راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نه‌جه‌ف
كوڕه‌كه‌ی‌ خۆتان هه‌ڵبژێرن

فارس حه‌ڕام
پێده‌چێت ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر بۆ رێگرتن له‌هه‌ڵواسینی‌ پۆسته‌رو ریكلامه‌كانی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به‌دیواره‌كانه‌وه‌، له‌نه‌جه‌فدا كاریگه‌ری‌ زۆری‌ هه‌بووبێت له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌…
4.03.2010  |  نه‌جه‌ف

له‌گه‌ڵ‌ هه‌مو ئه‌مانه‌شدا رۆژ به‌رۆژ تای‌ هه‌ڵبژاردن له‌پارێزگای‌ نه‌جه‌فدا به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه‌ ده‌ڕوات‌و پێده‌چێت ئه‌مجاره‌ پاڵێوراوه‌كان رێگای‌ جیاوازیان بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆخۆیان گرتبێته‌به‌ر، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌زمانێكی‌ "خێزانیی‌" له‌گه‌ڵ‌ ده‌نگده‌راندا ده‌دوێن.

له‌كاتی‌ هاتوچۆدا به‌نێو شه‌قامه‌ گشتیه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌دا، چه‌ندین پۆسته‌ری‌ پڕوپاگه‌نده‌ ده‌بیندرێن كه‌ هه‌ندێ‌ ده‌سته‌واژه‌ی‌ تایبه‌تیان له‌خۆگرتوه‌ وه‌ك "كوڕه‌كه‌تان هه‌ڵبژێرن"، یان "كچه‌كه‌تان هه‌ڵبژێرن"، یاخود "ده‌نگ به‌كوڕی‌ دڵسۆوی‌ نه‌جه‌ف بده‌ن"‌و چه‌ندین هاوشێوه‌ی‌ ئه‌مانه‌.

دكتۆر باقر كرباسی‌ كه‌ پسپۆڕه‌ له‌زمانی‌ عه‌ره‌بیدا‌و چاودێرێكی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ له‌نه‌جه‌ف، پێی‌ وایه‌ ئه‌م ده‌سته‌واژانه‌ "له‌مڕۆدا كاریگه‌ریان به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌ نه‌ماوه‌"، ناوبراو درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "راستگۆیی‌ پاڵێوراوه‌كان گرنگترین پێوه‌ره‌".

له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێ‌ له‌كاندیده‌كان پێیان وایه‌ ئه‌م زمانه‌ خێزانییه‌، له‌خه‌ڵكیان نزیك ده‌كاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ "زۆربه‌ی‌ پاڵێوراوان خه‌ڵكی‌ ئاسایی‌‌و زوڵم لێكراون"، سه‌عد عه‌بدولئه‌میر پاڵێوراوی‌ لیستی‌ "ئه‌حرار" كه‌ په‌رله‌مانتار ئه‌یاد جه‌ماله‌دین سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات رای‌ وایه‌ "گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م زمانه‌ ببێته‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ راسته‌قینه‌و وڵات له‌م ده‌رده‌سه‌رییه‌ی‌ ئێستا رزگار بكات، له‌پێشیشیانه‌وه‌ مه‌ترسی‌ دابه‌شبونی‌ وڵات".

خاڵێكی‌ تر كه‌ له‌بانگه‌شی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌م شاره‌دا به‌ڕونی‌ ده‌ركه‌وتوه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ پاڵێوراوه‌كانی‌ نه‌جه‌ف به‌هه‌مان شێوه‌‌و دروشم بانگه‌شه‌ ده‌كه‌ن، به‌جۆرێك ئێستا هه‌مو بانگه‌شه‌كان له‌یه‌ك ده‌چن‌و جیاوازییان نییه‌، له‌و بانگه‌شانه‌دا به‌رده‌وام باسی‌ ئاوو كاره‌باو خوێندن‌و خۆشگوزه‌رانی‌‌و نه‌هێشتنی‌ تایفه‌گه‌ری‌‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بێكاری‌‌و سود وه‌رگرتن له‌خێرو بێره‌كانی‌ ئه‌م وڵاته‌و ره‌خنه‌گرتن له‌م حكومه‌ته‌ی‌ ئێستا‌و تۆمه‌تباركردنی‌ یه‌كتر به‌گه‌نده‌ڵی‌ ده‌كه‌ن‌و هیچیان باس له‌ده‌ستكه‌وته‌ تایبه‌تییه‌كان ناكه‌ن.

