راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: إحاطات من داخل وعبر العراق
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رۆژی‌ 10 هه‌زار
ژنانی خوێفرۆش.. ژیانێكی سه‌خت پڕ زه‌حمه‌تی‌

حه‌یده‌ر ئه‌لحجامی
هه‌ندێك له‌ژنانی پارێزگای زیقار كاری كۆكردنه‌وه‌ی خوێیان كردووه‌ته‌ پیشه‌، له‌كاتێكدا داهاتی رۆژانه‌ی هه‌ر یه‌كێكیان له‌ هه‌شت دۆلار تێناپه‌ڕێت.
9.11.2017  |  زیقار

ئوم حه‌مید ته‌نیا به‌و كاره‌ سه‌خته‌وه‌ وازینه‌هێناوه‌ كه‌ رۆژانه‌ ئه‌نجامی ده‌دات، به‌ڵكو ماندووبوونێكی دیكه‌شی بۆخۆی زیاد كردووه‌ ئه‌ویش په‌روه‌رده‌كردنی چوار منداڵی نه‌وه‌ی خۆیه‌تی كه‌ دایكیان هه‌ر به‌منداڵی به‌جێیهێشتوون‌و كۆچی دوایی كردووه‌ دوای تووشبوونی به‌ نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌‌و نه‌بوونی كه‌سێك كه‌ له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه‌ چاودێری بكات.

 

به‌ڵام ئوم حه‌مید كه‌ رۆژی یه‌كی ته‌مموزی رابردوو گه‌یشته‌ ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵی، هه‌ست به‌ شادی‌و ئاسووده‌یی ده‌كات به‌و ئه‌ركه‌ی كه‌ بۆی زیاد بووه‌‌و ده‌ڵێت: "ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌م سه‌خته‌‌و زۆر ماندووكه‌ره‌، به‌ڵام هه‌ر كه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌‌و ده‌بینم ئه‌و منداڵه‌ بچووكانه‌ چاوه‌ڕوانم ده‌كه‌ن، سه‌عاته‌ دوور‌ودرێژه‌كانی كاركردن‌و ئازاری ئه‌و برینانه‌م له‌بیرده‌چێته‌وه‌ كه‌ خوێ ده‌یانكزێنێته‌وه‌‌و سه‌رله‌نوێ رۆژه‌كه‌م به‌ راییكردنی كاروباره‌كانیان ده‌ستپێده‌كه‌م".

 

ئوم حه‌مید كه‌ نیشته‌جێی ناوچه‌ی شه‌ریفه‌ له‌و په‌ڕی خۆرئاوای شاری ناسریه‌، زیاتر له‌ یه‌ك ده‌یه‌‌و نیوه‌ كاری كۆكردنه‌وه‌ی خوێ ده‌كات له‌ كه‌ناری روباره‌كان یاخود گۆماوه‌كان یان له‌ كۆتایی جۆگاكانی ئاودێری كه‌ له‌و ناوچه‌ كشتوكاڵیه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌و له‌باره‌ی كاره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "من‌و چه‌ند ژنێكی دیكه‌ی هاوكارم له‌ گونده‌كه‌ له‌ سه‌عاته‌كانی سه‌ره‌تای به‌یانییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین، ته‌پۆڵكه‌ خوێیه‌كان به‌ خاكه‌ناسی بچووك كۆده‌كه‌ینه‌وه‌، پاشان به‌ ده‌فری گه‌وره‌ كۆیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌لای خۆمان پێی ده‌وترێت (ته‌شت) تا دووباره‌ بیگوازینه‌وه‌ بۆ نزیك رووباره‌كه‌‌و له‌وێ بیشۆینه‌وه‌‌و بیپاڵێوین‌و پاكی بكه‌ینه‌وه‌، دواتر له‌سه‌ر به‌رزاییه‌ك یان ته‌خته‌یه‌ك دایده‌نێین تا شێیه‌كه‌ی پێوه‌ نه‌مێنێت‌و وشك ببێته‌وه‌".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "به‌رده‌وام ده‌بین له‌ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌پۆڵكه‌ خوێیانه‌ له‌ چه‌ند شوێنێكی نزیك گونده‌كه‌‌و دواتر به‌ڵێنده‌رێك له‌ شاره‌وه‌ دێت بۆ كڕینیان پاش ئه‌وه‌ی ده‌كرێنه‌ گونییه‌ی نایلۆنه‌وه‌".

 

سه‌باره‌ت به‌و داهاته‌ش كه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وێت، ئوم حه‌مید باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ رۆژانه‌ نزیكه‌ی 10 هه‌زار دیناری عێراقی ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش یارمه‌تی حه‌مید ده‌دات كه‌ ئه‌ویش كرێكاری ده‌كات له‌ شار‌و ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی رۆژانه‌ كاری ده‌ست بكه‌وێت ئه‌وا دوو هێنده‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ستده‌كه‌وێت.

 

هاوكات ره‌باب خه‌ڵه‌ف كه‌ له‌ كۆتایی ده‌یه‌ی چواره‌می ته‌مه‌نیدایه‌، پێیوایه‌ ئه‌و كاره‌ی ده‌یكات سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاتی نیمچه‌ جێگیری بۆ دابین ده‌كات دوای نائومێدبوونی له‌ ناوتۆماركردن له‌ به‌رنامه‌ی حكومی بۆ پاراستنی بێوه‌ژنان‌و گه‌وره‌كچان.

