راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

جێهێشتنی‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌
خه‌ڵكی‌ ئه‌نبار موڵك‌و ماڵه‌كه‌یان به‌نیوه‌ قیمه‌ت ده‌فرۆشن

که‌مال عه‌یاش
ئه‌نبار جموجۆڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌بواری‌ كڕین‌و فرۆشتنی‌ خانوبه‌ره‌دا به‌خۆوه‌ بینیوه‌، ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ زیانی‌ بۆ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌و قازانجی‌ بۆ بازرگانه‌كان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.
2.02.2017  |  ئه‌نبار
باڵەخانەیەک لەفەلوجە ( :وێنه نوي نيلسون :جيتي)
باڵەخانەیەک لەفەلوجە ( :وێنه نوي نيلسون :جيتي)

ئه‌و رێوشوێنانه‌ی له‌پارێزگای ئه‌نبار (110 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) گیراونه‌ته‌به‌ر، یارمه‌تیده‌ر نه‌بوون بۆ باوه‌ڕهێنان به‌دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ تا جارێكی تر له‌شاره‌كانیاندا جێگیر ببن، به‌تایبه‌تی كه‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌ترسن، هه‌روه‌ها ئه‌و رێوشوێنانه‌ به‌ته‌نیا گوشارێك بۆ سه‌ر سروشتی ژیانی رۆژانه‌ له‌ناو شاره‌كاندا ده‌زانن ئه‌مه‌ش به‌زۆری بووه‌ته‌ هۆی كۆچێكی پێچه‌وانه‌ كه‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی تێدا نییه‌، ئه‌ویش له‌ڕێی فرۆشتنی موڵك‌و خانووبه‌ره‌كان یاخود به‌كرێدانیان به‌نرخێكی كه‌م كه‌ ره‌نگه‌ بگاته‌ نیوه‌ی ئه‌و نرخه‌ی به‌ر له‌ساڵی 2014 هه‌یانبووه‌.

 

عومه‌ر حه‌مدانی (48 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌دانیشتووانی شاری رومادی‌و خانوویه‌كی له‌شوێنێكی باشی ناوه‌ندی شاره‌كه‌دا هه‌بوو، بڕیاریدا ده‌ستبه‌رداری خه‌نووه‌كه‌ی ببێت له‌به‌رامبه‌ر نیوه‌ی نرخه‌كه‌یدا تا بگوازێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان‌و ژیانێكی نوێ پێكبهێنێت له‌خانوویه‌كدا كه‌ خۆی خاوه‌نی بێت.

 

حه‌مدانی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كردو وتی "رۆژێك له‌رۆژان به‌خه‌یاڵمدا نه‌هاتووه‌ كه‌ بتوانم له‌ده‌ره‌وه‌ی شاری رومادی بژیم، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ تیرۆریستی‌و سه‌ربازیانه‌ی روویاندا، ناوچه‌كانیان كردینه‌ سه‌ربازگه‌و جموجوڵ تێیاندا وه‌ستاوه‌و سه‌ركرده‌ ئه‌منیه‌كان كاتی ئیش‌و هاتوچۆش دیاری ده‌كه‌ن به‌پێی چه‌ند پلانێكی ئه‌منی كه‌ زۆر جار نامه‌دروسن، هه‌ندێك جاریش یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌و خاڵانه‌ی پشكنیندا كه‌ به‌شاره‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، ده‌بێته‌ هۆی په‌كخستنی هه‌موو هاتووچۆی ناوچه‌كه‌و رێ له‌دانیشتووانه‌كه‌ی ده‌گرێت كه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كانیان به‌بیانووی بوونی پێشێلكاری ئه‌منی كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌لامه‌تی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كات".

 

ده‌شڵێت "خانووه‌كه‌م كه‌ نزیكه‌ی (250) ملیۆن دیناری عێراقی ده‌كرد (200 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی) به‌ ته‌نیا (150) ملیۆن دینار فرۆشتم، ده‌زانم ئه‌و نرخه‌ زۆر كه‌مه‌، به‌ڵام ناچارم تا له‌و كرێ زۆره‌ی خانوو رزگارم بێت كه‌ له‌ماوه‌ی دووساڵی ئاواره‌ییدا ماندووی كردم، زۆر دوودڵیش نه‌بووم كه‌ خانووه‌كه‌م به‌نیوه‌ی نرخه‌كه‌ی فرۆشت تا له‌رێوشوێنه‌ ئه‌منیه‌ ئاڵۆزه‌كان ده‌ربازم بێت‌و ژیانێكی ئارام‌و ئاسان بۆ خێزانه‌كه‌م ده‌سته‌به‌ر بكه‌م دوور له‌و ململانێی سیاسی‌و فیكریه‌ی ژیانمان ده‌خاته‌ به‌ر هه‌ڕشه‌ی راگواستن‌و ئاواره‌بوونه‌وه‌".

