راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

موڵكه‌ حه‌ڵاڵكراوه‌كان
باڵاده‌ستی ئه‌منی رێگره‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ زێدی خۆیان

که‌مال عه‌یاش
به‌سه‌دان كه‌س له‌ئه‌نبار ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌یانه‌وێت بیانكه‌نه‌ باره‌گه‌و شوێنی‌ نیشته‌جێبونیان.
25.01.2018  |  ئه‌نبار

بوونی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و باره‌گا پارێزراوه‌كانیان له‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌ نیشته‌جێكاندا له‌ سه‌رتاسه‌ری پارێزگای ئه‌نبار (110 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) بووه‌ته‌ دیمه‌نێكی ئاسایی، به‌ڵام خاڵی جیاواز ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و باره‌گایانه‌ بریتین له‌ خانووی هاووڵاتیان‌و هه‌یانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاره‌كه‌ی لێ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی‌و هه‌شیانه‌ خۆی رازی نه‌بووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ندێك كارمه‌ندی ئه‌منی كه‌ زۆربه‌یان له‌وانه‌ن خانووه‌كانیان زیانیان به‌ركه‌تووه‌، ده‌ستیان به‌سه‌ر خانووی دیكه‌ی نزیكدا گرتووه‌.

 

له‌وه‌ته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناوچه‌كانی پارێزگای ئه‌نباریان له‌ ده‌ستی داعش ئازادكردووه‌، هه‌ندێك له‌هێزه‌كان‌و ئه‌و هێزه‌ عه‌شایری‌و میللییانه‌ی پشتیوانییان ده‌كه‌ن ده‌ستیانكردووه‌ به‌ كۆنترۆڵكردنی ناو ئه‌و شارانه‌‌و پاشان گرتنه‌ده‌ستی زه‌وی، ئه‌مه‌ش به‌ دروستكردنی باره‌گای ئه‌منی نه‌بێت له‌ نێو ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌دا، جێبه‌جێ نابێت.

 

ئه‌و باره‌گایانه‌ به‌وه‌ ناسراون كه‌ كاتین، به‌ڵام بوونه‌ته‌ هه‌میشه‌یی‌و هه‌موو رێوشوێنێكی ئه‌منییان تێدایه‌ له‌ ده‌وازه‌ی ئه‌منی‌و داخستنی ئه‌و رێگایانه‌ی ده‌چنه‌وه‌ سه‌ری، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی ئه‌و خانووانه‌ موڵكی تایبه‌تی كه‌سانێكن زۆر پێویستیان پێیانه‌ تا رزگاریان بكه‌ن له‌ مانه‌وه‌یان له‌ كامپه‌ داوه‌شاوه‌كان‌و ئه‌و خانووانه‌ی به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆر به‌كرێیان گرتوون.

 

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ پارێزگای ئه‌نبار دووپاتیده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌ندێك له‌و خانووانه‌یان به‌كارهێناوه‌ كه‌ دانیشتووانه‌كه‌یان به‌كاریان ناهێنن‌و كه‌وتوونه‌ته‌ شوێنی گرنگه‌وه‌ له‌به‌ر تایبه‌تمه‌ندی ئه‌منی، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌ت بۆ جێگیربوونی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌و خانووانه‌دا ده‌ڕخسێنێت كه‌ ده‌توانرێت بكرێنه‌ باره‌گای سه‌ربازی‌و به‌و كاره‌ش ئه‌و خانووه‌ چوڵانه‌ به‌كارده‌هێنن‌و پاره‌ی دیكه‌ ناخه‌نه‌ ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ت بۆ بنیاتنانی باره‌گای سه‌ربازی له‌م كاته‌ی ئێستادا.

 

ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیان به‌دیاریكراوی له‌ شاره‌كانی رومادی‌و قائیم‌و كه‌رمه‌‌و فه‌لوجه‌ رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سوكاریان چه‌ند حوكمێكی زیندانیكردنیان بۆ ده‌رچووه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌یان بۆ زیاتر له‌ حه‌وت ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ئه‌و خێزانانه‌ هه‌وڵی سه‌لماندنی بێتاوانییان یاخود نه‌بوونی په‌یوه‌ندییان به‌ رووداوه‌كانی ساڵی 2014 بده‌ن كاتێك گرووپه‌كانی داعش ئه‌و شارانه‌یان كۆنترۆڵ كرد.

