راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هۆكاره‌كه‌ی هه‌ره‌سهێنانی ریاله‌
وه‌به‌رهێنه‌رانی كه‌ربه‌لا له‌بانكه‌كانی ئێران پاره‌كانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن

عه‌باس سه‌رحان
له‌وه‌ته‌ی‌ ئێران بڕیاریدابوو سوودی‌ سه‌ر پاره‌ی‌ داندراووی‌ بانقه‌كان زیاد بكات، به‌هه‌زاران سه‌رمایه‌داری بچووك‌و مامناوه‌ندی كه‌ربه‌لایی روویان له‌بانكه‌كانی‌ ئێران كردبوو.
7.06.2018  |  كه‌ربه‌لا

بانكه‌ حكومی‌و ناحكومییه‌كانی ئێران كارئاسانی زۆریان بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی عێراقی‌و ئه‌وانی دیكه‌ش كردووه‌ تا هانیان بده‌ن پاره‌كانیان له‌و بانكانه‌ دابنێن، له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ مۆڵه‌تیان داوه‌ به‌ ژماره‌یه‌ك نووسینگه‌ سه‌ر به‌خۆیان له‌ شاره‌كانی كه‌ربه‌لا‌و نه‌جه‌ف‌و كازمیه‌ كه‌ بواریان بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران ره‌خساندووه‌ پاره‌كانیان له‌ ئه‌ژماره‌كانیان له‌و بانكانه‌دا دابنێن دوای گۆڕینی به‌ دراوی ئێرانی به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست بكات سه‌فه‌ر بۆ ئێران بكه‌ن.

 

ئه‌و بانكانه‌ خۆشیان پابه‌ندكردووه‌ به‌ ئه‌ژماركردنی سوودی روو له‌زیادبوو له‌سه‌ر پاره‌ دانراوه‌كان‌و ئه‌و سووده‌ی له‌سه‌ریان كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت‌و رێگه‌شیان داوه‌ به‌هه‌ر وه‌به‌رهێنێك رۆژانه‌ (2000000) ریال له‌ ئامێره‌كانی پاره‌ده‌رهێنان رابكێشن كه‌ له‌ ئێران‌و عێراقدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

 

محه‌مه‌د عه‌باس كه‌ بڕی نیو ملیۆن دۆلار ئه‌مریكی له‌ بانكه‌كانی ئێران داناوه‌‌و له‌سێ ساڵی یه‌كه‌می دوای دانانی پاره‌كه‌ قازانجێكی باشی ده‌ستده‌كه‌وتووه‌، ده‌ڵێت: "ئه‌م ئۆفه‌رانه‌ ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ بچووك‌و مامناوه‌ندانه‌یان فریوده‌دا كه‌ له‌ وه‌به‌رهێنانی پاره‌كانیان ده‌ترسان له‌ عێراق‌و له‌و رووه‌شه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكیان له‌به‌رده‌مدا نه‌بوو"، ئه‌و دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی عێراقی پاره‌كانیان له‌بانكه‌كانی ئێراندا داناوه‌.

 

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "ئه‌و سووده‌ زۆره‌ی له‌ پاره‌ دانراوه‌كانیان ده‌ستیان ده‌كه‌وت، كه‌ڵه‌كه‌بوونێكی نایابی سه‌رمایه‌ی بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كردن‌و بواریشی بۆ ده‌ڕه‌خساندن به‌شێك له‌و سووده‌ بۆ باشكردنی گوزه‌رانیان به‌كاربهێنن‌و پاره‌ی سه‌فه‌ره‌ چه‌ندباره‌‌و گه‌شتیارییه‌كانیان بۆ ئێران لێ خه‌رج بكه‌ن".

 

محه‌مه‌د عه‌باس سه‌باره‌ت به‌ رێوشوێنه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی ئێران بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های ریالی ئێرانی ده‌ڵێت: "ته‌نیا فێڵێكه‌" ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران په‌نایان بۆ بردووه‌ تا واپیشانی بده‌ن كه‌ جددین له‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ی به‌ به‌رپرسیاریان ده‌زانن له‌ هه‌ره‌ستهێنانی به‌های دراوی ئێرانی له‌ بازاڕی ره‌شدا.

