راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شاده‌ماری‌ ئه‌نبار
ده‌روازه‌ی سنووری ترێبیل هێشتا ده‌رگاكانی نه‌كردۆته‌وه‌

که‌مال عه‌یاش
به‌مدواییانه‌ هه‌ردوو لایه‌نی عێراقی‌و ئوردنی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری ترێبیل-یان له‌ئه‌نبار راگه‌یه‌ندرا ئه‌ویش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاروباره‌كانی.
4.10.2017  |  ئه‌نبار
وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ عێراق قاسم ئه‌عره‌جی‌ له‌ده‌روازه‌ سنورییه‌كه‌
وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ عێراق قاسم ئه‌عره‌جی‌ له‌ده‌روازه‌ سنورییه‌كه‌

سنوورێكی كارگێڕی نێوده‌وڵه‌تی پارێزگای ئه‌نبار جیاده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێگه‌یه‌كی بازرگانی گرنگی له‌نێوان هه‌رسێ ده‌وڵه‌تی سوریا، ئوردن‌و سعودیه‌‌و هه‌ر پێنج پارێزگای به‌غدا، سه‌ڵاحه‌دین، نینه‌وا، كه‌ربه‌لا‌و نه‌جه‌ف، پێبه‌خشیوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ رووبه‌رێكی گه‌وره‌ی خاكی عێراق پێكده‌هێنێت، چوار ده‌روازه‌ی سنووری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ تێدا دروست كراوه‌ بۆ ئاسانكاری جموجوڵی بازرگانی.

 

له‌م چوار ده‌روازه‌یه‌، هه‌یانه‌ به‌هۆی ناكۆكی سیاسی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقدا به‌ر له‌ ساڵی 2003 داخراوه‌ وه‌ك داخستنی ده‌روازه‌ی "جه‌دیده‌ عه‌رعه‌ر" له‌گه‌ڵ سعودیه‌، هه‌شیانه‌ له‌دوای باڵاده‌ستی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان داخراوه‌ وه‌ك ده‌روازه‌ی سنووریی قائیم‌و ده‌روازه‌ی وه‌لید له‌گه‌ڵ سوریا، هه‌رچی ده‌روازه‌ی ترێبیلیشه‌ ئه‌وا ته‌نیا له‌لایه‌نی عێراقییه‌وه‌ داخراوه‌ به‌هۆی ره‌وشی ئه‌منی ناسه‌قامگیر‌و كۆنترۆڵكردنی ئه‌و رێگایانه‌ی ده‌چنه‌وه‌ی سه‌ری له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌.

 

له‌كۆتایی ساڵی 2014دا جموجوڵی ئابووری له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار (110 كم له‌خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) راوه‌ستا ئه‌ویش له‌دوای باڵاده‌ستبوونی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی پارێزگاكه‌دا، وه‌ك رێوشوێنێكی خۆپارێزیش، حكومه‌تی عێراق داخستنی هه‌موو ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی راگه‌یاند له‌وانه‌ش ده‌روازه‌ی سنووری ترێبیل كه‌ له‌ڕێی ده‌روازه‌یه‌كی ئابووری گرنگ بۆ هه‌ردوو وڵات عێراق به‌ ئوردنه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

 

له‌ 30ی ئابی 2017یشدا له‌نێو ئاهه‌نگێكی ره‌سمیدا به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ردوولایه‌نی عێراقی‌و ئوردنی، به‌ڕه‌سمی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری ترێبیل راگه‌یه‌ندرا، ئه‌ویش دوای چه‌ندین داواكاری له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئوردنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێویستی كارپێكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازه‌ سنوورییه‌ له‌به‌ر ئه‌و داهاته‌ی بۆ هه‌ردوولای دابین ده‌كات.

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ حكومه‌تی ئوردن رایگه‌یاندووه‌ له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاركردن له‌ده‌روازه‌كه‌دا ته‌واو كردووه‌، به‌ڵام پێده‌چێت حكومه‌تی عێراق هێشتا ئاماده‌ نه‌بووبێت بۆ كاركردن له‌و ده‌روازه‌یه‌ وه‌كو جاران، به‌تایبه‌تی كه‌ كاره‌كانی ژێرخانی ته‌واو نه‌كردووه‌ كه‌ كه‌شێكی دروست‌و ئارام بۆ به‌كارهێنه‌رانی ئه‌و ده‌روازه‌یه‌‌و ئه‌و رێگایانه‌ی ده‌چنه‌وه‌ی سه‌ری دابین ده‌كات، هه‌روه‌ك هێشتا زۆربه‌ی پرد‌و وێستگه‌كانی پشوودان وێرانن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان بۆسه‌ر هه‌ندێك ناوچه‌ به‌درێژایی ئه‌و رێگایه‌ی ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر ده‌روازه‌كه‌.

