راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئاواره‌ی كامپه‌كان نێچیری ئاسانن
خێزانی‌ داعشییه‌كان به‌به‌رتیل ئیشیان رایی‌ ده‌كرێت

سه‌دان خێزان له‌پڕ خزێنرانه‌ ئه‌و كامپانه‌ی‌ بۆ خێزانی‌ داعشییه‌كان دروستكراون، ئێستا هه‌وڵده‌ده‌ن كارئاسانی بۆ ژیانی خۆیان بكه‌ن له‌ڕێی كه‌سانێكی ده‌ستڕۆیشتوو كه‌ پاره‌یان لێده‌كێشنه‌وه‌.
1.03.2018  |  ئه‌نبار
خێزانێكی‌ عێراقی‌ له‌ناوچه‌یه‌كی‌ ژێر ده‌ستی‌ داعش به‌ئاڵای‌ سپییه‌وه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ ( :وێنه بولنت كلك \جيتي )
خێزانێكی‌ عێراقی‌ له‌ناوچه‌یه‌كی‌ ژێر ده‌ستی‌ داعش به‌ئاڵای‌ سپییه‌وه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ ( :وێنه بولنت كلك \جيتي )

ئاسان نییه‌ به‌نێو یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كاندا بگه‌ڕێیت بۆ ده‌رهێنانی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك یاخود راییكردنی مامه‌ڵه‌ی ئه‌ندامی یه‌كێك له‌ خێزانه‌كانی داعش، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و نیشانه‌ ئه‌منییانه‌ی له‌كۆمپیوته‌ره‌ ناوه‌ندییه‌كاندا له‌سه‌ریان دانراوه‌‌و به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی له‌ زۆربه‌ی دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كاندا له‌لایه‌ن كه‌سانێكی رێگه‌پێدراوه‌وه‌ كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت، تا كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێوشوێنانه‌ بوونه‌ته‌ پارێزه‌ری ئارامی‌و هه‌موو ئه‌و ده‌روازانه‌ داده‌خه‌ن كه‌ ئه‌و خێزانانه‌ یاخود نوێنه‌ره‌كانیان هه‌وڵده‌ده‌ن لێیانه‌وه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.

 

بۆ خۆلادان له‌و رێوشوێنه‌ ئاڵۆز‌و هه‌ندێك جار دروستكراوانه‌ش، ئه‌و خێزانانه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌میشه‌ به‌دوای كه‌سانی خاوه‌ن هه‌ژموون‌و ده‌سه‌ڵاتدا بگه‌ڕێن تا له‌ به‌رامبه‌ر پاره‌یه‌كی زۆردا یارمه‌تیان بده‌ن له‌ تێپه‌ڕاندنی هه‌ندێك به‌ربه‌ستدا كه‌ زۆرجار به‌ربه‌ستی یاسایین.

 

ئوم عه‌بدوڵڵا ناوی خوازراوی ژنێكه‌ له‌ ده‌یه‌ی پێنجه‌می ته‌مه‌نیدایه‌‌و له‌ كامپی ئاواره‌كانی تایبه‌ت به‌ خێزانی داعشه‌كان له‌ عامرییه‌ی فه‌لوجه‌ (30 كم له‌ باشووری شاری فه‌لوجه‌) نیشته‌جێیه‌، ئه‌و زیاتر له‌ ساڵێكه‌ هه‌وڵی بینینی كوڕه‌كانی ده‌دات كه‌ دوای ئازادكردنی شاری سه‌قڵاوییه‌ (20 كم له‌ باكووری خۆرئاوای فه‌لوجه‌) ده‌ستگیركراون.

 

ئوم عه‌بدوڵڵا قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "له‌ڕێی یه‌كێك له‌ شێخه‌كانه‌وه‌ توانیم ته‌رمی مێرده‌كه‌م وه‌ربگرمه‌وه‌ كه‌ له‌ زیندان كۆچی دوایی كردبوو، وامده‌زانی ئه‌و شێخه‌ خزمه‌تێكمان پێشكه‌ش ده‌كات به‌هۆكاری مرۆیی، به‌ڵام داوای بڕی 10 هه‌زار دۆلاری لێكردم له‌به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی، ئیتر له‌و كاته‌وه‌ له‌ هه‌موو كێشه‌یه‌كدا په‌نای بۆ ده‌به‌م‌و له‌ به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌دا كه‌ پێشتر له‌سه‌ری رێكده‌كه‌وین، بۆم جێبه‌جێ ده‌كات، تائێستاش له‌ په‌یوه‌ندیدام له‌گه‌ڵی بۆ كوڕه‌كانم، چونكه‌ زیاتر له‌ جارێك یارمه‌تیداوم له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ گوێم له‌ ده‌نگیان بێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌زار دۆلار بۆ هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ك".

