راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گۆڕانێكی گەورەیە یان روتووشکردنە و بەس؟

ئه‌حمه‌د سه‌عداوی
لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەرەنجامه…
19.02.2009  |  به‌غدا

هاوپەیمانێتی لەگەڵ لیستە براوەكان له ئەنجومەنەكانی پارێزگاكان، ڕاوەدوونانی گەندەڵكارەكانی ئەنجومەنەكانی پێشوو لەڕێگای دادگا و داواكردنی كێشانەوەی پاسپۆرتەكانیان، ئەمەش بەپێی داواكاری پەرلەمانتارێكی سەر به لیستی عێراقییه شێخ خەیرەدین بەسری. چەندین ناونیشانی تریش كه زۆربەی دەنگوباسە‌كانی ڕۆژنامە عێراقیەكانی بەخۆوه خەریك كردوون.

نەخشەی هاوپەیمانێتییه سیاسیەكان له ئەنجومەنەكانی پارێزگاكاندا تا ئێستا ڕۆشن نین، بێجگه لە‌‌وەی كه ڕەوتی ئازادیخوازەكان كه له لایەن ڕەوتی سەدرەوە پشتیوانی لێدەكرێت، چوونەته ڕیزی لیستی كۆبەندی دەوڵەتی قانونی سەر به سەرۆك وەزیرانی عێراق نوری مالیكی، بۆ پێكهێنانی هاوپەیانیەتێكی ستراتیژ له بەغداد و بەسره و هەموو ئەو پارێزگایانەی كه هەردوو لیستەكان سەركەوتنیان تێدا بەدەست هێناوه. له بەرامبەر چەندین هاوپەیمانێتی تری یەكلانەبووەوه كه به لیستی دۆڕاو دەژمێردرێن، ئەوانیش ئەو لیستانەن كه ڕێژەیەكی ئەو‌تۆیان بەدەست نەهێناوه بۆ نوێنەرایەتیكردن له ئەنجومەنەكانی پارێزگاكاندا كه له ئاستی قەبارەی نوێنەرایەتی پێشوویان بێت، یا ئەو قەبارەی كه پشتی پێ دەبەستن، لەوێنەی لیستی شەهیدی میحراب كه لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق به سەرۆكایەتی عەبدولعەزیز حەكیم پشتیوانی لێدەكرێت، هەروەها لیستی عێراقییەی نیشتمانی سەر به سەرۆك وەزیرانی پێشووتر ئەیاد عەلاوی.

بەپێی ڕاگەیاندنه سەرەتاییەكان و پشت ئەستوور به قانونی ئەنجومەنەكانی پارێزگاكانەوه كه ڕێ بەو هاوپەیمانێتیانه دەدات كه له 51% یان له ناو ئەنجومەنی پارێزگا بەدەست هێناوه، حكومەتی خۆجێیی پێكبێنن، ئەوا سەرۆك وەزیران نوری مالیكی و پشتیوانانی سەنترالیزمی وەكو ئوسامه نوجێفی له موسڵ، ئازاد دەبن له پێكهێنانی ئەنجومەنی تازه به میكانیزمێكی دیموكراتی ڕووتەوه، بەڵام وێنەكان زۆر لەوه ئاڵۆزترن، لەگەڵ جموجۆڵی ئەو لایەنه دۆڕاوانەی كه هەوڵی قەرەبووكردنە‌وەی زۆرترین ڕێژە‌ی دۆڕانەكەیان دەدەن.

نزیكەی دوای یەك ڕۆژ له ڕاگەیاندنی دەرەنجامه سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنەكان، عادل عەبدولمەهدی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەركردە‌ له ئەنجومەنی باڵا گوتی بنەماكانی ڕێككەوتن له عێراقدا شانبەشانی میكانیزمه دیمكوكراتیەكان له عێراقدا كاریان پێدەكرێت، داوای هاوپەیمانێتیێكی ستراتیژی كرد لە نێوان هەردوو حیزبی گەورەی شیعە (دەعوە و ئەنجومەن)، هاوشێوەی ئەو هاوپەیمانێتیە‌ی كه لەنێوان هەردوو حیزبه كوردییه گەورەكەی هەرێمی كوردستاندا هەیه.

