راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رۆژی‌ یه‌ك ملیۆن دۆلار زەرەر
باڵه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان شكاون

راوێژ کامه‌ران
مانگێك زیاتره‌ هه‌موو گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی‌ هه‌ردوو فرۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ راگیراون، ئه‌مه‌ش زیانێكی‌ زۆری‌ له‌و دوو فرۆكه‌خانه‌یه‌و خه‌ڵكی‌ داوه‌.
1.11.2017  |  سلێمانی
فرۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانی‌ ( :وێنه الموقع الرسمي لمطار السليمانية )
فرۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانی‌ ( :وێنه الموقع الرسمي لمطار السليمانية )

لەپاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لەهەرێمی کوردستان، وەک یەکێک لەکارتەکانی فشار کە حکومەتی ناوەندی عێراق دژ بەو ڕیفراندۆمە بەکاری هێنا، بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتیەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێرو سلێمانیی درا، بەجۆرێک کە تەنیا گەشتە ناوخۆییەکان مانەوە.

 

حکومەتی ناوەندی عێراق ڕۆژێک پاش ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ ئەیلول ماوەی ٣ ڕۆژی دا بەحکومەتی هەرێم کە پێویستە فڕۆکەخانەکانی ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکات ئەگەر نا گەشتە ئاسمانیەکان ڕادەگرێت، دواتریش لەرۆژانی ٢٩و ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٧ سه‌رجه‌م گه‌شته‌ نێودەڵەتیەکانی هەردوو فڕۆکەخانەکە ڕاگیران‌و تەنیا گەشتی سەربازی‌و چوون‌و هاتنی دیبلۆماسی‌و شاندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان‌و گەشتە نێوخۆییەکان مانەوە.

 

بەپێی‌ ئەو زانیاریانه‌ی‌ "نیقاش" لەبەرپرسانی حکومیەوە دەستی کەوتووە زیانەکانی داخستنی فڕۆکەخانەکان بۆ هەر ڕۆژێک نزیکەی یەک ملۆن دۆلار دەبێت، ئەمە جگە لەوەی ژمارەی گەشتیاران بەڕێژەیەکی زۆر بەرز دابەزیوە، بەو پێیەی بەر لەبڕیارەکە ڕۆژانە زیاتر لە 3500 کەس لەهەردوو فڕۆکەخانەکەوە گەشتیان کردووە بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ کەمتر لە ٣٠٠ کەس دابەزیوە.

 

تاهیر عەبدوڵلا بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی لەبارەی کاریگەری بڕیارەکە لەسەر ژمارەی گەشتیاران بۆ "نیقاش" وتی"ئێمە هەفتانە لەنێوان ٧٠ بۆ ١٠٠ گەشتمان هەبووە کە ئەو گەشتانە ڕۆژانە بەبەردەوامی له‌نێوان هه‌زار بۆ 1500 کەسیان گواستۆتەوە، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە ناگاتە ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەس کە ئەوانیش لە ڕێگای بەغدادەوە گەشتەکانیان ئەنجام دەدەن"

 

پێشتر خشتەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم پڕبوون لەگەشتەکانی ئەستەمبوڵ‌و بەیروت‌و عەمان‌و تاران‌و قاهیرەو دەوحەو دوبەی‌و فرانکفۆرت‌و دۆسڵدۆڤ‌و کۆپنهاگن‌و باکۆو چەندین گەشت نێودەوڵەتی دیکە، بەڵام ئێستا خشتەکە ڕۆژانە تەنیا یەک یاخود دوو گەشتی ناوخۆی تێدا دەبیندرێت بۆ بەغداد یاخود نەجەف‌و بەسڕە.

 

بەڕێوبەرەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە تائێستا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە نیەو ئەوانیش نازانن کەی فڕۆکەخانەکە دەکرێتەوە، تاهیر عەبدوڵلا وتی "داوامان لەفڕۆکەوانی مەدەنی عێراق کردووە کە بێن دابنیشین‌و بزانین مەرجەکانی ئەوان چییە بۆئەوەی گەر بتوانین جێبەجێیان بکەین تا فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە، بەڵام ئەوان تا ئێستا وەڵامی ئەو داوایەشیان نەداوینه‌تەوە"

 

له‌هه‌رێمی‌ كوردستان دوو فرۆكاخانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌ن، فرۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێر له‌كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2003 كرایه‌وه‌و فرۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانیش له‌مانگی‌ ته‌مموزی‌ 2005 به‌فه‌رمی‌ كرایه‌وه‌، هه‌ردوو فرۆكه‌خانه‌ ده‌روازه‌یه‌كی‌ گرنگ بوون بۆ به‌ستنه‌وه‌ی‌ كوردستان به‌ده‌وروبه‌رو وه‌ك "باڵه‌كانی‌ كوردستان" ده‌ناسێنران، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا رۆڵی‌ فرۆكه‌خانه‌یه‌كی‌ لۆكاڵ ده‌گێڕن.

 

هەرچەندە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند جارێک ڕایگەیاندووە کە ئەوان بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکانیان وەک سزایەک بۆ خەڵکی کوردستان دەرنەکردووە، بەڵام هاوڵاتیەکی زۆری هەرێم بەهۆی ئەم بڕیارەوە توشی بەهەدەردانی پارەو ماندوبونی زۆر بونەتەوە.

