راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

2011.. ساڵی قه‌یرانه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان

زانكۆ ئه‌حمه‌د
ئه‌و زنجیره‌ بومه‌له‌رزه‌ سروشتییه‌ی‌ له‌رۆژانی‌ 19‌و 22ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2011 شاری‌ سلێمانی‌‌و…
29.12.2011  |  سلێمانی
Demonstrations in Iraqi Kurdistan turned violent. Photo by Akam Shekh Hadi / Metrography
Demonstrations in Iraqi Kurdistan turned violent. Photo by Akam Shekh Hadi / Metrography

رۆژی‌ 29ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌به‌یاننامه‌یه‌كی‌ حه‌وت خاڵیدا داوایكرد په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، ده‌ركردنی‌ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ش به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ گۆمی‌ مه‌نگی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بشله‌قێت، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بوو په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌و هه‌ردوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان (پارتی‌‌و یه‌كێتی‌) كه‌وتبووه‌ بارێكی‌ نائاساییه‌وه‌.

تێكچوونی‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی‌ نێوان لایه‌نه‌كانی‌ هه‌رێم مێژووه‌كه‌ی‌ بۆ كۆتاییه‌كانی‌ ساڵی‌ پێشوتر (2010) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ی‌ حكومه‌ته‌ 42 وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ به‌غدا پێك هات‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌(8) كورسی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هیچ وه‌زاره‌تێكی‌ به‌رنه‌كه‌وت، به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ش كه‌ هه‌ندێ‌ له‌میدیا كوردییه‌كان دزه‌یان پێكردبوو، مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم داوای‌ له‌نوری‌ مالیكی‌ كردبوو هیچ وه‌زاره‌تێك به‌گۆڕان نه‌ده‌ن، چونكه‌ گۆڕان نه‌چوبووه‌ ناو "ئیئتیلافی‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان" كه‌ سه‌رجه‌م لیسته‌ كوردستانیه‌كانی‌ (پارتی‌‌و یه‌كێتی‌‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌) كۆكردبۆوه‌، هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم وتبووی‌ "مالیكی‌ ناتوانێت به‌بێ‌ پرسی‌ ئێمه‌ پۆلیسێكی‌ كورد له‌به‌غدا دابمه‌زرێنێت" وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌وان داوایانكردووه‌ وه‌زاره‌ت به‌گۆڕان نه‌درێت.

پێشبینی‌ ده‌كرا رووداوی‌ كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی‌ فرۆكه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌فرۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانی‌ له‌رۆژی‌ 4ی‌ شوبات ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسییه‌ "ناهه‌مواره‌" له‌بیر دانیشتوانی‌ هه‌رێم بباته‌وه‌، ئه‌و فرۆكه‌یه‌ به‌حه‌وت سه‌رنشینه‌وه‌ له‌كاتی‌ فڕینیدا له‌و فرۆكه‌خانه‌یه‌ گڕی‌ گرت‌و كه‌وته‌ خواره‌‌و سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌كانیشی‌ كه‌ چواریان بزنسمانی‌ عێراقی‌‌و لوبنانی‌‌و توركی‌ بوون له‌گه‌ڵ‌ تیمی‌ فرۆكه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا.

به‌ڵام زۆری‌ نه‌خایه‌ند ئه‌و رووداوه‌ له‌یاده‌وه‌ری‌ خه‌ڵكدا سڕایه‌وه‌، كاتێك رۆژی‌ 17ی‌ شوبات خۆپیشاندانێكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ دژی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم ده‌ستی‌ پێكردو هه‌ر له‌و رۆژه‌دا گه‌نجێك به‌ده‌ستی‌ چه‌كداره‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كوژرا.