 

حه‌مدانی ده‌شڵێت "رێوشوێنه‌ ئه‌منیه‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كان ئه‌گه‌رچی ئاڵۆزن‌و نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ توندن‌و هیچ تێكده‌رێك ناتوانێت بیانبه‌زێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێیدا ده‌ژین پێویستی به‌و رێوشوێنانه‌ نییه‌، چونكه‌ زۆرجار ته‌قینه‌وه‌و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو ده‌بینین‌و ده‌بیستین كه‌ زۆر نیگه‌رانمان ده‌كه‌ن‌و هه‌ستی نائارامیمان پێده‌به‌خشن له‌شارێكدا كه‌ ساده‌ترین هۆكاره‌كانی ژیانی تێدا نییه‌ به‌تایبه‌تی خزمه‌تگوزاریه‌ پزیشكیه‌كان‌و خوێندن".

 

ئامانجی ئه‌وانه‌ی بڕیاریان داوه‌ نیوه‌ی نرخی خانووبه‌ره‌كانیان بكه‌نه‌ قوربانی، ته‌نیا بۆ گه‌ڕان به‌دوای شوێنێكدا نه‌بووه‌ كه‌ بۆ ژیان ئارام بێت، به‌ڵكو ده‌رفه‌تی‌ ئه‌وه‌یان له‌بڕیاری گواستنه‌وه‌كه‌دا بینیه‌وه‌ كه‌ رێچكه‌ی ئه‌زموونه‌كانیانی پێ راست بكه‌نه‌وه‌و ئه‌و داهاته‌ش مسۆگه‌ر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا له‌ده‌ستیان چووه‌.

 

"بینایه‌كی چه‌ند نهۆمی‌و ژماره‌یه‌ك دوكانی بازرگانیم هه‌یه‌و ناتوانم داهاتێكی ئه‌وتۆیان لێ ده‌ستبخه‌م كه‌ ژیانێكی باشم بۆ مسۆگه‌ر بكات‌و بگونجێت له‌گه‌ڵ ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌به‌رمهێناوه‌" ئه‌مه‌ قسه‌ی یه‌كه‌می ماجد عه‌بدوڵڵا بوو بۆ "نیقاش"، ئه‌و وتیشی "جگه‌ له‌چه‌ند یاده‌وه‌رییه‌ك هیچی دیكه‌م له‌شاری فه‌لوجه‌دا نه‌ماوه‌، چونكه‌ هه‌موو كاروباره‌كانم یه‌كلاكردۆته‌وه‌و گواستوومنه‌ته‌وه‌ بۆ به‌غدای پایته‌خت له‌و كاته‌وه‌ی به‌ئاواره‌یی له‌ساڵی 2014دا روومان تێكرد، ته‌نیا چه‌ند موڵكێكی بازرگانی ماون كه‌ له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا هیچ سوودێكیان نه‌بووه‌".

 

هه‌روه‌ها وتی "باڵه‌خانه‌یه‌كم هه‌یه‌ كه‌ خۆم‌و براكانم له‌باوكمانه‌وه‌ بۆمان ماوه‌ته‌وه‌، بڕیارماندا بیفرۆشین، به‌ڵام زه‌ره‌رێكی زۆری ده‌كرد، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ش پێمانوایه‌ به‌ده‌ستهێنانی نیوه‌ی پاره‌كه‌مان‌و وه‌به‌رهێنانی له‌شوێنێكی ئارامدا بڕیارێكی دروسته‌و ره‌نگه‌ هانمان بدات تا له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات نیشته‌جێ ببین له‌ڕێی وه‌به‌رهێنانی موڵكه‌كانمان له‌ناوخۆی وڵات‌و نیشته‌جێبوون له‌ده‌ره‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی خوێندنێكی باشتر بۆ منداڵه‌كانمان‌و ژیانێكی خۆش‌و ئارامیش بۆ خێزانه‌كانمان مسۆگه‌ر بكه‌ین".

 

وتیشی "ئه‌و رێوشوێنه‌ ئه‌منیه‌ ئاڵۆزانه‌ی ئاسته‌نگیان بۆ جموجوڵی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ دروستكردووه‌، یارمه‌تیده‌ربوون له‌دروستكردنی به‌ربه‌ست بۆ هاتن‌و چوونی كاڵا له‌شاره‌كه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، هه‌روه‌ها بوونه‌ته‌ هۆكاری وه‌ده‌رنانی هه‌موو كه‌سانی به‌تواناو شاره‌زای بواری بازرگانی‌و ته‌ندروستی، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی به‌سه‌ر واقیعی ته‌ندروستی‌و بازرگانی‌و ته‌نانه‌ت خوێندنیش له‌شاره‌كه‌دا هه‌بووه‌ دوای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ وازیان له‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ هێنا به‌تایبه‌تی پزیشك‌و خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان كه‌ گرنگترین كرێچیه‌كانمان بوون".