 

حسێن بەرزنجی هاوڵاتیەکی شاری سلێمانییەو لەو کاتەدا کە بڕیارەکە دراوە لەئەمریکا بووەو بۆ گەڕانەوە ناچار بووە گۆڕانکاری لەگەشتەکەیدا بکات‌و لەدەوحەوە بچێتە بەغداد پاشان بۆ هەرێم، ئەو بە "نیقاش"ی وت "من بەهۆی ئەو بڕیارەوە بەناچاری ١٦ کاتژمێر لەدەوحە مامەوە تا چاوەڕوانی گەشتی بەغداد بم، دواتریش لەبەغداد ٧ کاتژمێری دیکە مامەوە بۆ گەشتی سلێمانی، بەکۆی گشتی نزیکەی ٢٣ کاتژمێر ترانزێت بڕێك پاره‌ی‌ زۆرم لەدەستدا"

 

حسێن بەرزنجی وتیشی "تاکە لایەنێک کە لەم بڕیارە قازانجی کردووە هێڵی فڕۆکەوانی عێراقە کە ئیستا هەموان ناچارن لەرێگەی ئەوانەوە گەشتەکان ئەنجام بدرێت"

 

بەدەر لەهاوڵاتیانیش کۆمپانیاکانی گەشتیاری زیانێکی زۆریان کردووە، چونکە وەک خۆیان دەڵین کارەکانیان بەتەواوەتی ڕاوەستاوە، بەو پێیەی ئەو گەشتە ناوخۆییانەی ئێستا هەیە پێشتریش هەر هەبووەو گەشتە نێودەوڵەتیەکانیش تەواو کەمی کردووە.

 

ڕێبین خەسرەو بەڕێوه‌بەری کۆمپانیای مونلاین کە کۆمپانیایه‌كی‌ گەشتیارییه‌ لەهەرێمی کوردستان بە "نیقاش"ی وت "سەرجەم ئەو هاوڵاتیە کوردانەی لەدەرەوەی وڵات دەژین گەشتکردنیان بۆ هەرێم ڕاگرتووە، پێشتریش حکومەتی هەرێم ئاسانکاری زۆری بۆ هاوڵاتیانی بیانی کردبوو تا بێنە هەرێمەوە، کە لەعێراق ئەو ئاسانکاریانە بونی نییە، لەناوخۆش کەسێک زۆر پێویست نەبێت گەشت ناکات، هەر بۆیە ئیستا گەشتەکان بەرێژەیەکی ئێجگار زۆر کەمبونەتەوە"

 

ڕێبین خەسرەو لەبارەی زیانەکانی کۆمپانیاکەیان بەهۆی ئەم دۆخەوە وتی "زیانەکان لەکۆمپانیایەک بۆ کۆمپانیایەکی دیکە دەگۆڕێت، ئێمە بەهۆی ئەوەی کۆمپانیایەکی گەورەین‌و لقمان لەچەندین شار هەیە، تێچوی مانگانەمان نزیکەی ٢٥٠ هەزار دۆلارە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم دۆخەوە ٪١٠ی ئەو پارەیەشمان دەستناکەوێتەوە کە خەرجیەکانی خۆمانی پێدابین بکەین"

 

هەرچەندە داهاتی ڕۆژانەی فڕۆکەخانەکان جیاوازەو لەکاتێک بۆ کاتێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام بەپێی وته‌ی ئومێد محەمەد ساڵح وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بەهۆی وەستانی فڕۆکەخانەکانەوە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی ملیۆنێک دۆلار دەبێت، ئەو لەبارەی زیانەکانەوە بە "نیقاش"ی وت "کاتێک باسی زیانی داخستنی فڕۆکەخانەکان دەکرێت زۆر لایەن دەگرێتەوەو تەنیا راگرتنی گەشتەکان نییە، پێشتر ڕۆژانە لانیکەم 3500 کەس لەهەردوو فڕۆکەخانەکانەوە گەشتی کردووە، گەر زیانەکان هەمووی بەکۆمپانیای فڕۆکەوانی‌و گەشتیاری‌و گومرگ‌و   Duty Free  فڕۆکەخانەکان‌و چەندان لایەنی دیکە هەژمار بکرێت، بۆ هەر ڕۆژێک نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار زیان بەکەرتی فڕۆکەوانی گەیشتووە".

 

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن لەبارەی ئەگەری بەگەڕخستنەوەی فڕۆکەخانەکان وتی "هیچ زانیاریەکی تازە نییە ئەوەندە نەبێت هەوڵەکان بۆ گەیشتن بەرێکەوتن‌و دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بەردەوامە"

 

هەرچی پەرلەمانی کوردستانە کە لەماوەی رابردودا دانیشتنەکانی دەستپێکردەوە، بەڵام لیژنەی پەیوەستدار بەم پرسە هیچ بەدواداچون‌و لێکۆڵینەوەیەکیان نەکردووە، عه‌باس فه‌تاح ئەندامی لیژنەی شاره‌وانی‌‌و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن لەپەرلەمانی کوردستان وتی "تائیستا هیچ کۆبونەوەیەکمان لەسەر ئەو پرسە نەکردووە، لەکاتێکدا ئەم بڕیارە سزایەکی بەکۆمەڵی حکومەتی عێراقە، بەڵام پێویستە ئێمە بێهیوانەبین لەهەوڵی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان‌و بگەینە رێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراقدا".

 

ئێستا هیوایه‌ك هه‌یه‌ راگرتنی‌ گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی‌ هه‌ردوو فرۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ له‌وه‌ زیاتر درێژه‌ نه‌كێشێت، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ پێده‌چێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ناچاریدا رازی‌ بووبێت به‌ڕێوه‌بردنی‌ فرۆكه‌خانه‌‌كان راده‌ستی‌ به‌غدا بكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش مه‌رجی‌ به‌غدا بوو بۆ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و فرۆكه‌خانانه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