راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كرێی په‌یداكردنی نه‌خۆش وه‌رده‌گرن
پزیشكانی به‌سره‌ په‌نا بۆ ده‌ڵاڵه‌كان ده‌به‌ن

سه‌لیم وه‌ززان
شه‌وانه‌ له‌سه‌ر رێگاكان‌و له‌نێوان عیاده‌ی پزیشكه‌كان‌و ده‌رمانخانه‌كاندا ده‌ڵاڵه‌كان بڵاوده‌بنه‌وه‌‌و چاودێری رێبواران ده‌كه‌ن‌و نه‌خۆش بۆ ئه‌و پزیشكانه‌ په‌یدا ده‌كه‌ن كه‌ پاره‌یان ده‌ده‌نێ.
20.04.2017  |  به‌سره‌

له‌ناكاو پزیشكێكی پسپۆری ئێسك‌و چاره‌سه‌ری شكاوی به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگای لێ بێت خۆی به‌مردوویی بینیه‌وه‌، چونكه‌ له‌گه‌شتێكی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بوو، به‌ڵام له‌لای سه‌ردانیكه‌ران‌و ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی روویان له‌عیاده‌كه‌ی له‌ناوچه‌ی عه‌ششار ده‌كرد، ئه‌و مردبوو، ئه‌وه‌ش ناچاری كردبوون چاره‌سه‌ر له‌لای پزیشكێكی تر وه‌ربگرن.

 

ئه‌و پزیشكه‌ كه‌ پێی خۆش بوو ناوی نه‌هێنرێت له‌ترسی تۆڵه‌ لێكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌ڵاڵه‌كانه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌و رووداوه‌ به‌"نیقاش"ی وت "یه‌كێك له‌نه‌خۆشه‌كانم سه‌ردانی كردم كه‌ هه‌موو دوو مانگ جارێك واده‌ی سه‌ردانی هه‌یه‌‌و دیاربوو به‌لایه‌وه‌ سه‌یربوو هێشتا له‌ژیاندا ماوم‌و وتی یه‌كێك له‌ده‌ڵاڵه‌كان پێی راگه‌یاندووه‌ كه‌ مانگێك ده‌بێت من مردووم‌و پێشنیاری عیاده‌ی پزیشكێكی تری بۆ كردبوو، به‌ڵام ئه‌و پێی باشبووه‌ پرسیار له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ بكات كه‌ كاری تێدا ده‌كه‌م‌و له‌وێ له‌ ناڕاستی هه‌واڵه‌كه‌ دلًنیا بووه‌ته‌وه‌".

 

هه‌روه‌ها وتی "ئه‌م دیارده‌یه‌ خراپه‌‌و له‌پارێزگاكانی تر هاوشێوه‌ی نییه‌، چونكه‌ ده‌ڵاڵه‌كان له‌نێوان عیاده‌ی پزیشكه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و نه‌خۆشه‌كان له‌سه‌ر شه‌قام ده‌به‌ن‌و ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ پێیان بڵێت هاتووه‌ بۆ سه‌ردانی فڵان پزیشك، بیانووی ئه‌وه‌ دێننه‌وه‌ كه‌ له‌وێ نییه‌‌و گواستوویه‌تیه‌وه‌ بۆ عیاده‌یه‌كی تر كه‌ ناونیشانه‌كه‌ی نازانرێت، ته‌نانه‌ت سڵ له‌وه‌ش ناكه‌نه‌وه‌ ناوبانگی ئه‌و پزیشكه‌ بزڕێنن كه‌ پاره‌یان ناداتێ ئه‌ویش به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی پروپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی بێ توانایه‌، له‌وه‌شدا نه‌زانی خه‌ڵكی ساده‌ ده‌قۆزنه‌وه‌‌و ده‌یاننێرن بۆ پزیشكێكی تر‌و رێژه‌یه‌ك له‌كرێی پشكنینه‌كان وه‌رده‌گرن".

 

عه‌بدوڵڵا قاسم كه‌ برینپێچه‌ ده‌ڵێت "پزیشكه‌كان پشت به‌و كه‌سانه‌ ده‌به‌ستن كه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌كان له‌گه‌ڵیان كارده‌كه‌ن تا له‌عیاده‌كانیاندا‌و یارمه‌تیان بده‌ن‌و نه‌خۆش رابكێشن" پاساو بۆ ئه‌وه‌ش ده‌هێنێته‌وه‌‌و ده‌ڵێت "كێبڕكێیه‌كی گه‌رم له‌نێوان پزیشكه‌كاندا هه‌یه‌ له‌ناوچه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كاندا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كرێی پشكنین له‌لای پسپۆری هه‌ناوی 25 هه‌زار دینار بێت 10 هه‌زار دیناری ده‌داته‌ ده‌ڵاڵه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشێكی زیاتری بۆ بهێنێت".