 

ره‌نگه‌ ئه‌م پرۆسه‌ی مۆڵك فرۆشتنانه‌ كاره‌ساتێكی ئابووری بێت بۆ خاوه‌ن موڵك‌و خانووبه‌ره‌كان كه‌ ناچاربوون به‌نیوه‌ی نرخ بیانفرۆشن، به‌ڵام بووه‌ته‌ بازرگانیه‌كی باش‌و ئه‌و خاوه‌ن سه‌رمایانه‌ سوودیان لێ بینیوه‌ كه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌سه‌رفكردنی پاره‌یه‌كی زۆر بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین موڵك‌و زه‌وی‌و خانووبه‌ره‌.

 

نه‌بیل ئیبراهیم عیساوی (58 ساڵ) كه‌ خاوه‌نی نووسینگه‌ی كڕین‌و فرشتنی خانووبه‌ره‌یه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات "بازاڕی خانووبه‌ره‌ له‌مانگی ئه‌یلولی 2016وه‌ جموجوڵێكی خێرای به‌خۆوه‌ بینیوه‌ دوای ئه‌وه‌ی خێزانه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شاره‌كانیان، وا دیاریشه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی له‌هه‌ندێك دۆست‌و كڕیاره‌وه‌ پێمده‌گه‌یشتن، زۆربه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ خۆیان یه‌كلایی كردبووه‌وه‌و داوایان لێ ده‌كردم خانووه‌كانیان بۆ بفرۆشم‌و ده‌شیانزانی كه‌ نیوه‌ی نرخی راسته‌قینه‌ی موڵكه‌كانیان وه‌رده‌گرن".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "زۆربوونی خواست یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌بازاڕی خانووبه‌ره‌دا ده‌یبینین پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رێسایه‌یه‌و نرخ له‌گه‌ڵ زۆربوونی خواست له‌سه‌ر ئه‌و خراوه‌ڕووه‌ كه‌مه‌، هه‌ره‌س دێنێت، هۆكاره‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و شارانه‌ی له‌چنگی داعش ئازادبوون، فاكته‌ره‌كانی راكێشانی دانیشتووانی ناوخۆیان له‌ده‌ست داوه‌ ئه‌ویش دوای دووركه‌وتنه‌وه‌ی پزیشكان‌و داڕمانی ژماره‌یه‌كی زۆر خوێندنگه‌و ئه‌و لاوازیه‌ زۆره‌ی له‌دۆسێی خزمه‌تگوزاریه‌كان‌و ژێرخاندا هه‌یه‌".

 

 

وتیشی‌ "له‌ماوه‌ی سێ مانگی رابردوودا یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی باری داراییان باشه‌ له‌ڕێی ئه‌م نووسینگه‌یه‌ی ئێمه‌وه‌ پێنج خانوو سیانزه‌ پارچه‌ زه‌وی نیشته‌جێی كڕیوه‌و بڕی یه‌ك ملیار دیناری عێراقی سه‌رفكردووه‌، زۆركه‌سی تریش هه‌ن كه‌ ده‌رفه‌تێكی باشی وه‌به‌رهێنانیان له‌كڕینی زه‌وی نیشته‌جێبوون یاخود كشتوكاڵیدا بینیوه‌ته‌وه‌".

 

عه‌بدولحه‌مید حه‌دیسی راوێژكاری یاسایی فه‌رمانگه‌ی تۆماری خانووبه‌ره‌ له‌پارێزگای ئه‌نبار به‌"نیقاش"ی وت "جموجوڵێكی گه‌وره‌و سه‌رنجڕاكێش هه‌یه‌ له‌پرۆسه‌ی كڕین‌و فرۆشی خانووبه‌ره‌و زه‌وی نیشته‌جێ‌و كشتوكاڵی له‌پارێزگای ئه‌نبار، به‌تایبه‌تی له‌شاره‌كانی فه‌لوجه‌و رومادی هه‌ردوو گه‌وره‌ شاری پارێزگاكه‌دا، به‌ڵام ناتوانین ناوی دیارده‌ی لێ بنێین، چونكه‌ ئامارێكی وردمان له‌باره‌ی قه‌باره‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌لا نییه‌، هۆكاره‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ فه‌رمانگه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی تۆماری خانووبه‌ره‌ ده‌ستیان به‌راییكردنی مامه‌ڵه‌ی گواستنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی نه‌كردووه‌".

 

ده‌شڵێت "له‌میانی چاودێریكردنمان بۆ پرۆسه‌كانی كڕین‌و فرۆشتن، ئه‌و خانووبه‌رانه‌مان پۆلێنكرد كه‌ له‌پرۆسه‌كانی فرۆشتندا كراونه‌ته‌ ئامانج‌و ده‌ركه‌وت پشكی گه‌وره‌ به‌ر زه‌ویه‌ نیشته‌جێكان ده‌كه‌وێت، به‌م پێیه‌ش ئێمه‌ له‌به‌رده‌م چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان‌و بازرگانیداین كه‌ خاوه‌ن سه‌رمایه‌كانی شاره‌كه‌و ده‌ره‌وه‌ی راكێشاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بازرگانی ئاینده‌یی له‌بازاڕی خانووبه‌ره‌و زه‌وی ئه‌و شارانه‌دا بكه‌ن كه‌ پێگه‌ی بازرگانی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی باشیان هه‌یه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