ئه‌و خۆپیشاندانه‌ كه‌ یه‌كه‌مین جار له‌به‌رده‌ركی‌ سه‌رای‌ سلێمانی‌ بۆ پشتگیری‌ گه‌لانی‌ میسرو تونس ده‌ستی‌ پێكرد، دواتر رێڕه‌وه‌كه‌ی‌ گۆڕا بۆ به‌رده‌م لقی‌ 4ی‌ پارتی‌ له‌سلێمانی‌‌و خۆپیشانده‌ران باره‌گای‌ ئه‌و حیزبه‌یان به‌ردبه‌رانكرد، له‌به‌رامبه‌ردا له‌لایه‌ن پاسه‌وانانی‌ ئه‌و باره‌گایه‌وه‌ ته‌قه‌یانلێكراو جگه‌ له‌كوژرانی‌ (رێژوان عه‌لی‌)ی‌ ته‌مه‌ن 17 ساڵ‌، نزیكه‌ی‌ په‌نجا خۆپیشانده‌ری‌ تریش برینداربوون، هاوكات باره‌گاكانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌هه‌ولێرو دهۆك سوتێنران.

كوژرانی‌ ئه‌و گه‌نجه‌ بووه‌ هه‌وێنی‌ به‌رده‌وامبوونی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌‌و ده‌وربه‌ری‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ دوو مانگی‌ ره‌به‌ق به‌رده‌وام بوون، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند هه‌وڵێكی‌ كه‌م له‌هه‌ولێرو ناوچه‌كانی‌ بادینان بۆ سازدانی‌ خۆپیشاندان له‌ئارادابوون، به‌ڵام سه‌ره‌نجام خۆپیشاندانه‌كان سنوری‌ سلێمانی‌‌و ناوچه‌كانی‌ گه‌رمیانی‌ تێنه‌په‌ڕاند.

پریشكی‌ ئاگری‌ ئه‌و تایه‌و ته‌خته‌و دارانه‌ی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ ناڕازی‌ له‌سه‌رشه‌قامه‌كان به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی‌ پۆلیس‌و ئاسایش‌و پێشمه‌رگه‌ كردبویانه‌وه‌، په‌ڕیه‌وه‌ بۆ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ نالیا‌و شه‌وی‌ 19ی‌ شوبات (فێبرایه‌ر) ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ئه‌و كه‌ناڵه‌و سوتاندیان.

نالیا یه‌كه‌مین كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ ئه‌هلی‌ بوو كه‌ ته‌نها 72 سه‌عات به‌ر له‌سوتانه‌كه‌ی‌ كردنه‌وه‌ی‌ په‌خشه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندبوو، زۆری‌ نه‌خایاند له‌رۆژی‌ 6ی‌ ئازار (مارس) چه‌ند چه‌كدارێك هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر رادیۆی‌ ده‌نگ له‌كه‌لار كه‌ رادیۆیه‌كی‌ ئه‌هلییه‌، پاش بردنی‌ به‌شێك له‌كه‌لوپه‌له‌كانی‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ مابۆوه‌ تێكیان شكاند.

ئه‌وه‌ی‌ نالیاو ده‌نگ‌و رۆژنامه‌نووسه‌كانی‌ تر ده‌یانگوێزایه‌وه‌ ناڕه‌زایی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ بوو كه‌ سه‌ره‌تا ته‌نها داوای‌ چاكسازیان ده‌كرد له‌سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، به‌ڵام كاتێك ژماره‌ی‌ كوژراوه‌كان گه‌یشته‌ 10 كه‌س‌و برینداره‌كانیش نزیكه‌ی‌ 1000 كه‌س، ئیتر داواكاری‌ خه‌ڵك گۆڕا بۆ روخاندنی‌ حكومه‌ت‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان‌و له‌سه‌ركار لابردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم.

