راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خوێندنه‌وه‌ كه‌س تێر ناكات
كتێب له‌كوردستان خه‌ریكه‌ به‌ته‌واوی‌ شه‌ڕه‌كه‌ ده‌دۆڕێنێت

نارین رۆسته‌م
كار وابڕوات ره‌نگبێ‌ له‌كوردستان هیچ ده‌زگایه‌كی‌ چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ نه‌مێنێت، چونكه‌ ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ به‌شی‌ زۆریان یان مایه‌پووچ بوون، یاخود چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ كتێبیان راگرتووه‌.
1.03.2018  |  هه‌ولێر
 ( :وێنه بيار رشيد)
( :وێنه بيار رشيد)

به‌ر له‌وه‌ی‌ قه‌یرانی‌ ئابوری‌ له‌سه‌ره‌تای‌ 2014 روو له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بكات، له‌هه‌رێمدا به‌ده‌یان ده‌زگای‌ چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ هه‌بوون كه‌ چه‌ند ساڵێك چالاكییه‌كانیان له‌وپه‌ڕی‌ بره‌ودا بوو، به‌ڵام له‌وه‌ به‌دواوه‌ وایلێهات چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ كتێب بوونه‌ ده‌گمه‌ن.

 

ده‌زگا چاپه‌مه‌نییه‌ گه‌وره‌كانی‌ هه‌رێم ساڵانه‌ پێكه‌وه‌ به‌سه‌دان كتێبیان چاپده‌كرد، به‌شێكیان هی‌ نوسه‌ره‌ ناوخۆییه‌كان بوون‌و به‌شێكی‌ دیكه‌شیان به‌رهه‌می‌ وه‌رگێڕدراوی‌ زمانه‌ زیندووه‌كانی‌ دنیا بوون، ئه‌وكات بۆ ئه‌وان ساغكردنه‌وه‌ی‌ كتێب زۆر ئاسان بوو، چونكه‌ هه‌م خه‌ڵكی‌ پاره‌ی‌ به‌كتێب ده‌دا، هه‌م حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش كۆمه‌كێكی‌ دارایی‌ به‌هێزی‌ ده‌كردن.

 

ده‌زگای ئاراس، یه‌كێك بوو له‌و ده‌زگا به‌ناوبانگانه‌ی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ كه‌ باره‌گا سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ له‌شاری‌ هه‌ولێر بوو، راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ پشتیوانی دارایی ده‌كرا، ئێستا ده‌رگای بینایه‌كه‌ی به‌قوفڵێكی گه‌وره‌ داخراوه‌و شه‌ش ساڵه‌ هیچ كتێبێكی تێدا چاپنه‌كراوه‌.

 

 ده‌زگای ئاراس له‌ساڵی 1998 دامه‌زرا، هه‌ندێك ساڵ چاپی كتێبی ده‌گه‌یشته‌ 165 كتێب كه‌ به‌سه‌دانیان لێ‌ ده‌فرۆشرا، له‌مانگی‌ نیسانی‌ 2012 به‌بڕیارێكی‌ كتوپڕ سه‌رجه‌م هاوكارییه‌ داراییه‌كانیان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ وه‌ستا، ئیتر په‌كی‌ كه‌وت.

 

به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب سه‌رنووسه‌ری ده‌زگای ئاراس بۆ "نیقاش" وتی: "ده‌زگایه‌كه‌مان تا رۆژی داخستنی نزیكه‌ی 1400 كتێبی بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌چاپكردنی‌ ده‌یان كتێب بۆ ده‌زگاكانی‌ دیكه‌، من نازانم ئاراس بۆ داخرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌س هۆكاره‌كه‌ی به‌ من نه‌گوت‌و خۆیشم نه‌مپرسی".

 

زۆربه‌ی‌ ده‌زگا به‌ناوبانگه‌كانی‌ چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ به‌و پاڵپشتییه‌ داراییه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چوون كه‌ حكومه‌ت ده‌یدانێ‌، چونكه‌ باوه‌ كه‌ كه‌لتوری‌ خوێندنه‌وه‌ له‌ناو خه‌ڵكی‌ كوردستاندا زۆر به‌هێز نییه‌و كڕیارانی‌ كتێب گه‌لێك زۆر نین، جا كه‌ قه‌یرانی‌ دارایشی‌ هاته‌ سه‌ر، ژماره‌ی‌ كڕیاره‌ن هێنده‌ی‌ تر پاشه‌كشه‌یان كردوو بووه‌ گورزێكی‌ گه‌وره‌ بۆ ده‌زگا ئه‌هلییه‌كانی‌ چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌.

