راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

UN داوا له‌ كورد ده‌كات چاو به‌ڕه‌شنوسی ده‌ستور بخشێنێته‌وه‌

قاسم خدر محەممەد
ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان (بان كی مون) له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا داوا له‌به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ كوردستان ده‌كات كه‌ چاو به‌ڕه‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمدا بخشێننه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و بڕگانه‌ی‌ ئاماژه‌…
13.08.2009  |  هه‌ولێر

(بان كی مون) نێگه‌رانی خۆی پیشاندا له‌په‌ره‌سه‌ندنی كێشه‌ی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا‌و داوای له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ردوو لا كرد هه‌وڵی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌یه‌كی مامناوه‌ندی بۆ كێشه‌كان بده‌ن.

ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم كێشه‌كانی قوڵتر كردووته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌ڕه‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمدا هاتووه‌ "كه‌ركوك‌و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی موسڵ‌و دیاله‌ به‌شێكن له‌هه‌رێمی كوردستان".

جگه‌ له‌وه‌ش ده‌ستوری‌ ناوبراو لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ حكومه‌تی‌ عێراقیشی‌ نیگه‌ران كردووه‌ كه‌ تێیدا هاتووه‌ ده‌بێت حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌، به‌ر له‌ئیمزاكردنی‌ هه‌ر رێككه‌وتننامه‌یه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، ره‌زامه‌ندی كورد وه‌ربگرێت له‌هه‌رێمی‌ كوردستان.

له‌مباره‌یه‌وه‌ په‌رله‌مانتاری‌ عێراقی، ئوسامه‌ نوجێفی‌ ده‌ڵێ "ده‌ستوری هه‌رێم نه‌ك هه‌ر وه‌كو ده‌ستوری عێراق نیه‌، به‌ڵكو دژیشیه‌تی‌، چونكه‌ ئه‌م ده‌ستوره‌ ده‌سه‌ڵاتێكی زیاتر ده‌بخشێته‌ هه‌رێم، وه‌ك له‌وه‌ی‌ به‌غدا هه‌یه‌تی‌".

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌، (بان كی مون) داوای له‌هه‌ردوو لایه‌نی عه‌ره‌بی‌و كوردی كرد كه‌ واز له‌لێدوانی دژبه‌یه‌كتر بێنن، له‌جیاتی ئه‌وه‌ كاربكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

ناوبراو ده‌ڵێ "پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان له‌قۆناغی سه‌ره‌تاییدایه‌، هیوادارم سیاسه‌تمه‌دارانی‌ عێراقی به‌رده‌وام بن له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌ڕێگه‌ی دیالۆگ".

پاش لێدوانه‌كه‌ی (بان كی مون)، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بڕیاری‌ پێكهێنانی‌ لێژنه‌یه‌كی‌ دا به‌مه‌به‌ستی‌ لێكۆلینه‌وه‌ له‌به‌یاننامه‌كه‌ی‌ بان كی مون.

له‌مباریه‌وه‌ به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، فه‌لاح موسته‌فا، وتی "ئێمه‌ زۆر به‌وردی لێكۆلینه‌وه‌ له‌لێدوانه‌كه‌و راپۆرته‌كه‌ی (یوئێن) ده‌كه‌ین".

موسته‌فا رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت كێشه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ جێگه‌ی‌ ململانێ‌ له‌ڕێگه‌ی ده‌ستوری عێراقه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن "ئێمه‌ هیچ به‌دیلێكی تر قبوڵ ناكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك جگه‌ له‌ماده‌ی 140".

ئه‌گه‌ر لێدوانه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ بان كی‌ مۆن له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا نییه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ (یوئێن) رۆلێكی گرنگی هه‌یه‌ له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا.

له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ نیقاش، رێكخه‌ری كاروباری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ (یوئێن)، دیندار زێباری، ده‌ڵێ "(یوئێن) رۆلێكی زۆر گرنگی هه‌یه‌ له‌چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان‌و كێشه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان‌و مه‌سه‌له‌ی‌ فیدرالیزم". رونیشیده‌كاته‌وه‌ "راپۆرته‌كه‌ی یوئێن زه‌نگێك بوو بۆ حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی به‌ژیرانه‌‌و وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بكات".

له‌هه‌مان كاتدا زێباری‌ تێبینی‌ خۆی‌ له‌باره‌ی‌ لێدوانه‌كانی‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌رده‌بڕێ‌‌و ده‌ڵێت "من پێموایه‌ زانیاری هه‌ڵه‌ ناردراوه‌ بۆ یو ئێن ده‌رباره‌ی ئه‌و ماده‌یه‌ی باس له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌كات".

ئه‌و روونیكرده‌وه‌ كه‌ ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێم ده‌ڵێ "له‌ڕوی‌ مێژووییه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌شێكن له‌كوردستان، به‌لاَم ماده‌ی 140 بڕیار له‌سه‌ر ئاینده‌ی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌دات". ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات هه‌ر وه‌ك چۆن فه‌له‌ستینیه‌كان ده‌ڵێن قودس پایته‌ختی فه‌له‌ستینه‌، كوردیش ده‌ڵێ له‌ڕوی‌ مێژوییه‌وه‌ كه‌ركوك به‌شێكه‌ له‌كوردستان، به‌ڵام "خه‌لكی كه‌ركوك‌و مادده‌ی 140 بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی‌ ئه‌و شاره‌ ده‌ده‌ن".

ئه‌گه‌ر چی‌ زێباری‌ پێشوازی‌ له‌لێدوانه‌كانی‌ بان كی‌ مۆن كرد، به‌ڵام هه‌ندێك له‌به‌رپرسانی كورد كاردانه‌وه‌ی زۆر به‌هێزیان هه‌بوو بۆ ئه‌و لێدوانانه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌مال كه‌ركوكی، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات هه‌ندێك لایه‌نی عێراقی زانیاری هه‌ڵه‌یان داوه‌تا بان كی مون له‌سه‌ر ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان "هه‌ندێك گروپی عێراقی نایانه‌وێ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر‌و به‌غدا چاره‌سه‌ربكرێ، ئه‌و گروپانه‌ زانیاری هه‌ڵه‌یان بۆ یوئێن ناردووه‌ ده‌رباره‌ی ڕه‌شنوسی هه‌رێمی كوردستان".

كه‌ركوكی ئاماژه‌ی به‌و دۆكیومێنته‌ مێژووییانه‌ دا كه‌ له‌سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی‌و به‌ریتانی ئاماده‌كراون‌و "ده‌یسه‌لمێنن كه‌ركوك شارێكی كوردستانیه‌".

به‌گشتی‌، سه‌ره‌ڕای هه‌ندێك دڵه‌ڕاوكێ‌و ترسی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌م جۆره‌ لێدوانانه‌، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیشدا پێیان باشه‌ یۆئێن به‌رده‌وام بێ له‌ئه‌ركه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، پێشده‌چێت له‌به‌رامبه‌ردا یوئێن كاره‌كه‌ی‌ خۆی‌ ته‌واو بكات.

نوێنه‌ری تازه‌ی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌عێراق (ئاد مێلكێرت) ده‌ڵێ "هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ ساڵی 2010‌و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، قورسترین ئه‌ركی یوئێن ده‌بن له‌قۆناغی داهاتوودا، چونكه‌ سه‌قامگیری عێراق په‌یوه‌سته‌ به‌م دوو بابه‌ته‌وه‌".