راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

یه‌كگرتو‌و كۆمه‌ڵ .. زه‌ره‌رمه‌ندی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان

یاسین ته‌ها
له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ مانگی‌ رابردوه‌وه‌، دوو هێزه‌ ئیسلامییه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ كوردستان (یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان) سه‌رقاڵی‌ به‌خۆداچونه‌وه‌ن. به‌مه‌به‌ستی‌…
30.08.2009  |  هه‌ولێر

مێژووی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ بزوتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان له‌كوردستاندا، یان ئه‌وه‌ی‌ به‌ "ئیسلامی‌ سیاسی" ده‌ناسرێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆتایی‌ ساڵانی‌ حه‌فتاكان‌و گه‌شتنی‌ ته‌وژمی‌ ئیخوان موسلیمین بۆ كوردستان. له‌14/9/1984 یشدا یه‌كه‌مین بزوتنه‌وه‌ی‌ چه‌كداریی‌ ئیسلامی‌ به‌ناوی‌ "بزوتنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی ئیسلامیی‌ له‌كوردستانی‌ عێراق" له‌شاخه‌كان‌و له‌سه‌ر سنوره‌كانی‌ ئێران راگه‌یه‌نراوه‌‌و دواتریش هه‌ر ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ بووه‌ هۆی‌ له‌دایكبوونی‌ "بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌". له‌دوای‌ ڕاپه‌ڕین‌و له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا، سه‌رجه‌م باڵ‌و ته‌وژمه‌ ئیسلامییه‌كان به‌ "لیستی‌ ئیسلامی‌" به‌شدارییانكردوه‌‌و مه‌لا عوسمان عه‌بدولعه‌زیزی‌ رابه‌ری‌ كۆچكردوی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیشیان كاندیدكرد بۆ پۆستی‌ رێبه‌رایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ ئه‌وكات، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ 7% ی‌ متمانه‌ی‌ ده‌نگده‌رانیان به‌ده‌ستنه‌هێنا، له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات‌و وه‌ك ئۆپۆزسیۆن مانه‌وه‌.

له‌ شوباتی‌ 1994 دا یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ وه‌ك "حیزبێكی‌ ئیسڵاحیی‌ ئیسلامیی‌ مه‌ده‌نی‌" خۆی‌ راگه‌یاند، له‌ئایاری‌ 2001 یشدا به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ یه‌كبونی‌ ئیسلامی‌ ناوی‌ خۆیان نا "كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌"‌و به‌شێكی‌ كه‌میشیان له‌ژێر ناوی‌ بزوتنه‌وه‌دا مانه‌وه‌.

له‌هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ دووه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا له‌2005، یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ به‌به‌شداریكردن له‌ "لیستی‌ نیشتمانی‌ كوردستان"ی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، 9 كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ پێدرا‌و له‌ده‌نگدانی‌ گشتیشدا بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق لیسته‌ سه‌ربه‌خۆكه‌ی‌ توانیی‌ 5 كورسیی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ مسۆگه‌ربكات. هه‌رچی‌ لیستی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیشه‌ كه‌ به‌لیستی‌ سه‌ربه‌خۆ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 2005ی‌ هه‌رێمی‌ كرد، 6 كورسی‌ به‌ده‌ستهێنا‌و له‌په‌رله‌مانی‌ عێراقیشدا به‌به‌شداریكردن له‌هاوپه‌یمانی كوردستان كورسییه‌كی‌ به‌ركه‌وت، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌، كه‌ حزبی‌ ئیسلامی‌ سێهه‌مه‌، نه‌یتوانی‌ بگاته‌ هیچ یه‌كێك له‌په‌رله‌مانه‌كانی‌ عێراق‌و كوردستان.