فشاری‌ خۆپیشانده‌ران په‌رله‌مانتارانی‌ ناچار كرد رۆژی‌ 9ی‌ ئازار (مارس) به‌رهه‌م ساڵحی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ په‌رله‌مان بانگهێشت بكه‌ن، له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ نۆ سه‌عاتیدا گفتوگۆی‌ ورد له‌سه‌ر ناڕه‌زایی‌ خۆپیشانده‌ران كراو دواتریش مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌به‌رهه‌م ساڵح خرایه‌ ده‌نگدانی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، به‌ڵام سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگی‌ په‌رله‌مانتاران (67 ده‌نگ له‌كۆی‌ 111 ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان) متمانه‌ی‌ پێبه‌خشرایه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ بانگهێشتكردنی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت حاڵه‌تێكی‌ "بێوێنه‌" بوو له‌كاری‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌رێمدا، به‌و پێیه‌ی‌ یه‌كه‌مین جاره‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ لێپرسینه‌وه‌ بچێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌ڵێنیدا "چاكسازی‌ گه‌وره‌" ئه‌نجام بدات، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵێنانه‌ خۆپیشانده‌رانیان هێور نه‌كرده‌وه‌، به‌ڕاده‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی‌ به‌فراوانی‌ خۆپیشانده‌ران له‌رۆژی‌ نه‌ورۆز له‌ 21ی‌ ئازار - مارس (كه‌ جه‌ژنێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كوردی‌و سه‌ری‌ ساڵی‌ كوردییه‌) له‌به‌رده‌ركی‌ سه‌رای‌ سلێمانی‌ به‌ (15) هه‌زار خۆپیشانده‌ر مه‌زه‌نده‌ ده‌كرا.

ئه‌وه‌ی‌ به‌ڵێن‌و هه‌وڵی‌ دانوستان نه‌یتوانی‌ به‌خۆپیشانده‌رانی‌ سلێمانی‌ بكات، رۆژی‌ 19ی‌ نیسان (ئاپرێل) هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ كردیان، كاتێك هه‌زاران چه‌كدار له‌هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و ئاسایش‌و پۆلیس به‌ناو شاری‌ سلێمانی‌ ده‌وروبه‌ریدا بڵابوونه‌وه‌و رێگه‌یان گرت له‌به‌شداربوونی‌ خۆپیشاندانه‌كان، ئیتر له‌وێوه‌ی‌ دوو مانگ ناڕه‌زایی‌ جه‌ماوه‌ری‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان خه‌فه‌ كرا.

به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ‌ ماوه‌ی‌ پێشوودا، ره‌نگه‌ ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی‌ دوایی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گۆڕانكاری‌ سیاسی‌ ئه‌وتۆی‌ به‌خۆوه‌ نه‌بینیبێت، ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت بێنه‌و به‌رده‌ی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، گه‌ر به‌ئه‌ندازه‌ی‌ ماوه‌ی‌ پێشووش نه‌بێت، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر درێژه‌یان كێشا.

بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌4ی‌ حوزه‌یران (یۆنیۆ) یه‌كه‌مین دانیشتنی‌ نێوان هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ كوردستان (بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی) له‌گه‌ڵ‌ هه‌ردوو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار (پارتی‌‌و یه‌كێتی‌) ده‌ستی‌ پێكرد، ته‌مه‌نی‌ ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ كه‌ به‌ "كۆبوونه‌وه‌ی‌ پێنج قۆڵی‌" ناسرابوو زۆری‌ نه‌خایاند، له‌رۆژی‌ 27ی‌ هه‌مان مانگدا به‌هۆی‌ جێبه‌جێنه‌كردنی‌ خواسته‌كانیانه‌وه‌، لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆن كۆبوونه‌وه‌كانی‌ هه‌ڵپه‌سارد.

ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ مانگی‌ ته‌موز (یۆلیۆ) سه‌رنجی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ راكێشا، چڕبوونه‌وه‌ی‌ هێرشی‌ ئاسمانی‌ بۆردومانی‌ سنوره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كورستان بوو له‌لایه‌ن هه‌ردوو وڵاتانی‌ توركیاو ئێرانه‌وه‌، ئه‌و هێرشانه‌ كه‌ مه‌به‌ستیان راوه‌دونانی‌ چه‌كداره‌كانی‌ په‌كه‌كه‌و پژاك بوو، به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نی‌ بوونه‌ قوربانی‌‌و به‌شێكی‌ زۆری‌ گونده‌ سنورییه‌كانی‌ هه‌رێم چۆڵكران.

ئه‌و ماوه‌یه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ته‌نها كێشه‌ی‌ سنوری‌ له‌گه‌ڵ‌ وڵاتانی‌ دراوسێی‌ نه‌بوو، به‌ڵكو كێشه‌كانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ (به‌غدا) له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌مه‌سه‌له‌ی‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانه‌وه‌ گوێزرایه‌وه‌ بۆ كێشه‌ی‌ سنوری.