دكتۆر محه‌ممه‌د حه‌سناوی‌ پاڵێوراوی‌ ئیئتلافی‌ نیشتیمانی‌ عێراقی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ترین لیسته‌ به‌شداربووه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌رنامه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ پاڵێوراوه‌كان هاوشێوه‌ن، چونكه‌ له‌راستیدا كێشه‌كان له‌یه‌ك ده‌چن "بۆیه‌ من پێم وایه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌تا به‌بنیادنانه‌وه‌ی‌ متمانه‌ ده‌ست پێبكه‌ین له‌نێوان هاوڵاتی‌‌و لێپرسراواندا". حه‌سناوی‌ پێی‌ وایه‌ كردنه‌وه‌ی‌ بنكه‌ی‌ تایبه‌ت بۆ هه‌ر په‌رله‌مانتارێك له‌شاره‌كه‌ی‌ خۆیدا، ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی‌ له‌نێوان خه‌ڵك‌و حكومه‌تدا دروست بووه‌ "هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ له‌كاتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا دراون".

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ته‌لال بیلال پاڵێوراوی‌ لیستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا پێی‌ وایه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا گرنگ ئه‌وه‌ نییه‌ بانگه‌شه‌ی‌ پاڵێوراوه‌كان‌و به‌رنامه‌كانیان نوێ‌ بێت، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌سه‌كان خۆیان نوێ‌ بن، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "هه‌بوونی‌ كه‌سانی‌ سه‌ربه‌خۆو به‌هێز هۆكاری‌ سه‌ره‌كییه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ به‌رنامه‌ بانگه‌شه‌ بۆكراوه‌كان جێبه‌جێبكرێن، بۆیه‌ گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئایا كێ‌ ئه‌مڕۆ ئه‌توانێت ئه‌و به‌رنامانه‌ جێبه‌جێ‌ بكات".

له‌پاڵ‌ هه‌ڵمه‌تی‌ بانگه‌شه‌كاندا دیارده‌یه‌كی‌ تر سه‌رنج راده‌كێشێت كه‌ بریتییه‌ له‌زۆری‌ ئه‌و پاڵێوراوانه‌ی‌ خاوه‌نی‌ بروانامه‌ی‌ دكتۆران، ئه‌مه‌ش به‌براورد له‌گه‌ڵ‌ سێ‌ هه‌ڵبژاردنی‌ رابردوودا رێژه‌كه‌ی‌ زۆره‌.

له‌كاتێكدا كه‌ له‌زۆربه‌ی‌ پۆسته‌ره‌كانی‌ هه‌ڵبژاردندا گرنگی‌ دراوه‌ به‌ده‌رخستنی‌ بڕوانامه‌كانی‌ زانكۆ وه‌ك به‌كالۆریۆس‌و ماسته‌ر، ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئێستا "دكتۆرا" بووه‌ته‌ مه‌رجی‌ سه‌ره‌كی‌ ناساندنی‌ پاڵێوراوه‌كان به‌جه‌ماوه‌ر، ئه‌مه‌ش له‌پارێزگایه‌كه‌ كه‌ 74%ی‌ دانشتوان له‌نێوان نه‌خوێنده‌واری‌‌و خوێندنی‌ سه‌ره‌تاییدان‌و داهاتی‌ مانگانه‌ی‌ خێزانێك بریتییه‌ له‌ 360 دۆلار، به‌پێی‌ داتاكانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ عێراقی‌‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

دكتۆر تۆمان غازی‌ كه‌ مامۆستای‌ زانكۆیه‌، پێی‌ وایه‌ زۆری‌ پاڵێوراوه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی‌ دكتۆراكان نابێته‌ هۆكارێك بۆ راكێشانی‌ ده‌نگده‌ران، چونكه‌ "خه‌ڵك به‌دوای‌ كه‌سێكدا ده‌گه‌ڕێن كه‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان بۆ دابین بكات، ئیتر بڕوانامه‌یان به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌".

