راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كاری‌ ژنان په‌ره‌ ده‌ستێنێ‌
له‌هه‌ڵه‌بجه‌ بازارێك كراوه‌ته‌وه‌ هه‌موو فرۆشیاره‌كانی‌ ژنن

سەلام هانەدنی
ده‌سته‌ی‌ خانمانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌، بڕیاریانداوه‌ هه‌فته‌ی‌ جارێك له‌باخی‌ گشتی‌ شاره‌كه‌یان هه‌فته‌بازارێك بۆ كچان‌و ژنانی‌ شاره‌كه‌یان بكه‌نه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ دارایی‌ به‌ده‌ستبهێنن.
4.05.2017  |  هه‌ڵه‌بجه
بازاری ژنانی هەڵەبجە ( :وێنه Salam Hanadni)
بازاری ژنانی هەڵەبجە ( :وێنه Salam Hanadni)

هه‌موو رۆژانی‌ چوارشه‌ممه‌یه‌ك له‌كاتژمێر 10ی‌ سه‌رله‌به‌یانی‌ تاكو 4ی‌ ئێواره‌ له‌باخی‌ گشتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ژماره‌یه‌ك له‌كچان‌و ژنان به‌رهه‌مه‌كانیان كه‌ خۆیان دروستی‌ ده‌كه‌ن، ده‌خه‌نه‌ روو بۆ كڕیاران‌و ئه‌وانیش په‌یتاپه‌یتا سه‌ردانی‌ ئه‌و هه‌فته‌ بازاره‌ده‌كه‌ن.

 

ئه‌و ژنانه‌ ده‌سته‌یه‌كیان پێكهێناوه‌ به‌ناوی‌ "ده‌سته‌ی‌ خانمانی‌ ده‌ست ره‌نگینی‌ هه‌ڵه‌بجه‌"، به‌رپرسی‌ ده‌سته‌كه‌ سندوس حسین بۆ "نیقاش" وتی‌ "ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ فڕێی‌ ده‌ده‌ن ئێمه‌ جارێكی‌ تر به‌كاریان ده‌هێنینه‌وه‌، هه‌م ژینگه‌ی‌ پێ ده‌پارێزین‌و هه‌م ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ داهات بۆمان".

 

سه‌ره‌تا بۆ تاقیكردنه‌وه‌ رۆژی‌ 8ی‌ مارسی‌ ئه‌مساڵ ژنانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بازاڕه‌كه‌یان كردووه‌ته‌وه‌، ئیتر له‌وه‌ به‌دواوه‌ عاده‌تیان پێگرت‌و هه‌موو چوار شه‌ممه‌یه‌ك دووباره‌ی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

سندوس ووتیشی‌ "ئه‌و ژنانه‌ی‌ كه‌له‌و هه‌فته‌بازاره‌دا به‌شدارن زیاتر له‌ 20 ژنن‌و رۆژانه‌ش  ژنی‌ تردێته‌ لامان‌و داواده‌كان كه‌ كاربكات له‌گه‌ڵمان".

 

كچان‌و ژنان له‌وێ‌ له‌رووبه‌رێكی‌ كه‌مدا كه‌لوپه‌له‌كانیان له‌به‌رده‌م خۆیان داناوه‌ كه‌ بریتین له‌جلوبه‌رگی‌ به‌ده‌ستچنراو‌و كاری‌ جوانكاری‌ ناوماڵ‌و رستن‌و چنین‌و خوارده‌مه‌نیه‌كان‌و گیابه‌هاریه‌كان‌و نانی‌ تیری‌‌و نانی‌ هه‌ورامی‌، كه‌لانه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و موتو مورو قوتوانه‌ی‌ له‌پارچه‌ فڕێدراوه‌كان دروست ده‌كرێن.

 

یه‌كێك له‌و ژنانه‌ی‌ كه‌ به‌دروستكردنی‌ نانی‌ هه‌ورامی‌‌و كه‌لانه‌ له‌هه‌فته‌ بازاركه‌دا به‌شداره‌ (نه‌خشین نامیق)ه‌ ئه‌و بۆ "نیقاش" وتی‌ "زۆرێك له‌و كچ‌و ژنانه‌ی‌ به‌شدارن له‌م هه‌فته‌ بازاره‌و كاری‌ فرۆشیاری‌ ده‌كه‌ن خاوه‌نی‌ بروانامه‌ن‌و دانه‌مه‌زراون، ئه‌مه‌ش هه‌لێكی‌ تره‌ بۆیان كه‌ لێره‌ كۆببنه‌وه‌‌و كارێك بكه‌ن، خۆم یه‌كێكم له‌وانه‌و ماوه‌ی‌ شه‌ش ساڵه‌ خوێندنم ته‌واو كردوه‌‌و هیچ كارێكم ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌، بۆیه‌ خه‌ریكم نانی‌ هه‌ورامی‌ دروست ده‌كه‌م و ده‌یفرۆشم".

 

ژنانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌كۆنه‌وه‌ شانبه‌شانی‌ پیاوانیان كاریان كردوه‌، رۆڵێكی‌ گرنگیان هه‌بووه‌ له‌به‌رێوه‌بردنی‌ پۆسته‌ ئیداری‌‌و كارگێریه‌كان، به‌جۆرێك یه‌كه‌م ژن له‌كورستان كه‌ بووه‌ته‌ قایمقام هه‌ر له‌هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ (عادیله‌ خانم).

