راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

زۆربه‌یان نه‌خوێنده‌وارن
یاساكان ناتوانن رێگری له‌كاركردنی منداڵان بكه‌ن

رامی ساڵح
هه‌ژاری‌و نه‌بوونی زۆرێك له‌منداڵانی عێراقی ناچاركردووه‌ له‌ پیشه‌ی مه‌ترسیداردا كاربكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ یاساكانیش رێگه‌ به‌و جۆره‌ كاركردنه‌ ناده‌ن.
7.12.2017  |  به‌غدا

محه‌مه‌د عه‌لی (12 ساڵ) چه‌ندین جار كه‌وتووه‌‌و ئازاری پێگه‌یشتووه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌وتنه‌ له‌ڕێگادا نه‌بووه‌ به‌ره‌و قوتابخانه‌، به‌ڵكو به‌هۆی هه‌ڵگرتنی كه‌لوپه‌لی بیناسازی بووه‌ كه‌ بۆ دابینكردنی بژێوی خێزانه‌كه‌ی كاری تێدا ده‌كات.

 

محه‌مه‌د عه‌لی چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن له‌ عێراق وازی له‌ قوتابخانه‌ هێنا، چونكه‌ ده‌ستی كردووه‌ به‌ كاركردن بۆ باشكردنی داهاتی خێزانه‌كه‌ی پاش ئه‌وه‌ی باوكی چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا له‌ به‌غدای پایته‌خت گیانی له‌ده‌ست دا.

 

ئه‌و كه‌ خوێندكاری پۆلی شه‌شه‌مه‌ ئێستا به‌خێوكردنی خێزانه‌ بچووكه‌كه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌و مینه‌ی باوكی كوشت خه‌ونه‌كانی منداڵه‌ بچووكه‌شی بۆ ته‌واوكردنی خوێندن كوشت، كاتێك محه‌مه‌د قسه‌ی ده‌كرد ئاره‌قه‌ له‌ نێوچه‌وانی ماندوویه‌وه‌ ده‌هاته‌ خوارێ رووخساری منداڵانه‌ی هه‌ڵبزركاندبوو، پێسته‌ ناسكه‌كه‌ی وه‌ك جلوبه‌رگه‌ شڕه‌كانی زبر ببوو، ئه‌و به‌ر له‌وه‌ی خۆر هه‌ڵبێت له‌ماڵ دێته‌ ده‌ره‌وه‌‌و ئه‌و كاته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ خۆر ئاوا بووه‌.

 

محه‌مه‌د له‌باره‌ی ژیانی خۆیه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت: "ناتوانم خێزانه‌كه‌م ببینم له‌ نه‌هامه‌تیدایه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌دوای كارێكدا بگه‌ڕێم، بۆیه‌ ده‌بووایه‌ نان بۆ براكانم‌و دایكم په‌یدا بكه‌م كه‌ سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات‌و تا من مابم هه‌رگیز رێگه‌ ناده‌م دایكم بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌دوای كاردا بگه‌ڕێت".

 

له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترینی سێ برایه‌، ئه‌وه‌ وایكردووه‌ 12 سه‌عات له‌ هه‌ڵگرتنی به‌رد‌و لمدا به‌سه‌رببات‌و ته‌نیا یه‌ك ژه‌م خواردن بخوات كه‌ نرخه‌كه‌ی له‌ دوو هه‌زار دینار تێناپه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تای شه‌ودا بگه‌ڕێته‌وه‌ لای دایكی‌و ته‌واوی كرێكه‌ی پێبدات كه‌ 15 هه‌زار دیناره‌‌و له‌ "منداڵه‌كان"ی دڵنیا بێت به‌رله‌وه‌ی له‌ ته‌نیشتیانه‌وه‌ بچێته‌ ناو جێگه‌وه‌ بۆ نووستن.

