راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هاوكێشه‌یه‌كی‌ كه‌م وێنه‌
كوردستان خۆی‌ پێویستی‌ به‌مریشكه‌ كه‌چی‌ ره‌وانه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌كات

سەلام هانەدنی
چه‌ند ساڵێكه‌ خاوه‌ن كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانی‌ كوردستان داد‌و بێدادیانه‌ به‌ده‌ست ئه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌مه‌كانیان له‌بازاڕه‌كانی‌ كوردستان ساغ نابێته‌وه‌و به‌رهه‌می‌ هاورده‌كراو سه‌ری‌ بازرگانییه‌كه‌یانی‌ خواردووه‌.
17.08.2017  |  هه‌ڵه‌بجه‌
کێڵگەیەکی پەلەوەر
کێڵگەیەکی پەلەوەر

له‌كوردستان هاوكێشه‌یه‌كی‌ سه‌یر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ زۆروزه‌وه‌نده‌ی‌ له‌بواری‌ په‌له‌وه‌ردا دێته‌ به‌رهه‌م بۆ ده‌ره‌وه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت، كه‌چی‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ پێداویستی‌ ناوخۆ له‌وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ به‌رهه‌می‌ په‌له‌وه‌ر هاورده‌ ده‌كرێت.

 

خاوه‌ن كێڵگه‌كانی‌ په‌له‌وه‌ر باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كانی‌ پشتگوێ‌ خستووه‌و وڵاتانی‌ دراوسێش به‌ئه‌نقه‌ست به‌نرخی‌ هه‌رزان به‌روبوومی‌ په‌له‌وه‌ری‌ ده‌ڕژێننه‌ بازاڕه‌كانی‌ كوردستانه‌وه‌.

 

سه‌رحه‌د حه‌مه‌ عه‌لی‌ خاوه‌نی‌ كێڵگه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ په‌له‌وه‌ره‌ له‌نزیك هه‌ڵه‌بجه‌، گله‌یی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات به‌روبوومی‌ هاورده‌كراو سه‌ری‌ به‌رهه‌مه‌كانی‌ ئه‌وانی‌ خواردووه‌و كێبڕكێیه‌كی‌ نایه‌كسانی‌ خولقاندووه‌.

 

سه‌رحه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "زۆر به‌ساده‌یی‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌روبوومی‌ كێڵگه‌كانی‌ ناوخۆ به‌شی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ناكات، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو به‌رهه‌مه‌كه‌مان له‌بازاڕدا ساغ ببێته‌وه‌، كه‌چی‌ بازاڕه‌كانی‌ كوردستان پشت به‌به‌روبوومی‌ هاورده‌كراو ده‌به‌ستن‌و ئێمه‌ش ده‌بێت به‌روبوومه‌كه‌مان ره‌وانه‌ی‌ شاره‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و خوارووی‌ عێراق بكه‌ین".

 

ده‌شڵێت "جیا له‌و بڕه‌ گۆشته‌ به‌ستووه‌ی‌ كه‌ له‌رێگه‌ی‌ مه‌رزه‌كانه‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ هاورده‌ ده‌كرێت، هه‌ندێك له‌بازرگان له‌رێگه‌ی‌ مه‌رزه‌ لاوه‌كیه‌كانیشه‌وه‌ به‌شێوه‌ی‌ قاچاخ گۆشتی‌ مریشكی‌ به‌ستوو هاورده‌ ده‌كه‌ن ده‌یخه‌نه‌ بازاره‌كانی‌ هه‌رێم  كه‌ئه‌مه‌ش یه‌كێكی‌ تر له‌هۆكاره‌كان كه‌ به‌رهه‌می‌ ناوخۆ ساغ نه‌بێته‌وه‌".

 

كێڵگه‌كانی‌ په‌له‌وه‌ر له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ ژماره‌یان به‌سه‌دانه‌، بڕێكی‌ زۆر مریشك‌و هێلكه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنن، كه‌چی‌ به‌شی‌ زۆری‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یان ته‌نیا له‌شاره‌كانی‌ ناوه‌ڕست‌و خوارووی‌ عێراق بازاڕی‌ بۆ په‌یدا ده‌كرێت.