له‌میانه‌ی‌ كاره‌كانی‌ خولی‌ دووه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان 2005 ـ 2009 له‌زۆرێك له‌یاساكانی‌ باری‌ كه‌سێتی‌‌و زۆر بۆنه‌یتردا هه‌ر 15 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو هه‌ڵوێستی‌ هاوشێوه‌یان هه‌بوه‌، به‌ڵام له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 25 ته‌مموزی‌ 2009ی‌ كوردستاندا، ئه‌م دوو هێزه‌ كه‌ سه‌روكاریی‌ لیستێكی‌ چوار حیزبییان به‌ناوی‌ لیستی‌ "خزمه‌تگوزاری‌‌و چاكسازیی‌" ده‌كرد‌و هه‌ریه‌ك له‌ئه‌مینداری‌ یه‌كگرتو‌و سه‌لاحه‌دین به‌هائه‌دین‌و ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ عه‌لی‌ باپیر، به‌ته‌مابون ئه‌م لیسته‌ بتوانێت 25 ـ 30 كورسی‌ په‌رله‌مان مسۆگه‌ربكات، پاش ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌نجامه‌كان، هه‌مو لیسته‌كه‌ (به‌هه‌ر چوار حزبه‌كه‌وه‌)، ته‌نها 13 كورسی‌ به‌ده‌ستهێنا‌و له‌م ژماره‌یه‌ش كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ 4 كورسی‌‌و یه‌كگرتو 6 كورسیی به‌ركه‌وت، به‌مه‌ش یه‌كه‌میان 2 كورسی‌‌و دووه‌میان 3 كورسی‌ له‌خولی‌ پێشوو هاتنه‌خوار.

له‌پاش راگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانه‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌زانا رۆستایی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و سه‌میر سه‌لیم، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌، به‌ (نیقاش)یان راگه‌یاند "ته‌زویری‌ به‌رفراوانی‌ ده‌سه‌ڵات، به‌تایبه‌ت له‌شاره‌كانی‌ هه‌ولێر‌و دهۆك، له‌پشت گۆڕینی‌ ئه‌نجامه‌كان‌و به‌رزبونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات‌و دابه‌زینی‌ رێژه‌ی‌ لیستی‌ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌یه‌".

سه‌رباری‌ ئه‌م تۆمه‌تباركردن‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ش، سه‌ره‌نجام ئه‌م دوولایه‌نه‌ ئیسلامییه‌‌و دوو قه‌واره‌ عه‌لمانییه‌كه‌ی‌ هاوكار‌و هاوپه‌یمانیشیان (حیزبی‌ سۆسیالیست دیموكراتی‌ كوردستان)‌و (ئاینده‌) له‌به‌یاننامه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شدا دوا ئه‌نجامه‌كانیان قبوڵكرد‌و به‌م پێیه‌ش كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتو‌و له‌15 كورسیی‌ خولی‌ دووه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ هاتنه‌سه‌ر 10 كورسی په‌رله‌مان.

كامیل مه‌حمود، كه‌ نوسه‌رێكی‌ ئیسلامی‌‌و سه‌رنوسه‌ری‌ پێشوی‌ هه‌ندێك له‌چاپه‌مه‌نییه‌ ئیسلامییه‌كانی‌ كوردستانه‌، سه‌ركردایه‌تی‌ كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ تۆمه‌تبارده‌كات له‌پاشه‌كشه‌كردنی‌ ده‌نگی‌ ئیسلامییه‌كان‌و هۆكاری‌ ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌ش ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ "هاوپه‌یمانێتیكردنیان له‌گه‌ڵ دوو قه‌واره‌ی‌ عه‌لمانی‌‌و شه‌رعاندنی‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ش به‌ فه‌توای‌ سیاسی‌". ئه‌م نووسه‌ره‌ ئیسلامییه‌ پێداگره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌بێت به‌رپرسانی‌ كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ له‌ئه‌ستۆ بگرن‌و بچنه‌ ژێرباری‌ هه‌ڵه‌كه‌یان.

جگه‌ له‌م نووسه‌ره‌ش، له‌نێو زۆرێك له‌ناوه‌ند‌و ئۆرگانه‌كانی‌ كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوودا مقۆ مقۆ‌و ناڕه‌زایی‌ زۆر له‌سه‌ر كه‌مبونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ ده‌نگ‌و دواتریش ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانیان له‌ئارادایه‌، له‌م میانه‌یه‌دا به‌شێكیتری‌ به‌رچاوی‌ ئیسلامییه‌كان له‌وه‌ ناڕازین كه‌ سه‌ركرده‌كانیان 3 كورسیی‌ لیسته‌كه‌یان به‌خشیوه‌ به‌قه‌واره‌ی‌ ئاینده‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشان‌و حیزبی‌ سۆسیالیست دیموكرات‌و پێیانوایه‌ "ئه‌م دوو هێزه‌ له‌جه‌ماوه‌ر‌و سه‌نگی‌ ئیسلامییه‌كانیان بردوه‌‌و هیچیان نه‌به‌خشیوه‌ پێیان".

به‌ڵام به‌یاننامه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كه‌ له‌15/8دا ده‌رچوه‌‌و وێنه‌ی‌ دراوه‌ به‌نیقاش، ئه‌م لێكدانه‌وانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌‌و ستایشی‌ هاوپه‌یمانێتیكردنیان له‌گه‌ڵ دوو هێزی‌ عه‌لمانی‌ ده‌كات.

