راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پڕوپاگه‌نده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌سه‌رقه‌برانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات

خلود ره‌مزی
له‌زۆربه‌ی‌ شاره‌ عێراقیه‌كاندا، به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕه‌سمی‌، پڕوپاگه‌نده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر شه‌قام‌و له‌نێو زیندوه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكردوه‌، به‌ڵام پێده‌چێت له‌شاره‌ پیرۆزه‌كانی‌ وه‌ك نه‌جه‌ف‌و كه‌ربه‌لا، نێو…
27.01.2010  |  نه‌جه‌ف

له‌كاتێكدا گریان‌و قیژه‌‌و له‌خۆدانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئافره‌تی‌ ره‌ش پۆش به‌دیار قه‌برێكی‌ نوێوه‌ تا ده‌هات به‌رزتر ده‌بوه‌وه‌، كۆمه‌ڵی‌ گه‌نجی‌ مێردمنداڵ كارتی‌ پڕوپاگه‌نده‌ی‌ چه‌ند كاندیدێكیان به‌سه‌ر هاوڵاتیانی‌ نێو قه‌برستانی‌ (وادی السلام)ی‌ شاری‌ نه‌جه‌ف دابه‌شده‌كرد، هه‌ندێكی‌ تریشیان له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی‌ شیرینیدا، وێنه‌ی‌ كاندیده‌كانیان بڵاوده‌كرده‌وه‌.

ئێستا كه‌ چه‌ند رۆژێكی‌ كه‌م ماوه‌ له‌به‌رده‌م كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان تاكو به‌شێوه‌یه‌ك ره‌سمی‌ ده‌ستپێكردنی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ پڕوپاگه‌نده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن رابگه‌یه‌نێت، حزب‌و ئیئتیلافه‌ سیاسیه‌كان، به‌شێوه‌ی‌ جیاواز، ده‌ستیان كردوه‌ به‌پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ خۆیان، هه‌ندێكیشیان قه‌ره‌باڵغی‌ سه‌ر قه‌برانیان به‌باشترین هه‌ل بینیوه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌، وه‌ك قه‌برستانه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا (105 كم باشوری‌ رۆژئاوای‌ به‌غدا)‌و شاری‌ نه‌جه‌ف (180 كم باشوری‌ رۆژئاوای‌ به‌غدا)، به‌تایبه‌ت له‌مانگی‌ موحه‌ره‌م كه‌ یه‌كێكه‌ له‌مانگه‌ پیرۆزه‌كانی‌ موسڵمانان، له‌وه‌ش تایبه‌ت تر، رۆژانی‌ پێنجشه‌ممه‌‌و هه‌ینی‌ كۆتایی‌ هه‌موو هه‌فته‌یه‌كه‌.

قه‌برستانی‌ (وادی السلام)ی‌ شاری‌ نه‌جه‌ف، كه‌ مێژوه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ 1400 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئێستا بوه‌ته‌ گۆڕه‌پانێكی‌ گه‌رمی‌ پڕوپاگه‌نده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، به‌تایبه‌ت كه‌ گه‌وره‌ترین قه‌برستانه‌ له‌دنیادا، چونكه‌ زیاتر له‌ هه‌زار ساڵه‌ خه‌ڵكی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌ب مردوه‌كانیان له‌ناوخۆی‌‌و عێراق‌و وڵاتانی‌ وه‌كو ئێران، هیندستان، پاكستان، ئه‌فغانستان، كوێت‌و لوبنان، له‌م قه‌برستانه‌ ده‌نێژن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌مه‌زهه‌بی‌ شیعه‌دا ئه‌و پارچه‌ زه‌وییه‌ (وادی السلام) به‌به‌شێك له‌به‌هه‌شتی‌ عه‌ده‌ن ده‌ناسرێت.

حه‌مید عبدولسه‌تار، یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی‌ گرنگی‌ به‌مێژوی‌ ئه‌و قه‌برستانه‌ ده‌ده‌ن‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ زۆری‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌. عه‌بدولسه‌تار ناڕه‌زایی‌ خۆی‌ ده‌رده‌بڕێت له‌به‌كارهێنانی‌ قه‌برستانه‌كه‌‌و سه‌ردانی‌ كه‌س‌وكاری‌ مردوه‌كان به‌مه‌به‌ستی‌ پڕوپاگه‌نده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن.