له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ئاب (ئۆگه‌ست)دا بارگرژییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌ت چڕتر بوونه‌وه‌، كاتێك هێزێكی‌ زۆری‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ نزیك شارۆچكه‌ی‌ جه‌له‌ولای‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ دیاله‌ به‌ڕێكران، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایانگه‌یاند كه‌ ره‌وانه‌كردنی‌ ئه‌و هێزانه‌ بۆ پاراستنی‌ هاوڵاتیانی‌ كوردی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌و ناوچانه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ناوخۆی‌ كوردستان، به‌شێكی‌ زۆری‌ هاوڵاتیان ئه‌و مانۆڕه‌یان وه‌ها لێكده‌دایه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ سه‌رقاڵكردنی‌ خه‌ڵك به‌چه‌ندین كێشه‌ی‌ ده‌ره‌كی‌‌و بیربردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كان.

له‌كۆتایی‌ هه‌مان مانگداو به‌دیاریكراوی‌ له‌رۆژی‌ 29ی‌ ئاب (ئۆگه‌ست) له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر نوسه‌رو رۆژنامه‌نووسی‌ به‌ناوبانگی‌ كورد ئاسۆس هه‌ردی‌ كه‌ هه‌ڵگری‌ خه‌ڵاتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ (جوبران توێنی‌)ه‌ له‌ساڵی‌ 2009 بۆ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌.

هێرشه‌كه‌ی‌ سه‌ر ئاسۆس تاكه‌ ده‌ستدرێژی‌ سه‌ر رۆژنامه‌نووسان نه‌بوو بۆ ساڵی‌ 2011، به‌ڵكو به‌پێی‌ دوا راپۆرتی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكیركردن له‌رۆژنامه‌نوسان له‌و ساڵه‌دا (462) پێشێلكاری جۆراوجۆر به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان تۆماركراوه‌، له‌وانه‌: (4) بریندار به‌فیشه‌ك، سوتانی‌و شكاندنی (10) نوسینگه‌و كه‌ناڵی راگه‌یاندن. (84) لێدان، (72) هه‌ره‌شه‌كردن، (61) ده‌ستگیركردن‌و ده‌ستبه‌سه‌ركردن، (143) رێگرتن، (14) شكاندنی ئامێری رۆژنامه‌وانی، (11) هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵ‌و كه‌ناڵی راگه‌یاندن، (12) جار ته‌قه‌ له‌ رۆژنامه‌نوس كراوه‌، (47) جار ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر كه‌ره‌سته‌ی رۆژنامه‌نوسی، (2) جاریش ته‌قه‌ له‌كه‌ناڵی راگه‌یاندن كراوه‌، یه‌كجاریش بۆمب بۆ رۆژنامه‌نوس داندراوه‌و سه‌یاره‌یكی رۆژنامه‌نوسیش سوتێنراوه‌.

جارێكی‌ تر له‌مانگی‌ ئه‌یلول (سێپته‌مبه‌ر) مشتومڕی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم ده‌ستی‌ پێكردوه‌، كاتێك له‌ رۆژی‌ 22ی‌ ئه‌و مانگه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌ردانی‌ نه‌وشیراوان مسته‌فای‌ سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ كردو پێكه‌وه‌ باسیان له‌ئاسایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانیان كرد، ئه‌م دانیشتنه‌ی‌ بارزانی‌‌و نه‌وشیروان یه‌كه‌مین دانیشتنی‌ نێوانیانه‌ پاش نزیكه‌ی‌ پێنج ساڵ‌، له‌و كاته‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ له‌ساڵی‌ 2006 ده‌ستی‌ له‌پۆسته‌كه‌ی‌ كێشایه‌وه‌و چه‌ند ساڵێك دوای‌ ئه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ دروستكرد.

ئه‌و هه‌واڵانه‌ی‌ ئه‌و كات له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ نێوان بارزانی‌‌و نه‌وشیروان مسته‌فا دزه‌یان پێكرا باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ بارزانی‌ داوای‌ له‌نه‌وشیروان كردووه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ به‌شداری‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌ت بكات، هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا گفتوگۆی‌ جۆراوجۆر هاته‌ ئاراوه‌ له‌باره‌ی‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت له‌به‌رهه‌م ساڵح.