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ پاڵێوراو دكتۆر محه‌مه‌د حه‌سناوی‌ پێی‌ وایه‌ زۆری‌ ئه‌و پاڵێوراوانه‌ی‌ خاوه‌نی‌ بڕوانامه‌ی‌ دكتۆران هێمایه‌كه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ عێراق به‌ره‌و باشبوون ده‌روات "چونكه‌ ئێستا حزبه‌كان به‌باشی‌ له‌گرنگی‌ كه‌سانی‌ ئه‌كادیمی‌‌و ته‌كنۆكرات گه‌یشتوون، به‌تایبه‌تی‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی‌ داهاتوو"، هه‌مانكات پێی‌ وایه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی‌ له‌سه‌ر پێگه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ حزبه‌ دینییه‌كان نییه‌، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئاینی‌ ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دژی‌ زانست نییه‌، ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌ كه‌ گه‌لی‌ عێراق ئیماندارن‌و پێیان خۆشه‌ كه‌سانی‌ ئاینی‌ له‌په‌رله‌ماندا نوێنه‌رایه‌تان بكات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و نوێنه‌رانه‌ش له‌قۆناغی‌ رابردوودا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێنابێت".

له‌به‌رامبه‌ردا سه‌مه‌د ساحب كه‌ پاڵێوراوی‌ لیستی‌ (اتحاد الشعب) به‌سه‌ركردایه‌تی‌ حزبی‌ شیوعی‌ عێراقیه‌، پێی‌ وایه‌ هۆشیاری‌ ده‌نگده‌ره‌ عێراقییه‌كان له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دواییدا زیادی‌ كردووه‌ "به‌جۆرێك نشوسته‌كانی‌ قۆناغی‌ رابردوو بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ دورخستنه‌وه‌ی‌ حزبه‌ ئاینییه‌كان، له‌به‌رامبه‌ردا متمانه‌ی‌ حزبه‌ چه‌پ‌و عیلمانییه‌كان زیادی‌ كردووه‌"، ناوبراو ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م گۆڕانكارییه‌ به‌گه‌وره‌یی‌ ده‌رناكه‌وێت، چونكه‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستپێكردنی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا "ورده‌ ورده‌ مه‌سه‌له‌ی‌ تایفه‌گه‌ری‌ سه‌ری‌ هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌"، به‌ڵام وایده‌بینێت كه‌ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ئه‌مجاره‌ تاراده‌یه‌ك به‌ڕوونی‌ به‌دی‌ بكرێت.

ده‌ركه‌وتنی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌ردوو گه‌وره‌ حزبی‌ كوردی‌، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌ناجه‌ف، یه‌كێكه‌ له‌دیارده‌كانی‌ تری‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌.

فه‌خره‌دین محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌لی‌ به‌رپرسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌نه‌جه‌ف ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ركام له‌و هه‌شت پاڵێوراوه‌ی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان له‌نه‌جه‌ف سه‌ربكه‌وێت، ئه‌وا هه‌وڵده‌دات بۆ گوێزانه‌وه‌ی‌ ئه‌زموونی‌ فیدرالی‌‌و ئاوه‌دانكاریی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌، فه‌خره‌دین ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان "چه‌ندین ژن‌و پیاوی‌ عه‌ره‌ب له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ بڕیاریانداوه‌ له‌سه‌ر لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان خۆیان بپاڵێون"، ئه‌وه‌شی‌ نه‌شارده‌وه‌ كه‌ گه‌شبینه‌ به‌وه‌ی‌ لیسته‌كه‌یان له‌و پارێزگایه‌ ئه‌نجامێكی‌ باشی‌ هه‌بێت.

مه‌یسه‌م ئه‌دیب كه‌ چالاكوانێكی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نییه‌، پێی‌ وایه‌ هه‌بوونی‌ پاڵێوراوی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان له‌نه‌جه‌ف "ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ ئاستێكی‌ باشه‌ بۆ یه‌كگرتویی‌ خاكی‌ عێراق"، ناوبراو ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌ "ئه‌مڕۆ هه‌موو خه‌ڵك چاوی‌ له‌وه‌یه‌ حزبه‌كان له‌خه‌نده‌قی‌ تایفه‌گه‌ری‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌و له‌سه‌رتاسه‌ی‌ عێراقدا كاربكه‌ن".

ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ زانرابێت كه‌ ئه‌و كورسیانه‌ی‌ كیانه‌ سیاسییه‌كانی‌ پارێزگای‌ نه‌جه‌ف كێبڕكێی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن (12) كورسییه‌ له‌كۆی‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، به‌ڵام هێشتا ژماره‌ی‌ ئه‌و پاڵێوراوانه‌ روون نییه‌ كه‌ له‌و پارێزگایه‌ خۆیان پاڵاوتووه‌، چونكه‌ سه‌ره‌تا كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان وای‌ راگه‌یاند كه‌ (267) كه‌س له‌و پارێزگایه‌ خۆی‌ پاڵاوتووه‌، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ ئه‌و ژماریه‌ كه‌میكرد هه‌تا گه‌یشته‌ (255) كورسی‌، ئه‌مه‌ش پێش دوو سه‌عات له‌ئاماده‌كردنی‌ ئه‌م راپۆرته‌.

به‌رێوه‌به‌ری‌ نوسینگه‌ی‌ نه‌جه‌فی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بوشرا زاملی‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ پاڵێوراوان هه‌تا رۆژی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردن روو له‌كه‌می‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ش رونده‌كاته‌وه‌ كه‌ هۆكاری‌ ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ "وردبینی‌ ته‌واو له‌به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ پاڵیوراوه‌كان‌و پێشینه‌ی‌ یاساییان، ئه‌م رێوشوێنه‌ش له‌لایه‌ن چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ حكومیه‌وه‌ كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت".

زاملی‌ به‌نیقاشی‌ راگه‌یاند ئه‌و شڵه‌ژانه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوودا به‌هۆی‌ دواكه‌وتنی‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردن‌و گۆڕینی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردن‌و گۆڕانی‌ رێنماییه‌كان رویدا، كاریگه‌ری‌ خراپی‌ هه‌بوو به‌سه‌ر كه‌شی‌ كاركردنی‌ كۆمسیۆن "به‌ڵام له‌پاڵ‌ ئه‌مانه‌دا كۆمسیۆن توانای‌ خۆی‌ له‌ده‌ست نه‌داوه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌".

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌شدا، له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا، چه‌ند لایه‌نێكی‌ سیاسی‌، تیمی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ یارمه‌تیدانی‌ سه‌ر به‌ته‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیان به‌ده‌ست خستنه‌ كاروباره‌كانی‌ كۆمسیۆن تۆمه‌تباركرد، له‌م رووه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ نوسینگه‌ی‌ "شه‌هید سه‌در" كه‌ نیقاش كۆپییه‌كی‌ ده‌ست كه‌وتووه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كۆمسیۆن فشاری‌ ده‌خرێته‌سه‌ر، به‌تایبه‌تی‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ تیمی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ یارمه‌تیدانی‌ كۆمسیۆنه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ راسپێردراون، له‌به‌شێكی‌ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه‌ "ئامانج له‌م هه‌نگاوه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ‌ بڕیار له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ چه‌ند لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ ده‌ربكرێت"، به‌ڵام به‌یاننامه‌كه‌ هیچ ئاماژه‌یه‌كی‌ تیا نییه‌ بۆ ناوی‌ لایه‌نه‌كه‌و جۆری‌ ئه‌و بڕیارانه‌ی‌ كه‌ ده‌رده‌چێت.

له‌به‌رامبه‌ریشدا ئۆفیسی‌ نه‌جه‌فی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌سه‌ر زاری‌ بوشرا زاملی‌ به‌رێوه‌به‌ریه‌وه‌، ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان هیچ جۆره‌ فشارێكیان خرابێته‌ سه‌ر، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "په‌یوه‌ندی‌ هه‌ماهه‌نگی‌‌و هاوكارییه‌كی‌ زۆرباش له‌نێوان ئێمه‌و ئه‌و تیمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌دا هه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌پارێزگاكه‌مانن"، هه‌مانكات ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ پاڵێوراوه‌كانیش هاوكاری‌ ته‌واوی‌ كۆمسیۆن ده‌كه‌ن‌و پابه‌ندن به‌بڕیارو رێنماییه‌كانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵا، به‌بڕوای‌ زاملی‌ "ئه‌مه‌ بازدانێكی‌ گه‌وره‌یه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ‌ ئه‌زموونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابردوو".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