 

ره‌باب به‌ "نیقاش"ی وت: "ئه‌م كاره‌ مانگانه‌ نزیكه‌ی 300 هه‌زار دینار یان تۆزێك كه‌مترم بۆ دابین ده‌كات ئه‌گه‌ر رۆژانه‌ به‌به‌رده‌وامی كار بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌ هه‌ندێك وه‌رزدا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر كه‌مده‌بێته‌وه‌ وه‌ك وه‌رزی هاوین كه‌ ناچار ده‌بین زوو بگه‌ڕێینه‌وه‌ به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما‌و گه‌رمی كه‌شوهه‌واوه‌، به‌ڵام كاره‌كه‌ ورده‌ وره‌ له‌ هه‌ردوو وه‌رزی پاییز‌و زستاندا به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات".

 

سه‌باره‌ت به‌و كه‌سه‌ش كه‌ خوێیه‌ كۆكراوه‌كه‌یان لێ ده‌كڕێت، ده‌ڵێت: "به‌زۆری ئه‌و خوێیه‌ی ده‌ریده‌هێنین بۆ مه‌به‌ستی پیشه‌سازی یاخود كاری لاوه‌كی به‌كار ده‌هێنرێت‌و به‌ده‌گمه‌ن وه‌ك خوێی چێشت له‌ ماڵاندا به‌كار دێت، له‌ڕێی چه‌ند ژنێكی دیكه‌وه‌ ده‌فرۆشرێت كه‌ به‌ كۆكراوه‌یی‌و به‌ نرخێكی هه‌رزان ده‌یفرۆشن".

 

زه‌هره‌ چه‌لاب به‌به‌رده‌وامی ئه‌و خوێیه‌ی ده‌ستی ده‌كه‌وێت ده‌یباته‌ بازاڕی ناوچه‌كه‌‌و له‌وێ ماوه‌ی زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ ماسیفرۆشاندا ده‌كات.

 

ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت: "ئه‌وه‌ی له‌م پیشه‌یه‌ ده‌ستم ده‌كه‌وێت ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه‌ بۆ خۆم‌و خێزانه‌كه‌م دابین ده‌كات‌و دڵخۆشم به‌م كاره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی تێیدا ئازادم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باره‌كه‌ی تێكداوه‌ نه‌خۆشیی پێسته‌ كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌ جه‌سته‌مدا سه‌ری هه‌ڵداوه‌‌و پزیشكانیش ئامۆژگاریان كردووم ئه‌و كاره‌ نه‌كه‌م، یان به‌لانی كه‌مه‌وه‌ خۆم به‌دووربگرم له‌ به‌ركه‌وتنی راسته‌وخۆی خوێ".

 

هه‌روه‌ها وتیشی: "ئێستا ده‌ستمكردووه‌ به‌ به‌كارهێنانی ده‌ستكێش، هه‌روه‌ها منداڵه‌كانیشم یارمه‌تیم ده‌ده‌ن، به‌ڵام من سوورم له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌یان له‌و كاره‌‌و سه‌رقاڵبوونیان به‌ خوێندنه‌كه‌یانه‌وه‌ تا ئاینده‌یه‌كی باشتر له‌وه‌ی ئێستا تێیدا ده‌ژین، بۆخۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن".

 

سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ش كه‌ خه‌ریكی ئه‌و پیشه‌یه‌ن، زه‌هره‌ ده‌ڵێت: "ژماره‌كه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، چونكه‌ له‌دوای كۆتاییهاتنی زستان‌و ده‌ستپێكی به‌ هه‌ڵمبوون ژماره‌ی ئه‌و پیاو‌و ژنانه‌ زیاد ده‌بێت كه‌ كار له‌م پیشه‌یه‌دا ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رمادا ژماره‌كه‌ به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ ده‌چێت".

 

چه‌ند گرووپێكی دیكه‌ی ژنان له‌ ناوچه‌كانی باكووری ناسریه‌ كار له‌م پیشه‌یه‌دا ده‌كه‌ن‌و له‌لای خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ به‌ "مه‌لاحات" ناسراون، ئه‌وان خوێی نیشتووی ناو گۆماو‌و نزیك رووباره‌كان كۆده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌مانه‌ش به‌هۆی كردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر كارگه‌ی بچووك له‌ پارێزگاكه‌دا، كه‌مبووه‌ته‌وه‌.

 

فازڵ عه‌بد كه‌ خاوه‌نی كارگه‌یه‌كی ناوچه‌كه‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی له‌ ژنانی ده‌كڕێت به‌كه‌ڵكی به‌كارهێنانی مرۆڤ نایه‌ت، به‌ڵام وه‌ك خوێی پیشه‌سازی ده‌یفرۆشێت.

 

كارگه‌ی خوێی فاو له‌ پارێزگای به‌سره‌ به‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین كارگه‌كانی خوێ له‌ عێراق داده‌نرێت، به‌ڵام له‌ جه‌نگی نێوان عێراق‌و ئێرانه‌وه‌ له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا راوه‌ستاوه‌، له‌ كۆتایی هه‌شتاكانیشدا كارگه‌ی خوێی سه‌ماوه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ ئێستا بڕێكی زۆر خوێی پیشه‌سازی به‌رهه‌م ده‌هێنێت، هه‌روه‌ك ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره‌ش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌نیازه‌ كارگه‌ی خوێی فاو به‌گه‌ڕ بخاته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