راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌رکرده‌ پیره‌کان و سه‌ردانی سیاسییانه&#8204

ئه‌حمه‌د سه‌عداوی
سه‌رۆک کۆماری عێراق جه‌لال…
20.08.2008  |  به‌غدا

ئه‌وه‌ی راستی بێ گیروگرفتی ته‌ندروستی بۆ پیاوێکی‌ له‌ ته‌مه‌نی وه‌ک تاڵه‌بانی (له‌ هاوینی 1933 له‌ گوندێکی نزیکر ده‌ریاچه‌ی دوکان له‌ دایک بووه‌) کارێکی ئاسایی و چاوه‌ڕوانکراوه‌. لایه‌نگران و دۆسته‌کانی سه‌رۆک ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ ئه‌م گیروگرفتانه‌ به‌ راده‌یه‌ک په‌ره‌بسێنێنن که‌ نه‌توانێت کاری سه‌رۆکایه‌تی به‌ جێبگه‌یه‌نێت، یان لایه‌نی که‌م نه‌توانێت ئه‌و ماوه‌ سه‌رۆکایه‌تیه‌ی که‌ ماوه‌ وه‌ک سه‌رۆکی عێراق ته‌واوی بکات.

سه‌یره‌که‌ له‌وه‌دایه‌ له‌م دوو هه‌فته‌یه‌ی رابردوودا دوو له‌ سێ که‌سه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی (سه‌رۆک کۆمار تاڵه‌بانی، و سه‌رۆک په‌رله‌مان مه‌حمود مه‌شهه‌دانی) بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی سه‌فه‌ری دره‌وه‌ی عێراقیان کردووه‌، مه‌شهه‌دانی دوو هه‌فته‌ زیاتره‌‌ له عه‌مان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ (شاری حوسینی پزشکی) که‌وتوه، ئه‌ویش هه‌ر به‌ هۆی گیروگرفتی دڵه‌وه، هه‌رچی سه‌رۆک تاڵه‌بانییه‌ به‌ فرۆکه‌ بۆ ئه‌مه‌ریکا سه‌فه‌ری کرد. له‌ پێشدا ده‌یانگووت سه‌فه‌ره‌که‌ی بۆ گیروگرفتی ته‌ندروستی ئه‌ژنۆیه‌تی به‌ڵام له‌ پاشان به‌ده‌رکه‌و‌ت بۆ گرفته‌‌ به‌رده‌وامه‌که‌یه‌تی له‌گه‌ڵ دڵی‌ ماندوو‌ی.

گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌‌ گوشاری به‌رده‌وامی کێشه‌ و گرفته‌ دژواره‌کانی عێراق، کاریگه‌ری ده‌روونی و جه‌سته‌یی له‌ سه‌ر سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کانی عێراق هه‌یه‌‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌م گوشاره‌ به‌ زۆری به‌ هۆی تای به‌ربه‌ر‌ه‌کانی سیاسی روو ده‌دات، که‌ هه‌ر یه‌که‌یان هه‌وڵی چه‌سپاندنی دواڕۆژی شه‌خسی و حزبی خۆی له‌ عیراقێکی شێواودا ده‌دات. به‌ڵام ئه‌مه‌ هۆکاری سه‌ره‌کی گیروگرفتی ته‌ندروستی تاڵه‌بانی و مه‌شهه‌دانی و زۆربه‌ی سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کانی عێراق نییه، ده‌کرێ بڵێین هۆکاری ته‌مه‌ن و به‌ ساڵدا چوونیان زۆرترین کاریگه‌ریی هه‌یه‌.

زۆربه‌ی سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کانی ئێستا له‌ سه‌رده‌می حکومڕانێتی سه‌رۆکی پێشوو سه‌دام حوسێن به‌ ته‌مه‌نی کامڵبوونی سیاسی خۆیان گه‌یشتبوون‌. بۆ نمونه‌ کاتێک سه‌دام له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکان له‌ به‌غدا شه‌ڕه‌که‌ی له‌ دژی ئێران به‌ڕێوه‌ ده‌برد، ئه‌وسا تاڵه‌بانی له‌ چیاکانی کوردستانی عێراق سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی ده‌کرد.‌ مه‌نفاکانی ده‌وروبه‌ری عێراق و ئه‌وروپاش په‌ناگایه‌ک بوون‌ بۆ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی. زۆربه‌شیان دوای روخانی سه‌دام گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق و کاتێک ده‌ستیان به‌ کاری سیاسی کرده‌وه‌ به‌ ته‌مه‌ندا چوبوون. جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌ که‌ له‌ سه‌رده‌می حاکمی مه‌ده‌نی ئه‌مه‌ریکی پول بریمه‌ر پێکهاته‌ی ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵات ژماره‌یه‌کی زۆریان له‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌ پیر و به‌ساڵداچووه‌کان بوون.