 

دیارده‌ی كاركردنی منداڵان له‌ عێراق له‌دوای ساڵی 2003وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه‌، وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراقیش ده‌ڵێت له‌ هه‌ر پێنج منداڵ یه‌كێكیان له‌ خوار ته‌مه‌نی یاساییه‌وه‌ كار ده‌كات بۆ په‌یداكردنی بژێوی خۆی‌و خێزانه‌كه‌ی، به‌ پێی وه‌زاره‌ته‌كه‌ ته‌مه‌نی ئه‌و منداڵانه‌ی بۆ ركابه‌ری گه‌وره‌كان به‌زوویی ده‌خرێنه‌ بازاڕی كاركردنه‌وه‌، له‌ نێوان (5 بۆ 14) ساڵدایه‌.

 

چیرۆكی محه‌مه‌د ته‌نیا چیرۆكی ئه‌و منداڵانه‌ نییه‌ كه‌ كار ده‌كه‌ن بۆ په‌یداكردنی بژێوی خێزانه‌كانیان، چونكه‌ حه‌یده‌ریش وا راهاتووه‌ چه‌كوشێك هه‌ڵبگرێت كه‌ كێشه‌كه‌ی نیو هێنده‌ی كێشی خۆیه‌تی تا كار له‌سه‌ر ئه‌و پارچه‌ ئاسنه‌ بكات كه‌ واده‌رده‌كه‌وێت به‌هۆی ئاگره‌كه‌وه‌ بووبێته‌ پارچه‌یه‌ك شیرینی‌و به‌ چه‌كوش‌و مه‌چه‌كی خۆی چۆنی بوێت شێوه‌ی ده‌گۆڕێت.

 

حه‌یده‌ر منداڵێكی دیكه‌یه‌ كه‌ ده‌ ساڵی ته‌مه‌نی تێنه‌په‌ڕاندووه‌، به‌هۆی زۆری تێكه‌ڵبوونی له‌گه‌ڵ پۆڵا‌و ئاگر، زۆر خه‌سڵه‌تی وه‌رگرتوون، ئه‌و ده‌ڵێت: "كاتێك هاوڕێكانم ده‌بینم ده‌چن بۆ قوتابخانه‌ ئازارم ده‌دات، به‌ڵام هیچم له‌ده‌ست نایه‌ت".

 

حه‌یده‌ر به‌شه‌رمه‌وه‌ به‌ده‌م شاردنه‌وه‌ی سووتاویه‌كی ده‌ستیه‌وه‌ كه‌ له‌كاتی كاركردنی له‌ وه‌رشه‌یه‌كی ئاسنگه‌ری له‌ ناوه‌ڕاستی به‌غدا نۆ مانگ له‌مه‌وبه‌ر تووشی بووه‌، به‌ پاشماوه‌ی ئه‌و بێگه‌ردییه‌ی كه‌ هێشتا له‌ ده‌ستی نه‌داوه‌، سه‌یری ناو له‌پی ده‌ستی ده‌كات‌و ده‌ڵێت: "ئه‌و كاته‌ لێپرسراوی وه‌رشه‌كه‌ پێی وتم به‌م نزیكانه‌ كاریگه‌ری سووتانه‌كه‌ نامێنێت، ده‌ هه‌زار دیناریشی پێدام، به‌ڵام به‌شی كڕینی چاره‌سه‌ری سووتاوییه‌كه‌ی نه‌كرد".

 

هه‌روه‌ها وتیشی: "ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ بتوانم بۆ چه‌ند سه‌عاتێكی زیاده‌ كاربكه‌م تا كرێیه‌ك وه‌ربگرم هاوتای ئه‌وه‌ بێت كه‌ باوكم وه‌ری ده‌گرت، تا بتوانم خه‌رجی ئه‌و ده‌رمانه‌ی بۆ دابین بكه‌م كه‌ پێویستی پێیه‌تی بۆئه‌وه‌ی چاك ببێته‌وه‌‌و منیش جارێكی تر بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌".