به‌پێی‌ رێكه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، ده‌بێت سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت هه‌ر دوو ساڵ‌ جارێك له‌لای‌ یه‌كێك له‌و دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ بێت، كابینه‌ی‌ شه‌شه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌كۆتایی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ر)ی‌ 2009 به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌رهه‌م ساڵح پێكهاتووه‌، به‌پێی‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ش ده‌بوو له‌هه‌مان واده‌ی‌ ئه‌مساڵدا حكومه‌ته‌كه‌ له‌یه‌كێتی‌ وه‌ربگیرێته‌وه‌، به‌ڵام مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم رۆژی‌ 22ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ر)ی‌ ئه‌مساڵ‌ رایگه‌یاند، مه‌سه‌له‌ی‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت تا سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ داهاتوو 2012 دواده‌خرێت.

چاودێرانی‌ سیاسی‌ وه‌هایان لێكدایه‌وه‌ كه‌ پێدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ به‌ یه‌كێتی‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ پارتی‌ خۆی‌ ئاماده‌ بكات‌و بڕوا به‌لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن بهێنێت له‌گه‌ڵیدا به‌شداربن بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ بنكه‌ فراوان، تا كابینه‌ی‌ حه‌وته‌می‌ چاوه‌ڕوانكراو به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ نێچیره‌ڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ حكومه‌ت، دوچاری‌ هه‌مان ئه‌و قه‌یرانانه‌ نه‌بێته‌وه‌ كه‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌م روبه‌رووی‌ بوه‌وه‌.

وه‌ك چۆن سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵ‌ به‌قه‌یران ده‌ستی‌ پێكرد، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌قه‌یرانیش كۆتایی‌ پێهات، به‌ڵام جیاواز له‌رووداوه‌كانی‌ پێشوو ئه‌مجاره‌ شوێنی‌ سه‌ره‌كی‌ قه‌یرانه‌كان له‌ناوچه‌كانی‌ سلێمانی‌‌و ده‌وروبه‌ری‌ (ژێر فه‌رمانڕه‌وایی‌ یه‌كێتی‌) گوێزرانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی‌ بادینان (ژێر فه‌رمانڕه‌وایی‌ پارتی‌)، پاڵه‌وانی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ قه‌یرانه‌كه‌ش هه‌ردوو لایه‌نی‌ پارتی‌ دیموكرات‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ بوون، به‌بڕوای‌ چاودێران ئه‌مجاره‌ش كێشه‌كانی‌ شارۆچكه‌ی‌ زاخۆی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ دهۆك خه‌ونی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ بنكه‌فراوانی‌ له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ له‌باربرد.

رۆژی‌ 2ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌م (دیسه‌مبه‌ر) ژماره‌یه‌ك گه‌نجی‌ شارۆچكه‌ی‌ زاخۆ پاش نوێژی‌ هه‌ینی‌ په‌لاماری‌ سه‌نته‌ری‌ مه‌ساج‌و دوكانی‌ مه‌ی‌ فرۆشه‌كانی‌ شاره‌كه‌یاندا‌و 26 دوكان‌و 4 ئوتێل‌و چه‌ندین ئۆتۆمبێل سوتێنران، له‌به‌رامبه‌ریشدا ژماره‌یه‌ك كه‌سی‌ تر په‌لاماری‌ باره‌گاكانی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیاندا له‌زاخۆو دهۆك‌و سوتاندیان، هاوكات ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی‌ یه‌كگرتوو له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركران.

پارتی‌ یه‌كگرتووی‌ تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ هه‌بووه‌ له‌هاندان خه‌ڵك بۆ سوتاندنی‌ "موڵك‌و ماڵی‌ خه‌ڵكی‌" یه‌كگرتووش پارتی‌ تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی‌ باره‌گاكانی‌ سوتاندووه‌، سه‌ره‌ڕای‌ چه‌ندین هه‌وڵی‌ نێوه‌ندگیریش تائێستا یه‌كگرتووی‌ ئاماده‌ نه‌بووه‌ بچێته‌ سه‌ر مێزی‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌‌و ناكۆكی‌ نێوانیان وه‌ك خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌م رووداوه‌ش پێكهاتنی‌ ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆنی‌ له‌سه‌ر شێوازی‌ كابینه‌ی‌ داهاتووی‌ حكومه‌ت زه‌حمه‌ت كرد.