 

وانه‌بێت ته‌نیا سه‌رحه‌د به‌ده‌ست ئه‌م كێشه‌یه‌وه‌ گیرۆده‌ بووبێت، به‌ڵكو ئه‌مه‌ گرفتی‌ هه‌موو خاوه‌ن كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانی‌ دیكه‌شه‌، به‌رپرسانی‌ حكومیش جگه‌ له‌ده‌ربڕینی‌ هاوسۆزی‌، پشتیوانییه‌كی‌ ئه‌وتۆیان ناكه‌ن كه‌ بازاڕه‌كه‌یان ببوژێته‌وه‌.

 

ره‌مه‌زان محه‌مه‌د به‌رێوه‌به‌ری‌ سامانی‌ ئاژه‌ڵ له‌وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاوی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان هاوكێشه‌ی‌ نێوان بازرگان‌و خاوه‌ن كێڵگه‌كانی‌ په‌له‌وه‌ریان بۆ رێكناخرێته‌وه‌و ده‌ڵێت "ئه‌و بازرگانانه‌ی‌ به‌روبومی‌ په‌له‌وه‌ر ده‌هێنن باڵاده‌ستترن له‌خاوه‌ن كێڵگه‌كانی‌ په‌له‌وه‌ر، بۆیه‌ به‌روبوومی‌ كێڵگه‌كانی‌ ناوخۆ گرنگی‌ پێنادرێت".

 

ره‌مه‌زان پشتیوانی‌ رای‌ خاوه‌ن كێڵگه‌كان ده‌كات‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "وڵاتانی ده‌وروبه‌ر له‌هه‌وڵدان بۆ شكست پێهێنانی‌ پیشه‌سازی‌ په‌له‌وه‌ر له‌هه‌رێم، له‌ڕێگه‌ی هه‌نارده‌كردنی به‌روبوومی هه‌رزانتر له‌نرخی خۆی، به‌به‌رنامه‌ كار بۆ شكستپێهێنانی‌ پیشه‌سازیی په‌له‌وه‌ر له‌كوردستان ده‌كه‌ن، رێكخستنێكی باشیش له‌نێوان خاوه‌ن پرۆژه‌و كێڵگه‌كان نییه‌، له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ تائێستا پیشه‌سازیی په‌له‌وه‌ر نه‌یتوانیوه‌ به‌ته‌واوی‌ بكه‌وێته‌ سه‌رپێ".

 

به‌پێی‌ مه‌زه‌نده‌یه‌كی‌ پزیشكی‌ فه‌رمی‌، هه‌ر هاوڵاتییه‌ك ساڵانه‌ پێویستی‌ به‌ 25 كیلۆ گۆشتی‌ مریشك‌و 15 كیلۆ گۆشتی‌ سوری‌ حه‌یوان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌پێی‌ ئه‌و بازرگانییه‌ی‌ له‌كوردستان هه‌یه‌ پێده‌چێت پێویستییه‌كه‌ بۆ تاكی‌ كورد زیاتر بێت. 

 

ئامارێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاوی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ روو كه‌ هه‌زارو 350 پرۆژه‌ی‌ په‌له‌وه‌ر له‌كوردستان هه‌نو رۆژانه‌ نزیكه‌ی‌ 90 هه‌زار تۆن گۆشتی‌ مریشك ده‌خه‌نه‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌شی‌ پێداویستی‌ ناوخۆ ناكات.

 

دكتۆر جه‌مال شكوری‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ گرنتینه‌ی‌ كشتوكاڵی‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌گه‌ر دانیشتوانی‌ هه‌رێم به‌پێنج ملیۆن كه‌س مه‌زه‌نده‌ بكه‌ین‌و هه‌ر تاكێك ساڵانه‌ 25 كیلۆ مریشكی‌ پێویست بێت، ئه‌وا ساڵانه‌ 125 هه‌زار  تۆن مریشكمان پێویسته‌، ئه‌وپه‌ڕی‌ توانای‌ به‌رهه‌می‌ ناوخۆش 90 هه‌زار تۆنه‌، بۆیه‌ ناچاربووین رێگه‌ بده‌ین له‌ده‌ره‌وه‌ گۆشتی‌ مریشك هاورده‌ بكرێت".

