راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌رگ له‌پێناو ناندا
كۆڵبه‌ره‌كان توله‌ رێگاكانی‌ ئێران‌و كوردستان پێكه‌وه‌ گرێ‌ ده‌ده‌نه‌وه‌

سامان عومەر
له‌سه‌ر سنوری‌ نێوان كوردستان‌و ئێران، به‌سه‌دان كه‌س هه‌موو رۆژێك ژیانی‌ خۆیان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی‌ راسته‌قینه‌و به‌كۆڵ‌و بارێكی‌ قورسه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی‌ مین‌و گولله‌.
1.11.2017  |  سلێمانی‌
                                ( :وێنه سامان عمر )
( :وێنه سامان عمر )

كۆڵبه‌ره‌كان، ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ ساڵانێكی‌ دوورو درێژه‌ له‌نێوان ئێران‌و هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌كۆڵ‌و له‌رێی‌ وڵاخه‌وه‌، باری‌ قاچاغ هاتوچۆ پێده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان تائێستا هۆكارێكی‌ گرنگ بوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئابڵوقه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سه‌ر ئێران سووك بكه‌ن، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چێت ئیتر بۆ هه‌رێمی‌ كوردستانیش كاری‌ كۆڵه‌به‌ره‌كان ببێته‌ پێداویستییه‌كی‌ حه‌تمی‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ ئێران به‌رده‌وام بێت له‌داخستنی‌ به‌شێكی‌ سنوره‌كانی‌ به‌ڕووی‌ هه‌رێمدا، ئه‌وه‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ هاتوچۆی‌ كه‌لوپه‌ل له‌شوێنه‌ داخراوه‌كان، ئه‌و كۆڵبه‌رانه‌ ده‌بن.

 

له‌نێوان ئێران‌و كوردستاندا چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ سنوری‌ هه‌یه‌ كه‌ دیارترینیان ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی‌ پێنجوێن‌و پشده‌ر له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌‌و شارۆچكه‌ی‌ سۆران له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ هه‌ولێر، به‌ڵام له‌دووری‌ ئه‌و ده‌روازانه‌وه‌ چه‌ند كه‌سێك به‌توله‌رێی‌ قاچاغ له‌نێوان هه‌ردوو به‌ری‌ سنوره‌كه‌دا هاتوچۆ ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نی‌ ئه‌م جۆره‌ جموجۆڵه‌ زیاتر له‌ (25) ساڵه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا ئێران به‌هۆی‌ قایمكردنی‌ سنوره‌كانیه‌وه‌ ئاسته‌نگی‌ گه‌وره‌ی‌ بۆ كۆڵبه‌ره‌كان دروستكردووه‌.

 

په‌یامنێری‌ "نیقاش" له‌دوو رۆژی‌ جیاوازدا چووه‌ گونده‌كانی‌ (زه‌ڵێ‌‌و قاسمه‌ڕه‌ش)ی‌ قه‌زای‌ پشده‌ر له‌باكوری‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ شاری‌ سلێمانی‌‌و هاو سنور له‌گه‌ڵ شاری‌ (سه‌رده‌شت) له‌كوردستانی‌ ئێران، هه‌روه‌ها چووه‌ دواخاڵی‌ سنوری‌ له‌مه‌رزی‌ حاجی‌ ئۆمه‌ران له‌باكوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ شاری‌ هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری‌ جموجۆڵی‌ كۆڵه‌به‌ره‌كان بێت.

 

مامه‌ڵه‌كان لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ن كه‌ خاوه‌ن كۆگا كورده‌كان له‌شارو گونده‌كانی‌ سنوری‌ قه‌زای‌ (پشده‌رو سۆران) له‌سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چه‌ندین كه‌لوپه‌لی‌ وه‌ك (ماكیاژ بۆن، قوماش، جگه‌ره‌، تایه‌و مۆبایل، ته‌له‌ڤزیۆن، كۆمپیوته‌رو جۆره‌كانی‌ تری‌ ئامێره‌ ئه‌لكترۆنییه‌كان‌و ئه‌شیای‌ كاره‌بایی‌و ماده‌ كحولییه‌كان...هتد) له‌كۆگاكانیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌.