ناوبراو له‌باره‌ی‌ ئه‌م قه‌برستانه‌وه‌ كه‌ ملیۆنه‌ها مردوی‌ تێدا شاردراوه‌ته‌وه‌، ئاشكرایده‌كات سه‌ره‌ڕای‌ گۆڕانی‌ سیسته‌مه‌كانی‌ حومڕانی‌‌و سه‌ركرده‌كانی‌ عێراق، ئه‌م قه‌برستانه‌ هه‌ر ماوه‌‌و به‌درێژایی‌ مێژوو، به‌چه‌ندین شێوه‌‌و مه‌به‌ستی‌ جیاواز، ئه‌م قه‌برستانه‌ به‌كاهێنراوه‌.

عه‌بدولسه‌تار ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ داگیركه‌ری‌ به‌ریتانیادا، ژێرزه‌مینه‌كانی‌ قه‌برستانی‌ وادی‌ ئه‌لسه‌لام بۆ شاردنه‌وه‌‌و حه‌شاردانی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ راپه‌ڕینه‌كان به‌كارهێندراوه‌. دواتر‌و له‌سه‌رده‌می‌ سه‌دام حسێندا، حزبی‌ به‌عس زۆربه‌ی‌ ژێرزه‌مینه‌كانی‌ ئه‌م قه‌برستانه‌ی‌ له‌راپه‌ڕینه‌كه‌ی‌ ساڵ 1991دا ته‌قانده‌وه‌ له‌ترس ئه‌وه‌ی‌ نه‌بێته‌ شوێنی‌ خۆحه‌شاردانی‌ چه‌كداران. دواجاریش‌و له‌كاتی‌ ئه‌و شه‌ڕ‌و پێكدادانه‌ی‌ له‌نێوان هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان‌و هێزه‌كانی‌ سوپای‌ مه‌هدیدا له‌شاری‌ نه‌جه‌ف رویدا، هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا، له‌ساڵی‌ 2004دا، ئه‌و قبرستانه‌یان بۆمباران كرد كه‌ چه‌كداران خۆیان تێدا حه‌شاردابو.

له‌ئێستاشدا‌و له‌باره‌ی‌ سه‌رله‌نوێ‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی‌ قه‌برستانه‌كه‌ بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، حه‌مید عه‌بدولسه‌تار ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ پێشێلكاری‌‌و ناڕێزییه‌ به‌رامبه‌ر به‌گیانی‌ مردوان‌و ئه‌و هاولاتیانه‌ی‌ سه‌ردانی‌ قه‌برستانه‌كه‌ ده‌كه‌ن له‌ڕۆژه‌ پیرۆزه‌كاندا".

هه‌رچی‌ له‌باره‌ی‌ قه‌برستانی‌ (الوادی الجدید)ی‌ كه‌ربه‌لادا، هه‌ر كه‌ ده‌چیته‌ نێو قه‌برستانه‌كه‌وه‌، یه‌كسه‌ر دیمه‌نی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ سه‌رنجت راده‌كێشێت كه‌ له‌ده‌روازه‌ی‌ قه‌برستانه‌كه‌دا وه‌ستاون‌و به‌هه‌مان شێوه‌ كارتی‌ پڕوپاگه‌نده‌‌و ژماره‌‌و وێنه‌ی‌ كاندیده‌كانیان هه‌ڵگرتوه‌‌و به‌سه‌ر ئه‌و هاوڵاتیانه‌دا دابه‌شی‌ ده‌كه‌ن كه‌ دێنه‌ قه‌برستانه‌كه‌وه‌، هه‌ندێكی‌ تریشیان به‌ناو قه‌برستانه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن‌و شیرینی‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌شده‌كه‌ن كه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ سه‌ردانی‌ مردوه‌كانیان هاتون، به‌و هیوایه‌ی‌ ده‌نگه‌كانیان مسۆگه‌ر بكه‌ن.

جواد كه‌عبی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌گۆڕهه‌رڵكه‌نه‌ كۆنه‌كانی‌ ئه‌م قه‌برستانه‌، بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌ به‌كارهێنانی‌ قه‌برستانه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كارێكی‌ تازه‌ نییه‌، چونكه‌ كاندیده‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوش پڕوپاگه‌نده‌یان له‌قه‌برستانه‌كاندا ده‌كرد، به‌تایبه‌ت كه‌ جه‌ژنی‌ قوربان كه‌وتبوه‌ ماوه‌ی‌ دیاریكراوی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان‌و سه‌رقه‌بران زۆر قه‌ره‌باڵغ بو.

كه‌عبی‌ پێی‌ وایه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رقه‌بران بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن باشتره‌ له‌شوێنه‌كانی‌ تر، چونكه‌ له‌ڕۆژانی‌ بۆنه‌ ئاینییه‌كاندا ژماره‌ی‌ سه‌ردانیكه‌رانی‌ قه‌برستانه‌كان ده‌گاته‌ "سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی‌ كه‌ له‌سه‌رانسه‌ری‌ عێراقه‌وه‌ هاتون".

