راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سوێر‌و ژه‌هراویه‌
ئاوی به‌كارهاتووی ئێران هه‌ڕه‌شه‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی به‌سره‌ ده‌كات

سه‌لیم وه‌ززان
داخورانی ئه‌و به‌ربه‌سته‌ی رێ له‌هاتنی ئاوی به‌كارهاتووی ئێران بۆ خاكی عێراق ده‌گرێت، بوووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ بۆ خۆرهه‌ڵاتی‌ به‌سره‌و كێڵگه‌كانی‌ نه‌وت.
4.01.2018  |  به‌سره‌
ئاوی بەکارهاتووی ئێران بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە ( :وێنه الصفحة الرسمية لرئيس مجلس محافظة البصرة على الفيسبوك)
ئاوی بەکارهاتووی ئێران بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە ( :وێنه الصفحة الرسمية لرئيس مجلس محافظة البصرة على الفيسبوك)

به‌ربه‌ستێكی گڵینی داخوراو به‌درێژایی 80 كیلۆمه‌تر درێژبووه‌ته‌وه‌ كه‌ زه‌وییه‌كانی به‌سره‌ له‌ده‌روازه‌ی شه‌لامچه‌وه‌ تا كێڵگه‌ی مه‌جنون له‌ باكووری به‌سره‌ له‌ هاتنی ئاوی سوێری به‌كارهاتووی ئێران ده‌پارێزێت كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا ده‌ریاچه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دروست كردووه‌.

 

چه‌ند پسپۆرێك له‌ پارێزگای به‌سره‌ هۆشداریان داوه‌ له‌ هه‌ره‌سهێنانی ته‌واوی ئه‌و به‌ربه‌سته‌ گڵینه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رسنووری نێوان عێراق‌و ئێران ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی به‌كارهاتووی ئێران‌و نزمبوونه‌وه‌ی خاكی عێراق‌و نه‌بوونی به‌ربه‌ستی رووه‌كی كه‌ رێگری له‌ هه‌ڵكردنی ئه‌و بایه‌ بكات كه‌ به‌توندی پاڵ به‌ ئاوه‌كه‌وه‌ ده‌نێت.

 

به‌ربه‌سته‌كه‌ له‌ زیاتر له‌ 50 كیلۆمه‌تردا چه‌ند كه‌لێنێكی تێكه‌وتووه‌‌و ئاویان لێوه‌ دێته‌ژووره‌وه‌، له‌كاتی هه‌ره‌سهێنانیشیدا ئه‌وا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئاوی به‌كارهاتووی ئێران ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی به‌سره‌ رابماڵێت‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌ناوببات‌و ئاوی شه‌تولعه‌ربیش پیس بكات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ نقومكردنی ئه‌و زه‌ویانه‌ی له‌لایه‌ن كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێن.

 

عه‌لا به‌دران نه‌قیبی ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵی له‌ به‌سره‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و رێوشوێنانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ گیراونه‌ته‌به‌ر كاتین، ئه‌ویش له‌به‌ر كه‌می تواناكان كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی كاره‌كانی چاككردنه‌وه‌ داناوه‌".

 

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "كه‌موكوڕی هه‌یه‌ له‌ دابینكردنی سووته‌مه‌نی بۆ ئه‌و ئامێرانه‌ی كار له‌ ته‌واوكردنی به‌ربه‌سته‌ گڵینه‌كه‌دا ده‌كه‌ن كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ له‌ سێ ساڵی رابردوودا قۆناغی مه‌ترسیمان تێپه‌ڕاند، به‌ڵام هێشتا كێشه‌كه‌ هه‌ر ماوه‌، هه‌روه‌ك لایه‌نی ئێرانیش ده‌ستپێشخه‌ری نه‌كردووه‌ له‌ گرتنه‌به‌ری هیچ رێوشوێنێك له‌لای خۆیه‌وه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه‌كه‌".

 

به‌دران پێی وایه‌ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی خۆجێیی ده‌سه‌ڵاتی پێویستی نییه‌ بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ سنوورییه‌كان. روونیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "گفتوگۆكان ته‌نیا له‌ڕێی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌وه‌ ده‌بن كه‌ نزیكه‌ی شه‌ش ساڵه‌ له‌و كێشه‌یه‌ ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌، تائێستاش ئه‌م دۆسێیه‌ له‌ ژووره‌كانیدا ماوه‌ته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی بجووڵێندرێت، هه‌روه‌ك هه‌ستمان به‌ هیچ هاوكارییه‌كی حكومه‌تی فیدراڵی نه‌كردووه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكاری بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته‌ مه‌ترسیداره‌".

