راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نه‌وت ئاگره‌كه‌ خۆش ده‌كات
كه‌ركوك ده‌بێته‌ چه‌قی‌ ململانێی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان

شاڵاو محەمەد
له‌وه‌ ناچێت هێزه‌ كوردییه‌كان به‌بێ‌ ململانێ‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر بحه‌وێنه‌وه‌، ناكۆكی‌ ئه‌مجاره‌شیان له‌سه‌ر نه‌وته‌كه‌ی‌ كه‌ركوكه‌و ده‌یانه‌وێت به‌نمایشی‌ هێز خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی‌ بسه‌لمێنن.
30.03.2017  |  كه‌ركوك
هێزه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌ناو كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باكوور ( :وێنه Shwan Nawzad)
هێزه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌ناو كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باكوور ( :وێنه Shwan Nawzad)

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ده‌ره‌وه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان واده‌نوێینن ته‌باو یه‌كگرتوو بن، به‌ڵام له‌ناوه‌وه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كی‌ فشه‌ڵیان هه‌یه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌ به‌ئاسانی‌ ده‌توانێت بیخاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی‌.

 

هێشتا خه‌ڵكی‌ كه‌ركوك به‌ته‌واوه‌تی‌ مه‌ترسی‌ داعشیان له‌سه‌ر نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وادیاره‌ ده‌بێ‌ خۆ له‌گه‌ڵ ناكۆكییه‌كی‌ تر بگونجێنن كه‌ سه‌ره‌داوه‌كانی‌ به‌ده‌ست پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سه‌ "عاقڵه‌كان"ی‌ هه‌ردوولا فریا نه‌كه‌ون، دوور نییه‌ چه‌ك بابه‌ته‌كه‌ یه‌كلابكاته‌وه‌.

 

رۆژی‌ 2ی‌ ئه‌م مانگه‌ (ئازار) هێزێكی‌ چه‌كداری‌ سه‌ر به‌یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان چونه‌ ناو باره‌گای‌ كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باكورو ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌دا گرت كه‌ لێیه‌وه‌ كۆنترۆڵی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت ده‌كرێت، نه‌وته‌ ده‌رهێنراوه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌و له‌رێگای‌ بۆریه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌یگه‌یه‌نێت به‌به‌نده‌ری‌ جه‌یهانی‌ توركیا، ئه‌و هێزه‌ ده‌ڵێن تاكو ناكۆكی‌ نێوان ئیداره‌ی‌ كه‌ركوك‌و وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق یه‌كلا نه‌كرێته‌وه‌ ناكشێنه‌وه‌.

 

له‌راستیدا به‌رووكه‌ش ئامانجی‌ هێزه‌كه‌ واده‌نوێنێت كه‌ ناكۆكییه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ به‌غدا بێت، به‌ڵام له‌ناوه‌خندا په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌ململانێی‌ دوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ كوردستان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كامیان ده‌توانن له‌م باره‌ ناجێگیره‌ی‌ شه‌ڕی‌ داعشدا نفوزو ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان به‌سه‌ر "زێڕه‌ ره‌شه‌كه‌"دا بسه‌پێنن.

 

ئاسۆ مامه‌ند ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و به‌رپرسی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ كه‌ركوكی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵ كۆنوسێك له‌نێوان وه‌زیری نه‌وتی‌ عێراق‌و پارێزگاری‌ كه‌ركوك واژوو كراوه‌، یه‌كێك له‌خاڵه‌كانی‌ باسی‌ دروستكردنی‌ پاڵاوگه‌یه‌كی‌ نوێ‌ كراوه‌ بۆ كه‌ركوك، وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت ئه‌وه‌ی‌ بۆ خۆی‌ باش بوو جێبه‌جێی‌ كردو ئه‌وه‌ی‌ به‌كه‌ڵكی‌ كه‌ركوكیش هان پشت گوێی‌ خست".

 

وتیشی‌ "جوڵه‌كردنی‌ هێزه‌كه‌مان په‌یوه‌ندی‌ نییه‌ به‌ململانێی‌ سیاسی‌ كوردستانه‌وه‌، به‌ڵكو شه‌ڕی‌ ئیستحقاقی‌ كه‌ركوكه‌و تا داواكارییه‌كان جێبه‌جێ‌ نه‌كرێن ناكشێینه‌وه‌".

