راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خوێ به‌سره‌ هه‌راسان ده‌كات
باڵنده‌كان ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر زه‌وی‌و هه‌مووان به‌دوای دڵۆپێك ئاودا وێڵن

سه‌لیم وه‌ززان
هه‌موو هاوینێك پشتێنه‌ی خوێ شه‌تولعه‌رب پڕ ده‌كات، به‌ تێپه‌ڕینی ساڵیش گرفته‌كه‌ سه‌ختتر بووه‌و به‌ كاره‌ساتێكی ژینگه‌یی راسته‌قینه‌ داده‌نرێت له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك‌و كێڵگه‌‌و ئاژه‌ڵه‌كان.
9.08.2018  |  به‌سره‌
 ( :وێنه الموسوعة الحرة )
( :وێنه الموسوعة الحرة )

عه‌لی تاڵب سه‌ری له‌وه‌ سوڕماوه‌ ئه‌و ئاوه‌ شیرینه‌ی له‌ حه‌وزه‌ گه‌ڕۆكه‌كان ده‌یكڕێت به‌كاریبهێنێت بۆ پێداویستی خێزانه‌كه‌ی یان ئاودانی دار‌ودره‌خت‌و ئاژه‌ڵه‌كانی باخه‌ بچووكه‌كه‌ی له‌ قه‌زای ئه‌بو خه‌سیب یاخود پڕكردنی ئه‌و جامۆڵكانه‌ی باڵنده‌كان لێیان ده‌خۆنه‌وه‌ كه‌ خه‌ریكه‌ له‌ تینواندا ده‌مرن، به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌و بڕه‌ ئاوه‌ی ده‌یكڕێت سنوورداره‌، چونكه‌ نرخه‌كه‌ی چه‌ند هێنده‌یه‌ك زیاتر بووه‌.

 

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "نرخی یه‌ك تۆن ئاوی شیاو بۆ به‌كارهێنان له‌ به‌سره‌ له‌ 8 بۆ 10 هه‌زار دیناره‌وه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ دوو هێنده‌ی ئه‌و پاره‌یه‌، چونكه‌ كه‌مئاوی سه‌ری هه‌ڵداوه‌ دوای له‌كاروه‌ستانی زۆرینه‌ی وێستگه‌كانی پاڵاوتن به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی راده‌ی سوێریی ئاوی شه‌تولعه‌ره‌ب. ئێمه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ ئاوی ماڵان ته‌نیا بۆ خۆشۆردن به‌كاردێنین‌و ئێستا ناتوانین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌كاری بهێنین".

 

سوێری ئاو په‌لیهاویشتووه‌‌و بۆ ناوه‌ندی شاری به‌سره‌ش كه‌ (90 كم) له‌ ده‌ریاوه‌ دووره‌‌و (20 كم)ی دیكه‌ به‌ره‌و باكوور رۆیشتووه‌‌و گه‌یشتووه‌ته‌ نۆكه‌ندی كوته‌یبانی ئاودێری، كه‌ نۆكه‌ندێكه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی ئاوی شیرین بۆ قه‌زای فاو‌و ناحیه‌ی سیبه‌ دروست كراوه‌.

 

ویسام ئه‌سه‌دی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سیبه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "سوێرییه‌كه‌ تاقه‌تپڕوكێنه‌"‌و له‌ شه‌تولعه‌ره‌ب‌و له‌نۆكه‌نده‌ ئاودێرییه‌كه‌شدا به‌نزیكه‌یی كه‌ڵكی نه‌ماوه‌.

 

كێشه‌ی سوێری ئاوی شه‌تولعه‌ره‌ب بۆ پێش ساڵی 2009 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی كه‌می به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی هه‌ردوو روباری دیجله‌‌و فورات كه‌ ده‌گاته‌ به‌سره‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئێران روباری كارونی داخستووه‌ كه‌ دڕژێته‌ شه‌تولعه‌ره‌به‌وه‌.

