راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

قه‌یرانی‌ دارایی كۆتایی دێت؟
ساڵێكی‌ قورستر چاوه‌ڕێی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌كات

هونەر حەمەرەشید
حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ستی‌ له‌بنی‌ هه‌مانه‌كه‌ گیر بووه‌، نه‌ خۆی‌ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ پێده‌كرێت، نه‌ به‌غداش ده‌روویه‌كی‌ لێده‌كاته‌وه‌و ئه‌و ئه‌ركه‌ی‌ له‌كۆڵ بكاته‌وه‌.
10.11.2016  |  سلێمانی‌
هەولێری پایتەختی کوردستان ( :وێنه موقع حكومة اربيل)
هەولێری پایتەختی کوردستان ( :وێنه موقع حكومة اربيل)

ساڵی‌ 2014 دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان به‌غداو هه‌ولێر گه‌یشته‌ لوتكه‌، به‌بڕیاری‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ ئه‌و ده‌مه‌ی‌ عێراق به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم بڕدرا، له‌و كاته‌شه‌وه‌ هه‌ردوو لایه‌نی‌ ناكۆك نه‌یانتوانی‌ چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و گرفته‌ بدۆزنه‌وه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ به‌قسه‌ی‌ ئه‌شواق جاف په‌رله‌مانتاری كورد له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق "بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌بڕیارێكی زاره‌كی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی عێراق بڕدراوه‌‌و هیچ نوسراوێك له‌ئارادا نییه‌" به‌ڵام تائێستا ئه‌و بڕیاره‌ زاره‌كییه‌ له‌قۆناغی‌ جێبه‌جێكردندایه‌.

 

قه‌یرانی‌ دارایی‌ هه‌رێم ته‌واوی‌ ساڵانی‌ 2014و 2015 درێژه‌ی‌ كێشاو ئه‌وا ئه‌مساڵی‌ هاته‌ سه‌ر، پێناچێت بۆ ساڵی‌ داهاتووش هیچ به‌رچاو روونییه‌ك هه‌بێت، مادام حكومه‌تی‌ هه‌رێم پشتی‌ به‌نه‌وت به‌ستووه‌، ئێستا له‌به‌رده‌م دوو رێگادایه‌، یا ئه‌وه‌تا نه‌وته‌كه‌ی‌ راده‌ستی‌ به‌غدا بكاته‌وه‌، یا ئه‌وه‌تا به‌و پاره‌ی‌ نه‌وته‌ به‌شی‌ پێداویستی‌ ناوخۆ بودجه‌ دابین بكات.

 

رێگایه‌كی‌ سه‌خت

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چه‌ند رێگایه‌كی‌ له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ له‌قه‌یرانی‌ دارایی رزگاربكات، یه‌كێك له‌گرنگترین رێگا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ فرۆشتنی‌ نه‌وت له‌رێگه‌ی‌ به‌غداوه‌، بۆ ئه‌مه‌ش به‌رپرسانی‌ هه‌رێم جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ رێكه‌وتنێكی‌ نوێدا ده‌بێت كه‌ هیچ هه‌نگاوێكی‌ بۆ هه‌ڵنه‌هێنراوه‌.

 

سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌دڵنیاییه‌وه‌ بۆ فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی‌ به‌غداوه‌، ده‌بێت رێككه‌وتنێكی‌ نوێ‌ له‌نێوان هه‌ردوولاوه‌ واژووبكرێت، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت گفتوگۆ بكرێت".

 

دزه‌یی‌ وتیشی‌ "به‌مه‌به‌ستی‌ گفتوگۆكردن له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا تائێستا هیچ هه‌نگاوێكی‌ كرده‌كی‌ نه‌نراوه‌و هیچ به‌رنامه‌یه‌كیش نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شاندی‌ هه‌رێم بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ردانی‌ به‌غدا بكات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ عێراق".

 

دواینجار حكومه‌تی‌ هه‌ولێرو به‌غدا له‌سه‌ر نه‌وت‌و بودجه‌ی‌ هه‌رێم رێككه‌وتن مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ 2014 بوو، به‌ڵام رێكه‌وتنه‌كه‌ به‌مه‌ره‌كه‌بی‌ سه‌ره‌ كاغه‌ز مایه‌وه‌و هیچی‌ لێ‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كرا.

 

رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بوو، ده‌بوو حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رۆژانه‌ بڕی‌ 550 هه‌زار به‌رمیلی‌ نه‌وتی‌ گێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌‌و پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌ڕێگه‌ی‌ (سۆمۆ)-كۆمپانیای‌ به‌بازاڕكردنی‌ نیشتیمانی‌ نه‌وتی‌ عێراقه‌وه‌ هه‌نارده‌بكات، له‌به‌رانبه‌ردا حكومه‌تی‌ عێراق مانگانه‌ 17% به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كات.