 

ئه‌م كه‌لوپه‌لانه‌ ئێران رێیان نادات به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ له‌سنوره‌كانه‌وه‌ بچنه‌ ئه‌و وڵاته‌، بۆیه‌ چه‌ند بازرگانێكی‌ ئێرانی‌ له‌وڵاتانی‌ دیكه‌ ده‌یانكڕن‌و بۆ كوردستانیان ده‌نێرن، تا له‌وێوه‌ به‌قاچاغ ئاودیوی‌ ئێران بكرێن.

 

هاوكار ئه‌حمه‌د خاوه‌ن كۆگایه‌كه‌ له‌حاجی‌ ئۆمه‌ران كه‌ دوا خاڵی‌ سنورییه‌ به‌دوری‌ نزیكه‌ی‌ 150 كم ده‌كه‌وێته‌ باكوری‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ شاری‌ هه‌ولێرو هاوسنور له‌گه‌ڵ شاری‌ (خانێ‌)ی‌ ئێران بۆ "نیقاش" وتی‌: "رێككه‌وتون له‌گه‌ڵ بازرگانه‌ ئێرانییه‌كان كه‌لوپه‌له‌كان ده‌نێرنه‌ لای‌ ئێمه‌، دواتر له‌سه‌ر داواكاری‌ خۆیان  به‌ئۆتۆمبێل‌و ئاژه‌ڵی‌ به‌رز (ئه‌سپ)، كه‌ل‌و په‌له‌كان ده‌گه‌یه‌ننه‌ ئه‌و كۆڵبه‌رانه‌ی‌ كه‌ له‌دوا خاڵی‌ سنور له‌گونده‌كان وه‌ستاون‌و چاوه‌ڕوانی‌ كۆڵێك ده‌كه‌ن بۆ گه‌یاندنی‌ به‌ئێران.

 

لێره‌وه‌ ئیتر رێی‌ ئۆتۆمبێل نامێنێت‌و رێی‌ ئه‌سپیش زه‌حمه‌ت ده‌بێ‌، ئینجا ئه‌و كه‌سانه‌ باره‌كان به‌كۆڵ هه‌ڵده‌گرن‌و به‌ناو چیاو دۆڵه‌كاندا ده‌یبه‌نه‌ دیوی‌ ئێران.

 

مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر ژیانی‌ كۆڵبه‌ران ئه‌و كاته‌ ده‌ست پێده‌كه‌ن كه‌ كۆڵبه‌ره‌كان له‌ژێر چاودێری‌ به‌رده‌وامی‌ هێزه‌ نیزامییه‌كانی‌ ئێراندا به‌كۆڵه‌ قورسه‌كانیانه‌وه‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان تێده‌په‌ڕن، له‌ ئه‌گه‌ری‌ بینینیان له‌لایه‌ن پاسدارانی‌ ئێران به‌ر ده‌ستڕێژی‌ گولـله‌ ده‌درێن.

 

كۆڵبه‌ران له‌لایه‌ن پاسه‌وانی‌ سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كیان رووبه‌روو نابێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی‌ پێیانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی هاتونه‌ته‌ كوردستانه‌وه‌و گومرگ كراون.

 

ئومێد كۆڵبه‌رێكی‌ كوردی‌ عێراقه‌ ئه‌و له‌باره‌ی‌ مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر ژیانی‌ بۆ "نیقاش" وتی‌: "له‌ژێر ترسی‌ گولـله‌ی‌ پاسداره‌ ئێرانییه‌كان له‌شه‌ودا پێنج كیلۆمه‌تر به‌پێ ده‌بڕین‌و باره‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نینه‌ دیوی‌ ئێران، له‌وێ‌ كۆڵبه‌رێك كه‌ له‌ شاره‌كانی‌ ئێرانی‌ هاو سنور له‌گه‌ڵ كوردستانی‌ عێراقه‌وه‌ هاتووه‌و چاوه‌ڕوانه‌و كۆڵه‌كه‌ی‌ ته‌سلیم ده‌كه‌ین".

 

هه‌ر كۆڵبه‌رێك له‌به‌رامبه‌ر گوێزانه‌وه‌ی‌ هه‌شتا كیلۆگرامدا بڕی‌ 150 هه‌زار تومان وه‌رده‌گرێت كه‌ نزیكه‌ی‌ (30) دۆلار ده‌كات، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌كاتی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ كۆڵه‌كه‌دا تیا نه‌چێت.