 

به‌سره‌ چه‌ندین جار داوای زیادكردنی به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی كردووه‌ بۆ تێكڕای 75 هه‌زار مه‌تر سێگۆشه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی پارێزگاكانی دیكه‌‌و سستی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاو ده‌بێته‌وه‌.

 

ئه‌حمه‌د حه‌نون به‌ڕێوه‌به‌ری ژینگه‌ی به‌سره‌ ده‌ڵێت ئاوی ماڵان ته‌نیا ناوێكه‌ به‌ده‌ر له‌ به‌كارهێنان، چونكه‌ خه‌ڵكی به‌سره‌ ساڵانێكه‌ پشت به‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوی پاڵێوراو (RO) ده‌به‌ستن.

 

ئه‌و بۆ "نیقاش"ی روونكرده‌وه‌ "به‌م دواییانه‌ به‌هۆی كه‌می به‌ردانه‌وه‌ی ئاو‌و به‌كارهێنانی ئاوی ئاوه‌ڕۆ به‌بێ چاره‌سه‌ركردن‌و خه‌رجی ئاوی پیشه‌سازی، پشتێنه‌ خوێیه‌كه‌ درێژبووه‌ته‌وه‌ بۆ باكووری به‌سره‌‌و ئاوی روباره‌كانیش سوێر بوون".

 

وتیشی: "گۆڕانی تایبه‌تمه‌ندی ئاوی روباره‌كان گۆڕانی ژینگه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت، بۆیه‌ كاتێك ئاو سوێر ده‌بێت ئه‌وا ده‌بێته‌ ژینگه‌یه‌كی گونجاو بۆ بوونه‌وه‌ری ده‌ریایی. ته‌نانه‌ت رووه‌كه‌كانیش ده‌گۆڕێن. ماسی ده‌ریایی له‌ رووباره‌كاندا بینراوه‌".

 

به‌وته‌ی زه‌هره‌ بجاری سه‌رۆكی لیژنه‌ی گه‌شه‌پێدان‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره‌، حكومه‌تی خۆجێیی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م قه‌یرانه‌ ئاڵۆزه‌دا ده‌سته‌وه‌ستانه‌، چونكه‌ ته‌نیا بودجه‌ی به‌كاربردنی هه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ڵێنی زۆر‌و چاره‌سه‌ر پێشنیاركراو له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌غداوه‌ وه‌كو وێستگه‌ی ئوم قه‌سر كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڵێنی دا پاره‌ی بۆ دابین بكات، به‌ڵام به‌كرداری  جێبه‌جێ نه‌كرا.

 

زه‌هره‌ بجاری به‌ "نیقاش"ی وت: "باشترین چاره‌سه‌ر دروستكردنی وێستگه‌ی پاڵاوتنه‌ كه‌ پشت به‌ ئاوی روبار ببه‌ستێت بۆ ته‌یاركردنی به‌سره‌ به‌ ئاوی به‌كارهێنان. به‌ڵام به‌ڵێن هه‌یه‌ به‌بێ هه‌نگاوی كرده‌یی، هه‌رچی چاره‌سه‌ره‌كانی به‌رده‌ستیشه‌ ئه‌وا بریتین له‌ ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی ئاوی به‌سره‌ له‌ ناوچه‌ی هاریسه‌ كه‌ ناوه‌ندی شاره‌كه‌ به‌ (200) هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو ته‌یار ده‌كات".

 

 

روونیشیكرده‌وه‌ "ده‌بووایه‌ كارپێكردنی پرۆژه‌كه‌ له‌م مانگه‌دا (ئاب) ده‌ستیپێبكردایه‌، به‌ڵام كاركردن تێیدا راوه‌ستا به‌هۆی رۆیشتنی كارمه‌ندانی كۆمپانیا جێبه‌جێكاره‌ فه‌ره‌نسی‌و میسری‌و ژاپۆنییه‌كان له‌ئه‌نجامی ئه‌و بارودۆخه‌ ئه‌منییه‌ی له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كاندا هاته‌ ئاراوه‌".

