راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شارێك كێشه‌ له‌نێوان ئه‌نبار‌و كه‌ربه‌ل&#1575

عه‌باس سه‌رحان
شاری‌ (ئه‌لنه‌خیب) كه‌ شارێكه‌…
3.06.2009  |  كه‌ربه‌لا

ئه‌لهر جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا شاری‌ ئه‌لنه‌خیب، سه‌ر به‌قه‌زای‌ عێن ئه‌لته‌مر (70 كم رۆژئاوای‌ كه‌ربه‌لا) بووه‌، به‌ڵام دواتر له‌لایه‌ن رژێمی‌ پێشووی‌ عێراقه‌وه‌، له‌سه‌ره‌تای‌ حوكمڕانیكردنیدا له‌ساڵی‌ 1968، شاری‌ ناوبراو‌و ناوچه‌یه‌كی‌ تریش به‌ناوی‌ (ئه‌لره‌حالییه‌)ی‌ سه‌ر به‌هه‌مان قه‌زای‌ گواستۆته‌وه‌ سه‌ر پارێزگای‌ ئه‌نبار.

پارێزگاری‌ نوێی‌ كه‌ربه‌لا ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات كه‌ ئێستا رووبه‌رووی‌ چه‌ندین كێشه‌ی‌ ئیداری‌ بووه‌ته‌وه‌ له‌قه‌زای‌ عێن ئه‌لته‌مر، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو ناحییه‌ی‌ نه‌خیب‌و ره‌حالییه‌ خراونه‌ته‌ سه‌ر پارێزگای‌ ئه‌نبار‌و له‌مباره‌یه‌وه‌ روونیكرده‌وه‌ كه‌ به‌پێی‌ یاسای‌ ئیداری‌ له‌كاتێكدا قایمقامی‌ قه‌زایه‌ك ده‌وامی‌ نه‌كرد، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ یه‌كێ‌ له‌ناحیه‌كانی‌ جێگه‌كه‌ی‌ ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ "قه‌زای‌ عێن ئه‌لته‌مر هیچ ناحییه‌یه‌كی‌ له‌سه‌ر نه‌ماوه‌، پۆستی‌ قایمقام به‌چۆڵی‌ ده‌مێنێته‌وه‌".

داواكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م شاره‌ (نه‌خیب)، كارێكی‌ تازه‌ نییه‌، به‌ڵكو پێشتریش‌و له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ رابردووی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا، له‌ڕێگه‌ی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌، هه‌مان داواكاری‌ كرا، به‌ڵام له‌و كاته‌دا حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ ئه‌نبار ئه‌و داوایه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌‌و رایگه‌یاند كه‌ نه‌خیب سه‌ر به‌ئه‌نباره‌، نه‌ك كه‌ربه‌لا.

له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ پارێزگاری‌ نوێی‌ كه‌ربه‌لا، ئه‌لهر بۆ نیقاشی‌ روونكرده‌وه‌ كه‌ له‌ئێستادا نه‌خیب خراوه‌ته‌ سه‌ر قه‌زای‌ روتبه‌ی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ناحییه‌‌و قه‌زای‌ ناوبراو، 300 كم له‌یه‌ك دوورن، به‌ڵام له‌كه‌ربه‌لا نزیكتره‌. وتیشی‌ "به‌هۆی‌ ئه‌و دوورییه‌وه‌، دانیشتوانی‌ نه‌خیب به‌ده‌ست كه‌می‌ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن‌و به‌مه‌به‌ستی‌ به‌ده‌ستكه‌وتنی‌ پێداوسیتی‌ ژیانی‌ رۆژانه‌یان، پشت به‌قه‌زای‌ عێن ئه‌لته‌مری‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا ده‌به‌ستن".

دانیشتوانی‌ نه‌خیب به‌نزیكه‌ی‌ 3 هه‌زار هاوڵاتی‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت‌و سه‌رجه‌میان له‌عه‌ره‌بی‌ سونه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌شێكی‌ تری‌ كێشه‌كه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌نبار به‌پارێزگایه‌كی‌ سونه‌‌و كه‌ربه‌لا به‌پارێزگایه‌كی‌ شیعه‌ نشین ده‌ناسرێت، پێش ده‌چێت له‌كاتی‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م كێشه‌یه‌دا بۆ نێو دادگا، دانیشتوانی‌ شاره‌كه‌ خۆیان بڕیاری‌ چوونه‌ نێو كام پارێزگا ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ ئه‌و شاره‌ به‌یه‌كێك له‌شاره‌كانی‌ جێگه‌ی‌ ململانێ‌ ده‌ناسرێت‌و ده‌چێته‌ خانه‌ی‌ ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستوریه‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم ده‌كات بۆ زانینی‌ ویستی‌ دانیشتوانی‌ شاره‌كه‌.

هه‌ر له‌باره‌ی‌ كێشه‌ی‌ ئه‌م شاره‌وه‌، به‌رپرسانی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار جه‌خت له‌ناسنامه‌ی‌ شاری‌ نه‌خیب ده‌كه‌نه‌وه‌‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن كه‌ شاری‌ ناوبراو له‌ڕووی‌ سروشتی‌ عه‌شایه‌ری‌‌و ناسنانه‌ی‌ تایفییه‌وه‌ (سونه‌)، له‌پارێزگاكه‌ی‌ ئه‌وان نزیكتره‌. له‌به‌رامبه‌ریشدا، ئه‌لهر ده‌لێت "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نامانه‌وێت كێشه‌ی‌ ئیداری‌، له‌ژێر ناوی‌ تایفه‌گه‌ریدا، له‌نێوان ئێمه‌‌و ئه‌نباردا دروستببێت"، روونیشیكرده‌وه‌ "دواجار شاری‌ نه‌خیب شارێكی‌ عێراقییه‌‌و ده‌كرێت له‌دادگادا دانیشتوانی‌ شاره‌كه‌ بڕیاری‌ كۆتایی‌ له‌باره‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كه‌ بده‌ن".