راگه‌یه‌نراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو رازی‌ نین له‌ئه‌نجامه‌كان‌و تێبینیان له‌سه‌ری‌ هه‌یه‌‌و هۆكاری‌ ئه‌مه‌ش بۆ كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر ده‌گێڕنه‌وه‌، له‌وانه‌: "پێشێلكاریی‌‌و ته‌زویری‌ زۆر له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات، كۆمه‌ڵێك هۆكاری‌ خودی‌‌و بابه‌تی". مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ "ئێمه‌ خودی‌ ئه‌و كاره‌ هاوبه‌شه‌مان له‌گه‌ڵ دوو لایه‌نی‌ عه‌لمانی‌ به‌ده‌ستكه‌وت‌و به‌ئامانجێكی‌ گرنگی‌ داده‌نێین‌و داوا له‌ ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانمان ده‌كه‌ین به‌و ئاراسته‌یه‌ كاربكه‌ن".

بۆچونێكیتر له‌نێو ئیسلامییه‌كاندا هه‌یه‌‌و پێی‌ وایه‌ ده‌ركه‌وتنی‌ لیستی‌ گۆڕان یه‌كێك بوه‌ له‌هۆكاره‌كانی‌ راكێشانی‌ ده‌نگه‌ ناڕه‌زاییه‌كان. دیندار نه‌جمان كه‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كگرتو‌وه‌‌و محه‌مه‌د حه‌كیم له‌مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ پێیانوایه‌ ده‌ركه‌وتنی‌ لیستی‌ گۆڕان كاریگه‌ریی‌ زۆری‌ هه‌بوه‌ له‌سه‌ر كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ ئیسلامییه‌كان. محه‌مه‌د حه‌كیم باس له‌وه‌ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌سلێمانی‌ وه‌ك ته‌وژمێكی‌ نوێ هاته‌مه‌یدان‌و پێگه‌ی‌ سه‌ره‌كیی‌ هێزه‌ ئیسلامییه‌كانیش له‌م پارێزگایه‌دایه‌، به‌شێكی‌ زۆر له‌ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان رۆشتوه‌ بۆ گۆڕان‌و ده‌ڵێن "ئێمه‌ ده‌نگه‌كانی‌ خۆمان به‌ده‌ستهێنا به‌ڵام ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كانی‌ خه‌ڵك رۆشتن بۆ گۆڕان".

بێتاقه‌تیی‌ كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو له‌ئه‌نجامه‌كان، گه‌شتۆته‌ راده‌یه‌ك له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر تۆمه‌تباركردنی‌ یه‌كتر. مه‌ولود باوه‌مرادی‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و یه‌كێك له‌بیریاره‌كانی‌ یه‌كگرتو‌وی‌ ئیسلامی‌ له‌چه‌ند دیمانه‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا كادیرانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ تۆمه‌تباركرد به‌كه‌مته‌رخه‌می‌‌و لایه‌نگریكردنی‌ لیستی‌ گۆڕان‌و ده‌نگدان به‌لیستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌، به‌رانبه‌ر به‌مه‌ش محه‌مه‌د حه‌كیمی‌ به‌رپرسی‌ ده‌زگای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاند "خه‌ڵكێكی‌ زۆری‌ یه‌كگرتوو ده‌نگیان داوه‌ بۆ لیستی‌ گۆڕان". له‌باره‌ی‌ ئه‌م لێدوانه‌شه‌وه‌، حه‌كیم بۆ نیقاشی‌ روونكرده‌وه‌ "به‌راپۆرت پێمانگه‌شتوه‌‌و به‌به‌ڵگه‌وه‌ لامانه‌ له‌سلێمانی‌ زۆرێك له‌یه‌كگرتوو كاریان بۆ گۆڕان كردووه‌ به‌تایبه‌ت كادره‌ ئیعلامییه‌كانیان".

هه‌ندێكیتر، چونه‌ دواوه‌ی‌ ئیسلامییه‌كان، په‌یوه‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌نارۆشنی‌ گوتاری‌ سه‌رده‌می‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان، بۆ نمونه‌ له‌میانه‌ی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی‌ په‌له‌‌و كتوپڕ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ خسته‌ ده‌نگدان‌و 15 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو كه‌ تا ساتی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ دژایه‌تییان ده‌كرد، دواجار ده‌نگیان به‌ده‌ستور دا، به‌دوای‌ ئه‌مه‌شدا به‌شێكی‌ به‌رچاو له‌چین‌و توێژه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد له‌دژی‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ده‌ستور وه‌ستانه‌وه‌‌و به‌شوره‌ی‌ پاراستنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم دایانه‌ قه‌ڵه‌م‌و له‌رێگای‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ ده‌ستوریشه‌وه‌ جامی‌ توڕه‌یی‌ خۆیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا ده‌ڕێژا.

