راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پسوڵه‌كانیان له‌ئه‌ستۆدا ماوه‌
كاندیدانی هه‌ڵبژاردن هێشتا قه‌رزی چاپخانه‌كانیان نه‌داوه‌

که‌مال عه‌یاش
هه‌ڵبژاردن كۆتایی هات، به‌ڵام لێكه‌وته‌كانی‌ ماون‌و هێشتا پاره‌یه‌كی زۆری چاپخانه‌‌و چێشتخانه‌‌و دوكانداران له‌ئه‌ستۆی سیاسییه‌كاندا ماوه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا كه‌وتووه‌ته‌ لایان.
5.07.2018  |  ئه‌نبار

كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ خاوه‌نی ئه‌و پارانه‌ش ناتوانن پاشماوه‌ی پاره‌كانیان وه‌ربگرن‌و گرفتی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستیان به‌و سیاسیانه‌ یاخود ئه‌و نوێنه‌رانه‌یان ناگات كه‌ له‌برییان مامه‌ڵه‌یان كردووه‌.

 

له‌ هه‌ر وه‌رزێكی هه‌ڵبژاردندا ناوه‌نده‌ بازرگانییه‌كان خۆیان بۆ ده‌ستكه‌وتنی پاره‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ن له‌ڕێی ئه‌و ریكلامانه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ كاندیده‌كان له‌ بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا بانگه‌شه‌یان پێ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له‌ڕێی ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌ودانامه‌ له‌گه‌ڵ سیاسییه‌كان یاخود نوێنه‌ره‌كانیان كه‌ ئه‌ركی به‌رٍێوه‌بردنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی هه‌ر یه‌كێكیان ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ، به‌وه‌ش هه‌موو جومگه‌یه‌كی بازرگانی له‌ چاپخانه‌‌و چێشتخانه‌‌و كاڵا‌و خزمه‌تگوزاری كایه‌یه‌كی به‌پیت ده‌بن بۆ ئه‌و سه‌ودانامانه‌.

 

په‌یوه‌ندییه‌كی هاوبه‌ش دێته‌ ئاراوه‌‌و سووده‌كه‌شی بازرگانییه‌‌و قازانجی بۆ هه‌ردوولایه‌، لایه‌نی یه‌كه‌م ئه‌و كاندیده‌یه‌ كه‌ جانتایه‌كی پاره‌ی پێیه‌‌و ده‌یه‌وێت له‌ڕێی لافیته‌‌و دروشمه‌وه‌ له‌ فێستڤاڵ‌و كۆنگره‌كاندا بانگه‌شه‌ بۆ خۆی بكات، زۆرجار به‌شێكی كه‌می شایسته‌ داراییه‌كانیان پێده‌درێت‌و ده‌بێت ته‌واوی پاره‌كه‌ له‌ كۆتایی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا بدرێت به‌ لایه‌نی دووه‌م كه‌ ئه‌ویش ده‌یه‌وێت زۆرترین سه‌ودانامه‌ ببه‌ستێت‌و هێشتا پسوڵه‌ی زۆری لاماوه‌ پاره‌كه‌ی خه‌رج نه‌كراوه‌.

 

نووسینگه‌كانی ریكلام‌و ئه‌و ماركێت‌و چێشتخانانه‌ی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كاندیده‌كان كردووه‌ ده‌فته‌ره‌كانیان پڕن له‌ ژماره‌ كه‌ هه‌ندێكیان بچووكن‌و هه‌ندێكی دیكه‌شیان ده‌گه‌نه‌ ده‌یان ملیۆن دینار‌و خاوه‌نه‌كانیان نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ریانبگرن، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین جار داوایان له‌و كه‌سانه‌ كردووه‌ رۆڵی نێوه‌ندگیر ده‌گێڕن ئه‌ویش دوای پچڕانی په‌یوه‌ندییان به‌ كاندیده‌كانه‌وه‌، كه‌ له‌دوای رۆژی ده‌نگدانه‌وه‌ ته‌له‌فۆنه‌كانیان داخستووه‌.

 

حامد فه‌هداوی (48 ساڵ) خاوه‌نی كۆمپانیایه‌كی بچووكی ریكلامه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شاری رومادی‌و درێغی نه‌كردووه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ وه‌رگرتنی قه‌رزه‌كانی كه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ زیاتر له‌ پێنج ملیۆن دینار، ئه‌و پێی وایه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و زیانه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، چونكه‌ متمانه‌ی به‌كه‌سانێك كردووه‌ ناكرێت متمانه‌یان پێ بكرێت.