 

هه‌روه‌ها وتیشی "مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نیا تایبه‌ت نییه‌ به‌پزیشكه‌ نوێیه‌كان، به‌ڵكو په‌لده‌كێشێت بۆ پزیشكه‌ ناسراوه‌كانیش، من وه‌ك خۆم پزیشكێكی پسپۆری نه‌شته‌رگه‌ری ده‌ناسم هه‌موو كرێی پشكنینه‌كه‌ ده‌داته‌ ده‌ڵاڵه‌كه‌‌و به‌شێوازی تر له‌نه‌خۆشه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێته‌وه‌".

 

دكتۆر عه‌بدولحه‌مید عه‌بدولمه‌جید پزیشكی پسپۆری هه‌ناوی ده‌ڵێت هه‌ندێك پزیشك رێگای نامرۆڤانه‌ به‌كارده‌هێنن، دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "زۆربه‌ی قوربانیانی ده‌ستی ده‌ڵاڵه‌كان له‌هه‌ژاران‌و دانیشتووانی ده‌وروبه‌ری پارێزگاكان‌و گونده‌ دووره‌ده‌سته‌كانن‌و هه‌ندێك جاریش پزیشكه‌كه‌ نه‌زانیه‌كه‌یان ده‌قۆزێته‌وه‌‌و ده‌ستنیشانكردنێكی ناڕاستی نه‌خۆشیه‌كه‌یان پێ ده‌ڵێت به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی پشكنینی زیاتری وه‌ك تیشك‌و سۆنه‌ر‌و پشكنینی تاقیگه‌یی ئه‌وه‌ش به‌پێی رێككه‌وتنێكی پێشوه‌خت ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و تاقیگانه‌‌و رێژه‌یه‌كی دیاریكراو له‌قازانجه‌كه‌ی هه‌یه‌ قه‌ره‌بووی ئه‌و پاره‌یه‌ی پێ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌یداته‌ ده‌ڵاڵه‌كه‌".

 

عه‌بدولمه‌جید هه‌ندێك شێوازی ده‌ڵاڵه‌كانیشی له‌باوه‌ڕپێهێنانی نه‌خۆشه‌كان بۆ "نیقاش" ئاشكرا كرد‌و وتی "چه‌ندین درۆ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كان له‌پزیشكێكی دیاریكراو‌و راكێشانیان بۆ پزیشكێكی تر كه‌ پاره‌ی زۆریان ده‌داتێ، بۆ نموونه‌ ده‌ڵێن فڵانه‌ پزیشك خانه‌نشینه‌‌و له‌نه‌خۆشخانه‌ كارناكات، به‌ڵام ئه‌و پزیشكه‌ی تر نایابه‌‌و له‌و لیژنه‌ پزیشكیانه‌شدا كارده‌كات كه‌ ده‌سه‌ڵاتی پێدانی مۆڵه‌تیان له‌فه‌رمانبه‌ران هه‌یه‌".

 

زۆربه‌ی ده‌ڵاڵه‌كان له‌ناوچه‌ی عه‌زیزیه‌ له‌عه‌ششار بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ عیاده‌ی پزیشك‌و تاقیگه‌‌و ده‌رمانخانه‌كانی لێیه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كان دوای زیادبوونی سكاڵای پزیشكه‌كان، هه‌ڵمه‌تێكیان بۆ ده‌ستگیركردنیان ئه‌نجام دا، به‌ڵام هه‌رزوو ئازادكران به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی لایه‌نی حزبی‌و شێخانی عه‌شیره‌ت‌و لایه‌نه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كان.

 

ده‌رمانساز شه‌وقی سادق باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناوچه‌كه‌ خنكێندراوه‌‌و چه‌ند ساڵێكه‌ به‌چه‌ندین مه‌فره‌زه‌ ته‌نراوه‌‌و به‌هۆكاری ئه‌منی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی تێدا قه‌ده‌غه‌كراوه‌‌و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاره‌كه‌یان هه‌بووه‌، ئه‌و بۆ "نیقاش"ی روونكرده‌وه‌‌و وتی "كارمان به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 60 به‌ به‌راورد به‌جاران پاشه‌كشه‌ی كردووه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا باجمان له‌سه‌ر زیادبووه‌، ئێستاش ساڵانه‌ زیاتر له‌چوار ملیۆن دینار ده‌ده‌ین، هه‌روه‌ك كرێش بووه‌ته‌ دوو هێنده‌ كه‌ ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ هه‌ندێك پزیشك‌و خاوه‌نی تاقیگه‌‌و ده‌رمانساز په‌نا بۆ ده‌ڵاڵه‌كان ببه‌ن بۆ زیادكردنی قازانجیان".