 

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "ئێمه‌ نێچیرێكی ئاسانین‌و به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ ئیستیغلال ده‌كرێین‌و ته‌نیا به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو سه‌ری كێشاوه‌ بۆ شتی زیاتر له‌وه‌ش، بۆیه‌ سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر گێچه‌ڵ به‌ هه‌ندێك له‌ ژنان بكرێت له‌به‌رامبه‌ر پێشكه‌شكردنی خزمه‌تێكی دیاریكراودا، له‌وه‌ش ناخۆشتر ئه‌وه‌یه‌ مافی ئه‌وه‌مان نییه‌ قسه‌ بكه‌ین‌و ناكرێت ئێمه‌ راست بین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خانه‌واده‌ی داعشه‌كانین وه‌ك ناومان ده‌برێت".

 

ئوم عه‌بدوڵڵا ئه‌وه‌شی وت:" تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ ئێمه‌ به‌م شێوه‌یه‌‌و قبوڵنه‌كردنی سكاڵامان یان كارلێكنه‌كردن له‌گه‌ڵمان، شتێكی لۆجیكیه‌ به‌هۆی ئه‌و تۆمه‌ته‌ی به‌زۆر پێمانه‌وه‌ لكێندراوه‌، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌م كاره‌ كه‌سانی نه‌فسنزمی هانداوه‌ كه‌ زیاده‌ڕه‌وی بكه‌ن له‌ ئیستیغلالكردنی ئه‌و خێزانانه‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ی هه‌ندێك خێزان بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی جێگیر بۆ كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوو".

 

كارێكی سه‌خت نییه‌ كه‌سێك بدۆزیته‌وه‌ ئاسانكاری هه‌ندێك رێوشوێن بگرێته‌ ئه‌ستۆ ئیتر ئه‌و رێوشوێنانه‌ ئه‌منی بن یاخود یاسایی، به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ڕێی تۆڕێك له‌ ده‌ڵاڵه‌كانه‌وه‌ له‌ نێو ئه‌و خێزانانه‌دا بانگه‌شه‌ بۆ كاره‌كه‌یان ده‌كه‌ن.

خالید هیتی (35 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتووانی فه‌لوجه‌‌و به‌مدواییانه‌ توانیویه‌تی كامپی تایبه‌ت به‌ خێزانی داعشه‌كان به‌جێبهێڵێت ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی بێبه‌ریبوونی له‌ براكانی له‌ نێو گرووپه‌كانی داعشدا راگه‌یاند كه‌ هۆكاری نه‌هامه‌تییه‌كانی بوون له‌نێو كامپه‌كه‌دا.

 

هیتی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "زیاتر له‌ ساڵێكه‌ هه‌وڵده‌ده‌م بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی تێیدا په‌روه‌رده‌ بووم‌و گه‌وره‌بووم، به‌ڵام تا ماوه‌یه‌كی كه‌میش به‌ر له‌ ئێستا ئه‌وه‌ ئه‌ركێكی ئه‌سته‌م بوو، چونكه‌ ئه‌و پاره‌یه‌م نه‌بوو كه‌ داوام لێده‌كرا".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌ڕێی هه‌ندێك له‌ناسیاوانه‌وه‌ توانیم بگه‌مه‌ یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌ یارمه‌تیدام، ره‌نگه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش زۆر نه‌بێت به‌راورد به‌و بڕه‌ پارانه‌ی له‌ناو كامپه‌كه‌دا شتیان له‌باره‌وه‌ ده‌بیستین، ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ پاره‌یان نییه‌ ناتوانن كامپه‌كه‌ به‌جێبهێڵن‌و مامه‌ڵه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئاسانیش بن".

 

تێبینیكردنی ئه‌م دیارده‌یه‌ پرسیار له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پارانه‌وه‌ ده‌وروژێنێت كه‌ ئاسانكاری بۆ مامه‌ڵه‌ی ئیداری‌و یاسایی خێزانی داعشه‌كان ده‌كات‌و راییان ده‌كات، به‌تایبه‌تی كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ به‌خێوكه‌ریان له‌ده‌ستداوه‌‌و داهاتێكی جێگیریشیان نییه‌.