 

مانگی‌ ئایاری‌ ساڵی‌ پار خاوه‌نی ده‌زگای ئه‌ندێشه‌، هه‌ژار مه‌جید له‌ئه‌كاونته‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ له‌سۆشیاڵ میدیا سه‌ره‌مه‌رگی ده‌زگایه‌كه‌ی راگه‌یاندو ئه‌وه‌ی هه‌واڵه‌ی بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند به‌هۆی قه‌رزێكی زۆره‌وه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه‌ توانای به‌ڕێوه‌بردن‌و ئیداره‌كردنی ده‌زگایه‌كه‌ی نه‌ماوه‌و ناچاره‌ ره‌فه‌ی كتێبخانه‌كه‌‌و كورسی‌و مێزی ده‌زگایه‌كه‌ بفرۆشێت تا پاره‌ی قه‌رزه‌كانی پێ بداته‌وه‌، بۆیه‌ داوای یارمه‌تی له‌ خه‌ڵك كرد، دواجار ئه‌ندێشه‌ دانه‌خراو تا ئێستایش به‌رده‌وامه‌.

 

ئه‌ندێشه‌ پڕ جموجۆڵترین ناوه‌ندی‌ چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ بوو له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و هه‌تا چه‌ند مانگێك له‌وه‌وبه‌ریش جۆره‌ها چالاكی‌ رۆشنبیری‌ له‌و ده‌زگایه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چوو، هه‌رچه‌نده‌ ده‌زگاكه‌ ئێستا ماوه‌، به‌ڵام جموجۆڵه‌كانی‌ سست بوون.

 

تا چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ هه‌فتانه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا به‌ناوبانگه‌كانی‌ كتێبه‌وه‌ به‌رهه‌می‌ نوێ‌ ده‌خرانه‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ی‌ ناویان له‌سه‌ر كتێبه‌كان بوون، هیچ جموجۆڵێكیان نه‌ماوه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌مانه‌ش هه‌ندێ‌ ده‌زگای‌ ئه‌هلی‌ هه‌ن ملیان ناوه‌ته‌ به‌ر ئه‌م شه‌ڕه‌و له‌چالاكییه‌كانیان به‌رده‌وامن.

 

غه‌زه‌لنوس، یه‌كێكی‌ دیكه‌یه‌ له‌ده‌زگا به‌ناوبانگه‌كان كه‌ شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن دوو گه‌نجه‌وه‌ دامه‌زراوه‌و ده‌یان كتێبی‌ چاپكردووه‌، ئێستا ئه‌م ده‌زگایه‌ ململانێی‌ قه‌یرانه‌كان ده‌كات‌و به‌رده‌وامه‌ له‌كاركردن.

 

دانا ئیسماعیل دامه‌زرێنه‌ری غه‌زه‌لنووس باس له‌وه‌ ده‌كات له‌پاڵ كاری‌ چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌، سینه‌مایه‌كیشیان سه‌رپێ‌ خستووه‌ (سینه‌ما سالم) كه‌ فیلمه‌ كوردییه‌كان په‌خش ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌و فیلمه‌ جیهانیانه‌ی‌ ژێرنووسی‌ كوردیان بۆ كراوه‌‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی كڕیارانی كتێب كه‌مبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ یه‌ك دینارمان له‌هیچ كه‌س‌و هیچ لایه‌نێك وه‌رنه‌گرتووه‌و ته‌نیا خوێنه‌ران هۆكارن بۆ مانه‌وه‌مان".

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو ده‌زگاكانی‌ چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ گورزی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌چالاكی‌ رۆشنبیری‌‌و چاپكردنی‌ كتێب گه‌یاندووه‌، به‌ڵام له‌ناو ئه‌مانه‌دا ده‌زگایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ رای‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌یه‌.

 

ماڵی‌ وه‌فایی‌، ئه‌ویش ده‌زگایه‌كی‌ به‌ناوبانگه‌ كه‌ تائێستا به‌رده‌وامه‌ له‌كاره‌كانی‌، سۆران عه‌زیز دامه‌زرێنه‌ری‌ ده‌زگاكه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "راسته‌ رێژه‌ی چاپكردنی كتێب له‌چاو پێشووتر كه‌مبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ سوودی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌، كتێبی باشترو گرنگتر چاپبكرێ".

 

سۆران سه‌ره‌ڕای‌ قه‌یرانه‌كان هێشتا گه‌شبینه‌و ده‌ڵێت "له‌چاو ئه‌و بارودۆخه‌ خراپه‌ی ئابووری له‌كوردستاندا، فرۆشتنی كتێب هێشتا جوڵه‌ی هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نه‌ حكومه‌ت نه‌ هیچ لایه‌نێك پشتگیری ئه‌م پرۆژانه‌ ناكه‌ن".

 

حكومه‌ت نه‌ك هه‌ر هاوكاری‌ پرۆژه‌ ئه‌هلییه‌كانی‌ پێناكرێت، به‌ڵكو زۆربه‌ی‌ زۆری‌ ده‌زگا فه‌رمی‌و چاپخانه‌كانی‌ خۆی‌ ئه‌وه‌نده‌ چالاكییان كه‌مبووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش خه‌ریكه‌ داده‌خرێن.