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ گه‌شتوگوزاری‌ ئایینی‌ حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ رابردووی‌ كه‌ربه‌لا (عه‌بدولحه‌سه‌ن فوراتی‌) بۆ نیقاشی‌ ئاشكرا كرد كه‌ به‌ر له‌دوو ساڵ، نوێنه‌ری‌ ناودارترین عه‌شیره‌ته‌كانی‌ شاری‌ نه‌خیب، سه‌ردانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لایان كردووه‌‌و له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌وكاتدا "داوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان كرد بۆ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا، له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتنی‌ هه‌لی‌ كاركردن له‌دام‌و ده‌زگا حكومییه‌كاندا بۆ دانیشتوانی‌ شاره‌كه‌"، به‌پێی‌ گوته‌ی‌ فوراتی‌ "سه‌رهه‌ڵدانی‌ كێشه‌ تایفییه‌كانی‌ عێراق‌و ئاواره‌بوونی‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌، هۆكاری‌ سه‌رنه‌گرتنی‌ ئه‌و داواكارییه‌ی‌ شاری‌ نه‌خیب بوو".

به‌مه‌به‌ستی‌ پشتئه‌ستوركردنی‌ قسه‌كانیشی‌، فوراتی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ دا "په‌یوه‌ندییه‌كی‌ توندوتۆڵ له‌نێوان دانیشوانی‌ نه‌خیب‌و قه‌زای‌ عێن ئه‌لته‌مری‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لای‌ شیعه‌ نشیندا هه‌یه‌"، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا "تێكه‌ڵاوی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌نێوان نه‌خیب‌و عێن ئه‌لته‌مردا هه‌یه‌‌و چه‌ندین نمونه‌ی‌ ژن‌و ژنخوازی‌ له‌ئارادیه‌".ئه‌گه‌ر چی‌ به‌رپرسانی‌ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن كه‌ شاری‌ نه‌خیب "بێ‌ خزمه‌تگوزارییه‌‌و ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ دوور له‌ناوه‌ندی‌ ئه‌نبارد"، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌ده‌ن كه‌ ئه‌و شاره‌ له‌ڕووی‌ جوگرافیاوه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ پارێزگاكه‌یان، به‌تایبه‌ت كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سنوری‌ وڵاتی‌ سعودییه‌‌و ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌كی‌ سنوری‌ بۆ پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا.

له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ داوانه‌كردنی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌م شاره‌ش راسته‌وخۆ له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌‌و هێشتنه‌وه‌ی‌ بۆ ئێستا، عه‌بدولحه‌سه‌ن فوراتی‌ وتی‌ "عێراق له‌شه‌ش ساڵی‌ رابردوودا رووبه‌روی‌ چه‌ندین ته‌گه‌ره‌‌و كێشه‌ بووه‌وه‌، له‌سه‌رووی‌ هه‌مووشیانه‌وه‌، سه‌رهه‌ڵدانی‌ كێشه‌ی‌ تایفی‌ بوو، بۆیه‌ له‌و كاته‌دا ته‌نها له‌ڕێی‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ ئه‌و داوایه‌مان باسكردووه‌".

هه‌ر له‌باره‌ی‌ كێشه‌ی‌ ئه‌م شاره‌وه‌، یاساناس فه‌لاح حه‌سه‌ن عه‌تییه‌، دانیشتوی‌ قه‌زای‌ عێن ئه‌لته‌مر، به‌نیقاشی‌ وت "له‌رابردوودا نه‌خیب سه‌ر به‌قه‌زاكه‌مان بووه‌‌و دانیشتوانه‌كه‌شی‌ تاكو ئێستا، له‌رووی‌ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌، پشت به‌پارێزگای‌ كه‌ربه‌لا ده‌به‌ستن، وه‌ك كاره‌با‌و سوته‌مه‌نی‌".

ناوبراو روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ دانیشتوانی‌ نه‌خیب، له‌عێن ئه‌لته‌مه‌ر كاریان ده‌كرد، به‌ڵام دواتر‌و به‌هۆی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ كاره‌ توندوتیژییه‌كان به‌هۆی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ كێشه‌ تایفییه‌كانه‌وه‌، دانیشتوانی‌ هه‌ردوو شاری‌ له‌یه‌ك دوورخسته‌وه‌.

له‌كۆتایی‌ لێدوانه‌كه‌شیدا، عه‌تییه‌ به‌دووری‌ زانی‌ كێشه‌ی‌ ئه‌م شاره‌ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ تایفی‌ به‌دواوه‌ بێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ وتی‌ "كێشه‌كه‌ ئیدارییه‌، نه‌ك تایفی‌‌و پێده‌چێت له‌لایه‌ن دادگاوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت".دواجار كێشه‌ی‌ ئیداری‌ ئه‌م شاره‌ به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی‌ ماوه‌ته‌وه‌‌و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كه‌ سونه‌ مه‌زهه‌بن، بڕیاری‌ چونه‌ نێو پارێزگایه‌كی‌ شیعه‌، یاخود سونه‌ بده‌ن.