 

فالح عیساوی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی "كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری ترێبیل پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌ییه‌ كه‌ پێگه‌ی گرنگی ئابووری بۆ پارێزگاكه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ پارێزگاكه‌ خه‌ریكه‌ به‌سه‌قامگیری ئه‌منی شاد ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌ییش بێت، به‌ڵام كار بۆئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ژیان بۆ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌ گرنگ‌و بازرگانییه‌كان بگێڕینه‌وه‌، پێشمانوایه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌نبار ببێته‌وه‌ به‌ ده‌روازه‌یه‌كی بازرگانی گرنگ وه‌كو جاران".

 

هه‌روه‌ها وتی "ئه‌و میكانیزمه‌ی له‌لایه‌نی عێراقییه‌وه‌ ده‌گیرێته‌به‌ر به‌وپێیه‌ی كه‌ له‌بارودۆخێكی ئه‌منی تاڕاده‌یه‌ك ناسه‌قامگیردا ده‌ژی، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ست ده‌كه‌ین به‌دابینكردنی پارێزگاری كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ئه‌ستۆی ده‌گرن‌و ئه‌ركیان یاوه‌ریكردنی بارهه‌ڵگر‌و كاڵاكان ده‌بێت له‌كاتی هاتنه‌ناوه‌وه‌یان بۆ خاكی عێراق تا ده‌گه‌نه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ته‌واوی ئاسایشیان پارێزراوه‌، ئه‌ویش به‌گوێره‌ رێڕه‌وێكی ره‌سمی كه‌ رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ به‌بێ تێپه‌ڕین به‌ شاری رومادی یاخود فه‌لوجه‌دا، به‌ڵكو ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ به‌ره‌و ناوچه‌كانی باشووری رومادی به‌ئاڕاسته‌ی عامرییه‌ی فه‌لوجه‌ ده‌ڕۆن‌و له‌وێشه‌وه‌ به‌ئاڕاسته‌ی به‌غدای پایته‌خت یاخود به‌ ئاڕاسته‌ی پارێزگاكانی باكوور‌و باشوور".

 

ئه‌و رێگایه‌ی عێراق‌و ئوردن پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ تائێستاش وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌كی ترسناكه‌ بۆ به‌كارهێنه‌رانی، به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ی ئه‌و رێگایه‌ به‌كارده‌هێنن به‌به‌رده‌وامی دووچاری هێرشی داعش ده‌بنه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی هێرشه‌كانیش به‌ باڵاده‌ستبوونی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كۆتاییان دێت، به‌ڵام ده‌بنه‌ هۆی زیانێكی گیانی‌و ماددی زۆر، ئه‌وه‌ش دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ی نیگه‌ران كردووه‌ كه‌ چاویان له‌وه‌یه‌ رێوشوێنی راسته‌قینه‌‌و مه‌دروس بگیرێته‌به‌ر به‌ر له‌هه‌موو شتێك ئاسایش‌و ئارامییان بۆ دابین بكات.

 

عیماد دلێمی قایمقامی روتبه‌ دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ "كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوو كه‌ ده‌مانخواست‌و ناتوانرێت ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ وه‌كو جارانی لێ بێته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانه‌كه‌ی بكرێت كه‌ تا ئێستاش به‌ته‌واوی وێرانه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌گرتنه‌ده‌ستی رێگای نێوده‌وڵه‌تی نێوان هه‌ردوو وڵات له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌ته‌واوی‌و مسۆگه‌ركردنی په‌لامارنه‌دانی به‌كارهێنه‌رانی رێگای نێوده‌وڵه‌تی نێوان هه‌ردوو وڵات له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌".