 

مه‌زهه‌ر حه‌لبوسی (65 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتووانی شاری كه‌رمه‌ (45 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) تائێستاش خۆی‌و خێزانه‌كه‌ی له‌ كامپی عامریه‌ی فه‌لوجه‌ (30 كم له‌ باشووری فه‌لوجه‌) نیشته‌جێیه‌، هه‌رچه‌نده‌ زیاتر له‌ ساڵ‌و نیوێكه‌ شاره‌كه‌ی ئازادكراوه‌، ئه‌ویش به‌هۆی باڵاده‌ستی چه‌ند هێزێكی میللی‌و عه‌شایری كه‌ رێگه‌ ناده‌ن هه‌ندێك خێزان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌‌و خانو‌و باخه‌كانیان وه‌ك باره‌گای سه‌ربازی به‌كارده‌هێنن.

 

حه‌لبوسی زیاتر له‌ حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كوڕه‌ گه‌نجه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا‌و هیچ له‌باره‌ی چاره‌نووسیه‌وه‌ نازانێت، ئه‌و رووداوه‌ش بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی لێكدانه‌وه‌‌و تۆمه‌تباركردن به‌وه‌ی ره‌نگه‌ كوڕه‌كه‌ی چووبێته‌ ریزی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ شاره‌كه‌‌و سه‌قامگیربوونی دروست ده‌كه‌ن‌و ئه‌وه‌ش هۆكارێكی ئه‌منی ته‌واوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگری لێبكرێت جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو شاره‌كه‌ وه‌ك پێشی راگه‌یه‌ندراوه‌ كاتێك داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌.

 

حه‌لبوسی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "زیاتر له‌ جارێك چووم‌و هه‌وڵمداوه‌ بچمه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌م، به‌ڵام بینیم خانووه‌كه‌م‌و باخه‌كه‌م بوونه‌ته‌ باره‌گایه‌كی سه‌ربازی‌و پاسه‌وانیان هه‌یه‌‌و به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌وره‌ دراون، هه‌وڵمدا بچمه‌ ژووره‌وه‌، به‌ڵام رێگه‌م پێنه‌درا‌و دواتر زانیم هێزه‌كانی حه‌شدی عه‌شایری خانووه‌كه‌میان به‌كارهێناوه‌ وه‌ك باره‌گای خۆیان به‌بیانووی ئه‌وه‌ی هی داواكاراوانه‌".

 

له‌ شاری رومادی ناوه‌ندی پارێزگای ئه‌نبار (110 كم له‌ خۆئاوای به‌غدای پایته‌خت) ره‌نگه‌ كاره‌كه‌ هه‌ندێك جیاواز بێت، چونكه‌ شایه‌تیدان هه‌یه‌ له‌سه‌ر چه‌ند حاڵه‌تێك كه‌ به‌ تاكه‌كه‌سی وه‌سف ده‌كرێن‌و ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندی سه‌ر به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان توانیویانه‌ ده‌ست به‌سه‌ر هه‌ندێك خانوودا بگرن‌و بیانكه‌نه‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆیان‌و خێزانه‌كانیان، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵوێستی ئه‌منی خاوه‌نه‌كانیان بێ كێشه‌یه‌.

 

فیراس دلێمی (51 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتوانی ناوچه‌ی سوفییه‌ی له‌ ده‌روروبه‌ری باكووری شاری رومادی، ئه‌و نه‌یتوانیوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو خانووه‌كه‌ی، چونكه‌ یه‌كێك له‌ كارمه‌ندانی ئه‌منی ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌‌و وه‌ك شوێنی نیشته‌جێبوونی تایبه‌ت به‌كاری ده‌هێنێت.

 

دلێمی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو رێگایه‌كی ئاشتیانه‌ی تاقیكردووه‌ته‌وه‌ له‌پێناو وه‌رگرتنه‌وه‌ی خانووه‌كه‌ی‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ "دۆزه‌خی كامپه‌كان"‌و توانیویه‌تی بێتاوانی له‌ دادگا تایبه‌تمه‌نده‌كان به‌ده‌ستبهێنێت كه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ نییه‌، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی باڵاده‌سته‌وه‌ تۆمه‌تباركرا بۆئه‌وه‌ی ته‌گه‌ره‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دروست بكه‌ن.

