راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نه‌بوونی تاپۆ هۆكاره‌
ئه‌نبارییه‌كان له‌قه‌رزی خانووبه‌ره‌ بێبه‌ش ده‌بن

که‌مال عه‌یاش
له‌كاتێكدا دانیشتووانی شاره‌ ئازادكراوه‌كان چاوه‌ڕوانی قه‌ره‌بووی حكومه‌ت بوون، كه‌چی‌ قه‌رزی خانووبه‌ره‌ هه‌مووانی تووشی شۆك كرد، به‌و پێیه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و كه‌سانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ تاپۆیان نییه‌.
18.05.2017  |  ئه‌نبار
اطفال عراقيون يسيرون في احد شوارع الفلوجة بتاريخ 29 كانون الثاني 2016 ( :وێنه صباح عرار : جيتي)
اطفال عراقيون يسيرون في احد شوارع الفلوجة بتاريخ 29 كانون الثاني 2016 ( :وێنه صباح عرار : جيتي)

به‌مدواییانه‌ حكومه‌تی خۆجێیی پارێزگای ئه‌نبار (110 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) رایگه‌یاند بانكی خانووبه‌ره‌ ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی بڕی 44 ملیار دیناری عێراقی كه‌ وه‌ك قه‌رزی ئاسانكراو به‌سه‌ر ئه‌و هاووڵاتیانه‌دا دابه‌ش ده‌كرێت كه‌ موڵك‌و ماڵیان له‌ئه‌نجامی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كاندا زیانی به‌ركه‌وتووه‌، قه‌رزه‌كه‌ش له‌نێوان 30 بۆ 50 ملیۆن دیناردایه‌، به‌ڵام چه‌ند مه‌رج‌و رێككارێك كه‌ به‌ئه‌سته‌م وه‌سف ده‌كرێن، رێگرن له‌وه‌ی زۆربه‌یان له‌و قه‌رزه‌ سوودمه‌ند بن كه‌ بۆ ئه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بێت بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌وانه‌ی خانووه‌كانیان رووخاوه‌‌و بێ لانه‌ بوون، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و جیاوازییه‌ی له‌نێوان هاووڵاتیاندا ده‌یكات له‌سه‌ر بنه‌مای جۆری موڵكه‌كه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پشكی ناوه‌ندی ناحیه‌ جیاوازه‌ له‌پشكی قه‌زا‌و پشكی ناوه‌ندی پارێزگا.

 

ئه‌حمه‌د جومه‌یلی (44 ساڵ) كه‌ نیشته‌جێی گه‌ڕه‌كی شوهه‌دایه‌ له‌باشووری فه‌لوجه‌ كاتێك به‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی زانی دڵی خۆش بوو، به‌ڵام تووشی شۆك بوو به‌و مه‌رجانه‌ی كه‌ له‌ودا نه‌بوون، چونكه‌ له‌خانوویه‌كدا ده‌ژی له‌سه‌ر زه‌ویه‌كی كشتوكاڵی دروستیكردووه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی به‌شێوازی فرۆشتنی به‌ش له‌ تاپۆیه‌كی كشتوكاڵیدا دابه‌شیكردووه‌.

 

جومه‌یلی به‌ "نیقاش"ی وت "زۆرینه‌ی خێزانه‌كان خانووه‌كانیان له‌سه‌ر زه‌وی كشتوكاڵی دروستكردووه‌ به‌و ئومێده‌ی دواتر جۆری موڵكه‌كه‌ بگۆڕدرێت، به‌ڵام قه‌ده‌ر له‌وه‌ خێراتر بو‌و كردینیه‌ قوربانی جه‌نگێك كه‌ خانو‌و موڵك‌و ماڵمانی كاول كرد، ئه‌مڕۆش ئێمه‌ مافی ئه‌وه‌مان نییه‌ داوای قه‌ره‌بوو یاخود ئه‌و قه‌رزه‌ بكه‌ین كه‌ بۆ زیانلێكه‌وتووان ته‌رخان كراوه‌، چونكه‌ تاپۆی خانووبه‌ره‌مان نییه‌".

 

هه‌روه‌ها وتی "چاومان له‌رێككارێكی حكومیه‌ یارمه‌تیمان بدات بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م میحنه‌ته‌مان، به‌ڵام هێشتا یاسا‌و رێككاره‌كان به‌هاووڵاتی پله‌ دوومان داده‌نێن، له‌ كاتێكیشدا موشه‌ك‌و به‌رمیله‌ ته‌قه‌مه‌نیه‌كان له‌ وێرانكاری‌و كاولكاری به‌ده‌ریان نه‌كردین، حكومه‌تی خۆجێیی دێت چه‌ند مه‌رج‌و یاسایه‌ك داده‌نێت‌و زۆرینه‌مان له‌ قه‌رزێك به‌ده‌ر ده‌كات دواتر له‌ بژێوی خۆمان ده‌یده‌ینه‌وه‌".