بەڵام چەندین سەركردەی تری ناو ئەنجومەنی باڵا له گرنگی سەركەوتنی لیستی كۆبەندی دەوڵەتی قانونییان كەمكردەوە و ڕەخنەیان لەو كەسانه گرت‌ كه ئەو لیستەیان به "پانوپڕوچكەرەوه" ناوزەد كرد، ڕونیشیان كردەوه كه لیستی شەهیدی میحراب پێگەی دووەمی بەدەست هێناوه له شەش پارێزگادا. ڕەخنەشیان لەو دەربڕینانه گرت كه پاشەشێكردنی ڕەوتی ئیسلامییان له هەڵبژاردنەكاندا ڕاگەیاند، ڕوونیشیان كردەوه كه ڕەوتی ئیسلامی - لەڕێگای حیزبی دەعوەوه بەلایەنی كەمەوه – له باشوور سوودمەنده. لەهەمان كاتدا وتەبێژ بەناوی حكومەتی عێراق عەلی دەباغ گوتی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان دەریانخست كه هاوڵاتی عێراق پێویستی به وتارێكی نیشتمانی هاوشان لەگەڵ وتاری ئیسلامی هەیە، ئەو ڕاگەیاندنەش ئەو بیروبۆچوونەی ڕای گشتی عێراق بەهێز دەكات كه دەڵێت وتاری نیشتمانی لەلایەن مالیكیەوه له پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكاندا، هەنگاوێكی له وتارێكی ڕووتی ئیسلامی – له شێوەی ئەو وتارەی كه ئەنجومەنی باڵا بۆ نموونه هەیبوو - دوورخستەوه، هەروەها نزیكی كردەوه لە پێویستییە هەنوكەییەكانی دەنگدەری عێراقی، كه چاوەڕوانی دەستەڵاتێكی بەهێزه بۆ ئەوەی قانون بسەپێنێت و خزمەتگوزاریەكان پێشكەش بكات، بەبێ گوێدانه باكگراوندی ئایدیۆلۆژی ئەو لایەنەی كه هەڵبژاردنەكان دەباتەوه.

ئەگەر چاودێرانی هەڵمەتەكانی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكان، ئاكامی پەیو‌ەندیەكانی نێوان حیزبی دەعوە و ئەنجومەنی باڵایان به قۆناغی "شكاندنی ئێسك" وێنا كردبێت، كه ئەمەش مانای دابڕانێكی گەورەیە لەنێوان ئەو دوو حیزبه شیعه گەورەیەدا، دوا بەدوای جیاوازی له تێڕوانین بۆ فیدرالیەت و دەستەڵاتەكانی حكومەتی سەنترال و بەرهەمهێنانی ئاین و بۆنه ئاینیەكان له پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكان و كێشەی ترەوه، بەڵام ئێستا زمانەكە لەدوای هەڵبژاردنەكاندا زۆر گۆڕاوه، لەسایەی ئەو ناڕۆشنیەشدا كه ئێستا باوه، هەروەها ئەوەش كه ڕۆژانی داهاتوو ئاشكرای دەكەن، واپێدەچێت ئەوەی كه نەگۆڕە لەو ڕووداوانەدا گۆڕانی حیزبی دەعوەیە بۆ گەورترین هێزی شیعە مەزهەب و پاشكەشێی ئەنجومەنی باڵا، كه له ‌ماوەی دوو خولی هەڵبژاردندا سەرۆكایەتی كۆبەندی عێراقی یەكگرتووی كرد، لەگەڵ مانەوەی ڕەوتی سەدر بەهۆكاری یەكلاكەرە‌وە لە سروشتی پەیوەندیەكانی نێوان حیزبه شیعیەكاندا. ئێستا هەموو تێڕوانینەكان ڕوویان له حكومەته خۆجێییەكانی پارێزگاكانی باشووره، هەروەها بەهەمان گرنگیش ڕوویان له هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانه، كه هەر لەئێستاوه هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكان شێوەی ئەو هەڵبژاردنانەی دەسنیشان كردووه.