ره‌نگه‌ هه‌ندێک له چاودێران به ستایشه‌وه باس له‌و شه‌فافیه‌ته‌ بکه‌ن که‌ له‌‌باره‌ی باری ته‌ندروستی سه‌رکرده‌ عێراقییه‌ نوێیه‌کان هه‌یه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی فایلی ته‌ندروستی سه‌رۆکی پێشووی عێراقی هه‌میشه‌ یه‌کێک بوو له‌ نهێنیه مه‌ترسیداره‌‌کانی ده‌وڵه‌ت. زۆر جار پێشبینی خه‌ڵک بۆ ته‌ندروستی سه‌رۆک تا ئه‌و په‌ڕی په‌ره‌ی ده‌سه‌ند، بۆ نمونه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کان مقۆمقۆیه‌ک له‌ ناو خه‌ڵک بڵاو بووه‌وه‌ که‌ سه‌دام توشی شێرپه‌نجه‌ی گه‌روو بووه‌، چونکه‌ زیاتر له‌ جارێک له‌ ته‌له‌فزیۆن به‌ جلوبه‌رگی سه‌ربازی به‌ده‌رکه‌وت بوو که‌ له‌ ژێر یه‌خه‌که‌ی به‌رده‌وام ده‌سته‌سڕێکی له‌سه‌ر گه‌رووی هه‌بوو. سه‌رۆک هه‌میشه‌ به‌ هه‌یکه‌لێکی به‌ توانا به‌ده‌رده‌که‌وت، هێز و توانای خۆی به‌وه‌ نیشان ده‌دا که‌ له‌ ده‌زگای ته‌له‌فزیۆنی حکومی به‌ درێژی نیشانی ده‌دا که‌ سه‌رۆک به‌ مه‌له‌ له‌ روباری دجله‌ ده‌په‌ڕێته‌وه‌، یان به‌ ده‌ستێک تفه‌نگی ده‌گرت و ته‌قه‌ی ده‌کرد.

ئێستا بارودۆخه‌که‌ گۆڕاوه‌، وا چاکه‌ سیاسه‌تمه‌داری نوێی‌ عێراقی به‌ روواڵه‌تێکی ماندوو خۆی نیشان بدات، تا له‌ راده‌ی ئه‌و مقۆمقۆیه‌ که‌م بکاته‌وه‌ که‌ ده‌ڵێن "دانیشتوانی ناوچه‌ی سه‌وز" هه‌میشه‌ ئاسووده‌ن و له‌ به‌رامبه‌ر هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌کی که‌م موچه‌یه‌کی زۆر وه‌رده‌گرن.

نه‌خۆشکه‌وتن و "سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردن" ئه‌گه‌ر راست بێت‌ یان نا‌، ده‌رفه‌تێکی باشی داوه‌ته‌ ده‌ست هه‌ندێک له‌ که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کان که‌ له هه‌ندێک هه‌ڵوێست شه‌رمه‌زاری سیاسی تێدایه‌ بۆیان خۆیان ده‌رباز بکه‌ن. ‌ هه‌ندێک له‌ عێراقییه‌کان باس له‌ بۆشایی کابینه‌ی حکومه‌تی عێراقی ده‌که‌ن له‌ کاتێک که‌ هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هێزه‌کانی عێراقی به‌ ژماره‌ که‌م له‌ ژێر سه‌رکردایه‌تی سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوو ئه‌یاد عه‌لاوی، له‌ پاییزی 2004 گه‌ماڕۆی لایه‌نگرانی سه‌دریان له‌ شاره‌ کۆنه‌که‌ی نه‌جه‌ف دابوو. له‌و کاته‌ جێگری سه‌رۆک کۆماری ئه‌وسا و سه‌رکرده‌یه‌کی حزبی ده‌عوه‌ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری به‌ سه‌فه‌رێکی چاره‌سه‌ری چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ شه‌رمه‌زاری ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵوێستێکی به‌رچاوی له‌ ئاست هێرشه‌که‌ی عه‌لاوی ‌ له‌ دژی لایه‌نگرانی سه‌در نه‌بووه دوور بخاته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ کاتێک زۆر که‌ س وا له‌ جه‌عفه‌ری ده‌ڕوانن که‌ له‌ سه‌در نزیک بێ.

هه‌ر وه‌ک ئه‌یاد عه‌لاویش کاتێک بوو به‌ سه‌رۆکی فراکسیۆنێک له‌ په‌رله‌مان له‌ کاتی حکومه‌تی مالیکیدا، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری بۆ له‌نده‌ن به‌ کارهێنا بۆ خۆدوورخستنه‌وه‌ی له‌ دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مان که‌ ده‌بوایه وه‌ک نوێنه‌رێکی هه‌ڵبژێراو له‌لایه‌ن لایه‌نگره‌کانیه‌وه‌ له‌ ژێر گونبه‌دی په‌رله‌مانی عێراقی‌ ئاماده‌ بوایه، نه‌ک له‌ له‌نده‌ن له‌ نزیک روباری تایمز بێت.