 

سه‌باره‌ت به‌ خۆبه‌دوورگرتن له‌ مه‌ترسی ئاوی به‌كارهاتووی ئێران له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی به‌سره‌ش ده‌ڵێت: "چاره‌سه‌ره‌كه‌ی له‌ بنیاتنانی به‌ربه‌ستێكدایه‌ به‌ مواسه‌فاتی ئه‌ندازه‌یی‌و ته‌كنیكی دروست، چونكه‌ ئه‌گه‌ر رێكه‌وت رۆڵی نه‌بووایه‌ له‌وه‌ی هه‌ردوو وه‌زیری نه‌وت‌و گواستنه‌وه‌ له‌ پارێزگای به‌سره‌ن له‌م خوله‌ی ئێستادا كه‌ بابه‌ته‌كه‌ بووه‌ جێی بایه‌خی تایبه‌تیان‌و فه‌رمانیان دا به‌ كادرانی هه‌ردوو وه‌زاره‌ت تا به‌په‌له‌ جووڵه‌ بكه‌ن، ئه‌وا ئاو ته‌واوی خۆرهه‌ڵاتی پارێزگاكه‌ی راده‌ماڵی".

 

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره‌ش له‌ پێنجی تشرینی دووه‌می ساڵی 2017دا لیژنه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێكهێنا بۆ چاره‌سه‌ركردنی داخورانی به‌ربه‌سته‌ گڵینه‌كه‌، دانیشی به‌وه‌دا نا كه‌ كاره‌كانی چاككردنه‌وه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ندێك بارگرانی لۆجستی بوونه‌ته‌وه‌.

 

مورته‌زا شه‌حمانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ گه‌شبینییه‌كی  ئاگایانه‌ی پیشان دا‌و به‌ "نیقاش"ی وت:"له‌ حاڵه‌تی به‌رده‌وامبوونی كاركردن به‌بێ وه‌ستان‌و گرفت، ئه‌وا كاره‌كانی چاككردنه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ دوو مانگدا ته‌واو ده‌بن‌و توندی مه‌ترسییه‌كان كه‌م ده‌بێته‌وه‌".

 

هاوكات فه‌یسه‌ڵ عه‌بدولقادر نوێنه‌ری فه‌رمانگه‌ی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ پارێزگاكه‌ روونی كرده‌وه‌ كه‌ كادرانی هاوبه‌شی سه‌رچاوه‌كانی ئاو‌و پارێزگا‌و به‌نده‌ره‌كان‌و كۆمپانیای نه‌وتی عێراق له‌گه‌ڵ توانای هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چاككردنه‌وه‌ی مه‌ودای 1150 مه‌تریان له‌ كۆی زیاتر له‌ 11 كیلۆمه‌تری زیان به‌ركه‌وتوو له‌ به‌شه‌كانی به‌ربه‌سته‌كه‌ ته‌واو كردووه‌.

 

جه‌واد ئیماره‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره‌ش به‌ "نیقاش"ی وت: "پێشتر رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئێرانی كراوه‌ بۆئه‌وه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر كه‌ناڵێك بۆ ره‌وانه‌كردنی ئاوه‌ به‌كارهاتووه‌كه‌ به‌ره‌و ده‌ریا دروست بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ تا ئه‌مڕۆش جێبه‌جێ نه‌كراوه‌".

 

له‌ لێدوانێكی پێشتریشدا سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كونسوڵگه‌ری ئێران له‌ به‌سره‌ ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ ئێران ئاوی به‌كارهاتوو له‌ڕێی رووباری كارونه‌وه‌ فڕێبداته‌ نێو شه‌تولعه‌ره‌به‌وه‌، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ راسته‌ڕێی رووباری كارون ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئاوی به‌كارهاتوو به‌ره‌و ده‌ریا بڕوات نه‌ك به‌ره‌و ئاوی عێراق.

 

كازم غه‌یلانی توێژه‌ری ژینگه‌یی مه‌وداكانی كێشه‌كه‌ پوخت ده‌كاته‌وه‌‌و ده‌ڵێت: "زیانه‌كانی ئاوی به‌كارهاتووی ئێران گه‌وره‌ن‌و ده‌رهاویشته‌ی كێڵگه‌ تایبه‌ته‌كانی به‌خێوكردنی ماسی‌و كێڵگه‌ گه‌وره‌كانی شه‌كرن‌و قه‌باره‌شیان زۆر گه‌وره‌یه‌".