 

له‌گه‌َل ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م جوڵه‌یه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ناوخۆی‌ كوردستانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام پێش حكومه‌تی‌ ناوه‌ند، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان نیگه‌ران بوو، بۆیه‌ حه‌وت رۆژ دوای‌ جوڵاپێكردنی‌ هێزه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌، مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ كوردستان، هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌پارتی‌ جوڵه‌ پێكردو له‌كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ بای‌ حه‌سه‌ن له‌رۆژئاوای‌ كه‌ركوك جێگیری‌ كردن، زیاد له‌سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ناو هه‌ردوو پارته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ بۆ "نیقاش"یان باسكردووه‌ كه‌ هه‌ردوولا ناره‌حه‌تن له‌جوڵاندنی‌ ئه‌و هێزانه‌‌و جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ رووده‌دات بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی‌ خاوه‌ندارێتی‌ سامانی‌ شاره‌كه‌یه‌.

 

فه‌رمانده‌یه‌كی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ سه‌ر به‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌رۆكی‌ هه‌رێم پرسی كۆنترۆڵكردنی‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكوری‌ له‌لایه‌ن هێزێكی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ باسكردین‌و نیگه‌رانی‌ خۆی‌ ده‌ربڕی‌".

 

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ راسته‌وخۆ ئاگاداری‌ بڕیاره‌ سیاسییه‌كان نییه‌، نه‌یزانی‌ ئاخۆ پارتی‌ یموكرات له‌به‌رامبه‌ر یه‌كێتیدا هێزی‌ جوڵاندووه‌، یاخود هۆكاری‌ دیكه‌ی‌ هه‌یه‌.

 

كه‌مال كه‌ركوكی‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌‌و  به‌رپرسی‌ میحوه‌ری‌ رۆژئاوای‌ كه‌ركوكی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان له‌لێدوانێكدا بۆ "نیقاش" ره‌تیكرده‌وه‌ هاتنی‌ هێز بۆ كه‌ركوك په‌یوه‌ندی‌ به‌و هێزه‌ی‌ یه‌كێتیه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ له‌كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باكور جێگیر كراوه‌.

 

كه‌ركوكی‌ وتی‌ "هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌بێ‌ جیاوازی‌ ئایدۆلۆژیی‌ حزبی‌ هه‌موویان ئامانجیان پاراستنی‌ كه‌ركوكه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی‌ هه‌رێم هێزی‌ زیاتریش ره‌وانه‌ی‌ كه‌ركوك بكات ته‌نیا مه‌به‌ستی‌ پاراستنی‌ كه‌ركوك‌و شه‌ڕی‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌یه‌ تاكو كه‌ركوك له‌چنگی‌ چه‌كدارانی‌ داعش بپارێزێت".

 

به‌رپرسانی‌ باڵای‌ هه‌ردوو حیزب بۆ میدیاكان نیازی‌ راسته‌قینه‌ی‌ هێزه‌كان ئاشكرا ناكه‌ن، به‌ڵام جموجۆڵه‌كان روونی‌ ئامانجه‌كه‌ ده‌رده‌خات‌و پێشبینی‌ ده‌كرا یه‌كێتی‌ پێشتر كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ له‌م شێوه‌یه‌ بنوێنێت.

 

یه‌كێتی‌ نیشتیمان كوردستان كه‌ قورسایی‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی‌ كه‌ركوك له‌گه‌ڵیه‌تی‌‌و خاوه‌نی‌ شه‌ش كورسی كه‌ركوكه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق (له‌كۆی‌ 12 كورسی‌)، خۆی‌ به‌خاوه‌نی‌ پارێزگاكه‌ ده‌زانێت‌و نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی‌ پارتی‌ ده‌یه‌وێت له‌رێی‌ هێزه‌وه‌ شوێنپێی‌ خۆی‌ بكاته‌وه‌.

