راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: إحاطات من داخل وعبر العراق
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

لەکوردستان دروستکراوە
كارگه‌یه‌ك له‌هه‌ولێره‌وه‌ ده‌یه‌وێت متمانه‌ بۆ ده‌رمان بگێڕێته‌وه‌

ئاڵا لەتیف
شتێكی‌ سه‌یره‌ له‌ده‌رمانخانه‌كانی‌ كوردستان ده‌رمانێك بكڕیت‌و كه‌ پاكه‌ته‌كه‌یت كرده‌وه‌ ره‌چه‌ته‌ی‌ كوردی‌ تیا بێت، ئیتر پێویستیت بەکەس نییە چۆنێتی بەکارهێنانی دەرمانەکەت پێبڵێت.
25.04.2017  |  هه‌ولێر
ژوان بارام ( :وێنه آلا لطيف )
ژوان بارام ( :وێنه آلا لطيف )

له‌كوردستان باوك‌و كچێك كۆمپانیایه‌كی‌ ده‌رمان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن  ئێستا ئه‌و کۆمپانیایە كه‌ ناوی‌ "ئاوا میدیكا"ی‌ هه‌ڵگرتووه‌، به‌رهه‌مه‌كانی‌ هه‌موو ده‌رمانخانه‌كانی‌ كوردستانی‌ پڕكردووه‌.

 

ئاوا مێدیکا کۆمپانیایەکی کوردی تایبەت بەدروستکردنی دەرمانە لەشاری هەولێر کە نزیکەی 136 جۆر دەرمانیان لەبازاڕدا هەیەو ٨٠ جۆری دیکەشیان لەپرۆسەی دروست کردندایە.

 

کارگەکە لەلایەن د. بارام رەسولەوە دەبرێت بەڕێوە کە خۆی پڕۆفیسۆری بواری دەرمانە، ئەمەش خاڵێکی جیاوازی کارگەکەیە، چونکە پڕۆژەی بزنسکارێکی دوور لەبوارەکە نییە.

 

بەشی مارکێتینی کارگەکەش ژوانی کچی دەیبات بەرێوە کە پسپۆڕی لەمارکێتیندا هەیەو هەرچی دیزاینی پاکەتی دەرمانەکان‌و نوسینی لیفلێتەکانە بەزمانی ئینگلیزی هەر ئەو دەیکات.

 

دانانی کارگەکە وەک ژوان باسی لێوە دەکات دوای ئەوە دێت کە لەساڵی ٢٠٠٤ داوا لەباوکی دەکەن بێتەوە بۆ کوردستان‌و ئەم کارگەیە دابنێ، "چونکە کێشەیەکی زۆری خراپی کواڵیتی دەرمانمان هەبوو."

 

پرۆسه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ كارگه‌كه‌ پێنج ساڵ ده‌خایه‌نێت‌و لە ٢٠٠٩ کارگەی ئاوامێدیکا کرایەوەو دوای دوو مانگ یەکەم دەرمانی ئاوا میدیکا کەوتە بازاڕەوە کە پێی دەڵێن پاڕەزاڕ، ئەمڕۆش ئاوا مێدیکا هەر بەپاڕەزاڕ بەناوبانگە کە رۆڵی پاراسیتۆڵ دەبینێ‌و ئازار شکێنە.

 

ژوان دەڵێ "ماوەیەکی زۆر تەنها چوار جۆری دەرمانمان دروست کرد، چونکە دەمانویست دڵنیا ببینەوە لەکواڵیتیەکەی، دروستکردنی دەرمان وەک هیچ شتێکی تر نییە لەبەرئەوەی پەیوەندییەکی راستەوخۆی بەژیانی کەسەکانەوە هەیە یان چاکت دەکاتەوە یان دەتکوژێ."

 

بۆ كوردستان گه‌وره‌بوونی‌ كارگه‌یه‌كی‌ له‌م شێوه‌یه‌ گرنگی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، له‌هه‌رێمێكدا كه‌ خه‌ڵكی‌ متمانه‌یه‌كی‌ ئه‌وتۆیان به‌ده‌رمان نه‌ماوه‌و ده‌زگا ته‌ندروستییه‌ فه‌رمییه‌كانیش دان به‌وه‌دا ده‌نێن ده‌رمانی‌ قاچاغ ده‌گاته‌ بازاڕه‌كانی‌ كوردستان كه‌ نازانرێ‌ به‌روونی‌ سوودو زیانه‌كه‌یان چییه‌.

 

کارزان عەلی حەسەنی‌ ده‌رمانساز، لەگروپی هۆز کە کۆمەڵێک دەرمانخانەیان لەهەرێم‌و عیراقدا هەیە، به‌شانازییه‌وه‌ باسی‌ به‌رهه‌مه‌كانی‌ ئه‌و كارگه‌یه‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت "لەتەواوی عێراقدا بڕواناکەم کۆمپانیا هەبێت دەرمان بەو کواڵیتیەو بەو نرخە گونجاوەش بەرهەم بێنێ".

 

كارزان به‌"نیقاش"ی‌ وت "بەر لەئاوا میدیکا خەڵک زۆر سیقەی بەبەرهەمی عێراقی‌و لۆکاڵی نەبوو، زیاتر دەیویست بەرهەمی دەرەوە بکڕێت، بەڵام ئێستا کە تاقییان کردۆتەوە بەرهەمەکانی ئاوا مێدیکا چۆنە هەموو خەڵک باز بەسەر بەرهەمە ئەوروپییەکاندا دەداو ئەوەی ئاوا میدیکا دەکڕێت".