 

فه‌هداوی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "له‌خه‌می ئه‌وه‌دا بووم نه‌كه‌ومه‌ داوی ئه‌م كاندیدانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌زموونی رابردوومان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌و سیاسیانه‌ هه‌یه‌ كه‌ دیارنه‌مان‌و له‌ ده‌فته‌ره‌كانماندا بوونیان نه‌ماوه‌، سه‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌م په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ندێك كاندیده‌وه‌ بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌م پێبده‌ن كه‌ له‌ ئه‌ستۆیاندایه‌ تا ئه‌وڕاده‌یه‌ی رقم له‌ ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئۆتۆماتیكی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كانیش ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت (ئه‌و ژماره‌یه‌ی داوات كردووه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌دایه‌)".

 

هه‌ندێك له‌ خاوه‌ن نووسینگه‌كان چ ئه‌وانه‌ی ریكلام ده‌كه‌ن یاخود ئه‌وانه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، پێشوه‌خت زانیویانه‌ بۆ وه‌رگرتنی پاره‌كه‌یان رووبه‌ڕووی سه‌ختی ده‌بنه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئه‌زموونێكی زۆر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوودا كه‌ پاره‌یه‌كی زۆریان تێدا له‌ده‌ست داوه‌، به‌ڵام ناچاربوون سه‌ركێشی بكه‌ن‌و به‌كه‌مترین زیان لێی بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

 

خه‌لیل محه‌مه‌دی (55 ساڵ) كاری خۆشنووسی ده‌كات‌و نووسینگه‌یه‌كی بچووكی چاپكردن‌و ریكلامی له‌ ناوه‌ڕاستی شاری فه‌لوجه‌ هه‌یه‌، ئه‌و پێی وایه‌ ئه‌و زیانه‌ی له‌ دوكانداران‌و كۆمپانیاكانی دیكه‌ كه‌وتووه‌ چ كۆمپانیای ریكلام بن یان خزمه‌تگوزاری، به‌راورد ناكرێت به‌ قه‌باره‌ی ئه‌و قازانجه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت‌و زیانه‌كه‌ له‌ به‌شێكی زۆر كه‌می قازانجه‌كه‌دایه‌.

 

محه‌مه‌دی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ كه‌سانێك هه‌ن سوودمه‌ند ده‌بن له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و بانگه‌شه‌كه‌ی، به‌تایبه‌تی ئه‌و نێوه‌ندگیرانه‌ی ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندین له‌گه‌ڵ خاوه‌نكار‌و سیاسییه‌كاندا، به‌پێی شاره‌زایی‌و مامه‌ڵه‌ی به‌رده‌وامیش له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌زانین كه‌ هه‌ندێكیان پاشماوه‌ی پاره‌كه‌مان پێ ناده‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ چه‌ندین رێگا به‌كارده‌هێنین له‌پێناو وه‌رگرتنی زۆرترین بڕی شایسته‌ داراییه‌كانمان، زۆرجاریش ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌م با".

 

ته‌نیا نووسینگه‌كانی ریكلام به‌ده‌ست وه‌رگرتنی پاره‌كانیانه‌وه‌ ناناڵێنن، به‌ڵكو هه‌ندێك له‌ خاوه‌نی ئه‌و چێشتخانانه‌ش به‌شدارن له‌و نه‌هامه‌تییه‌دا كه‌ میوانداری كۆنگره‌كانیان ده‌كردن‌و خوانیان پێشكه‌ش ده‌كردن، زۆربه‌ی ئه‌و خوانانه‌ش بریتین له‌ ژه‌مێك نانخواردنی نیوه‌ڕۆ یان شێوی سه‌دان كه‌س له‌سه‌ر ئه‌و شێوه‌یه‌ی پارێزگای ئه‌نبار پێی به‌ناوبانگه‌‌و پێی ده‌وترێت (مه‌نسه‌ف یان دلێمی) كه‌ مامناوه‌ندی نرخی یه‌ك نه‌فری ده‌گاته‌ 75 هه‌زار دینار.