 

سامر (8 ساڵ) چیرۆكێكی دیكه‌ی منداڵێكی كاركه‌ره‌، چونكه‌ ئه‌و منداڵه‌ی سێ ساڵ له‌مه‌به‌ر له‌ ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراودا باوكی له‌ده‌ست داوه‌ هه‌رگیز ره‌حله‌ی قوتابخانه‌ی نه‌بینیوه‌‌و رۆژێك له‌ رۆژان له‌سه‌ری دانه‌نیشتووه‌، ئه‌ویش به‌هۆی خۆته‌رخانكردنی بۆ كاركردن له‌ وه‌رشه‌یه‌كی تایبه‌تی "دارتاشی" له‌گه‌ڵ برا گه‌وره‌كه‌ی بۆ دابینكردنی بژێوی خێزانه‌كه‌ی.

 

ئه‌و منداڵه‌ی له‌ ته‌مه‌نێكی زووه‌وه‌ باری خێزانه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه‌، مانگانه‌ بڕی 300 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت‌و دوای مانگێكی ته‌واو له‌ كاركردن زۆر به‌ ئاسانی ده‌یداته‌ خاوه‌نی ئه‌و ماڵه‌ی له‌گه‌ڵ دایكه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی‌و سێ خوشكه‌كه‌یدا تێیدا ده‌ژین.

 

وه‌زاره‌تی پلاندانان له‌سه‌ر زاری عه‌بدولزه‌هره‌ هینداوی وته‌بێژیه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ "هۆكاره‌كانی زیادبوونی كاركردنی منداڵان له‌ وڵاتدا بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ ئابوورییه‌ خراپه‌ ده‌گه‌رٍێته‌وه‌ كه‌ خێزانه‌ هه‌ژاره‌كان به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن‌و رێژه‌كه‌یان گه‌یشتووه‌ته‌ نزیكه‌ی 22.5%ی كۆی دانیشتووانی عێراق".

 

 وته‌بێژه‌كه‌ وتیشی: "رێژه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ پیشه‌ی مه‌ترسیداردا كارده‌كه‌ن له‌ ساڵی 2017دا گه‌یشتووه‌ته‌ نزیكه‌ی 12%، وه‌زاره‌تیش چه‌ند پلانێكی بۆ ساڵی 2018 تا 2022 داناوه‌ به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری‌و له‌ناوبردنی ئه‌م دیارده‌یه‌".

 

به‌پێی قسه‌ی ئه‌حمه‌د ردێنی پزیشكی ده‌روونی، گه‌شه‌ی زانینی ئه‌و منداڵه‌ی واز له‌ قوتابخانه‌ ده‌هێنێت‌و روو له‌ كاركردن ده‌كات، كاریگه‌ری به‌رده‌كه‌وێت، بۆیه‌ توانا‌و گه‌شه‌ی زانستییان كاریگه‌ری به‌رده‌كه‌وێت‌و ده‌بێته‌ هۆی دابه‌زینی تواناكانیان له‌ خوێندنه‌وه‌‌و نووسین‌و بیركاریدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بێگومان داهێنانیشیان كه‌م ده‌كات هه‌روه‌ك گه‌شه‌ی سۆزداریشیان كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

 

ردێنی دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ جۆرێكی دیكه‌ش له‌ خاوه‌ن كار هه‌ن سوود له‌ كاركردنی منداڵان ده‌بینن بۆ ئاسانكاری له‌ به‌ كۆیله‌كردنیان له‌ كاردا، وتیشی: "هه‌موو ئه‌م كارانه‌ منداڵان ماندوو ده‌كه‌ن‌و باری سه‌ر شانه‌ لاوازه‌كانیان قورس ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی پیربوونی پێشوه‌ختیانه‌".

 

وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ زیاتر په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ رێكخستنی كاركردن له‌ چوارچێوه‌ی یاساكاندا، دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تێبینی چه‌ند پێشێلكارییه‌كی له‌دژی كاركردنی منداڵانی خوار ته‌مه‌نی‌ رێگه‌پێدراو به‌ یاسا كردووه‌ كه‌ به‌ 15 ساڵ دیاریكراوه‌.