 

خاوه‌نه‌كانی‌ ئاوا میدیكا له‌قسه‌كانیاندا زۆر جه‌خت له‌كوالێتی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ ده‌رمانه‌كانیان ته‌نیا له‌كوردستان ساغ ناكرێته‌وه‌، به‌ڵكو گه‌یشتووه‌ته‌ ئەو قۆناغەی کە دەرمان بنێرێتە دەرەوە‌و ئێستا لەرێگەی کۆمپانیایەکی سویدییەوە دەرمانەکانی دەنێردرێت بۆ ئەفریقا، گرێبەستییان هەیە لەگەڵ ئەردەن‌و لەگەڵ کۆمپانیایەکی دانیمارکیشدا گرێبەستیان کردووە بۆ ساڵی ٢٠١٨.

 

ژوان دەڵێ "ئێمە توانایەکی باشی بەرهەمهێنانمان هەیە، بەو مەکینانەی کە هەمانە دەتوانین لەماوەی یەک کاتژمێردا بڕی یەک ملیۆن‌و پێنج سه‌د هه‌زار حەب دروست بکەین."

 

لە ٢٠١٦دا پەنجا ملیۆن پاکەت حەبیان دروستکردو گەورەترین کڕیاریشیان وەزارەتی تەندروستی بەغداد بووە، تەنانەت سوپاس‌و پێزانینیان بۆ ناردون، ئێستا رۆژانە نزیکەی ٢٠٠ کارمەند کار لەو کارگەیەدا دەکەن، سەدا پانزەیان بیانین‌و ئەوانی دیکەش کوردن.

 

بەرهەمەکانی ئاوا مێدیکا لەئەنتی بایۆتیک‌و ئازار شکێنەوە دەست پێدەکات هەتا دەگاتە مەڵحەم‌و شروب‌و نەخۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان، لەمانگی ٨ی ئەمساڵیشدا دەرزی‌و شاف‌و قەترەی چاوو لوت‌و گوێ دروست دەکەن.

 

د. بارام رەسول تاکە پڕۆفیسۆری کوردە کە دەرمانێکی دۆزیبێتەوە بۆ نەخۆشی ئاوی‌ چاوی‌ ره‌ش‌و ئەو دەرمانە ئێستا كارگه‌ری‌ فایزه‌ری‌ ئه‌مه‌ریكییه‌وه‌ ده‌فرۆشرێت.

 

ئەو دەڵێت ئێمە لەم کارگەیە ئامانجمان بزنس نییە، بەڵکو خزمەتکردنی خەڵکەکەیە، بۆیە ئەوەی بەرهەم دێت فلسێکی ناچێتە گیرفانی کەسەوە، بەڵکو خەرج دەکرێتەوە لەفراوانکردنی کارگەکەدا.

 

 

ئەوەی ژوانی زۆر دڵخۆش کردووە پێشوازی خەڵکەکەیە لەدەرمانەکانی ئاوا میدیکا بەوپێیەی هەر کەس دەبینێ باس لەباشی بەرهەمەکانیان دەکەن‌و سوودی لێ دەبینن.

 

جیاواز لەعێراق، وەزارەتی تەندروستی هەرێم زۆر کەم بەرهەمەکانی ئاوا مێدیکا دەکڕێتەوە، ژوان دەڵێ "بەداخەوە وەزارەتی تەندروستی هەرێم سیستەمی کڕینی دەرمانیان نییە، هەر بۆیە ئێستا نەخۆشخانەکانمان کێشەی کەمی دەرمانی هەیە"

 

د. خالس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئاوا مێدیکا بەلای ئەوانه‌وه‌ گرنگەو لەرووی کواڵیتیشەوە پێیان باش بووه‌، به‌ڵام بۆیه‌ ئێستا مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ناكه‌ن، چونكه‌ گرفتەکە پەیوەندی بەسیسته‌می‌ ته‌نده‌رەوه‌ هه‌یه‌، كه‌ واده‌كات ئه‌وان ده‌ستكراوه‌ نه‌بن لەوەی هەمووجار دەرمانەکانی ئاوا میدیکا بکڕنەوە.

 

د. خاڵس به‌"نیقاش"ی‌ وت "هەندێکجار بەهۆی نرخەوە مونافەسەکە قورس دەبێت هەرچەندە تەنانەت بەپێی رێنماییەکانی ئەنجومەنی وەزیران چاوپۆشی لەجیاوازی نرخی لەسەدا ١٠ش دەکرێت بۆ بەرهەمی ناوخۆ، بەڵام دیسانەوە هۆکارێکیتر هەیە، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ هەموو جۆرە دەرمانێک لەلای ئەوان دەست ناکەوێت".

 

ژووان‌و باوكی‌ ده‌یانه‌وێت قه‌ناعه‌ت به‌وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بهێنن كه‌ ببنه‌ كڕیاری‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ لۆكاڵییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامانجه‌شیان نه‌یه‌ته‌ دی‌، به‌وه‌ دڵیان خۆشه‌ كه‌ توانیویانه‌ متمانه‌ لای‌ به‌كارهێنه‌ری‌ كوردی‌ دروست بكه‌ن.