 

ئومێد نازانێ‌ كه‌ی‌ سه‌ره‌ی‌ ئه‌و دێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بدرێته‌ به‌ر ده‌ستڕێژی‌ گولله‌، چونكه‌ تائێستا چه‌ند هاوڕێیه‌كی‌ نزیكی‌ خۆی‌ له‌و رێگایه‌دا تیاچوون.

 

له‌و كاته‌ی‌ په‌یامنێری‌ "نیقاش" چووه‌ لای‌ كۆڵبه‌ره‌كان، سه‌رقاڵی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ كۆڵ‌و باره‌كه‌یان بوون، زۆربه‌یان ئاماده‌نه‌بوون هیچ شتێك بڵێن، ته‌نیا چه‌ند یه‌كێكیان ئاماده‌یی‌ ده‌ربڕی‌ به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناو راسته‌قینه‌یان بڵاونه‌كرێته‌وه‌.

 

سه‌ربه‌ست، ناوی‌ خوازراوی‌ یه‌كێك له‌و كۆڵبه‌رانه‌یه‌ كه‌ خۆی‌ دانیشتوی‌  پیرانشاری‌ ئێرانه‌، ئه‌و رۆژانه‌ له‌دوا خاڵی‌ سنوری‌ ناوچه‌كانی‌ (كانییه‌ خواو شاخه‌ ڕوخاو)ی‌ وڵاتی‌ ئێران‌و هاو سنور له‌گه‌ڵ كۆتا خاڵی‌ سنوری‌ ناوچه‌كانی‌ (سۆران‌و حاجی‌ ئۆمه‌ران)ی‌ كوردستانی‌ عێراق كاری‌ كۆڵبه‌ری‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ی‌ ئاشكراكرد كه‌ به‌ر له‌ دوو مانگ به‌ ده‌ستڕێژی‌ گولـله‌ی‌ پاسدارانی‌ ئێران بریندار بووه‌و هاوڕێكه‌شی‌ گیانی‌ له‌ده‌ست داوه‌، باسی‌ له‌وه‌ش كرد به‌مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ر به‌برینداری‌ گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ شاری‌ هه‌ولێرو له‌وێ‌ چاره‌ی‌ بۆ كراوه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ كاره‌وه‌، پاش چاكبوونه‌وه‌ی‌ برینه‌كه‌ی‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌مان كار.

 

جگه‌ له‌گولله‌ی‌ پاسداران، مه‌ترسییه‌كی‌ تر له‌سه‌ر ژیانی‌ كۆڵبه‌ره‌كان ئه‌و مینه‌ چێندراوانه‌ن كه‌ له‌ جه‌نگی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ عێراق ئێراندا چێنراون.

 

به‌پێی‌ راپۆرتێكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ كوردستان كه‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ كوردستانی‌ ئێرانه‌، له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ تا كۆتایی مانگی‌ ئاب  (7) كۆڵبه‌ر له‌سه‌ر سنوره‌كانی‌ شاری‌ (ماكۆ) له‌نێوان عێراق‌و ئێران به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ مینه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و (27) كۆڵبه‌ری‌ تریش بریندار بوون.

 

ئه‌م ماوه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئێران زیاتر له‌جاران رێوشوێنه‌كانی‌ توندوتۆڵكردووه‌، بۆیه‌ باس‌و خواسی‌ كۆڵبه‌ره‌كان زیاتر له‌ئارادایه‌، له‌مانگی‌ ئابی‌ ئه‌مساڵدا له‌ شاره‌ كوردییه‌كانی‌ كوردستانی‌ ئێران (بانه‌‌و سنه‌‌و مه‌ریوان‌و سه‌رده‌شت) بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێك بۆ پشتیوانی‌ له‌كۆڵبه‌ران خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی‌ ئه‌و شارانه‌وه‌ ئه‌نجامدران.

 

عه‌بدولسه‌لام قادری‌، پیاوێكی‌ ته‌مه‌ن 60 ساڵی‌ دانیشتوی‌ شاری‌ (بانه‌)یه‌ له‌كوردستانی‌ ئێران‌و باوكی‌ واحید قادری‌ كۆڵبه‌ره‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ مانگی‌ ته‌مموزی‌ ئه‌مساڵ به‌هۆی‌ ده‌ستدرێژی‌ گولله‌ی‌ پاسدارانه‌وه‌ كوژرا.