 

ئه‌و بۆ "نیقاش"ی روون كرده‌وه‌: "لێكۆڵینه‌وه‌م له‌ وێنه‌ی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان كردووه‌‌و ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و ئاوه‌ به‌كارهاتووه‌ له‌ كێڵگه‌كانی ماسی‌و شه‌كره‌وه‌ دروست بووه‌، كاتێك به‌رهه‌می قامیشی شه‌كریان ده‌بێت ئاوی كێڵگه‌كان به‌تاڵ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ڵگری دژه‌مێرو‌و كه‌ڕووه‌‌و بۆ دوورمه‌ودا زۆر ژه‌هراویه‌‌و كۆبوونه‌وه‌ی له‌ له‌شدا ده‌بێته‌ هۆی نه‌خۆشیه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئاوی پاشماوه‌ی كارگه‌كان كه‌ بریتیه‌ له‌ مادده‌ی دروستبوو له‌ ئه‌نجامی پرۆسه‌ی كارگه‌كانی پترۆكیمیاوی‌و پاڵاوگه‌ی عه‌بادان‌و كارگه‌كانی پلاستیكی ئێران".

 

وتیشی: "هاتنی ئاوی به‌كارهاتووی ئێران كاریگه‌رییه‌كی راسته‌وخۆی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش رژانیه‌تی به‌ره‌و شه‌تولعه‌ره‌ب كه‌ به‌رپرسه‌ عێراقییه‌كان یاخود میدیای خۆجێیی باسیان نه‌كردووه‌، هه‌روه‌ك كاتی كردنه‌وه‌ی رووباری كارون كه‌ ده‌ڕژێته‌ شه‌تولعه‌ره‌به‌وه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌ردانه‌وه‌ی ئاوه‌ به‌كارهاتووه‌كه‌ بۆ به‌تاڵكردنی ئاوی پیس له‌ زه‌وی ئه‌و كێڵگانه‌ی به‌درێژایی وه‌رزی هاوین دایپۆشراون، هاوكات مه‌ترسیشمان هه‌یه‌ له‌ كاریگه‌ری ناڕاسته‌وخۆی هه‌ره‌سهێنانی به‌ربه‌سته‌كه‌ كه‌ پاشماوه‌كانی جه‌نگی عێراق ئێران له‌ مین‌و ته‌قه‌مه‌نی به‌ره‌و كه‌ناره‌كانی عێراق بهێنێت".

 

نه‌هامه‌تییه‌كانی به‌سره‌ ته‌نیا له‌ ئاوی به‌كارهاتووی ئێراندا نییه‌، چونكه‌ كێشه‌ی نێوان پارێزگاكانی باشوور سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی ئاو باڵی به‌سه‌ر پارێزگاكه‌دا كێشاوه‌.

 

عه‌لا به‌دران نه‌قیبی ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵی ده‌ڵێت: "كێشه‌ی كه‌می ئاوی هاتوو بۆ به‌سره‌ به‌هۆی خراپی ئیداره‌دانی دابه‌شكردنی ئاو‌و بوونی هه‌ندێك زیاده‌ڕه‌وی له‌لایه‌ن چه‌ند پارێزگایه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌شی پارێزگاكانی دیكه‌ دروستبووه‌ كه‌ رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌".

 

به‌سره‌ كه‌ به‌زۆری پشت به‌ ئاوی شه‌تولعه‌ره‌ب ده‌به‌ستێت چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ده‌ست به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی سوێریه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت دوای ئه‌وه‌ی ئێران هه‌ردوو رووباری كارون‌و كه‌رخای گرته‌وه‌‌و به‌ته‌واوی ئاڕاسته‌كه‌یانی گۆڕی بۆ ناو خاكی خۆی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ نزمبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی ئاوی هاتوو له‌ هه‌ردوو رووباری دیجله‌‌و فوراته‌وه‌، له‌كاتێكدا رێژه‌ی سوێری له‌ ناحیه‌ی سیبه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 4000 به‌ش له‌ یه‌ك ملیۆن.

 

دانیشتووان‌و جووتیارانیش له‌ سیبه‌ –قه‌زای فاو (90 كم له‌ باشووری به‌سره‌) سكاڵایان هه‌یه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی سوێری ئاوی شه‌تولعه‌ره‌ب كه‌ بووه‌ته‌ هۆی تۆماركردنی زیانێكی زۆر له‌ به‌روبوومه‌ كشتوكاڵیه‌كانیان‌و له‌ناوچوونی ئاژه‌ڵه‌كانیاندا.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