لەسایەی ئەو ڕاگەیاندنانەی كه بەنیازن خوێنی جەستەی كۆبەندی عێراقی یەكگرتوو نوێ بكەنەوه لەژێر سەرۆكایەتی نوری مالیكی ئەمجارەیان، نزیكبوونەوە‌ی حیزبی دەعوە و ڕەوتی سەدر له ڕێی هەڵوێستەكانیانەوه، هەروەها نامەی موقتەدا سەدر كه ڕازەمەندی سەرەتایی خۆی بۆ گەڕانەوەی بۆ ڕیزی كۆبەندێكی عێراقی نوێ ، بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی داهاتوو ڕاگەیاند، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵا له سووربوونی لەسەر بنەمای ڕێككەوتن بۆ دابەشكردنی دەستەڵات، ئەوا ئەو دەنگدەرانەی كه هەواداری وتارێكی ڕادیكاڵی نیشتمانی بوون كه مالیكی لەكاتی هەڵمەتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكاندا دەریبڕی، ئەوانەش كه پێیان وابوو سەركەوتنی مالیكی بۆی هەیە تا ئاستێك دەستەڵاتی مەندیل بەسەرەكان لە دیمەنی سیاسی عێراقیدا دوور بخاتەوه، هەموو ئەوانە دووچاری نائومێدیێكی مسۆگەر دەبن. دەنگدانەوەی ئەو نائومێدیەش لە وتەكانی پەرلەمانتار سەلیم جبوری سەركردە له حیزبی ئیسلامی عێراقیدا دەبینینەوه كه هۆشداری له گەڕانەوەی گردبوونەوه تائیفیەكان دا، دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا بەشێوەیەكی ڕێژەیی پاشەكشێی كرد. له كاتێكدا ئەگەر كۆبەندی عێراقی یەكگرتوو شێوە كۆنەكەی وەرگرتەوه دوای هەڵوەشانەوە‌یەكی ئاشكرا، ئەوا پەنابردنی لایەنەكانی تریش بۆ هاوپەیمانی تائیفی دژبەر بەهێز دەكاتەوه.

هەروەها پەنابردن بۆ بنەمای ڕێككەوتن له پێكهێنانی حكومەته خۆجێییەكانی داهاتوو له پارێزگاكاندا، بریتی دەبێت لە زەبرێكی تر له خواستی گەلی عێراق، ئەو كاتە براوه و دۆڕاو سەر لەنوێ سواری یەك بەلەم دەبنەوه بۆ ئەوەی (دەستكەوتە چاوەڕوانكراوەكان و گەندەڵی دارایی و بەڕێوەبردنی چاوەڕوانكراویش لەنێوان خۆیاندا دابەش بكەنەوه)، پڕۆسەی هەڵبژاردنیش لەماناكەی بەتاڵ دەبێتەوه، بانگەوازی بەهێزكردنی دەستەڵاتی قانونیش بڕوبیانۆیەكانی خۆی لەدەست دەدات، بە لەدەستدانی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕۆشن لەناو ئەنجومەنەكانی پارێزگاكاندا. كه هەر ئەوەشە پشتی پێ دەبەسترێت بۆ چاودێری كردنی حكومەته خۆجێییەكان.

ئەو كارەش پەیوەندی بەمالیكی (براوەی گەورە لە هەڵبژاردنەكان) ەوه هەیە، چونكه بردنەوەی‌ لیستی ئەو له ئاكامدا، برانەوەیەك نەبوو بۆ "گۆڕان و بیناكردن"ی ئەو دروشمەی كه له هەموو پارێزگاكاندا بەرزی كردبۆوه، بەڵكو جۆرێك بوو له بردنەوەی سەرۆكایەتیكردنی دیمەنی سیاسی شیعەكان و سەپاندنی سەرۆكایەتی حیزبی دەعوه بەسەر حیزبەكانی شیعی تردا، كه هەر به هاوپەیمانی یەكتر دەمێننەوه.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