 

ئه‌وه‌ی‌ كارئاسانی‌ بۆ ژنانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ دوان له‌گه‌وره‌ترین كاربه‌ده‌سته‌كانیان ژنن، ئه‌وانیش قایمقامی‌ شاره‌كه‌و سه‌رۆكی‌ شاره‌وانین.

 

 سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ خۆیشی‌ ژنه‌، هاوكار بووه‌ له‌سه‌رخستنی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌و ئاسانكاری‌ بۆ خاوه‌ن پیشه‌و به‌هره‌كان.

 

كوێستان ئه‌كره‌م سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاری‌ خانمانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌م، ئه‌وان كه‌داوای‌ باخی‌ گشتیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌مه‌كانیان دابنین من راسته‌وخۆ رازیی‌ بووم‌و زۆرم پێخۆش بوو".

 

كوێستان ئه‌كره‌م وتیشی‌ "جیا له‌باخی‌ گشتی‌، له‌به‌رامبه‌ر بینای‌ شاره‌وانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پارچه‌زه‌ویه‌كمان هه‌یه‌ كه‌ موڵكی‌ شاره‌وانیه‌، بریارمداوه‌ بیده‌مه‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ هه‌فته‌ بازاره‌كه‌یان جێگیر بێت‌و نزیكیش بێته‌وه‌ له‌ناو جه‌رگه‌ی‌ شار".

 

بازاڕه‌كه‌ی‌ چوارشه‌ممه‌ی‌ ژنان به‌رده‌وام كڕیاری‌ هه‌یه‌و قه‌ره‌باڵغه‌، به‌شێك له‌كڕیاره‌كان بۆ ده‌ستخستنی‌ پێداویستییه‌كان ده‌چن‌و به‌شێكی‌ تریان ته‌نیا مه‌به‌ستیانه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ به‌رده‌وام بێت.

 

هه‌ورامان محه‌مه‌د یه‌كێكه‌ له‌كڕیاره‌كان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌مه‌ كارێكی‌ زۆر جوان‌و جیاوازه‌ كه‌ ئه‌م ژنانه‌ كردویانه‌، من زۆر پێی‌ دڵخۆش بووم".

 

وتیشی‌ "له‌راستیدا من هیچم نه‌كڕی‌‌و ته‌نیا بۆ خوارنه‌وه‌ی‌ چایه‌ك هاتمه‌ ئێره‌، به‌ڵام بڕیارمداوه‌ هه‌رچییه‌كم بوێت ئیتر بێم له‌م هه‌فته‌ بازاڕه‌ بیكڕم".

 

یه‌كێكی‌ تر له‌كڕیاره‌كان ناوی‌ رۆژان ناسر بوو كه‌ چوارشه‌ممه‌ی‌ رابردوو هاتبووه‌ بازاڕه‌كه‌، ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م هه‌فته‌ بازاره‌ كارێكی‌ ناوازه‌و جیاوازه‌ ژنان كه‌ دێنه‌ ئێره‌ زۆر مورتاحن، چونكه‌ شوێنی‌ حه‌وانه‌وه‌شی‌ تێدایه‌".

 

وتیشی‌ "له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كمدا سه‌ردانی‌ ئه‌م هه‌فته‌ بازاره‌مان كردوو چه‌ند كه‌لوپه‌لێكمان كڕی‌، بڕیارماندا ئه‌مه‌ بكه‌ینه‌ پیشه‌ی‌ هه‌موو هه‌فته‌یه‌كمان".

 

ئه‌وانه‌ی‌ بازاڕه‌كه‌یان كردووه‌ته‌وه‌ گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌رزانی‌ نرخ كڕیار رابكێشێت، بۆیه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن نرخه‌كانیان زۆر له‌بازاڕ هه‌رزانتره‌.

 

سندوس حسین به‌رپرسی‌ ده‌سته‌ی‌ خانمانی‌ ده‌ست ره‌نگین به‌"نیقاش"ی‌ وت "نرخی‌ كه‌لوپه‌له‌كانی‌ ئێمه‌ زۆر هه‌رزانتره‌ له‌بازار، جاران كه‌ خۆمان به‌رهه‌مه‌كانمان ساغ نه‌ده‌كرده‌وه‌، فرۆشیاره‌كان زۆر به‌هه‌رزان لێیان وه‌رده‌گرتین، به‌ڵام ئێستا خۆمان ده‌یفرۆشین‌و قازانجه‌كه‌مان زیاتره‌".

 

وتیشی‌ "هه‌ر ژنێكی‌ دیكه‌ له‌سنوری‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ حه‌زبكات به‌شداربێت له‌م هه‌فته‌ بازاڕه‌و به‌هره‌یه‌كی‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ هه‌موو كارئاسانییه‌كی‌ بۆ ده‌كه‌ین".

 

له‌ماوه‌ی‌ یه‌ك دوو ساڵی‌ رابردوودا كاركردنی‌ ژنان به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌هه‌ڵه‌بجه‌ په‌ره‌ی‌ سه‌ندووه‌، به‌جۆرێك له‌كارگه‌ی‌ درومانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ زیاتر له‌سه‌د ژن كارده‌كه‌ن‌و به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ خۆپاراستنی‌ ته‌ندروستیش زیاتر له‌ 50 كارگه‌ی‌ دروستكردنی‌ نان له‌و شاره‌ مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان نزیكه‌ی‌ 10 ژن كاری‌ تیا ده‌كه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