 

دیمه‌نی خانووی نیشته‌جێ له‌سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كان بووه‌ته‌ دیمه‌نێكی ئاسایی، به‌تایبه‌تی له‌دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خانووبه‌ره‌ له‌ناو شاره‌كاندا ئه‌مه‌ش خاوه‌نی زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كانی نزیك ئه‌و شارانه‌ی هاندا كه‌ خاوه‌نی نه‌خشه‌ی ئاوه‌دانین، وه‌به‌رهێنان له‌و زه‌ویانه‌دا بكه‌ن له‌ڕێی دابه‌شكردن‌و فرۆشتنیان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی خانووه‌ هه‌ڕه‌مه‌كیه‌كان له‌ ناو شاره‌كاندا كه‌ هه‌موویان وه‌ك یه‌ك كه‌وتنه‌ به‌ر مه‌ترسی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كان.

 

عه‌بدولمه‌جید عه‌بود (53 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتووانی ناوچه‌ی جزیره‌ی باكووری رومادی، ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "زۆربه‌ی خێزانه‌كان گرێبه‌ستی ره‌سمییان نییه‌، چونكه‌ یان له‌ زه‌ویه‌كی كشتوكاڵیدا نیشته‌جێن یاخود له‌ ناوچه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كیدا كه‌ پێی ده‌ڵێن "عه‌ره‌سه‌" یان له‌وانه‌ن كه‌ رووبه‌ری نیشته‌جێی ناو یه‌ك خانوویان له‌نێو خۆیاندا دابه‌شكردووه‌، ئه‌مانه‌ش رێژه‌ی زۆری ئه‌وانه‌ پێكده‌هێنن كه‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌‌و خانووه‌كانیان رووخاوه‌، زۆرینه‌شیان پاره‌یان نییه‌ بۆ بنیاتنان‌و دروستكردنه‌وه‌یان".

 

وتیشی "كاتێك ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی حكومه‌تی خۆجێییمان بیست كه‌ رایگه‌یاند قه‌رزی ئاسانكراوی بێ سوود ده‌دات بۆ یارمه‌تیدانی زیانلێكه‌وتووان، خۆشیه‌كه‌مان زۆری نه‌خایاند كه‌ زانیمان ئه‌و قه‌رزه‌ ئێمه‌ ناگرێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ دركمان به‌وه‌ كرد كه‌ قه‌رزه‌كه‌ ته‌نیا بۆ یارمه‌تیدانی كه‌سانی نزیك‌و گوزه‌ران باشه‌كان‌و هه‌ندێك له‌ هاووڵاتیانه‌یه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی زۆربه‌ی هه‌ژار‌و كه‌مده‌رامه‌تان ناكه‌ن".

 

عه‌بود هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت "ئه‌وانه‌ی له‌خانووه‌ هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كان‌و زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كاندا نیشته‌جێن له‌ چینی هه‌ژارانن‌و یه‌كه‌م كه‌سیش بوون كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌‌و یامه‌تیده‌ربوون له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیان بۆ شاره‌كه‌، ناوچه‌كانیشیان زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیانه‌ی تیرۆریستانیان كردبووه‌ ئامانج له‌ناو شاره‌كه‌‌و ده‌ره‌وه‌شیدا".

 

مه‌هدی حه‌مدانی (44 ساڵ) كه‌ فه‌رمانبه‌ری بانكه‌‌و یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتووانی شاری فه‌لوجه‌ قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی "ئه‌و قه‌رزه‌ بۆ خاوه‌ن داهاته‌ سنوورداره‌كان گونجاو نییه‌‌و نابێته‌ ده‌رفه‌تێكی نموونه‌ییش بۆ زۆرینه‌ی ئه‌و دانیشتووانانه‌ی خوازیارن خانووه‌كانیان بنیات بنێنه‌وه‌، چونكه‌ سوودمه‌ندبووان ده‌خاته‌ به‌رده‌م پابه‌ندبوونێكی مانگانه‌ كه‌ به‌پێی رێنماییه‌كانی بانكی خانووبه‌ره‌ ده‌بێت مانگانه‌ بڕی 417 هه‌زار دینار قیست بده‌ن بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ، له‌سایه‌ی ئه‌م باره‌ سسته‌ی ئابووریشدا ئێمه‌ وه‌ك سوودمه‌ندبووان ناتوانین گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ قیستی مانگانه‌ بده‌ینه‌وه‌ به‌ بانكه‌ حكومییه‌كان ئه‌گه‌ر قه‌رزه‌كه‌ش سوودی له‌سه‌ر نه‌بێت".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "پێدانی قه‌رز به‌و شێوه‌یه‌ نه‌ به‌خششه‌‌و نه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ وه‌ك بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت، به‌ڵكو سوودمه‌ندبوون‌و سووڕانه‌وه‌ی پاره‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای قازانجكردن له‌نێوان دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت‌و پابه‌ندكردنی هاووڵاتیانه‌ به‌ دانه‌وه‌ی بڕه‌پاره‌یه‌كی مانگانه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ دانانی نیشانه‌ی حجز له‌سه‌ر خانووی سوودمه‌ندبووان له‌به‌رژه‌وه‌ندی بانكه‌كه‌ تا ئه‌و كاته‌ی ته‌واوی قه‌رزه‌كه‌ ده‌داته‌وه‌".