 

حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌وكات نه‌یتوانی‌ پابه‌ند بێت به‌ئه‌ركه‌كه‌ی‌ سه‌رشانیه‌وه‌، پێده‌چێت ئێستاش به‌هه‌مان شێوه‌ بێت.

 

عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری‌ كشتوكاڵی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌ڵێت "حكومه‌تی‌ هه‌رێم ناتوانێت پابه‌ندبێت به‌و رێككه‌وتنه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراق هه‌یبوو".

 

عه‌بدلستار مه‌جید به‌"نیقاش"ی‌ وت "حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا قه‌رزی‌ دوو ساڵی‌ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی‌ له‌سه‌ره‌و ده‌بێت به‌نه‌وت بیانداته‌وه‌، بۆیه‌ ناتوانێت له‌ساڵی‌ داهاتوو رۆژانه‌ بڕی‌ 550 هه‌زار به‌رمیل راده‌ستی‌ كۆمپانیای‌ سۆمۆ بكات".

 

به‌پێیه‌ی‌ قسه‌ی‌ ئه‌م وه‌زیره‌ بێت، كه‌واته‌ ساڵی‌ داهاتووش (2017) نابێت هه‌رێم چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ بێت له‌به‌غداوه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ پێبدرێت.

 

قه‌رزه‌كه‌ی‌ سه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم خۆی‌ له‌بیست ملیار دۆلار ده‌دات، ئه‌مه‌ش ئه‌و زانیارییه‌یه‌ كه‌ ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان بڵاوی‌ كرده‌وه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ به‌غدا له‌پرۆژه‌ی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ داهاتوودا رێژه‌ی‌ 17%ی‌ بۆ هه‌رێم دابین كردووه‌، به‌ڵام ئه‌م به‌شه‌ گرێدراوه‌ به‌رێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ دوو ساڵ له‌وه‌وه‌و به‌ره‌وه‌ كه‌ زه‌حمه‌ته‌ جێبه‌جێ‌ ببێت.

 

ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی‌ "پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌پرۆژه‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ عێراق دانراوه‌ته‌وه‌ به‌ 11 ترلیۆن، به‌و مه‌رجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت‌و داهاته‌ ئیتیحادییه‌كان راده‌ستبكات".

 

ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌پێی‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌پرۆژه‌ بودجه‌دا پشكی‌ هه‌رێمی‌ دیاریكردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاماده‌یه‌ به‌شه‌ بودجه‌ش بۆ هه‌ولێر بنێرێت، له‌به‌رانبه‌ردا ده‌بێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم، نه‌وتی‌ به‌رێژه‌ی‌ دیاریكراو له‌رێگه‌ی‌ سۆمۆوه‌ بنێرێت".

 

بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ دارایی، كه‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ كورده‌ له‌ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق به‌دووری‌ زانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بتوانێت پابه‌ندی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بێت‌و بڕی‌ 550 هه‌زار به‌رمیل له‌رێگه‌ی‌ به‌غداوه‌ بفرۆشێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌پێی‌ پرۆژه‌ بودجه‌كه‌، "یه‌كێك له‌و بڕگانه‌ی‌ له‌ناو پڕۆژه‌ی بودجه‌دا دانراوه‌ ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان هه‌ر بڕه‌ نه‌وتێكی زیاده‌ی هه‌بوو له‌ 550 هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ راده‌ستی حكومه‌تی ئیتیحادی بكاته‌وه‌، بۆیه‌ به‌بڕوای من نه‌ ده‌توانێت پابه‌ند بێت به‌و یاسای بودجه‌یه‌وه‌، پابه‌ندبوونیشی واته‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌و گرێبه‌سته‌ نه‌وتیانه‌ی‌، یان له‌و هاوبه‌شییه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌ماوه‌ی‌ رابردوو كردوویه‌تی".

 

ساڵی‌ به‌رده‌وامی‌ قه‌یرانه‌كان

له‌ئێستادا هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن رێككه‌وتنی‌ حكومه‌تی‌ عێراق‌و هه‌رێم له‌سه‌ر نه‌وت‌و بودجه‌ ئاسته‌مه‌و ئه‌گه‌ریش رێككه‌وتنی‌ نوێ‌ بكه‌ن، پابه‌ندی‌ به‌رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ قورس ده‌بێت، چونكه‌ هه‌رێم پابه‌ندی‌ چه‌ند گرێبه‌ستێكی‌ هه‌یه‌و حكومه‌تی‌ عێراقیش بڕی 21 ترلیۆن دینار كورتهێنانی‌ هه‌یه‌، كه‌ به‌دابینكردنی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم كورتهێنانه‌كه‌ی‌ زیاتر ده‌كات.

