راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

جڵه‌وكردنی ئازادی كه‌سییه‌
له‌واست ژنان له‌بازاڕی كاركردن دوورده‌خرێنه‌وه‌

محەمەد زەیدی
كاركردن له‌گازینۆكانی شه‌وانه‌دا بۆ ژنانی كوت ئاسان نییه‌، بۆیه‌ هه‌ندێك خێزان یاوه‌ری ئه‌و كچانه‌یان ده‌كه‌ن كه‌ له‌و شوێنانه‌دا كارده‌كه‌ن تا دووچاری هه‌راسانكردنی لاوان نه‌بنه‌وه‌.
8.06.2017  |  واست
قاوەخانەی سەلام لەبەغدا ( :وێنه مقهى سلام في بغداد)
قاوەخانەی سەلام لەبەغدا ( :وێنه مقهى سلام في بغداد)

ره‌نگه‌ مرۆڤ هه‌ست به‌ شتێكی نامۆ بكات كاتێك ئوم سه‌حه‌ر روبه‌یعی په‌نجا ساڵان ده‌بینێت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ده‌چێته‌ گازینۆی (له‌مه‌ت حه‌بایب)ی شه‌وانه‌ له‌ناوه‌ڕاستی شاری كوتدا، به‌ڵام هاتنی ئه‌و ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌ ناچێته‌ چوارچێوه‌ی كارێك كه‌ له‌و گازینۆیه‌دا بیكات، به‌ڵكو بۆ یاوه‌ریكردنی هه‌ردوو كچه‌كه‌ی زینه‌ روبه‌یعی‌و سه‌حه‌ر روبه‌یعییه‌ كه‌ وه‌ك شاگرد له‌و گازینۆیه‌دا كارده‌كه‌ن.

 

بێكاری‌و جیاكاری له‌هه‌لی كار‌و جیاوازی له‌كرێ‌و هه‌لومه‌رجی ناله‌باری كاركردن، هه‌مووی فاكته‌ری نه‌رێنین‌و رۆڵی خۆیان ده‌گێڕن له‌وه‌ی ژنان ده‌رفه‌تی گونجاوی كاریان ده‌ستنه‌كه‌وێت.

 

زینه‌ (22 ساڵ)‌و خوشكه‌كه‌ی كه‌ له‌هه‌مان گازینۆدا كاری له‌گه‌ڵ ده‌كات رۆژانه‌ ته‌نیا 50 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن كه‌ ده‌كاته‌ 40 دۆلار، به‌شێكی بۆ پێداویستییه‌كانی ژیان خه‌رج ده‌كات‌و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌ڵیده‌گرێت بۆ كرێی ئه‌و خانووه‌ی خێزانه‌كه‌ی تێدا نیشته‌جێیه‌، به‌ڵام چاره‌نووسی ئه‌م كچه‌ وه‌ك چاره‌نووسی هاوتاكانی كه‌ له‌گازینۆ شه‌وانه‌كانی كوتدا كارده‌كه‌ن، كه‌وتۆته‌ به‌رده‌م ره‌شه‌با، ئه‌ویش دوای ئه‌و بڕیاره‌ حكومییه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای واست ده‌ریكرد كه‌ كاركردنی كچان له‌و جۆره‌ گازینۆیانه‌دا قه‌ده‌غه‌ ده‌كات.

 

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای واست له‌ رۆژی 25ی مانگی نیسانی رابردوودا بڕیارێكی ده‌ركرد‌و به‌وپێیه‌ كاری كچانی له‌كافتریاكانی شه‌وانه‌دا قه‌ده‌غه‌كرد به‌بیانووی پاراستنی ئه‌وه‌ی به‌ نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌یی ناوی ده‌بات كه‌ رێگری له‌و كاره‌ ده‌كات، له‌كاتی خۆیشیدا مازن زاملی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا داكۆكی له‌بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن كرد‌و پارێزگای واستی به‌یه‌كێك له‌كۆمه‌ڵگه‌ موحافزكاره‌كان له‌قه‌ڵه‌م دا‌و وتی: ناكرێت رێگه‌ به‌ دیارده‌ دزه‌كردووه‌كان بدرێت ته‌شه‌نه‌ بكه‌ن.

 

سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی پێیان وایه‌ ئه‌م بڕیاره‌ سنوورداركردنی ئازادییه‌ كه‌سییه‌كانه‌ یاخود هه‌ڵمه‌تی پێشوه‌ختی هه‌ڵبژاردنه‌، زینه‌ی شاگرد ده‌ڵێت: "نه‌بوونی ده‌رفه‌تی كار پاڵی پێوه‌نام ئه‌م جۆره‌ كاره‌ قبوڵ بكه‌م".

 

ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "من دایكی سێ منداڵم‌و دایكیشم به‌خێو ده‌كه‌م، كاركردنم له‌م شوێنه‌شدا بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی بژێوی‌و دانی كرێی ئه‌و خانووه‌یه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ تێیدا ده‌ژین".

 

ئه‌و كه‌ ناو به‌ناو بێده‌نگ ده‌بوو تا ئه‌و فرمێسكانه‌ی بسڕێت كه‌ له‌ چاوانی ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌، وتیشی: "هه‌موو رۆژێك به‌ یاوه‌ری خوشكه‌ بچووكه‌كه‌م‌و دایكم دێمه‌ ئێره‌‌و له‌دوای خۆم سێ منداڵ‌و به‌رپرسیارێتی‌و شه‌پۆلێك له‌ وتی وتی‌و پرسیارێكی زۆر سه‌باره‌ت به‌ هۆكاره‌كانی قبوڵكردنی ئه‌م كاره‌ به‌جێده‌هێڵم، به‌ڵام چار چیه‌ كه‌ كه‌می هه‌لی كار دیارترین ئاسته‌نگی به‌رده‌م هاوشێوه‌كانی من بێت".