 

دلێمی به‌ "نیقاش"ی وت: "هه‌ر جارێك هه‌وڵده‌ده‌م خانووه‌كه‌م وه‌ربگرمه‌وه‌، خۆم له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك تۆمه‌تباركردندا ده‌بینمه‌وه‌‌و هه‌وڵده‌ده‌م خۆمیان لێ بێبه‌ری بكه‌م، دوایه‌مینیشیان ئه‌وه‌بوو هه‌ڕشه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیم لێكرا، كه‌ ئه‌مه‌ش وایكرد له‌م كامپه‌ دابنیشم‌و چاوه‌ڕوانی رێوشوێنه‌كانی حكومه‌ت بكه‌م بۆ پشتیوانی بێده‌سه‌ڵاتان".

(ڤیدیۆ)

فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كان له‌وانه‌ش فه‌رمانده‌یی پۆلیسی فه‌لوجه‌ دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و خانووانه‌ی له‌لایه‌ن فه‌وجه‌كانی باری نائاسایی یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی فه‌لوجه‌وه‌ به‌كارهێنراون، هی سه‌ركرده‌كانی داعشن یاخود باره‌گای گرووپه‌كانی داعش بوون، هه‌ندێكی دیكه‌شیان چۆڵ ده‌كرێن ئه‌گه‌ر خاوه‌نه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌‌و داوایان بكه‌نه‌وه‌.

 

عه‌قید جه‌مال جومه‌یلی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی فه‌لوجه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كۆنترۆڵی ته‌واوی شاره‌كانی پارێزگای ئه‌نباریان كردووه‌ له‌وانه‌ش فه‌لوجه‌، چه‌ند هێزێكی سه‌ربازی به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیانه‌وه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌ دامه‌زراندنی باره‌گا له‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌ نیشته‌جێكاندا وه‌ك هه‌وڵێك بۆ كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی شاره‌كه‌".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌و حاڵه‌تانه‌ی به‌ستمان ده‌گه‌ن له‌ڕێی داواكاری ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی خوازیارن بگه‌ڕێنه‌وه‌ خانووه‌كانیان كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌كارهیًنراون، رێوشوینی خێرا چۆڵكردنی ئه‌و خانووه‌‌و راده‌ستكردنه‌وه‌یه‌تی به‌ خاوه‌نه‌ شه‌رعیه‌كه‌ی له‌ ماوه‌یه‌كدا كه‌ له‌ دوو هه‌فته‌ زیاتر نه‌بێت، ئه‌ویش دوای دڵنیابوون له‌ بێ گرفتی دۆسێی ئه‌منی ئه‌و كه‌سه‌".

 

بێ گرفتی دۆسێی ئه‌منی پرۆسه‌یه‌كه‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێك ناڕوونی تێدابێت، واته‌ هه‌ر شایه‌تیدانێكی ساده‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ له‌ ریزی گرووپه‌كانی داعشدا بووه‌ یان دۆسێ ئه‌منییه‌كه‌ی گومانێكی تێدایه‌، ئه‌وا بێبه‌ش ده‌كرێت له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خانووه‌كه‌ی‌و شاره‌كه‌ی‌و ره‌نگه‌ هه‌موو ژیانی به‌ داواكاراوی لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌سه‌ر به‌رێت.

 

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار ئاماژه‌ی بۆ میكانیزمێك كردووه‌ كه‌ به‌ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و هیزه‌كانی دیكه‌ی له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانی پارێزگاكه‌ ده‌گیرێته‌به‌ر، ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ چۆڵكردنی هه‌موو ئه‌و خانووانه‌ی هی هاووڵاتیانن له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا، به‌تایبه‌تی دوای كۆتاییهاتنی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان‌و ده‌ركردنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان به‌ ئازادكردنی قه‌زای راوه‌‌و جزیره‌ی رومادی كه‌ دوا مۆڵگه‌ی تیرۆرن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