 

به‌پێی ئاماری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی كتێبخانه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ به‌"نیقاش" دراوه‌، له‌ساڵی 2013دا ژماره‌ی‌ سپاردن به‌ 2809 كتێب دراوه‌ كه‌چی‌ له‌ساڵی‌ 2017 ئه‌و ژماره‌یه‌ 808 كتێب بووه‌ بۆ سه‌رتاسه‌ری‌ كوردستان، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێ كتێب هه‌بوون به‌بێ‌ وه‌رگرتنی‌ ژماره‌ی‌ سپاردن چاپكراون.

 

نه‌وزاد جه‌لال به‌رێوه‌به‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كتێبخانه‌كان جگه‌ له‌قه‌یرانی‌ دارایی‌، هۆكارێكی‌ دیكه‌ی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ چاپكردنی‌ كتێب ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ساڵانی رابردوو وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌و رۆشنبیری‌و به‌شێكی‌ زانكۆكان چاپخانه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بووه‌و كتێبیان چاپكردووه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌و چاپخانانه‌ یان كارناكه‌ن یان زۆر به‌ده‌گمه‌ن كتێب چاپده‌كه‌ن، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به‌نموونه‌ وه‌ربگرین له‌ساڵی رابردوودا ته‌نیا 10 كتێبی چاپكردووه‌".

 

هه‌موو ئه‌و كتێبانه‌ی‌ له‌ناوه‌نده‌كانی‌ چاپه‌وه‌ بڵاوده‌كرانه‌وه‌، له‌لایه‌ن كتێبخانه‌و كتێبفرۆشه‌ ده‌ستگێڕه‌كانه‌وه‌ ساغده‌كرانه‌وه‌، ئه‌وانیش ئێستا ئه‌گه‌ر بابه‌تی‌ خوێندن نه‌بێت، شتێكیان نه‌مابوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ بژێوی‌ ژیانی‌ پێ دابین بكه‌ن.

 

زۆربه‌ی‌ ئه‌و كتێبفرۆشانه‌ی‌ په‌یامنێری‌ "نیقاش" چاوپێكه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵدا كردن ده‌ڵێن زۆربه‌ی‌ كڕیاره‌كانیان ئه‌وانه‌ن كه‌ كتێبی‌ خوێندن ده‌كڕن.

 

نافیع خۆشناو خاوه‌نی چاپخانه‌ی ئه‌مازۆن له‌شاری هه‌ولێر به‌"نیقاش"ی‌ وت "كڕیارانی كتێب دوو جۆرن، به‌شێكیان خه‌ڵكی ئاسایین كه‌ هه‌موو جۆره‌ كتێبێك ده‌خوێننه‌وه‌، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ بریتین له‌خوێندكارانی زانكۆ كه‌ داوای كتێبی دیراسه‌ ده‌كه‌ن، بێگومان ژماره‌ی دووه‌میان زۆرتره‌".

 

له‌ناو ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌دا كه‌ باس دێته‌ سه‌ر باسی‌ خوێندنه‌وه‌ زۆر كه‌س ده‌بینی‌ كه‌ ئه‌و رسته‌یه‌ دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن "خوێندنه‌وه‌ كه‌س تێر ناكات" وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێداویستی‌ گرنگتر هه‌یه‌ له‌كتێبكڕین، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش بۆ هه‌رێمێك كه‌ نه‌ریتی‌ خوێندنه‌وه‌ تیایدا لاوازه‌، راست بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ وه‌ك هه‌موو جیهان پێشكه‌وتنی‌ ته‌كنه‌لۆژیا وایكردووه‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌دوای‌ زانیاریشدا ده‌گه‌ڕێن زیاتر پشت به‌سه‌رچاوه‌ی‌ ئۆنلاین ببه‌ستن نه‌ك چاپكراوه‌كان.

 

د. فرسه‌ت رۆژبه‌یانی مامۆستای زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دین، خه‌تایه‌كی‌ تری‌ كه‌می‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ سیسته‌می‌ خوێندن‌و مامۆستایانی‌ زانكۆ‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "مامۆستاكان مه‌لزه‌مه‌ دروستده‌كه‌ن‌و قوتابی ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌كۆمه‌ڵێك زانیاری دیاریكراوو یاسای نه‌گۆڕ، به‌شێك له‌مامۆستایان قوتابی له‌كتێبه‌ گشتییه‌كان داده‌بڕێنن‌و ده‌یبه‌ستنه‌وه‌ به‌كۆمه‌ڵێك كاغه‌ز یان كتێبێك كه‌ زۆر ئاساییه‌ زانیارییه‌كانی نێویان هه‌ڵه‌و نادروست بن".

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