 

وتیشی "جموجوڵی بازرگانی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌پارێزرێت كه‌ بریتیه‌ له‌ كاروانی ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ی به‌یاوه‌ری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هاتووچۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی نییه‌‌و به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق تێچوونی سه‌ربار ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ بۆ پاراستنی ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌، ته‌نیا سوودمه‌ند له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كه‌ لایه‌نی ئوردنییه‌ ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ سه‌قامگیره‌ی هه‌یه‌تی، به‌ڵام عێراق هێشتا پێویستی به‌ هه‌نگاوی دیكه‌یه‌ تا بتوانێت كردنه‌وه‌كه‌ رابگه‌یه‌نێت‌و دڵنیابێت له‌ جموجوڵێكی ئاسان‌و سه‌لامه‌تی بازرگانی، به‌بێ گرفت‌و هه‌ڕه‌شه‌".

 

شۆفێری بارهه‌ڵگر‌و ئۆتۆمبێله‌كان خۆیان له‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازه‌یه‌دا نه‌بینیوه‌ته‌وه‌‌و هه‌واڵی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كه‌ش دڵخۆشی نه‌كردوون، زۆربه‌شیان دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هێشتا بارودۆخی ئه‌منی مه‌ترسییه‌ بۆسه‌ر به‌كارهێنه‌رانی ئه‌و رێگایه‌‌و گۆڕینی رێڕه‌وه‌كه‌ بۆ رێگای لاوه‌كی له‌ ده‌ره‌وه‌ی رێگا نێوده‌وڵه‌تییه‌ خێراكه‌ به‌بێ تێپه‌ڕین به‌ هه‌ردوو شاری رومادی‌و فه‌لوجه‌دا، هاتووچۆ سه‌ختتر ده‌كات‌و خوڵقاندنی مه‌ترسیه‌ له‌ڕێی به‌كارهێنانی رێگای نه‌گونجاو بۆ بارهه‌ڵگری گه‌وره‌‌و پاسی گه‌شتیاری.

 

ناسر فه‌هداوی (49 ساڵ) كه‌ وه‌ك شوفێری پاسێكی گه‌شتیاری كار ده‌كات، زۆر دڵخۆش نه‌بوو به‌هه‌واڵی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری ترێبیل، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زانیویه‌تی كه‌ كردنه‌وه‌كه‌ مه‌رجداركراوه‌ به‌ ته‌نیا گواستنه‌وه‌ی كاڵا‌و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ده‌روازه‌كه‌ بۆ جموجوجوڵی گه‌شتیاری‌و گه‌شتیارانی نێوان هه‌ردوو وڵات نه‌دراوه‌، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی باش ده‌زانێت كه‌ هێشتا به‌شێكی زۆری رێگای نێوان به‌غدای پایته‌خت‌و ده‌روازه‌ی سنووری ترێبیل له‌ژێر ده‌ستی داعشدایه‌.

 

فه‌هداوی به‌ "نیقاش"ی وت "رێگای نێوان به‌غدا‌و ده‌روازه‌كه‌ 450 كیلۆمه‌تر ده‌بێت، رێگایه‌كی دوور‌و درێژه‌‌و ژێرخان‌و چێشتخانه‌‌و وێستگه‌ی پشوودانی نییه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ری په‌لاماردانی گه‌شتیاران‌و به‌كارهێنه‌رانی رێگاكه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌كانی داعشه‌وه‌ له‌ هه‌ر كاتێكدا له‌ ئارادایه‌".

 

هه‌روه‌ها وتیشی "راگه‌یاندنی كردنه‌وه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌‌و به‌م په‌له‌ په‌له‌ییه‌‌و به‌بێ دابینكردنی ئه‌و پێداویستیانه‌، مه‌راییكردنه‌ بۆ هه‌ندێك له‌و كۆمپانیایانه‌ی گواستنه‌وه‌‌و بازرگانان كه‌ ره‌نگه‌ توانیبێتیان رێككه‌وتنی وا بكه‌ن به‌شێكی زۆری ئه‌و پاره‌یه‌یان لێوه‌ ده‌ست بكه‌وێت كه‌ بۆ هاتنه‌ناوه‌ی كاڵاكان له‌ ده‌روازه‌كانی دیكه‌وه‌ خه‌رجی ده‌كه‌ن، ئه‌و رێگایانه‌ش چ وشكانی بن یان ئاسمانی به‌به‌راورد به‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری ترێبیل دابینی ده‌كات، هه‌موویان تێچوویان زۆره‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