 

خه‌لیل ئه‌كره‌م (55 ساڵ) ناوی خوازراوی خاوه‌نی نووسینگه‌یه‌كی فرۆشتنی خانووبه‌ره‌یه‌ له‌ شاری رومادی كه‌ هه‌فتانه‌ ده‌یان مامه‌ڵه‌ی گواستنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی راییده‌كات ئه‌ویش به‌هۆی كڕین‌و فرۆشتنی هه‌ندێك خانو‌و پارچه‌ زه‌وی نیشته‌جێ یان كشتوكاڵی كه‌ له‌نێوان دوو لایه‌ندا ئه‌نجام ده‌درێت‌و هه‌میشه‌ فرۆشیاره‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانی خانه‌واده‌ی داعشه‌كان كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن موڵكه‌كانیان بكه‌نه‌ پاره‌‌و زۆر جاریش نرخی راسته‌قینه‌ی خۆیان ناكه‌ن.

 

ئه‌كره‌م قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "پرۆسه‌كانی فرۆشتن قازانج ده‌كه‌ن‌و ده‌رفه‌تێكی به‌نرخیشن له‌به‌رئه‌وه‌ی قۆناغی بانگه‌شه‌كردن بۆ زه‌وییه‌كی نیشته‌جێ تێده‌په‌ڕێنن‌و پێویستیان به‌ هه‌وڵی نائاسایی خاوه‌نی نووسینگه‌ی خانووبه‌ره‌كه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات پرۆسه‌ی فرۆشتنه‌كه‌ له‌به‌رامبه‌ر عموله‌یه‌كی دووقاتدا ته‌واو بكات كه‌ له‌ هه‌ردوو لایه‌نی وه‌رده‌گرێت، فرۆشیاره‌كه‌ هه‌وڵده‌دات موڵكه‌كانی بكاته‌ پاره‌‌و كڕیاره‌كه‌ش كه‌ هه‌وڵده‌دات ببێته‌ خاوه‌نی زه‌وییه‌كه‌ به‌نیوه‌ نرخ".

 

به‌هه‌زاران دۆسێ‌و مامه‌ڵه‌ ئه‌گه‌رچی زۆرینه‌شیان پێشێلكاری ئه‌منی‌و یاسایین، به‌ڵام ته‌واوكردنیان ده‌رفه‌تی رزگاربوون ده‌داته‌ تۆمه‌تباری راسته‌قینه‌، هه‌ندێك دۆسیه‌ش ره‌نگه‌ رێكارێكی رۆتینی بن‌و ئه‌و كه‌سه‌ ده‌ستڕۆیشتووانه‌ گه‌وره‌یان كردبێت كه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پاره‌ ده‌ده‌ن‌و بۆئه‌وه‌ش فراوانبوونی تۆڕی گه‌نده‌ڵی‌و ترسی ئه‌و خێزانانه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ده‌قۆزنه‌وه‌.

 

عه‌بدولڕه‌حمان جومه‌یلی (59 ساڵ) كاری عه‌ریزه‌نووسی ده‌كات له‌ كتێبخانه‌یه‌كی بچووكی نزیك دادگای فه‌لوجه‌، ئه‌و باس له‌ ده‌یان حاڵه‌ت ده‌كات كه‌ رۆژانه‌ ده‌یانبینێت بۆ ده‌رهێنانی بریكارنامه‌ی تایبه‌ت‌و گشتیه‌ بۆ چه‌ند پارێزه‌رێك كه‌ له‌لای دادگا‌و دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كانی دیكه‌ به‌وه‌ ناسراون ده‌بنه‌ بریكاری خانه‌واده‌ی داعشه‌كان كه‌ ناتوانن بچنه‌ ئه‌و دامه‌زراوانه‌وه‌.

 

جومه‌یلی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد "زۆرینه‌ی ئه‌و بریكارنامانه‌ بریتین له‌ رۆتینێكی ره‌سمی كه‌ له‌ڕێیانه‌وه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆر له‌و خێزانانه‌ ده‌سه‌ندرێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له‌ مامه‌ڵه‌كانیش ئاسان بن، به‌ڵام له‌ڕێی بریكار‌و به‌ كرێیه‌كی دووقات جێبه‌جێ ده‌كرێن، چونكه‌ سوودمه‌نده‌كه‌ خێزانی داعشه‌كانن كه‌ له‌سزای كۆمه‌ڵگه‌ ده‌ترسن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