 

ئوم ئه‌حمه‌د بێوه‌ژنێكی په‌نجا ساڵانه‌یه‌‌و به‌هۆی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی شاری فه‌لوجه‌وه‌ ئه‌حمه‌دی كوڕه‌ تاقانه‌ی له‌ده‌ست داوه‌ كه‌ هاوكاری بوو له‌ سه‌ختیه‌كانی ژیاندا، ئوم ئه‌حمه‌د خۆی له‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌دا نه‌بینیوه‌ته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی خۆجێیی له‌پارێزگای ئه‌نبار رایگه‌یاندووه‌.

 

ئوم ئه‌حمه‌د له‌نێو پاشماوه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بو‌و له‌ژێر سه‌قفی ژوورێكدا كه‌ خۆڕاگربووه‌ به‌ڕووی موشه‌ك‌و به‌رمیله‌ ته‌قه‌مه‌نییه‌كاندا، قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی "ژیانی نێو ئه‌م پاشماوانه‌م پێباشتره‌ له‌وه‌ی بچمه‌ ژێر باری قیستێكی مانگانه‌وه‌ كه‌ ناتوانم بیده‌مه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی قه‌رزم بدایه‌‌و بشمتوانیایه‌ بیده‌مه‌وه‌، چاوه‌ڕوانی ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی حكومه‌تم نه‌ده‌كرد كه‌ بۆنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی لێ دێت".

 

ئوم ئه‌حمه‌د دووپاتی كرده‌وه‌ "زۆرینه‌ی زیانلێكه‌وتووان له‌ شاره‌كانمان له‌ هه‌ژارانن، هه‌مووشمان پێویستمان به‌ ئاوڕلێدانه‌وه‌یه‌كه‌ یارمه‌تیده‌رمان بێت، نه‌ك بازرگانی به‌ خه‌م‌و ئازاره‌كانمانه‌وه‌ بكرێت، ئێمه‌ پێویستمان به‌ قه‌ره‌بووی ماددی‌و مه‌عنه‌وی هه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و وێرانكاری‌و كاولكارییه‌ی به‌سه‌رماندا هاتووه‌ كه‌ ئێمه‌ هۆكاره‌كه‌ی نه‌بووین، به‌ڵكو قوربانی پیلانگێڕی‌و ململانێكان بووین".

 

ئیبتیسام محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نباریش به‌ "نیقاش"ی وت "حكومه‌تی خۆجێیی له‌ پارێزگای ئه‌نبار باش ده‌زانێت كه‌ هاووڵاتیان شایانی قه‌ره‌بووی زۆرن له‌پای ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر خۆیان‌و موڵك‌و ماڵیان كه‌وتووه‌، ئه‌گه‌رچی پاره‌ی ته‌رخانكراومان نه‌بوو بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م زیانلێكه‌وتووان، به‌ڵام به‌ رێنمایی حكومه‌تی ناوه‌ندی توانیمان لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ته‌مه‌ند پێكبهێنین كه‌ ئه‌ركی هه‌ژماركردنی زیانه‌كان‌و پۆلێنكردنیانی گرته‌ ئه‌ستۆ به‌و ئومێده‌ی پاره‌ی پێویست به‌ده‌ستبهێنین بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م زیانلێكه‌وتووان".

 

وتیشی "هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی خۆجێیی‌و نوێنه‌رانی پارێزگای ئه‌نبار سه‌ركه‌وتوو بوون ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی پێویست به‌ده‌ستهێنرا بۆ كارئاسانی پێدانی قه‌رزی خانووبه‌ره‌ به‌ دانیشتووان له‌وانه‌ی زره‌رمه‌ند  بوون له‌ئه‌نجامی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان‌و وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ سووككردنی بارگرانی سه‌رشانی هاووڵاتیان، كاریش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت میكانیزمێك بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ قه‌رزه‌كه‌ سه‌رجه‌م  زیانلێكه‌وتووان بگرێته‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