ئه‌حمه‌د سلێتی (45 ساڵ) كه یه‌كێكه له‌و كۆچه‌ریانه‌ی گۆڕستانی ئۆتۆمبێله‌كان بهرٍێوهدهبهن یاخود ئه‌وه‌ی له ناو خه‌ڵكدا پێی ده‌وترێت "گه‌راجی كۆچه‌رییه‌كان"، ده‌یگێڕێته‌وه كه چۆن وازی له ژیانی كۆچهریو هاتووچۆكردن له‌نێوان سنووری عێراق‌و سعودیه‌دا هێناوه دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه بووه شوێنێكی مه‌ترسیداری پڕ له پاشماوه‌ی جهنگیو مین‌و په‌ناگه‌ی تیرۆریستان‌و له یاساده‌رچووان.
ئه‌و ده‌ڵێت "بژێوی ئاسان نه‌ماوه‌و نرخی ماڵات تێكچووه‌و پهروهردهكردنیشیان سه‌خت بووه به‌هۆی كه‌می بارانبارین‌و ده‌گمه‌نی گژوگیاوه، سه‌ره‌تا كه هاتین بۆ به‌سره به‌ده‌ست برسێتی‌و بێزاركردنمان له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌وه ده‌مانناڵاند، هه‌روه‌ك هیچ پیشهیهكیشمان نه‌ده‌زانی، بۆیه له‌و شوێنانه خێوه‌تمان هه‌ڵده‌دا كه ئاویان تێدابوو بۆ ئاودانی ماڵاتهكانمانو راییكردنی ژیانمان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا دركمان به‌وه كرد كه ده‌بێت شێوازی پێشووی ژیانمان له‌بیر بكه‌ین‌و به‌دوای كارێكدا بگه‌ڕێین، ئیتر گۆڕستانی ئۆتۆمبێله‌كانمان دۆزیه‌وه‌و له‌وانه‌ی پێش خۆمانه‌وه فێربووین".
گۆڕستانی ئۆتۆمبێله‌كان یاخود "گه‌راجی كۆچه‌رییه‌كان" ده‌كه‌وێته ئه‌و زه‌ویانه‌ی پێشتر گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ی ته‌ماته بوون له عێراق‌و ئێستاش بوونه‌ته زه‌وییه‌كی وشكهڵانو كانی لم له‌نێوان قه‌زای زوبێر‌و ناحیه‌ی سه‌فواندا، لێره له قووڵایی چاڵێكدا به رووبه‌ری (سێ دۆنم) سه‌دان ئۆتۆمبێلی كۆن‌و له‌كاركه‌وتوو لهبهریهكههڵوهشاو له‌چه‌ندین جۆر‌و مۆدێل كهڵهكهكراون كه به‌زۆری مۆدێلی ئه‌مریكی كۆنیان تێدایه.
سلێتی به "نیقاش"ی وت "گۆڕستانه‌كه له‌دوای رووداوه‌كانی ساڵی 2003 دروستكراوه بۆ رزگاربوون له‌و ئۆتۆمبێله كۆن‌و ماندووانه‌ی له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی هاتووچۆوه (دهمرێندرێن) به‌وپێیه‌ش ده‌گوازرێنه‌وه بۆ كۆمپانیای ئاسن‌و پۆڵا كه ده‌وڵه‌ت خاوه‌ندارێتی ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی بتوێندرێنهوهو بكرێنه پارچه ئاسن، بۆیه پێمانوابوو ئه‌وه شوێنێكی گونجاوه بۆ كاركردن".
ئه‌مڕۆش گۆڕستانی ئۆتۆمبێله‌كان له‌لایه‌ن (20 – 30) كه‌سه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت كه زۆربه‌یان خه‌ڵكی ناوچه‌ی (خوزره تلما)ی سه‌رسنووری نێوان سعودیه‌و عێراق‌و بیابانه‌كانی سهماوهنو له كۆچه‌رییه‌وه هاتوونه‌ته سه‌ر كاری هه‌ڵوه‌شاندنی ئۆتۆمبێلی سكرابو فرۆشتنی پارچه‌كانی به هاووڵاتیان به نرخێكی گونجاو.