 

عه‌لا به‌دران نه‌قیبی ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵی له‌ به‌سره‌ شه‌تولعه‌ره‌ب به‌ "روباره‌ مردووه‌كه‌" وه‌سف ده‌كات، چونكه‌ رێژه‌ی سوێری له‌روباره‌كه‌ له‌ ناوه‌ندی شاردا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی بێ پێشینه‌، لایه‌نی ئێرانیش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات‌و ئاوی به‌كارهاتوو ره‌وانه‌ ده‌كات.

 

لێكه‌وته‌كانی ئه‌و هه‌نگاوه‌شی بۆ "نیقاش" روونكرده‌وه‌‌و وتی: "وایكردووه‌ ئاوی شه‌تولعه‌ره‌ب گونجاو نه‌بێت بۆ هیچ به‌كارهێنانێك، هه‌روه‌ك رێژه‌ی چڕی سوێری كێشه‌ی بۆ ژێرخانه‌ ته‌ندروستییه‌كان دروست كردووه‌‌و بۆرییه‌كانی گه‌یاندنی ئاو بۆ ماڵان‌و ناو ماڵان به‌هۆی خوێوه‌ تووشی داخوران‌و گیران هاتوون".

 

به‌دران هۆشداری له‌و كێشه‌ مه‌ترسیدارانه‌ش دا كه‌ له‌ئه‌نجامی هه‌ڵكشانی ده‌ریا رووده‌ده‌ن‌و وتی: "ئاوی سوێر كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ تانكی ماڵان پێوه‌یه‌، چونكه‌ كاتێك ئاو له‌ تانكییه‌كانی سه‌رباندا هه‌ڵده‌گیرێت‌و گه‌رمایه‌كی زۆر لێیان ده‌دات، ئاوه‌كه‌ ده‌گۆڕێت بۆ ئاوێكی قه‌وزه‌یی ژه‌هراوی‌و كێشه‌ی ته‌ندروستی بۆ خه‌ڵك دروست ده‌كات، له‌ كاناراوه‌كانی ده‌وڵه‌تانی كه‌نداویشدا به‌م حاڵه‌ته‌ ده‌وترێت هه‌ڵكشانی سوور".

 

له‌باره‌ی ئه‌و كێشه‌ ته‌ندروستیانه‌شه‌وه‌ ئه‌سه‌دی به‌ شێوه‌زاره‌ به‌سره‌ییه‌كه‌ی ده‌ڵێت: "به‌خوا كوڕه‌ بچووكه‌كه‌م ته‌مه‌نی 8 مانگه‌ هه‌ردوو قاچیان به‌ ئاوی ماڵان شۆرد تووشی "كه‌ڕوو" بو‌و وه‌كو ئاوڵه‌ به‌ پێسته‌كه‌یدا بڵاوبووه‌وه‌، خوا هه‌مووان بپارێزێت، ته‌نانه‌ت دكتۆریش سه‌ری سوڕما له‌ چاره‌سه‌ركردنیدا‌و دوو جۆر ده‌رمانی پێدا به‌و مه‌رجه‌ی ئاوی شیرین به‌كاربهێنرێت".

 

هاوكات دكتۆر عه‌بدولحه‌مید مه‌جید هۆشداری ده‌دات له‌وه‌ی ئاوی سوێر له‌ روباره‌كاندا ده‌بێته‌ ناوه‌ندێكی گوێزه‌ره‌وه‌ی په‌تای كۆلێرا. روونیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌" ئاوی سوێر یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ گه‌شه‌كردنی ڤایرۆسه‌كانی كۆلێرا‌و ره‌نگه‌ له‌ڕێی ئاوی ماڵانه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی دروست پاكژ نه‌كرابێته‌وه‌".