 

نه‌خۆشه‌ ماندووه‌كان ناتوانن به‌پێی شه‌قامه‌ داخراوه‌كان ببڕن، بۆیه‌ زۆرێك له‌پزیشكه‌كان به‌تایبه‌تی ناسراوه‌كان ناچاربوون له‌و شوێنه‌ بڕۆن، هه‌ندێكیشیان پێشنیاری سه‌رنجڕاكێشیان له‌لایه‌ن ده‌رمانسازه‌كانه‌وه‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی بگوازنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی (ساعی) كه‌ شه‌قامه‌كانی فراوانن‌و بینای هاوچه‌رخی تێدایه‌، ئه‌و پێشنیارانه‌ش بریتین له‌پێدانی كرێی شوێنی عیاده‌كه‌ له‌به‌رامبه‌ر قۆرغكردنی ئه‌و ره‌چه‌ته‌ی چاره‌سه‌ره‌ی پزیشكه‌كه‌ بۆ نه‌خۆشه‌كانی ده‌نووسێت".

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا له‌ناوچه‌ی عه‌زیزیه‌ زیاتر له‌ 100 ده‌رمانخانه‌‌و ژماره‌یه‌كی باشیش عیاده‌ی پزیشك‌و تاقیگه‌‌و عیاده‌ی تیشك بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی نه‌خۆشه‌كان له‌ئه‌نجامی داخستنی ناوچه‌كه‌دا.

 

له‌به‌رامبه‌ر ده‌ڵاڵه‌كانیشدا چه‌ند دیارده‌یه‌كی دیكه‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ وه‌كو پشتبه‌ستنی هه‌ندێك پزیشك له‌عیاده‌كانیاندا به‌ ئامێری تیشك یان سۆنه‌ر به‌بێ ئه‌وه‌ی پسپۆرییان تێیدا هه‌بێت، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر كاری پسپۆرانی تاقیگه‌‌و پشكنینه‌كان داناوه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ئاكامه‌كانی پیسبوون.

 

دكتۆر موشتاق ئه‌بولهێل سه‌رۆكی سه‌ندیكای پزیشكان ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی هه‌ندێك پزیشك‌و لایه‌نی دیكه‌ به‌ "نائه‌خلاقی‌و شه‌رمهێن" وه‌سف ده‌كات‌و ده‌یانگێڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی رۆڵی سه‌ندیكا له‌ ساڵی 2003وه‌ به‌هۆی یاساكانی پۆل بریمه‌ر حاكمی مه‌ده‌نی‌و جیابوونه‌وه‌ له‌ناوه‌ندی گشتی له‌به‌غدا‌و پشتیوانی نه‌كردنی له‌لایه‌ن حكومه‌تی خۆجێییه‌وه‌.

 

دكتۆر ئه‌بولهێل كه‌ كۆتایی ساڵی 2016 هه‌ڵبژێردراوه‌، ته‌ئكید له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی به‌رپه‌رچده‌ره‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ده‌رهه‌ق به‌و پزیشكانه‌ی یاساكان پێشێل ده‌كه‌ن‌و ده‌ڵێت "ئاگاداریه‌كمان گشتاندووه‌ سه‌باره‌ت به‌پابه‌ندبوون به‌یاسای پزیشكان‌و بڕگه‌ی سێ له‌مادده‌ی 15ی كه‌ به‌ته‌واوی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌ڵاڵ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات‌و پزیشكی په‌یوه‌ندیداریش به‌رپرسیارێتی ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ كه‌ ره‌نگه‌ بگاته‌ داخستنی عیاده‌كه‌ی".

 

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌دیارده‌ی ده‌ڵاڵه‌كان به‌"نیقاش"ی وت "یه‌كه‌مجار لۆمه‌ی پزیشكان ده‌كه‌ین‌و ناوی ئه‌وانه‌ش ده‌زانین كه‌ ده‌ڵاڵ به‌كارده‌هێنن‌و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لمان بۆ ناردوون، په‌ناش بۆ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی خۆجێیی ده‌به‌ین بۆ گرتنه‌به‌ری ئه‌وه‌ی پێویست بكات بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پزیشكان‌و ده‌ڵاڵه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌".

 

له‌گه‌رمه‌ی قه‌ره‌باڵغی ئێواراندا هه‌ندێك ده‌ڵاڵ به‌بێ ده‌نگی رێ به‌نه‌خۆشه‌كان ده‌گرن‌و پێشنیاری یارمه‌تیدانیان بۆ ده‌كه‌ن، به‌زۆریش گه‌نجی خوێنده‌وارن‌و بایه‌خ به‌شێوه‌یان ده‌ده‌ن‌و توانای باوه‌ڕپێهێنانیان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌پشت رێكوپێكییه‌كه‌یانه‌وه‌ رێگه‌ناده‌ن هیچ شتێك ته‌نانه‌ت پزیشكه‌كانیش رێ له‌رزقیان بگرێت وه‌كو ئه‌و ده‌ڵاڵه‌ی هه‌واڵی مردنی پزیشكی چاره‌سه‌ری شكاوی بڵاوكرده‌وه‌‌و ئه‌ویش له‌لایه‌ن نه‌خۆشه‌كانیه‌وه‌ هه‌واڵی مردنی پێ گه‌یه‌ندرا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