سلێتی شێوازی كاركردنیان پوخت ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت "ئۆتۆمبێله كۆنه‌كان له خاوه‌نه سه‌ره‌كییه‌كه‌یان ده‌كڕین به‌وپێیه‌ی مۆدێلیان كۆتاییهاتووه یاخود پێیان ده‌وترێت (مرێندراو)، دوای ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی مراندن له هاتووچۆ به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی، پارچه پارچه دهكرێنو "هه‌ڵده‌وه‌شێندرێن" بۆ چه‌ند پارچه‌یه‌كی سكرابو ده‌یانفرۆشین به‌و كه‌سانه‌ی به‌مه‌به‌ستی كڕینیان سه‌ردانمان ده‌كه‌ن به‌هۆی هه‌رزانی نرخهكانمانهوه، ئه‌وه‌شی كه ده‌مێنێته‌وه به تۆن ده‌یفرۆشین به كۆمپانیای ئاسن‌و پۆڵا به‌مه‌به‌ستی به‌كارهێنانه‌وه‌ی له پیشه‌سازی ئاسندا".
ژماره‌یه‌ك له گه‌نجانی كرێكاری كۆچه‌ریش له‌و گۆڕستانه ئاسنینه گه‌وره‌یه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و له‌وباره‌یه‌وه محه‌مه‌د عهسساف (27 ساڵ) ده‌ڵێت "ئه‌و پیشه‌یه رزگاری كردووین له سواڵكردن‌و سوودی پێگه‌یاندووین له فێربوونی شاره‌زایی جۆراوجۆر له‌باره‌ی ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه" هه‌روه‌ها به كه‌مێك شانازیكردنهوه به "نیقاش"ی وت "ئێمه‌و باوانمان ته‌نیا له حوشترو ماڵات‌و دهشتو ده‌ردا شاره‌زابووین، به‌ڵام ئه‌مڕۆ پیشه‌یه‌ك ده‌زانین كه ره‌نگه خه‌ڵكی شاریش خۆیان نه‌یزانن! ئه‌ویش پیشه‌یه‌كه پاره‌مان لێ ده‌ستده‌كه‌وێت، چونكه كه‌سی وا هه‌یه داوای پارچه‌ی یه‌ده‌گ ده‌كات بۆ ئۆتۆمبێلهكهیو هه‌ست به‌جیاوازی ده‌كات له نێوان پته‌وی پارچه‌كانی ئێمه سه‌ره‌ڕای كۆنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و پارچه بێ كه‌ڵكانه‌ی له‌بازاڕدا ده‌فرۆشرێن".
گۆڕستانه‌كه هه‌موو جۆره پارچه‌یه‌كی ئۆتۆمبێله جیاجیاكان له‌خۆده‌گرێت، هه‌ندێك جاریش ئه‌وه‌ی به‌خه‌یاڵدا نه‌یه‌ت له‌وێ ده‌ست ده‌كه‌وێت، بۆیه ئه‌و شوێنه بووه‌ته رووگه‌ی خه‌ڵك له هه‌موو پارێزگاكانی عێراقه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پارچه‌یه‌ی مهبهستهیانه، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر پارچه‌كه هی ئه‌و ئۆتۆمبێله ئهمریكیو ژاپۆنیه كۆنانه بێت كه زۆربه‌یان له كاتی داگیركردنی كوێت له‌لایه‌ن سه‌دام حسێن له ساڵی 1991 ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه له مۆدێله‌كانی ساڵانی حه‌فتاو هه‌شتاكان‌و هه‌روه‌ها له‌و ئۆتۆمبێله عێراقیه كۆنانه‌ی دروستكراوی ژاپۆن‌و فه‌ره‌نساو روسیان.
هاوكات دانیشتووانی ناحیه‌كانی زوبێر داواده‌كه‌ن گۆڕستانه‌كه بگوازرێته‌وه، ئه‌ویش دوای فراوانبوونی رووبهرهكهیو زیاده‌ڕه‌وی پاشماوه‌كانی بۆسه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كی ئه‌مه جگه له گومانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له بوونی ئۆتۆمبێلی دزراوو ههڵوهشاندنیانو شاردنه‌وه‌یان تێیدا.
به‌ڵام عه‌قید ئه‌حمه‌د شاكر به‌ڕێوه‌به‌ری هاتووچۆی قه‌زای زوبێر دووپاتی ده‌كاته‌وه كه گۆڕستانه‌كه ده‌كه‌وێته زه‌وییه‌كی نزمهوهو كاریگه‌ری له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كی یاخود هێڵی شه‌مه‌ندۆفێری نزیكی نییه.