 

حیكمه‌ت هه‌زیماوی خاوه‌نی چێشتخانه‌ی مه‌دینه‌ له‌ شاری رومادی نموونه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و خاوه‌ن چێشتخانانه‌یه‌ كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ پاره‌كانیان وه‌ربگرن، هه‌ربۆیه‌ نه‌شیانتوانیوه‌ پاره‌ی بازرگانانی وشكه‌ یاخود مه‌ڕفرۆشه‌كان بده‌ن كه‌ له‌ئه‌ستۆیاندایه‌.

 

هه‌زیماوی به‌ "نیقاش"ی وت: "ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر زۆربه‌ماندا هاتووه‌ له‌ ئه‌نجامی په‌له‌كردن‌و متمانه‌كردنی ره‌هایه‌ به‌و كاندیدانه‌ی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ كردوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بواریشمان داوه‌ پسوڵه‌كانیان كه‌ڵه‌كه‌ ببێت به‌بێ ئه‌وه‌ی ناچاریان بكه‌ین له‌كاتی خۆیدا به‌ر له‌ كۆتاییهاتنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن پاره‌كه‌ بده‌ن، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی باوه‌ڕمان به‌ به‌ڵێنه‌كانیان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی كه‌ مامه‌ڵه‌ی زۆرمان له‌گه‌ڵ زۆرینه‌یاندا هه‌بووه‌، هه‌روه‌ك نه‌شمانده‌زانی باره‌كه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌‌و نكوڵی له‌ شایسته‌ داراییه‌كانمان ده‌كه‌ن یان خۆیان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌مان ده‌دزنه‌وه‌".

 

ئێستا بازنه‌كه‌ به‌ كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ ئه‌ڵقه‌ گرنگه‌كانی له‌ده‌ستدا كه‌ ئه‌ویش كاندیدی خاوه‌ن پاره‌‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ زه‌ره‌رمه‌ندانیش له‌ گێژاوه‌كه‌یدا ده‌خولێنه‌وه‌‌و به‌دوای رێگه‌چاره‌یه‌كدا ده‌گڕێن بتوانن له‌ڕێیه‌وه‌ شایسته‌ داراییه‌كانیان وه‌ربگرن، تا ئه‌وانیش پاره‌ی بازرگانانی دیكه‌ بده‌ن كه‌ به‌وشێوه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردوون دوای كۆتاییهاتنی پرۆسه‌كه‌ پاره‌كه‌یان بده‌نێ.

 

حازم محه‌مه‌دی (57 ساڵ) خاوه‌نی یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكانی ریكلام له‌ ناوه‌ڕاستی شاری فه‌لوجه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ریكلام‌و لێكه‌وته‌كانیدا له‌گه‌ڵ سیاسی‌و كاندیده‌كان تێوه‌گلاون، ئه‌و پیشه‌كاره‌ نوێیانه‌ن كه‌ هێشتا له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و توێژه‌دا قاڵ نه‌بوون‌و ئه‌زموونی پێشتریان نییه‌ له‌ كایه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا.

 

محه‌مه‌دی بۆ "نیقاش"ی دووپات كرده‌وه‌‌و وتی: "زۆرینه‌ی سیاسییه‌كان یان كاندیده‌كان یاخود نوێنه‌ره‌كانیان كه‌سانێكی به‌ڕێزن‌و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كردنیان به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ مافه‌كان مسۆگه‌ر ده‌كات، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی پاره‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌‌و نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ریبگرن له‌گه‌ڵ نێوه‌ندگیردا مامه‌ڵه‌یان كردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ میانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا كارێكی هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا له‌به‌رده‌م زۆر بواری پاره‌ خه‌رجكردنداین كه‌ زۆربه‌یان به‌بێ پسوڵه‌ یان لیستی كڕین ئه‌نجام ده‌درێت.

 

كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی ناوخۆیی‌و نێوده‌وڵه‌تی له‌ زاری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ژماره‌ی زۆر گه‌وره‌ ده‌كه‌ن له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و زۆرترین بڕی پاره‌ خه‌رجكردنیان له‌ بانگه‌شه‌ی یه‌ك كاندید له‌ هه‌ندێك پارێزگادا به‌ یه‌ك ملیۆن دۆلار دیاری كردووه‌‌و له‌ هه‌ندێك پارێزگای دیكه‌شدا ئه‌و بڕه‌ ده‌گاته‌ 350 هه‌زار دۆلار، ئه‌م پاره‌ زۆره‌ش بووه‌ته‌ ئامانجی كه‌سانی سوودمه‌ند له‌ خاوه‌ن كار‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