قادر
پاش چه‌ند ساڵێك له‌ناكۆكی‌‌و ململانێی‌ سه‌خت، دواجار كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان…
25.10.2012  |  سلێمانی

كۆتایی‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌‌و نه‌وشیروان مسته‌فای‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ساڵی‌ 2006ه‌وه‌ ده‌ستی‌ له‌پۆستی‌ كه‌سی‌ دووه‌می‌ یه‌كێتی‌ هه‌ڵگرت‌و له‌ئه‌یلولی‌ 2009 بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ دروستكرد، ململانێی‌ ئه‌م دوولایه‌نه‌ له‌و په‌ڕی‌ بارگرژیدا بووه‌و زه‌حمه‌ت بوو پێشبینی‌ بكرێت دیمه‌نی‌ سیاسی‌ هه‌رێم به‌منزیكانه‌ ئه‌م دوانه‌ پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌.

له‌حوزه‌یرانی‌ رابردوو نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌ردانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانی‌ كردو له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند گه‌وره‌ به‌رپرسێكی‌ ئه‌و وڵاته‌ كۆبووه‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین سه‌ردانی‌ فه‌رمی‌ رێكخه‌ری‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بوو بۆ وڵاتانی‌ دراوسێ له‌و كاته‌وه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ دروستكردووه‌.

پاش ئه‌وه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ئێرانی‌ گه‌ڕایه‌وه‌و تاڵه‌بانیش كۆتایی‌ هێنا به‌گه‌شته‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌ی‌ له‌ئه‌ڵمانیا، ئه‌م دوو دۆسته‌ی‌ رابردوو نه‌یاری‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ دوو دانیشتنیان پێكه‌وه‌ ئه‌نجامداو له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك خاڵ‌ رێكه‌وتن كه‌ له‌رابردوودا به‌لای‌ هه‌ردوكیانه‌وه‌ پێكگه‌یشتن له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ زه‌حمه‌ت بوو.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان چه‌ند ساڵێكه‌ داوا ده‌كات پرۆژه‌ یاسای‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێم بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان كه‌ ساڵی‌ 2009 په‌سه‌ندكراوه‌، به‌ڵام حیزبه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ هاوپه‌یمانی‌ به‌توندی‌ دژی‌ ئه‌م داواكارییه‌ ده‌وه‌ستانه‌وه‌، كه‌چی‌ ئه‌مجاره‌ تاڵه‌بانی‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسی‌ هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ‌ نه‌وشیروان مسته‌فا رایگه‌یاند ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ده‌ستوردان بۆ په‌رله‌مان تا جارێكی‌ تر هه‌موار بكرێته‌وه‌.

سه‌ردانه‌كه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ لای‌ تاڵه‌بانی‌‌و له‌به‌رامبه‌ردا نه‌رمی‌ نواندنه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌، به‌بڕوای‌ هه‌ندێ‌ له‌چاودێران به‌هۆی‌ كاریگه‌ری‌ ئێرانه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویستی‌ به‌وه‌یه‌ له‌م قۆناغه‌دا یه‌كێتی‌‌و گۆڕان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیك بن.

د جه‌رجیس گوڵیزاده‌ چاودێری‌ سیاسی‌ به‌دووری‌ نازانێت ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ژێر گوشاری‌ ئێراندا بێت‌و ده‌ڵێت "ئێران به‌هۆی‌ ئه‌و گوشاره‌ی‌ له‌سه‌رێتی‌ ده‌یه‌وێت ئارامییه‌ك له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت، بۆیه‌ دوور نییه‌ وا له‌و دوو هێزه‌ بكات ناكۆكییه‌كانیان بخه‌نه‌ لاوه‌و پێكه‌وه‌ دابنیشن"، به‌ڵام جه‌رجیس ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ش ده‌هێڵێته‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و دانیشتنه‌ وه‌ك هه‌ر دانیشتنێكی‌ تری‌ ئاسایی‌ بێت.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جار نییه‌ ئێران كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر هێزه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ سه‌وز هه‌بێت، به‌ڵكو وه‌ك چاودێران ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌م ولاته‌ دراوسێیه‌ هه‌یمه‌نه‌ی‌ به‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌بووه‌.

ده‌سته‌واژه‌ی‌ هه‌رێمی‌ سه‌وز له‌سه‌رده‌می‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم (1994- 1998) داهات وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ناوچه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ یه‌كێتی‌ كه‌ ره‌نگی‌ ئاڵاكه‌ی‌ سه‌وز بوو، له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌ناوچه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ پارتی‌ ده‌وترا هه‌رێمی‌ زه‌رد.

هه‌رێمی‌ سه‌وز زیاد له‌400 كیلۆمه‌تر سنوری‌ وشكانی‌ به‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌‌و مه‌رزی‌ ره‌سمی‌ باشماخی‌ سنوری‌ بۆته‌ یه‌كێك له‌ ده‌روازه‌ بازگانیه‌كانی‌ نێوانیان كه‌ به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ له‌نوێنه‌رایه‌تی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ له‌تاران ده‌ستكه‌وتووه‌ له‌ نۆ مانگی‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م ساڵدا قه‌باره‌ی‌ ئاڵوگۆری‌ بازرگانی‌ نێوانیان زیاد له‌چوار ملیار دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌ بووه‌.

له‌رووی‌ په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیی‌‌و مێژویه‌كانه‌وه‌ ئێران یه‌كێكه‌ له‌ده‌وڵه‌ته‌ نزیكه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ به‌درێژایی‌ جه‌نگی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ عێراق - ئێران (1980 - 1988) یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كورستان كه‌ ئه‌وكات سه‌ركرده‌كانی‌ ئێستای‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆرانیشیان له‌گه‌ڵدا بوو هاوپه‌یمانێتیه‌كی‌ سه‌ربازی‌‌و سیاسیان هه‌بوو به‌رانبه‌ر به‌رژێمی‌ پێشوی‌ عێراق.

جیاوازی‌ تێروانینی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان وه‌ك دوو حیزبی‌ باڵا ده‌ستی‌ هه‌رێمی‌ سه‌وز له‌به‌رامبه‌ر پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ باڵا ده‌ست له‌هه‌رێمی‌ زه‌رد له‌سه‌ر پرسی‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌نوری‌ مالیكی‌ كاریگه‌ریه‌كانی‌ ئێرانی‌ له‌سه‌ر ئیداره‌ی‌ سه‌وز له‌و پرسه‌دا ده‌رخست كه‌ له‌كاتێكدا پارتی‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و به‌ هاوپه‌یمانی‌ لیستی‌ عیراقیه‌ی‌ نوێنه‌ری‌ زۆرینه‌ی‌ سونه‌كان سوربوون له‌سه‌ر كشاندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌مالیكی‌، بزوتنه‌وه‌ گۆران‌و زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ یه‌كێتی‌ بێده‌نگیان له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌وڵه‌ هه‌ڵبژارد.

پێشتریش له‌ماوه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ نێوان یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌‌و پارتی‌ دیموكرات ئێران پاڵپشتی‌ هێزی‌ یه‌كه‌می‌ ده‌كردو توركیاش له‌پاڵپشتی‌ ئه‌وه‌ی‌ دووهه‌میان بوو، هه‌رچه‌نده‌ ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت هیچ كام له‌م دوو هێزه‌ به‌ره‌سمی‌ دان به‌بوونی‌ ئه‌و پاڵپشتییه‌دا نانێن.

گرنگترین ئاماژه‌كانی‌ هه‌وڵی‌ ئێران بۆ دروستكردنی‌ كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو هێزی‌ یه‌كێتی‌‌و بزوتنه‌وه‌ گۆران له‌ناوچه‌كه‌دا، سه‌ردانی‌ قاسم سوله‌یمانی‌ سه‌ركرده‌ی‌ سوپای‌ قودسی‌ ئێران بوو بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوودا كه‌ به‌ پێی‌ هه‌واڵێكی‌ هه‌ندێ‌ میدیای‌ ناوخۆیی‌‌و جیهانی‌ "ئامانج له‌و سه‌ردانه‌ گوشار خستنه‌ له‌سه‌ر به‌رپرسانی‌ هه‌رێمه‌ بۆ هاوكاری‌ نه‌كردنی‌ سوپای‌ سوریای‌ ئازاد كه‌ له‌دژی‌ رژێمی‌ به‌شار ئه‌سه‌د ده‌جه‌نگن" میدیاكان ئه‌وه‌شیان باسكردووه‌ كه‌ قاسم سوله‌یمانی‌ به‌نێهنی‌ له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌ركۆمارو نه‌وشیروان موسته‌فای‌ رێكخه‌ری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆراندا كۆبۆته‌وه‌.

نازم ده‌باغ نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ئێران بێئاگایی‌ خۆی‌ له‌سه‌ردانی‌ قاسم سوله‌یمانی‌ بۆهه‌رێم ده‌ربری‌‌و ئه‌وه‌شی‌ ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ژێر گوشاری‌ ئێراندا بێت، به‌ڵام دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ هه‌ندێك جار پێشنیارو تێروانینی‌ ئێرانیه‌كانی‌ به‌ هه‌رێم گه‌یاندووه‌ كه‌ به‌ ووته‌ی‌ ناوبراو "له‌ئاستی‌ گوشاردا نه‌بووه‌".

نازم ده‌باغ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "ئێران‌و هه‌رێمی‌ كوردستان په‌یوه‌ندیه‌كی‌ مێژووییان هه‌یه‌و پێش یه‌كێتیش په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ پارتیدا به‌هێز بووه‌، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ئێرانیش به‌ پێی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی كۆمه‌ڵێك هه‌وڵ‌و هه‌نگاو ده‌نێن‌و ده‌بێت كوردیش ره‌چاوی‌ به‌رژوه‌نده‌كانی‌ خۆی‌ بكات".

نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ساڵی‌ 2007 ه‌وه‌ له‌و وڵاته‌دا كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تائێستاش به‌هۆی‌ دان پێدانه‌نانی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراقه‌وه‌ له‌ژێر ناونیشانی‌ نوسینگه‌ی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كارده‌كات‌و له‌به‌رانبه‌ریشدا له‌ساڵی‌ 2000ه‌وه‌ دوو قونسوڵگه‌ری‌ ئێران له‌هه‌ردوو شاری‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی‌ 2004ه‌وه‌ ئه‌و دوو قونسوڵخانه‌یه‌ به‌ره‌سمی‌ ناسێنراون.

به‌بیانووی‌ نه‌بونی‌ وته‌بێژی‌ ره‌سمی‌، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران هیچ لێدوانێكی‌ بۆ "نیقاش" نه‌دا له‌باره‌ی‌ كاریگه‌ری‌ ئێران له‌سه‌ر ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌، به‌ڵام ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان دان به‌وه‌دا ده‌نێت به‌هۆی‌ باڵا ده‌ستی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ له‌ سلێمانی‌ ‌و كه‌ركوك ناوچه‌ی‌ خانه‌قینی‌ هاوسنوری‌ ئێرانه‌وه‌ ئه‌وه‌ "فه‌زر" ده‌كات كه‌ هه‌وڵ بدرێت په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئێراندا باش بێت‌و ده‌ڵێت "پێگه‌ی‌ جوگرافی‌ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا رۆڵی‌ هه‌یه‌".

ئارێز عه‌بدوڵا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "كێشه‌ی‌ ئێران له‌گه‌ڵ خۆرئاوا واپێویست ده‌كات كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌تی‌ بیپارێزێت‌و رێگری بكات له‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ببێته‌ پێگه‌یه‌ك بۆ دژایه‌تیكردنی‌".

ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ وتی‌ "ده‌بێت حساب بۆ هێزو توانای‌ ئێران بكرێت‌و بێگومان ئێرانیش مافی‌ خۆیه‌تی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نزیك بێته‌وه‌".

سه‌ردان وپه‌یوه‌ندی حیزبه‌ كوردستانیه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ دراوسێ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌و جۆره‌ په‌یوه‌ندیه‌ به‌پیێ‌ یاسایی‌ پارته‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان رێگری‌ لێكراوه‌، له‌ئێستادا فه‌رمانگه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم كه‌ سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌ ده‌بێت ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ رێكبخات.

كاروان جه‌مال تاهیر جێگری‌ سه‌رۆكی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌ردانی‌ نه‌وشیروان موسته‌فا ده‌خاته‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ دێرینانه‌ی‌ كه‌ ناوبراو به‌ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌تی‌‌و ده‌ڵێت "ئه‌و سه‌ردانه‌ سه‌ردانێكی‌ ئاساییه‌ به‌مه‌رجێك له‌ بنه‌ماو پره‌نسیپه‌كانی‌ په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌رنه‌چێت‌و له‌ خزمه‌ت هه‌رێمی‌ كوردستان بێت".

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم باشی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و ئێران ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ حاڵه‌تی‌ "دوو دڵی‌" تاران له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ كه‌ حوكمی‌ عێراق ده‌كات، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وتی‌ "ئێران پێی‌ خۆشه‌ ئه‌و ده‌سه‌لاَته‌ی‌ كه‌ له‌عێراق حوكم ده‌كات نزیك بێت له‌ بیرو بۆچونی‌ ئه‌وان، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسیه‌ زۆرانه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر گۆره‌پانی‌ سیاسی‌ عێراقدا هه‌یه‌و وای‌ له‌ده‌وڵه‌تانی‌ ناوچه‌كه‌ كردووه‌ كاربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئه‌جێندای‌ سیاسی‌ عێراقدا كاریگه‌ریان هه‌بێت".

به‌ڵام ناوبراو جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی‌ ناوخۆی‌ عێراقدا هه‌ڵوێستی‌ یه‌كگرتویان هه‌یه‌و په‌یوه‌ندیه‌كانیشیان له‌گه‌ڵ ئێران له‌سه‌ر بنه‌ماكانی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و رێزی‌ یه‌كتری‌ دارێژراوه‌،

به‌ڵام د جه‌رجیش گوڵیزاده‌ چاودێری‌ سیاسیی‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئێران نفوزی‌ سیاسیی‌ له‌ ئیداره‌ی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتیدا زۆره‌و توانیوێتی‌ له‌و سنوره‌ كار له‌ بریاری‌ سیاسیی‌ بكات وه‌ك چۆن توركیا له‌ سنوری‌ ئیداره‌ی‌ پارتیدا ده‌یكات‌و ئێران له‌و رێگه‌یه‌وه‌ توانیوێتی‌ رۆڵی‌ خۆی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا بچه‌سپێنێت.

جه‌رجیش گوڵیزاده‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "گومانی‌ تێدانییه‌ كه‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ كاریگه‌ری‌ ئه‌و ململانێ هه‌رێمییه‌یان له‌سه‌ره‌ كه‌ ئێران و توركیا دوولایه‌نی‌ سه‌ره‌كین تیایدا، به‌ڵام تائێستا توانراوه‌ پێكدادانی‌ ئه‌و ململانێیانه‌ به‌شێوی‌ عه‌مه‌لی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دوور بخرێته‌وه‌".