 

عه‌بدولسه‌لام له‌رێی‌ په‌یوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ به‌قوڕگی‌ پڕ گریانه‌وه‌ قسه‌ی‌ بۆ "نیقاش" كردو وتی‌ "كوڕه‌كه‌م هه‌شتا كیلۆ باری‌ به‌كۆڵه‌وه‌ بوو كه‌ پاسداره‌كان دایانه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی‌ گولله‌و كوشتیان".

 

یه‌كێكی‌ تر له‌و كۆڵبه‌رانه‌ی‌ قسه‌ی‌ بۆ "نیقاش" كرد یاسین سه‌عیدی‌ ته‌مه‌ن 30 ساڵ بوو، ئه‌و خۆی‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ مه‌ریوانی‌ ئێرانه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ژی‌.

 

یاسین وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت له‌ته‌مه‌نی‌ دوانزه‌ ساڵییه‌وه‌ خه‌ریكی‌ ئه‌م كاره‌ بووه‌و تائێستاش به‌رده‌وامه‌، هه‌روه‌ها وتی‌ "ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئێران وتیان یان ده‌بێ‌ واز له‌كۆڵه‌به‌ری‌ بهێنیت یاخود ئێران جێبهێڵیت، منیش له‌ترسدا پێنج ساڵه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ژیم".

 

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ خواردنه‌ كهولییه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ئێراندا قه‌ده‌غه‌یه‌، بۆیه‌ یه‌كێك له‌باره‌ زه‌حمه‌ته‌كان كه‌ ده‌یگوازنه‌وه‌ ئه‌و خواردنه‌وانه‌یه‌، ده‌وترێ‌ روویداوه‌ هه‌ندێ‌ له‌كۆڵبه‌ره‌كانیش مادده‌ی‌ هۆشبه‌ریان له‌ئێرانه‌وه‌ هێنابێته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌رچه‌نده‌ كۆڵبه‌ره‌كان خۆیان ئه‌وه‌ به‌ته‌واوی‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

محه‌مه‌د فازڵ وته‌بێژی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاسایشی‌ ئیداره‌ی‌ ڕاپه‌ڕین له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ بۆ "نیقاش"  وتی‌ "ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر له‌وڵاتی‌ ئێران له‌رێگه‌ی‌ بازرگانه‌كانه‌كانه‌وه‌ ده‌هێندرێته‌ كوردستان‌و بازرگانانی‌ ئه‌و ماددانه‌ هه‌موو ڕێگایه‌ك تاقی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ به‌دووری‌ نازانین له‌ڕێگه‌ی‌ كۆڵبه‌رانه‌وه‌ ئه‌و مامه‌ڵانه‌ ئه‌نجام بدرێت،  یاخود به‌بێ‌ ئاگاداری‌ كۆڵبه‌ران ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر بخرێته‌ ناو كۆڵه‌كانیانه‌وه‌".

 

كاری‌ سه‌ره‌كی‌ كۆڵه‌به‌ره‌كان له‌ئێستادا گواستنه‌وه‌ی‌ باره‌ بۆ دیوی‌ ئێران‌و هێنانی‌ هه‌ندێ‌ ورده‌ پێداویستییه‌ له‌و دیوه‌وه‌، به‌ڵام مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت له‌چه‌ند هه‌فته‌ی‌ داهاتوودا ئه‌ركه‌كه‌یان پێچه‌وانه‌ ببێته‌وه‌.

 

به‌هۆی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ جدیی له‌ئارادایه‌ كه‌ ئێران به‌شێك له‌سنوره‌كانی‌ به‌رووی‌ كوردستاندا نه‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م گریمانه‌یه‌ سه‌ربگرێت، ئه‌وه‌ قورسایی دابینكردنی‌ كه‌لوپه‌له‌كانی‌ كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ كۆڵبه‌ران، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێكی‌ گرنگی‌ بازاڕه‌كه‌ی‌ له‌رێی‌ ئێرانه‌وه‌ پڕده‌كرێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