 

هه‌روه‌ها پێشی وایه‌ دابه‌زینی به‌های ریالی ئێرانی سوودی بۆ ئابووری ئێران ده‌بێت، چونكه‌ بووه‌ته‌ رێگر له‌وه‌ی زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ی پاره‌یان داناوه‌ پاره‌كانیان رابكێشنه‌وه‌ له‌ترسی زیان‌و له‌بانكه‌كاندا هێشتوویانه‌ته‌وه‌ به‌و هیوایه‌ی ره‌وشی ریال سه‌رله‌نوێ روو له‌باشبوون بكاته‌وه‌.

 

له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا قسه‌كردن له‌سه‌ر سوودی وه‌به‌رهێنان له‌ بانكه‌كانی ئێران زۆر ته‌شه‌نه‌ی كرد‌و بووه‌ فریوده‌ر‌و زۆرێك له‌ كه‌ربه‌لاییه‌كانی هاندا خانووبه‌ره‌كانیان بفرۆشن‌و بیكه‌ن به‌ پاره‌‌و له‌ بانكه‌كانی ئێراندا دایبنێن، به‌تایبه‌تی دوای پاشه‌كشه‌كردنی بازاڕی خانووبه‌ره‌ له‌ عێراق پاش كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی عێراق له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ حوزه‌یرانی 2014.

 

به‌ڵام دواتر بارودۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی له‌ناكاو به‌ره‌وخراپبوون چوو، چونكه‌ به‌های ریالی ئێرانی له‌به‌رامبه‌ر دۆلار‌و دراوه‌كانی دیكه‌ هاوشێوه‌ی هه‌ره‌سهێنان پاشه‌كشه‌ی كرد‌و نزیكه‌ی شه‌ش مانگه‌ بووه‌ته‌ حه‌وت ملیۆن ریال بۆ هه‌ر (100) دۆلارێك كه‌ ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ قه‌باره‌ی ئه‌و سووده‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت كه‌ پاره‌ داده‌نێن زیانه‌كانیان له‌ به‌های سه‌رمایه‌كه‌دا دانه‌پۆشێت.

 

كیفاح حسێن ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر نزیكه‌ی هه‌زار ملیۆن ریالی له‌ بانكدا دانا كه‌ ده‌یكرده‌ نزیكه‌ی (30) هه‌زار دۆلار له‌و كاته‌دا، چاوه‌ڕوانیشی ده‌كرد له‌ كۆتایی ساڵدا سه‌د‌و په‌نجا ملیۆن ریال قازانج بكات، به‌ڵام پاشه‌كشه‌ی به‌های دراوی ئێرانی له‌به‌رامبه‌ر دۆلاردا وای كرد قازانجه‌كه‌ی‌و به‌شێك له‌ سه‌رمایه‌كه‌شی له‌ده‌ست بدات، چونكه‌ ناچاربوو دوای راكێشانی پاره‌كه‌ی له‌ ریاله‌وه‌ بگۆڕێت بۆ دۆلاری ئه‌مریكی تا بتوانێت له‌ عێراق سوودی لێ ببینێت، نرخی كڕینی دۆلاریش له‌و كاته‌دا له‌رامبه‌ر ریالی ئێرانیدا زۆر به‌رز بوو.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆر كه‌س پاره‌یه‌كی زۆریان له‌ده‌ستداوه‌ به‌هۆی پاشه‌كشه‌كردنی به‌های ریالی ئێرانی له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا، به‌ڵام كه‌سانی دیكه‌ هه‌ن له‌ساڵانی رابردوودا قازانجێكی زۆریان كردووه‌، بۆ نموونه‌ عه‌ممار متێری له‌ ساڵی 2011دا نزیكه‌ی سه‌د هه‌زار دۆلاری له‌ بانكی میللی دانا كه‌ بانكی ناوه‌ندی ئێرانه‌‌و قازانجێكی كرد كه‌ به‌قسه‌ی خۆی نزیكه‌ی 30 هه‌زار دۆلار بووه‌.