 

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ عه‌ممار مونعیم وته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت: "ده‌سته‌ی چاودێریكردنی منداڵان تیمێكی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌كه‌ پێكهێناوه‌" ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ "له‌و رێوشوێنانه‌ی ده‌گیرێنه‌به‌ر بریتیه‌ له‌ دیاریكردنی ئه‌و ناوچانه‌ی كاركردنی منداڵانیان تێدا چڕبووه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌و واقیعه‌ ده‌ربهێنرێن".

 

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ته‌ها مه‌حمود به‌رپرسی به‌شی بنبڕكردنی كاری منداڵان له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ وتی: "به‌شه‌كه‌ بۆچوونێكی روونی هه‌یه‌ به‌گوێره‌ی یاسای كاری‌ ژماره‌ 37ی ساڵی 2015 كه‌ پێویستده‌كات چاودێری كاركردنی منداڵان بكه‌ین".

 

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ "ئه‌و رێوشوێنانه‌ی له‌كاتی بوونی سه‌رپێچییه‌كدا ده‌گیرێنه‌به‌ر به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی خاوه‌نكاره‌كه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن به‌پێی مادده‌ی (95/ دووه‌م) له‌ یاسای كار، له‌ كاتێكیشدا ئه‌گه‌ر خاوه‌نكاره‌كان پابه‌ند نه‌بوون  ئه‌وا سه‌رپێچییه‌كه‌یان به‌رزده‌كرێته‌وه‌ بۆ دادگای كار تا حوكمیان بۆ ده‌ربكات".

 

 له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ عه‌مید خالید محه‌نا به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ وتی: "تیمی وه‌زاره‌ت به‌ چه‌ند قۆناغێك كارده‌كات بۆ به‌دواداچوونی ئه‌م دۆسێیه‌، چونكه‌ رازییه‌ منداڵان له‌ ته‌مه‌نێكی بچووكدا كاربكه‌ن به‌ڵام كاری به‌می‌رجێك كاری‌ مه‌ترسیدار نه‌بن ئه‌ویش به‌هۆی نزمی ئاستی هه‌ژارییه‌وه‌ له‌ عێراق".

 

وتیشی: "تیمه‌كانی وه‌زاره‌ت لێپرسینه‌وه‌ له‌و خاوه‌ن وه‌رشانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پیشه‌كه‌یان مه‌ترسیداره‌‌و رازیبوون به‌ كاركردنی منداڵان، هه‌ندێك جاریش ئه‌ركی‌ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان له‌ باوكانیان وه‌رده‌گرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌".

 

یاسای خوێندنی ئیلزامی له‌ عێراق له‌ مادده‌ی 15یدا باسی هاوكاری نێوان وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌‌و وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات بۆ مسۆگه‌ركردنی جێبه‌جێكردنی حوكمی شه‌ریعه‌ت تایبه‌ت به‌ كارپێنه‌كردنی نه‌وجه‌وانان به‌ر له‌ ته‌واوكردنی ته‌مه‌نی 15 ساڵی‌و سزادانی سه‌رپێچیكاران به‌و سزایانه‌ی له‌ یاسای كاردا به‌ده‌ق هاتوون.

 

هاوكات مادده‌ی 29 له‌ ده‌ستووری عێراقیش داواده‌كات ده‌وڵه‌ت پاراستنی دایكایه‌تی‌و منداڵی‌و به‌ته‌مه‌نان بگرێته‌ ئه‌ستۆ‌و چاودێری تازه‌پێگه‌یشتووان‌و گه‌نجانیش بكات‌و هه‌لومه‌رجی گونجاو بۆ گه‌شه‌پێدانی تواناكانیان دابین بكات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی منداڵان له‌ڕووی ئابووریه‌وه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌كانیه‌وه‌.

 

به‌ڵام پێده‌چێت كه‌مته‌رخه‌می جێبه‌جێكردنی یاساكان بووبێته‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی كاركردنی منداڵان له‌و پیشه‌ مه‌ترسیدارنه‌دا كه‌ له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن‌و توانای جه‌سته‌ییاندا ناگونجێن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