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ئه‌گه‌ری‌ رێككنه‌كه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراق چ رێگه‌یه‌ك ده‌گرێته‌ به‌ر، بۆ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانی‌ دارایی، عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری‌ كشتوكاڵ ده‌ڵێت "چه‌ند رێگه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌قه‌یرانه‌كانی‌، ئه‌وانیش پشتبه‌ستنه‌ به‌كه‌رته‌كانی‌ تری‌ وه‌ك كشتوكاڵ‌و پیشه‌سازی‌‌و گه‌شتوگوزارو چه‌ند كه‌رتێكی‌ تر".

 

وه‌زیری‌ كشتوكاڵ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ په‌نابردن بۆ ئه‌و كه‌رتانه‌ به‌ڕێگه‌یه‌كی‌ باش ده‌زانێت بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ قه‌یرانی‌ دارایی، به‌ڵام به‌دووری‌ ده‌زانێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم جگه‌ له‌نه‌وت وه‌ك سه‌رچاوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ داهات بیری‌ له‌ڕێگه‌یه‌كی‌ تر كردبێته‌وه‌، ده‌شڵێت "پێموایه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ی‌ له‌دوو ساڵی‌ رابردوو هه‌بووه‌ به‌رده‌وامی‌ ده‌بێت‌و ئه‌گه‌ریش زۆره‌ قه‌یرانه‌كان قووڵتر ببنه‌وه‌".

 

فشاره‌كان زیاتر ده‌بن

به‌رده‌وامی‌ قه‌یرانی‌ دارایی وای‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم كردووه‌ پرۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ رابگرێت‌و دوو ساڵیش ده‌بێت ناتوانێت موچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ به‌ته‌واوی‌‌و رێك‌و پێكی‌ بدات، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی‌‌و ناڕه‌زایه‌تی‌ لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

 

له‌ئێستادا ناڕه‌زایی‌و نیگه‌رانییه‌كان گۆڕاوه‌ بۆ فشار بۆ سه‌ر حكومه‌ت، ئه‌ویش به‌ئه‌نجامدانی‌ خۆپیشاندان‌و مانگرتن له‌ده‌وامكردن له‌لایه‌ن مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران، كه‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ وه‌ك پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌ چه‌ند مانگێكه‌ ده‌وامی‌ زۆربه‌ی‌ خوێندنگه‌و زانكۆو فه‌رمانگه‌كان راگیراوه‌.

 

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح په‌رله‌مانتاری‌ كوردستان پێیوایه‌ ئه‌و فشارو نیگه‌رانییانه‌ له‌جێی‌ خۆیه‌تی‌ راشیگه‌یاند "سه‌ره‌ڕای‌ به‌رده‌وامی‌ فشارو نیگه‌رانییه‌كان له‌ماوه‌ی‌ داهاتوو فشاره‌كان بۆ سه‌ر حكومه‌ت زیاتر ده‌بێت".

 

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح، كه‌ هاوكات جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌و ئابوورییه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، بۆ "نیقاش" ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد، رۆژ به‌رۆژ هاووڵاتیان‌و فه‌رمانبه‌ران بۆیان روونده‌بێته‌وه‌، حكومه‌ت هیچ به‌رنامه‌یه‌كی‌ نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانی‌ دارایی، بۆیه‌ له‌داهاتوودا فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر حكومه‌ت زیاتر ده‌كه‌ن.

 

عه‌بدولستار مه‌جیدی‌ وه‌زیری‌ كشتوكاڵی‌ هه‌رێم هاوڕابوو له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌و رایگه‌یاند "هاووڵاتیان‌و فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم متمانه‌یان به‌داتاو ژماره‌كانی‌ حكومه‌ت نییه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر فشاره‌كانیان به‌رده‌وامده‌بن‌و فشاره‌كانیش زیاتر ده‌كه‌ن".

 

وه‌زیری‌ كشتوكاڵ ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكرد، كه‌ له‌چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران پێشنیازی‌ ئه‌وه‌ی‌ كردووه‌، له‌رێگه‌ی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ هه‌وڵبدرێت متمانه‌ی‌ نێوان حكومه‌ت‌و هاووڵاتیان بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ئاشكراكردنی‌ داتاو ژماره‌ دروسته‌كان، چونكه‌ ئه‌و ژماره‌ی‌ داتایانه‌ی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌وت‌و داهات ئاشكراده‌كرێت، "منیش متمانه‌م پێی‌ نییه‌، نه‌ك هاووڵاتیانی‌ هه‌رێم".

 

له‌به‌رانبه‌ردا سه‌فین دزه‌یی ئه‌و قسانه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌و رایگه‌یاند، ئه‌وان له‌رێگه‌ی‌ چه‌ند هه‌وڵێكه‌وه‌وه‌، له‌وانه‌ واژووكردنی‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كانی‌ وردبینی‌ بۆ هه‌نارده‌و داهاتی‌ نه‌وت، ده‌یانه‌وێت هه‌موو ژماره‌ دروسته‌كان بۆ رای‌ گشتی‌ ئاشكرابكه‌ن، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ به‌ڵێنێك بدات له‌باره‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانی‌ دارییه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