له‌وباره‌یه‌شه‌وه به "نیقاش"ی وت "رێوشوێنه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌ركه‌سێك ده‌كه‌ین كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خاوه‌نانی گه‌راجه‌كه بكات وه‌ك هه‌ر هاووڵاتییه‌ك كه ئۆتۆمبێلێكی ههبێتو بیه‌وێت بیمرێنێت، بۆیه پشكنین بۆ ئۆتۆمبێله‌كه دهكرێتو له به‌ڵگه‌نامه ره‌سمییه‌كانی به‌تایبه‌تی ساڵانه‌كه‌ی دڵنیا ده‌بینه‌وه بۆ ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌ی تایبه‌ت به مراندنی ژمارهكهو گواستنه‌وه‌ی بۆ كه‌سێكی تر‌و له‌ناوبردنی ئۆتۆمبێله‌كه".
له‌هه‌مان كاتیش‌دا كۆچه‌رییه‌كانی گۆڕستانه‌كه سكاڵای ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ده‌زگا ئهمنییهكانو ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومی بێزاریان دهكهنو هه‌ڵمه‌تی پشكنین له شوێنه‌كه‌دا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌و باره‌یه‌شه‌وه سلێتی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه كاره‌كه‌یان به‌پێی یاسا بهڕێوهدهچێتو مامه‌ڵه به ئۆتۆمبێلی دزراوه‌وه ناكهنو هه‌ر ئۆتۆمبێلێك له گۆڕستانه‌كه‌دا دوسێیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه كه له‌ژێر رێكاری لایه‌نه حكومییهكاندایه.
مه‌هدی رێكان سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی حكومی له قه‌زاكه‌ش ده‌ڵێت: "به‌دواداچوون ته‌واو ده‌كرێت بۆ كاری گه‌راجه‌كان به‌و گهراجهشهوه كه به گه‌راجی كۆچه‌رییه‌كان ناسراوه سه‌باره‌ت به خاوه‌ندارێتی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی ههڵدهوهشێندرێنو ده‌كرێنه پارچه".
ئه‌و بۆ "نیقاش"ی روونكرده‌وه "چه‌ند هه‌ڵمه‌تێكی پشكنینمان ئه‌نجام داوه، چونكه چه‌ند حاڵه‌تێكی دزینی ئۆتۆمبێل‌و فرۆشتنیان وه‌ك سكراب تۆماركراون، ئه‌وه‌ش كه به‌م دواییانه كراوه ده‌چێته چوارچێوه‌ی چاودێری‌و پشكنینی كتوپڕ‌و جموجوڵی ئه‌منی كه بوونه‌ته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی حاڵه‌كانی دزی".
سه‌باره‌ت به ره‌وشی گۆڕستانه‌كه‌ش ده‌ڵێت "ئێستا گۆڕستانه‌كه ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی دیزاینی سه‌ره‌كی شاری زوبێره‌وه كه به‌ره‌و فراوانبوون چووه‌و پێویسته گۆڕستانه‌كه‌ش كه رووبه‌ره‌كه‌ی فراوان بووه بگوازرێته‌وه بۆ شوێنێكی جێگره‌وه تا شوێنی بگرێته‌وه كه ئه‌ویش پرۆژه‌یه‌كه ئومێده‌وارین له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه جێگره‌وه‌كاندا جێبه‌جێ بكرێت".
سلێتی نیگه‌رانه له پلانه‌كانی لابردنی گۆڕستانهكهو ده‌ڵێت "ئه‌و كۆچه‌ریانه‌ی له‌گۆڕستانی ئۆتۆمبێله‌كاندا كارده‌كه‌ن سه‌دان خێزان دهژیێننو ئه‌وه‌ش ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی بژێویانه، هه‌روه‌ك شوێنه‌كه‌ش بووه‌ته ناوه‌ندێك بۆ پارچه‌ی به‌كارهاتوو بۆ سه‌رجه‌م پارێزگاكان".
ئه‌و كۆچه‌ریانه‌ی له گۆڕستانی ئۆتۆمبێله‌كاندا كارده‌كه‌ن هه‌ست به زۆرداری لایه‌نه حكومییه‌كان دهكهنو ده‌ڵێن ئێمه له ده‌شتوده‌ره دووره‌كانه‌وه هاتووینو كارێكی به‌سوودمان داهێناوه‌و به‌شداربووین له‌پاراستنی ژینگه‌و جوانی پارێزگاكه پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو ئۆتۆمبێله كۆنه‌كانمان تێدا لابردووه.