 

هاتنی‌ به‌روبوومی‌ په‌له‌وه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ رێگری‌ كردووه‌ له‌وه‌ی‌ به‌روبوومی‌ ناوخۆ ساغ بكرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌شتا هه‌زار تۆن ساڵانه‌ گۆشتی‌ مریشك هاورده‌ی‌ كوردستان ده‌كرێت‌و له‌گه‌ڵ به‌شێكی‌ به‌رهه‌می‌ ناوخۆ پێداویستی‌ كوردستان پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌بێت ره‌وانه‌ی‌ شاره‌كانی‌ خواروو ناوه‌ڕاستی‌ عێراق بكرێت.

 

هه‌رچه‌نده‌ هه‌رچی‌ به‌رپرسانی‌ بواری‌ ته‌ندروستی‌‌و كشتوكاڵه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌رووی‌ كوالێتی‌‌و ته‌ندروستییه‌وه‌ به‌روبوومه‌كه‌ی‌ ناوخۆ باشتره‌، كه‌چی‌ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر بازاڕی‌ هه‌یه‌ به‌ربوومی‌ ده‌ره‌وه‌یه‌، هۆكاره‌كه‌ش روونه‌، به‌هۆی‌ هه‌رزانی‌ نرخی‌ به‌رهه‌مه‌ هاورده‌كراوه‌كانه‌وه‌یه‌.

 

سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و به‌روبوومه‌ په‌له‌وه‌رییه‌ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌هێنرێت وڵاتانی‌ توركیاو فه‌ره‌نساو ئۆكرانیاو هۆڵه‌نداو جۆرجیاو ئه‌مه‌ریكان كه‌ به‌رپرسانی‌ بواری‌ كشتوكاڵ ده‌ڵێن هه‌ندێك له‌وبه‌روبوومانه‌ له‌خوار ستانداردی‌ كارپێكراوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ن.

 

ئێستا خاوه‌ن كێڵگه‌كانی‌ په‌له‌وه‌ر له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌شه‌ڕێكی‌ سه‌ختی‌ چه‌ند به‌ره‌ییدان، له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌بێت به‌رگه‌ی‌ قه‌یرانی‌ ئابووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بگرن كه‌ خواستی‌ خه‌ڵكی‌ بۆ كڕینی‌ گۆشت‌و هێلكه‌ كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ ده‌بێت سه‌نگه‌ر بۆ به‌ربوومه‌ هاورده‌كراوه‌كان چۆڵ نه‌كه‌ن.

 

به‌رپرسانی‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵ‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان دڵخۆشن به‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌موو به‌ربه‌ست‌و قورساییه‌ هێشتا به‌روبوومی‌ ناوخۆ نه‌رووخاندووه‌و له‌ململانێ‌ به‌رده‌وامه‌.

 

ره‌مه‌زان محه‌مه‌د به‌رێوه‌به‌ری‌ سامانی‌ ئاژه‌ڵ له‌وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ وتی‌ "سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ سێ‌ ساڵه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا، كه‌چی‌ 150 كێڵگه‌ی‌ په‌له‌وه‌ری‌ نوێ‌ كراونه‌ته‌وه‌‌و ژماره‌ی‌ ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ داخراون ئێجگار كه‌من".

 

ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ كشتوكاڵ كه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت ئه‌وان پشتیوانی‌ به‌ربوومی‌ ناوخۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌ست‌و پێیان به‌ستراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ یاسایه‌ك نییه‌ ئه‌و بواره‌ رێك بخات.

 

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ وتی‌ "ته‌نیا له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردوودا 245 هه‌زار تۆن مریشكی‌ به‌ستوو له‌وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ هێنراوه‌ته‌ كوردستان، ئه‌وه‌ی‌ به‌ئێمه‌ كراوه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ به‌سه‌دان تۆنمان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌خوار ستانداردی‌ رێپێدراوی‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ بووه‌".

 

ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ كشتوكاڵ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ هه‌ره‌سی‌ به‌به‌رووبوونی‌ ناوخۆ نه‌هێناوه‌، به‌ڵام هۆشداریش ده‌دات له‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌رته‌ فه‌رامۆش بكرێت، به‌ته‌واوی‌ به‌رهه‌می‌ هاورده‌كراو سه‌ری‌ به‌روبوومی‌ ناوخۆ ده‌خوات‌و وتی‌ "ته‌نیا چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ باجێكی‌ قورس بخرێته‌ سه‌ر به‌ربوونی‌ هاوده‌كراو تا ده‌رگا له‌به‌رده‌م ساغبوونه‌وه‌ی‌ به‌ربوومه‌كانی‌ ناوخۆدا بكه‌ینه‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