 

له‌ته‌مموزی‌ 2014 هێزێكی‌ پاراستنی‌ نه‌وت‌و گازی‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ زۆرینه‌ی‌ پارتی‌ بوون، هه‌ردوو كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ ئاڤانه‌‌و بای‌ حه‌سه‌ن له‌نزیك قه‌زای‌ دوبزی‌ سه‌ر به‌كه‌ركوك كۆنتڕۆڵ كردو هاوكات بۆریی‌ نه‌وتی‌ نێوان كه‌ركوك - خۆرمه‌ڵه‌شی‌ تێدابوو كه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك بۆ توركیا هه‌نارده‌ ده‌كرێت.

 

هه‌ڵوێستی‌ روون‌و ره‌وانی‌ ئیداره‌ی‌ پارێزگاكه‌ به‌رامبه‌ر جوڵه‌ی‌ هێزه‌كان دیار نییه‌، چونكه‌ نه‌ 2014و نه‌ ئه‌مساڵیش هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ فه‌رمیان به‌رامبه‌ر جوڵه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ ده‌رنه‌بڕی‌.

 

نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری‌ كه‌ركوك له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌ناوه‌راستی‌ مانگی‌ ئازاری‌ ئه‌مساڵدا رایگه‌یاند ئیداره‌ی‌ كه‌ركوك له‌گه‌ڵ به‌غداد جارێكی‌ دیكه‌ وتوێژ ده‌كاته‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و كۆنوسه‌ی‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵ كه‌ له‌نێوان كه‌ركوك‌و به‌غداد واژوو كراوه‌.

 

به‌رپرسانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌ده‌ركه‌وتنه‌ ئاشكراكاندا ره‌تی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌سه‌ر كه‌ركوك هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌پشتی‌ په‌رده‌وه‌ ده‌گوزه‌رێ‌، پشتیوانی‌ په‌یامه‌كانیان ناكات، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هه‌ندێ‌ زانیاری‌ نافه‌رمی‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌ردوولا ئاماده‌سازی‌ ته‌واویان هه‌یه‌ بۆ جوڵاندنی‌ هێزی‌ زیاتر.

 

ئه‌وانه‌ی‌ له‌نزیكیشه‌وه‌ چاودێری‌ بارودۆخی‌ كه‌ركوكن، پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ی‌ رووده‌دات عه‌رزی‌ عه‌زه‌ڵاتی‌ دوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتر بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ خاوه‌ندارێتی‌ كه‌ركوك دوای‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ داعش.

 

ئیسحان نه‌جم پارێزگاری‌ پێشووتری‌ كه‌ركوك لای‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌، یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی‌ پشتیوانی‌ ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌كات‌و پێی‌ وایه‌ ئه‌م جموجۆڵانه‌ ئه‌گه‌ر زوو چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، مه‌ترسی‌ زیاتر له‌گه‌ڵ خۆیان راده‌كێشن. (پێش 2003 له‌كوردستان پۆستێك هه‌بوو به‌ناوی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوك كه‌ له‌شاری‌ ده‌ربه‌ندیخانی‌ سه‌ر به‌سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا، بۆ چوار ساڵ ئه‌م پۆسته‌ ئیحسان نه‌جم به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌برد).

 

ئیحسان نه‌جم به‌"نیقاش"ی‌ وت "بۆ رێگری له‌مه‌ترسی دروستبوونی هه‌ر پێكدادانێك پێویست به‌دانانی پلان‌و رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ ده‌كات له‌نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، دواتر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیداری‌ كه‌ رێگه‌ نه‌دات هێزی‌ سه‌ربازی‌ كاری‌ ئیداری‌‌و شه‌ڕی‌ ئیستحاقی‌ پترۆ دۆلاری‌ شاره‌كه‌ بكات".

 

له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ له‌موفره‌داتی‌ پارتی‌ كه‌ركوك "دڵی‌ كوردستان"‌و لای‌ یه‌كێتیش "قودسی‌ كوردستان"ه‌، سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو هێزه‌ به‌و گرنگیه‌وه‌ ته‌ماشای‌ كه‌ركوك بكه‌ن، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای‌ پێگه‌ گرنگه‌كه‌ی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌رهه‌مهێنانی‌ (410) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ رۆژانه‌ ئه‌وه‌ ده‌هێنێت ئاوها به‌پیریه‌وه‌ بن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