زانا رۆستایی‌ به‌رپرسی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ هه‌ولێری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت په‌سه‌ندكردنی‌ ده‌ستور یه‌كێك بوه‌ له‌هۆكاره‌كانی‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كانیان.

هاوكات له‌گه‌ڵ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ده‌نگ‌و كورسییه‌كانی‌ یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیشدا، بۆیه‌كه‌مجار بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ به‌ دوو كورسی‌ (27 هه‌زار ده‌نگ) هاته‌ ناو په‌رله‌مانی‌ كوردستان. عیرفان ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود كه‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌‌و به‌رپرسی‌ ماڵپه‌ڕی‌ ئه‌م حیزبه‌یه‌، پێیوایه‌ به‌رزبونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ ده‌نگه‌كانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناڕه‌زایی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌جه‌ماوه‌ری‌ كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتو‌و له‌هاوپه‌یمانێتیكردنی‌ عه‌لمانییه‌كان‌و په‌سه‌ندكردنی‌ لیستی‌ بزووتنه‌وه‌ كه‌ لیستێكی‌ ئیسلامیی‌ په‌تییه‌. هه‌روه‌ها وته‌بێژی‌ بزووتنه‌وه‌، محه‌مه‌د بازیانی‌ پێیوایه‌ جه‌ماوه‌ری‌ ئیسلامیی‌ حه‌زیان "له‌لیستێكی‌ فول ئیسلامییه‌ تا تێكه‌ڵ له‌عه‌لمانییه‌كان". به‌رانبه‌ر به‌مه‌ش ئه‌مینداری‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌‌و سه‌رۆكی‌ لیستی‌ چاكسازی‌‌و خزمه‌تگوزاری‌ م.سه‌لاحه‌دین به‌هائه‌دین، دان به‌وه‌دا ده‌نێت بزووتنه‌وه‌ "له‌ به‌ته‌نها مانه‌وه‌ی‌ وه‌ك هێزێكی‌ ئیسلامی‌ له‌ململانێی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سوودمه‌ند بوه‌"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "به‌ڵام ئێمه‌ به‌خیل نین‌و نامانه‌وێت ئه‌مه‌ ببێته‌ كێشه‌یه‌ك له‌نێوان ئێمه‌‌و ئه‌وان".

له‌ئێستادا كه‌ سه‌رجه‌م لیست‌و لایه‌نه‌كان سه‌رقاڵی‌ خۆ ئاماده‌كردنن بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ داهاتوی‌ عێراق كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵێ‌ ئاینده‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو به‌جیا سه‌رقاڵی‌ تاوتوێكردنی‌ چۆنییه‌تی‌ به‌شداریكردنن له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌‌و سه‌رۆكی‌ لیستی‌ یه‌كگرتوو له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق، د.محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، باس له‌وه‌ده‌كات له‌زۆر لایه‌نه‌وه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌ بۆ هاوپه‌یمانێتی‌‌و هاوبه‌شیكردن له‌لیسته‌كان "به‌ڵام یه‌كگرتوو تائێستا دوابڕیاری‌ نه‌داوه‌ بۆ چونه‌ ناو هاوپه‌یمانێتی‌ له‌گه‌ڵ هیچ یه‌ك له‌لایه‌نه‌كان".هه‌روه‌ها چه‌ند رۆژێكیشه‌ شورای‌ ناوه‌ندیی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ سه‌رقاڵی‌ تاوتوێككردنی‌ چۆنییه‌تی‌ به‌شداریكردنه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق.

له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ند به‌رپرسێك له‌هه‌ردوولا به‌نیقاشیان راگه‌یاند، ئه‌مجاره‌ به‌شداریكردنیان له‌گه‌ڵ سۆسیالیست‌و زه‌حمه‌تكێشانی‌ ئاینده‌دا له‌ئارادانییه‌، چونكه‌ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌‌و پرۆتۆكۆلێكی‌ نوسراو له‌نێوان ئه‌م چوار حیزبه‌دا نییه‌ بۆ به‌رده‌وامیی‌ هاوپه‌یمانێتییان تا هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ عێراق.