له‌كۆتایی‌ ئه‌مساڵدا هه‌رێمی‌ كوردستان له‌شوێنی‌ ململانێ‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌ بووه‌ گۆڕه‌پانی‌ یه‌كلایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ ململانێ‌ سیاسییه‌كانی‌ عێراق، كاتێك پاش فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی‌ دادوه‌ری‌‌و حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكیه‌وه‌، بۆ تاریق هاشمی‌ جێگری‌ سه‌ره‌ك كۆمارو سه‌ركرده‌ی‌ دیاری‌ لیستی‌ عێراقیه‌ی‌ ركابه‌ری‌ لیسته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ ده‌رچوو، رۆژی‌ 18ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌م (دیسه‌مبه‌ر) هاشمی‌ به‌غدا جێهێشت‌و له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نیشته‌جێ‌ بوو، هه‌ر له‌وێ‌ هاشمی‌ داوایی‌ كرد دۆسێكه‌ی‌ له‌دادگاكانی‌ كوردستان یه‌كلایی‌ بكرێته‌وه‌ نه‌ك له‌به‌غدا، چونكه‌ پێی‌ وایه‌ دادگاكانی‌ به‌غدا به‌سیاسی‌ كراون.

هاشمی‌ له‌لایه‌ن بارزانی‌و تاڵه‌بانییه‌وه‌ پشتگیریه‌كی‌ بێوێنه‌ی‌ پێشكه‌شكرا، كاتێك بارزانی‌ رایگه‌یاند "ئه‌و كاره‌ قبوڵ‌ ناكه‌ین كه‌ به‌رامبه‌ر هاشمی‌ كراوه‌". تاڵه‌بانی دۆستی‌ مالیكیش ئه‌وه‌ی‌ راگه‌یاند كه‌ هاشمی‌ میوانی‌ ئه‌وه‌و له‌ده‌ست دادگا هه‌ڵنه‌هاتووه‌.

تاڵه‌بانی‌ هه‌ر پاش ئه‌و لێدوانه‌ی‌ كه‌وته‌ خۆ بۆ ئاشكردنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ نه‌یاره‌كانی‌ عێراق‌و به‌ستنی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ نیشتیمانی‌ سه‌رتاسه‌ری‌، به‌ڵام له‌و هه‌نگاوه‌یه‌دا به‌ته‌نها سه‌ره‌داوی‌ ئاشتكردنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كانی‌ نه‌گرته‌ ده‌ست، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو دوای‌ زیاتر له‌چوار ساڵ‌ له‌دابڕانی‌ نێوانیان، تاڵه‌بانی‌ رۆژی‌ 21ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌م (دیسه‌مبه‌ر) په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنی‌ له‌گه‌ڵ‌ نه‌وشیروان مه‌سته‌فای‌ دۆستی‌ دێرین‌و نه‌یاری‌ سه‌رسه‌ختی‌ ئه‌مڕۆ گرێداو به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵیش ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ ماڵی‌ سیاسی‌ عێراق‌و به‌شداری‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بووه‌ له‌و هه‌نگاوه‌دا.

له‌ژێر رۆشنایی‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌ی‌ نێوان تاڵه‌بانی‌‌و نه‌وشیروان‌و بارگرژیه‌كه‌ی‌ نێوان پارتی‌‌و یه‌كگرتوو مه‌ڵاسدانی‌ سه‌ركرده‌ سونه‌كانی‌ عێراق له‌كوردستان، ئاسۆی‌ گۆڕٍانكارییه‌كانی‌ ساڵی‌ داهاتوو له‌لای‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم رۆشن نییه‌و نازانرێ‌ ئایا رووداوه‌كانی‌ ئه‌مساڵ‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ یان گۆڕانی‌ نوێ‌ به‌ڕێوه‌یه‌.