 

كشتوكاڵ له‌ناوچووه‌، ئاژه‌ڵه‌كان له‌ناوچوون، گامێش‌و مانگا، ماسی روباره‌كان له‌ناوچوون، كیسه‌ڵ‌و بۆقه‌كان، باڵنده‌كان به‌هۆی تینوێتییه‌وه‌ به‌ هه‌زاران له‌ناوده‌چن، جۆرێك كیسه‌ڵی ئاوی كه‌ (ره‌فه‌ش)ی پێده‌وترێت روباره‌كانیان به‌جێهێشتووه‌‌و تووشی كوێری بوون‌و تۆپیون، ماسی (جه‌ری)ش له‌ناوچووه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌گه‌ری سوێری ده‌گرت، له‌به‌سره‌دا زینده‌وه‌ری ئاوی نه‌ماوه‌. (26) جۆر ماسی قڕبوون.

 

وه‌ك به‌دران ده‌ڵێت، به‌سره‌ دووچاری كاره‌ساتێكی ژینگه‌یی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر گرنگی پێنادات، چونكه‌ چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌ی بۆ نه‌كردووه‌، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "له‌ ساڵی 2008وه‌ هه‌وڵماندا حكومه‌ت له‌ روودانی كاره‌ساته‌كه‌ ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌. له‌ به‌غدا گفتوگۆكان له‌باره‌ی ئه‌و به‌نداوه‌ی بڕیاره‌ له‌سه‌ر شه‌تولعه‌ره‌ب دروست بكرێت، له‌ بازنه‌یه‌كی به‌تاڵدا ده‌سوڕێنه‌وه‌، تائێستاش مشتومڕیانه‌ له‌سه‌ر كه‌ڵكه‌ ژینگه‌ییه‌كه‌ی!".

 

وتیشی: "وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاو گوێ بۆ ده‌نگی ئێمه‌و پێشنیاره‌كانمان ناگرێت سه‌باره‌ت به‌ هێنان‌و چاندنی ئه‌و ئاڵفه‌ی به‌رگه‌ی سوێری ده‌گرێت‌و دروستكردنی حه‌وزی ئاوی شیرین بۆ گامێش‌و مه‌ڕوماڵاته‌كان هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ زۆنگاوه‌كاندا له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ دروست كراون".

 

 خراپی ئاو كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ پله‌یه‌كی مه‌ترسیدار به‌هۆی سوێری‌و پێكهاته‌ی ژه‌هراوییه‌وه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاری وێستگه‌كانی پاڵاوتنی ئاو هه‌بووه‌‌و زۆربه‌یان به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی تێچووی پاڵاوتن‌و جیاكردنه‌وه‌‌و پاكژكردنه‌وه‌ راوه‌ستاون، كارگه‌ی سه‌ماده‌كه‌ش له‌ خۆر زوبێر راوه‌ستاوه‌ كه‌ پشتی به‌ ئاوی شه‌تولعه‌ره‌ب ده‌به‌ست بۆیه‌ (10) ملیار دینار قازانجی له‌ده‌ستداوه‌.

 

به‌ڵام ترسیش له‌وه‌ هه‌یه‌ وێستگه‌ گه‌رمییه‌كانی كاره‌با كه‌ ئاو له‌ شه‌تولعه‌ره‌ب وه‌رده‌گرن له‌كار بكه‌ون، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر رێژه‌ی سوێری بگاته‌ زیاتر له‌ (20 (TDsئه‌وا بڕی ئاوی پاڵێوراوی به‌هه‌ڵمبوو كه‌م ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنان ده‌بێت.

 

گه‌رمایه‌كی سووتێنه‌ر‌و پڕبوونی بۆرییه‌كان به‌ ئاوی ده‌ریا‌و بڕانی كاره‌با وایان له‌ به‌سراییه‌كان كرد خۆپیشاندان‌و مانگرتن ئه‌نجام بده‌ن كه‌ ماوه‌ی مانگێكه‌ به‌رده‌وامن، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو حكومه‌تی به‌غدای له‌ سه‌رقاڵییه‌كانی به‌ هه‌ڵبژاردن به‌ئاگاهێنایه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ستپێشخه‌ری به‌ به‌ڵینی زۆر‌و پاڵپشتی ئه‌منی گه‌وره‌ی كرد.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