 

تا ماوه‌یه‌ك پێش ئێستاش زۆربه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ بانكه‌كانی ئێراندا پێیان وابوو هه‌ره‌سهێنانی دراوی ئێرانی زۆر ناخایه‌نێت‌و پشتیان به‌وه‌ ئه‌ستوور بوو كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران رێوشوێن بۆ رێگرتن له‌ پاشه‌كشه‌ی دراوه‌كه‌یان‌و سنووردانان بۆ زه‌ره‌رمه‌ندبوونی وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ بانكه‌كانیان ده‌گرنه‌به‌ر.

 

به‌ڵام وادیاره‌ ده‌سه‌ڵاتداران ته‌نیا توانای چه‌ند رێوشوێنێكی كاریگه‌ر سنوورداریان هه‌بوو، له‌مڕووه‌شه‌وه‌ له‌نیسانی رابردوودا (80) نووسینگه‌ی ئاڵوگۆڕی دراویان داخست‌و چل بازرگانی دراویان ده‌ستگیركرد كه‌ تۆمه‌تباربوون به‌وه‌ی هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دراوی بیانین به‌رامبه‌ر به‌ ریال، هه‌روه‌ك ده‌سه‌ڵاتداران نرخی كڕینی یه‌ك دۆلاریان به‌ (42000) ریال دیاری كرد.

 

 به‌ڵام ئه‌و رێوشوێنانه‌ بێسوود بوون‌و نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا له‌ (65000) ریال بۆ هه‌ر دۆلارێك وه‌ستاوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی بێئومێدییه‌كی زۆر له‌لای هه‌زارن وه‌به‌رهێنه‌ر له‌ بانكه‌كانی ئێراندا له‌وانه‌ی هیواخواز بوون ریالی ئێرانی به‌ره‌و باشبوون بڕوات، ئێستاش له‌ دابه‌زینێكی دیكه‌ی به‌های ریال ده‌ترسن.

 

ئه‌وانه‌ی پاره‌دانراوه‌كانیان راده‌كێشنه‌وه‌ ناچار ده‌بن دۆلاری ئه‌مریكی له‌ بازاڕی ره‌شی ئێراندا به‌ نرخێكی به‌رز بكڕن، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ئه‌گه‌رچی به‌ڕه‌سمی نرخێكی ماقوڵیان بۆ ئاڵوگۆڕی ریال به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار دیاریكردووه‌، به‌ڵام بانكه‌كان دۆلار نافرۆشن له‌ چه‌ند حاڵه‌تێك‌و به‌بڕی دیاریكراو‌و ته‌نیا بۆ ئێرانییه‌كانیش نه‌بێت.

 

عه‌بدولحسێن رومی پسپۆری ئابووری پێی وایه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ره‌نگه‌ به‌كرداری سوودمه‌ند بن له‌ "ئازادكردنی نرخی گۆڕینه‌وه‌ی دراو به‌شێوه‌یه‌كی رانه‌گه‌یه‌ندراو" چونكه‌ دواجار ناوبانگی داراییان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن‌و واش ده‌كات وه‌به‌رهێنه‌ران مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بانكه‌كانیاندا نه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش خۆی له‌خۆیدا زیانه‌.

 

به‌رپرسیارێتی ئه‌وه‌شی خسته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی پاره‌یه‌كی زۆریان له‌ بانكه‌كانی ئێراندا داناوه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو ئاماژه‌كان دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئابووری ئێران توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سزاكانی ئه‌مریكا‌و گوشاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی نییه‌.

 

رومی ئامۆژگاری ئه‌و عێراقییانه‌ش ده‌كات كه‌ پاره‌ له‌ بانكه‌كانی ئێراندا داده‌نێن، دانراوه‌كانیان رابكێشنه‌وه‌‌و بچنه‌ بازاڕی بازرگانییه‌وه‌ له‌ڕێی كڕینی كاڵا له‌ بازاڕی به‌رهه‌می ئێرانی‌و ساغكردنه‌وه‌ی له‌ بازاڕی عێراقیدا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانیان و له‌وه‌شدا سوود له‌ جیاوازی نرخ له‌نێوان هه‌ردوو بازاڕه‌كه‌ وه‌رده‌گرن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