پڕۆسه‌ی‌ پڕوپاگه‌نده‌كردنه‌كه‌ له‌و سه‌رقه‌برانانه‌دا ته‌نها به‌دابه‌شكردنی‌ كارتی‌ پێناسی‌ كاندیده‌كان‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ره‌سمه‌كانیان‌و شیرینی‌ پێشكه‌شكردن نییه‌، به‌ڵكو سود له‌ ماتۆڕه‌ سێ‌ تایه‌كانیش وه‌رگیراوه‌ بۆ ئه‌و كاره‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ وێنه‌ی‌ كاندیده‌كان‌و ژماره‌كانیانی‌ پێوه‌هه‌ڵواسراوه‌‌و له‌كاتی‌ هاتوچۆكردن‌و نه‌فه‌ر گواستنه‌وه‌دا به‌نێو قه‌برستانه‌كان‌و له‌گه‌ڵ لێدانی‌ هۆڕندا، سه‌رنجی‌ سه‌ردانیكه‌رانی‌ قه‌برستانه‌كه‌ به‌لای‌ خۆیاندا راده‌كێشن.

ئیسماعیل حسێن كه‌ خاوه‌نی‌ یه‌كێك له‌و ماتۆڕانه‌یه‌ بۆ نیقاشی‌ ئاشكراكرد كه‌ كاندیده‌كان ئه‌و ماتۆڕانه‌ به‌كرێ‌ ده‌گرن بۆ مه‌به‌ستی‌ پڕوپاگه‌نده‌ كردن. ناوبراو رونیشیكرده‌وه‌ "به‌رامبه‌ر به‌پڕوپاگه‌نده‌ كردن بۆیان، مانگانه‌ 100 بۆ 150 هه‌زار دینار له‌و كاندیدانه‌ وه‌رده‌گرین".

سه‌ره‌ڕای‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ی‌ به‌كاری‌ پڕوپاگه‌نده‌كردنه‌وه‌ سه‌رقاڵن له‌و گۆڕستانانه‌دا، به‌ڵام به‌شێكی‌ زۆریان پێیان وایه‌ كه‌ ناتوانن به‌به‌رده‌وامی‌ رای‌ هاوڵاتیان بگۆڕن‌و ده‌نگه‌كانیان بۆ كاندیده‌كانی‌ خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ زۆرێك له‌سه‌ردانی‌ كه‌رانی‌ قه‌برستانه‌كان، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی‌ رزگاریان بێت له‌ده‌ستی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌‌و سه‌رقاڵ بن به‌ڕێوشوێنه‌ ئاینییه‌كانیان له‌سه‌ر قه‌بری‌ كه‌س‌وكار، كارتی‌ پڕوپاگه‌نده‌كه‌ وه‌رده‌گرن‌و سه‌رێك راه‌وه‌شێنن به‌و مانایه‌ی‌ كه‌ ده‌نگ به‌و كاندیدانه‌ ده‌ده‌ن.

یه‌كێ‌ له‌و ئافره‌ته‌ یه‌ته‌مه‌نانه‌ی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ سه‌ردانی‌ كردنی‌ گۆڕی‌ مێرده‌كه‌ی‌ هاتبو، وتی‌ "من ئه‌و كارت‌و ره‌سمانه‌ له‌هه‌مویان وه‌رده‌گرم‌و به‌هه‌مویان ده‌ڵێم ده‌نگتان پێده‌ده‌م، هه‌ر له‌به‌رچاوم ون ده‌بن، یه‌كسه‌ر كارته‌كان فڕیده‌ده‌م".

ئه‌وه‌شی‌ وتی‌ "نازانم چۆن رێده‌ده‌ن ئه‌مانه‌ بێنه‌ نێو قه‌برستانه‌كان، ئێمه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ زیاره‌تكردنی‌ كه‌س‌و كاره‌ مردوه‌كانمان هاتوین، نه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ كاندیده‌كان".

له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا كه‌ به‌شی‌ زۆری‌ سه‌ردانیكه‌رانی‌ قه‌برستانه‌كان دژی‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێكی‌ تریشیان كه‌ نیقاش چاوی‌ پێكه‌وتون، رای‌ جیاوازیان هه‌بو به‌وه‌ی‌ وتیان ئه‌و كارت‌و وێنانه‌ هه‌ڵده‌گرن‌و له‌كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا ته‌ماشایان ده‌كه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