 

به‌م دواییانه‌ هه‌ندێك له‌ پارێزگاكانی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك گازینۆی شه‌وانه‌یان به‌خۆوه‌ بینیوه‌ كه‌ چه‌ندین جۆری شه‌ربه‌ت‌و خواردنه‌وه‌‌و نێرگه‌له‌‌و هه‌ندێك خوارده‌مه‌نی سووك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌و گازینۆیانه‌ به‌وه‌ جیاده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی كارمه‌نده‌كانیان له‌ كچانی ته‌مه‌ن بچووكن، كه‌ ئه‌وه‌ش فاكته‌رێكه‌ بۆ راكێشانی كڕیاری زیاتر له‌وانه‌ی دوودڵنابن له‌وه‌ی پاداشتی پاره‌ بده‌نه‌ ئه‌و كچه‌ كارمه‌ندانه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش قازانجێكی زۆر بۆ خاوه‌ن گازینۆكه‌ به‌ده‌ستده‌هێنێت.

 

شه‌هدی شاگردیش كه‌ له‌ هه‌مان شوێن كارده‌كات، ده‌ڵێت: "نه‌ریته‌كانمان تۆمه‌تباركردنی زۆریان تێدایه‌‌و رێگه‌ ناده‌ن به‌ ژنان كار بكه‌ن به‌چاوپۆشین له‌ شوێن‌و شێوازی كاره‌كه‌".

 

شه‌هد قه‌یسی (18 ساڵ) پێیوایه‌ "تۆمه‌ت‌و زۆڵمێكی زۆر ده‌رهه‌ق به‌ كچانی كرێكار له‌و شوێنانه‌ هه‌یه‌" ده‌شڵێت "هه‌ندێك كه‌س وا سه‌یری كاركردن له‌ گازینۆكاندا ده‌كه‌ن كه‌ ئاماژه‌یه‌كی نه‌رێنییه‌ بۆ ژنان ئه‌وه‌ش به‌كه‌م سه‌یركردنی ژن‌و پیاوسالارییه‌كی بێ سووده‌".

 

سه‌جاد بودێری خاوه‌نی گازینۆی (هێل وه‌ له‌یل)ی شه‌وانه‌ پێیوایه‌ ئه‌و كاره‌ی ژنان له‌ گازینۆكاندا پێشكه‌شی ده‌كه‌ن له‌و كاره‌ جیاواز نییه‌ كه‌ له‌ گه‌شتیاری هۆتێل‌و كاری دیكه‌ی ناو ئۆفیسدا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن هه‌روه‌ها پێشی وایه‌ مامه‌ڵه‌ی حكومه‌تی خۆجێیی له‌گه‌ڵ ژنانی كرێكار له‌ گازینۆكانی شه‌وانه‌دا كۆمه‌ڵێك ناوزڕاندنی بێ پاساوی تێدابوو.

 

بودێری سه‌رسوڕمانی خۆی ده‌رده‌بڕێت له‌ هه‌وڵه‌ دووباره‌بووه‌كان بۆ دژایه‌تیكردنی تێكه‌ڵاوبوون‌و پێیوایه‌ "باشتر ده‌بوو كه‌ حكومه‌تی خۆجێیی ده‌رفه‌تی كاری گونجاوی بۆ كچان بدۆزیایه‌ته‌وه‌ به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ بدات".

 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه‌ بڕیاری رێگرتن له‌كاری ژنان له‌گازینۆكاندا تاچه‌ند ده‌ستووریه‌، مافناس حه‌سه‌ن موسه‌وی پێیوایه‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن زۆر كه‌لێنی ده‌ستووری تێدایه‌ كه‌ به‌ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌‌و ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی جڵه‌وكردنی ئازادیه‌ كه‌سییه‌كان".

 

موسه‌وی وتی "ده‌ستوور ئازادی كه‌سه‌كانی له‌نیشته‌جێبوون‌و كاركردن‌و بیروباوه‌ڕدا زامن كردووه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ داب‌و نه‌ریتی گشتیدا بگونجێت، هه‌تا بوونی كێشه‌یه‌ك یان سكاڵایه‌كیش له‌دژی یه‌كێك له‌و ژنانه‌ نه‌سه‌لمێت، ئه‌نجومه‌ن مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ كاركرنیان لێ قه‌ده‌غه‌ بكات".

 

هه‌روه‌ها وتیشی "نه‌ك ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو ته‌نانه‌ت دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ش ناتوانێت به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی بانگیان بكات، چونكه‌ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ بۆ تۆمه‌تباركردنیان، ژنانیش رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگێكی گه‌وره‌‌و ته‌قلیدی ده‌بنه‌وه‌ كه‌ خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ سێكته‌ری جیاجیا له‌بازاڕی كار به‌ڕوویاندا داده‌خرێن‌و به‌ره‌نگاری سه‌ختی زۆر‌و هه‌راسانكردن ده‌بنه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌لی كاركردن له‌یه‌كێك له‌فه‌رمانگه‌ی حكومییه‌كاندا".

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وتراوه‌ ده‌وترێت، چاره‌نووسی ئه‌م كچانه‌ هه‌ر به‌ند ده‌بێت به‌راده‌ی درككردنی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی به‌و رۆڵه‌ گه‌وره‌‌و به‌ها مه‌عنویه‌ی ژنان له‌بازاڕی كاردا پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك ئوم زینه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی رۆژانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌یاوه‌ریكردنی هه‌ردوو كچه‌كه‌ی له‌كاتی چوونیان بۆسه‌ر كار‌و گه‌ڕانه‌وه‌یاندا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