سه‌فه‌رکردن به‌نیازی چاره‌سه‌رکردن، رووپۆشێکی له‌بار بوو بۆ سه‌رۆکی عێراقی جه‌لال تاڵه‌بانی و جێگره‌که‌ی تارق هاشمی (ئه‌مینداری گشتی حزبی ئیسلامی عێراقی) و عادل عه‌بدولمه‌هدی (سه‌رکرده‌یه‌کی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراقی) بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بڕیاری له‌ سێداره‌دانی سه‌دام حوسین خۆیان بشارنه‌وه‌، تا ئه‌وه ‌بوو له ‌کۆتاییه‌که‌ی سه‌رۆک وه‌زیران نوری مالکی بڕیاری له‌ سێداره ‌دانه‌که‌ی ئیمزا کرد، ئه‌م ده‌رچوونه‌ش له‌ به‌نده‌کانی ده‌ستوری به‌ نارۆشنی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ باره‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک وه‌زیران بۆ ئیمزا کردنی له‌ سێداره‌ دان‌.

سه‌فه‌رێکی دیکه‌ی بۆ چاره‌سه‌رکردن، سه‌فه‌ره‌که‌ی جێگری سه‌رۆکی عێراقی تاریق هاشمییه‌. ئه‌مه‌ش دوا رێگه‌چاره‌ی سیحراوی نییه‌ که‌له‌ رێگه‌ی سه‌فه‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردنه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت. ناوبراو توانی خۆی له‌ به‌کارهێنانی مافی ڤیتۆی سه‌رۆکایه‌تی له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه‌کانی پارێزگاکان ببوێرێت - که‌ ده‌بوایه پێکه‌وه‌ سه‌رۆک و هه‌ردوو جێگره‌که‌ی بریاڕی له‌سه‌ر بده‌ن- ، ئه‌و یاسایه‌ی له‌ 23 ته‌مموز به‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر درا‌ بوو. ئه‌مه بۆی هه‌یه‌ رێکه‌وتیش بوو بێت، به‌ڵام هه‌ندێک پێیانوایه که‌ هاشمی به‌ ناوی سه‌فه‌رێک بۆ چاره‌سه‌ری بۆ ده‌ره‌وه خۆی له‌ شه‌رمه‌زاری په‌سندکردنی مافی ڤیتۆ‌ ده‌رباز کرد، ‌که په‌سندکردنی ده‌یخسته‌ هه‌ڵویستێکی سه‌لبی له‌ به‌رامبه‌ر لایه‌نگره‌کانی له‌ عه‌ره‌به‌ سوونییه‌کان.

ئه‌وه‌ی هیچ گومانی تێدا نییه‌ که‌ زۆریی نه‌خۆشبوونی سیاسه‌تمه‌داان له‌ عێراقی نوێدا و زۆری سه‌فه‌ره‌کانیان بۆ چاره‌سه‌رکردن ره‌نگه‌ هه‌ندێک رێگه‌چاره‌ی شه‌خسی ده‌سته‌به‌ر بکات بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ندێک له‌ هه‌ڵویسته‌ سیاسیه‌ سه‌خته‌کان که‌ له‌عێراقی ئه‌مڕۆدا گه‌لێک زۆرن‌‌، به‌ڵام له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ چه‌ندین نیشانه‌ی پرسیار ده‌خه‌نه‌‌ سه‌ر ماوه‌ی ته‌مه‌نی چه‌ندین سیاسه‌تمه‌داری عێراقی، که‌ ئه‌وان پێشتر چه‌ند ده‌یه‌یه‌‌کیان له‌ کاری سیاسی له‌ ئۆپۆزسیۆن به‌سه‌ربردوه‌، ئه‌مڕۆ ته‌مه‌نێکی وایان نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوباره‌ کاری سیاسی له‌ سه‌رچاوه‌ی بڕیار و دروستکردنی ده‌وڵه‌ت بکه‌ن. نیشانه‌ی‌ پرسیاری دی که‌ دێته‌پێش له‌ توانای حزبه‌ سیاسییه‌ کاراکانی ئێستایه‌، بۆ به‌رهه‌مهێنان و پێگه‌یاندنی سه‌رکرده‌ی لاوی نوێ که‌ بتوانن به‌ لێهاتوویی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌‌ قورسه‌‌ له‌ دروستکردنی ده‌وڵه‌ت له‌ سفره‌وه بکه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