راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌ر لایه‌و هه‌ڵپه‌ی‌ خۆیه‌تی‌
نه‌وت به‌ڵایه‌كی‌ تر له‌پارێزگاكانی‌ باشوور ده‌خولقێنێت

عەلی ناسر
سه‌ره‌تای‌ ململانێ‌‌و قه‌یرانێكی‌ قوڵ له‌نێوان پارێزگاكانی باشووری‌ عێراق له‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی نه‌وتی نوێ ده‌ركه‌وتوون، كێڵگه‌ نوێیه‌كان ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌ سنوورییه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان‌و قه‌یرانه‌كه‌ش په‌لیشی…
28.09.2016  |  زیقار
ئامێری‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌نزیك كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ پارێزگای‌ زیقار ( :وێنه Abbas Shamkhi)
ئامێری‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌نزیك كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ پارێزگای‌ زیقار ( :وێنه Abbas Shamkhi)

عه‌لی عه‌باس (34 ساڵ) كه‌ هاووڵاتیه‌كی بێكاره‌ له‌پارێزگای‌ موسه‌ننا، چووه‌ ریزی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی كه‌ هۆزی (ئال عه‌بس) له‌ناوچه‌ی هوێشلی له‌باكووری پارێزگای موسه‌نا بانگه‌شه‌ی بۆ كردووه‌، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی داواكردنی زه‌وییه‌كانی باپیرانیان له‌و ناوچانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ پارێزگای‌ زیقاردا هاوبه‌شن، .

 

ئه‌م خۆپیشاندانه‌ له‌كاتێكدا كه‌ سه‌دان كرێكار روو له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن بۆ دروستكردنی عه‌مباری سووته‌مه‌نی نه‌وتی كه‌ كۆمپانیای (CPP) چینی جێبه‌جێی ده‌كات.

 

عه‌باس به‌"نیقاش"ی وت "به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ مافمان خوراوه‌ به‌شداری‌ خۆپیشاندانه‌كه‌م كرد، چونكه‌ هۆزی (ئال غه‌زی) له‌پارێزگای زیقار ده‌ستیار به‌سه‌ر زه‌وییه‌كانماندا گرتووه‌و ده‌ڵێن هی ئێمه‌یه‌، بۆ زانیاریش هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كانی كاركردن له‌پرۆژه‌ نوێیه‌كه‌دا بگرن له‌ڕێی هاوئاهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی زیقارو ئێمه‌ش به‌جێبهێڵن به‌ده‌ست بێكاریه‌وه‌ بناڵێنین".

 

قه‌یرانه‌كه‌ ئه‌و كاته‌ ئاڵۆزبوو كه‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌ جیهانیه‌كان له‌و ناوچانه‌ له‌لایه‌ن هۆزه‌ ناكۆكه‌كانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراو حكومه‌تیش بێده‌نگ بوو، بۆیه‌ كێشه‌كه‌ په‌ره‌ی‌ سه‌ندو ململانێی عه‌شایریان تێدا هه‌ڵگیرسا.

 

یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ی گرژییه‌كی رووله‌زیادبوو به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت ده‌كه‌وێته‌ نێوان هه‌ردوو پارێزگای زیقارو موسه‌ناوه‌و به‌رووبه‌ڕه‌كه‌ی‌ بۆ پێنج هه‌زار كیلۆمه‌تر درێژ ده‌بێته‌وه‌، له‌وێ‌ هه‌ردوو كۆمپانیای "لۆك ئۆیل"ی روسی‌و "ئینپێكس"ی یابانی‌ كار بۆ په‌ره‌پێدانی ده‌كه‌ن ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2012دا مافی گه‌ڕان‌و په‌ره‌پێدان‌و به‌رهه‌مهێنانیان له‌وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت وه‌رگرت.

 

به‌پێی قسه‌ی مونشید جابری جووتیار (65 ساڵ) هۆزه‌كانی "ئال غه‌زی" له‌به‌ری پارێزگای زیقار خاوه‌ندارێتی ناوچه‌یه‌كی گه‌وره‌یان وه‌رگرتووه‌ كه‌ تا خۆرئاوای پارێزگاكه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌و تێكه‌ڵ به‌سنووری پارێزگای موسه‌نا ده‌بێت، پاساوی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌شیانی به‌وه‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ ده‌ستی یارمه‌تیان بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ حكومییه‌كان درێژكردووه‌ له‌پێناو هاوكارییان بۆ دروستكردنی پرۆژه‌ی نه‌وتی، به‌ڵام له‌لایه‌نی دیكه‌وه‌ رووبه‌ڕووی گوشار بوونه‌ته‌وه‌.

 

مونشید جابر به‌"نیقاش"ی وت "پارێزگای موسه‌ناو هۆزه‌كانی، ده‌ستیان وه‌ردایه‌ كاری كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان‌و هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كانی كاریان قۆرغ كردو كرێكاره‌كانی سه‌ر به‌هۆزه‌كانی پارێزگای زیقاریان دوورخسته‌وه‌، بۆیه‌ هۆزه‌كانی ناوچه‌كه‌ش ئه‌مه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌".

 

دۆزینه‌وه‌ی‌ چه‌ند بیره‌ نه‌وتێكی‌ نوێ‌ له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی‌ نێوان زیقارو موسه‌نناو به‌سره‌، به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاشووبێك له‌نێوان عه‌شیره‌ته‌كانی‌ ناوچه‌كه‌دا سه‌رهه‌ڵبدات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌ریه‌ك له‌و پارێزگایانه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و بیرانه‌ سه‌نگه‌ریان له‌یه‌ك گرتووه‌.

 

ئه‌حمه‌د مه‌رزوك سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسه‌نا ره‌خنه‌ی له‌سیاسه‌تی پارێزگای زیقار گرت له‌مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌داو به‌"نیقاش"ی‌ وت "حكومه‌تی زیقار هاوكارمان نه‌بوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ردوو پارێزگا له‌سه‌ر سنوور، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ ئاماده‌بووین بۆ هاوكاریكردن له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌ی سنووری به‌پێی یاساو داوامان لێكردن لیژنه‌ی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوو پارێزگادا پێكبهێنین به‌مه‌به‌ستی په‌له‌كردن له‌داڕشتنه‌وه‌ی سنوورو رێگرتن له‌ فراوانبوونی هه‌ر ناكۆكییه‌كی عه‌شایری له‌ ئاینده‌دا". ده‌شڵێت "پارێزگای زیقار به‌بێ به‌شداری نوێنه‌رانی پارێزگای موسه‌نا سنووری داڕشته‌وه‌و لێره‌شه‌وه‌ كێشه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد".

 

له‌به‌رامبه‌ردا یه‌حیا مه‌شره‌فاوی سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت‌و گاز له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای زیقار پاساوی دیاریكردنی سنوور به‌شێوه‌یه‌كی یه‌ك لایه‌نه‌ به‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ هۆكاره‌كه‌ی خۆدزینه‌وه‌ی به‌رپرسانی پارێزگای موسه‌نایه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كان.

 

 

مه‌شره‌فاوی به‌"نیقاش"ی وت "دوای هه‌ڵكشانی گرژییه‌ عه‌شایرییه‌كان‌و یه‌كتر تۆمه‌تباركردن‌و خۆپیشاندانه‌كانی هه‌ردوو پارێزگا، له‌ترسی په‌ره‌سه‌ندنیان په‌نامان بۆ دیاریكردنی سنوور برد به‌پێی نه‌خشه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی زه‌ویوزار له‌وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ كه‌ مافی پارێزگای زیقار زامن ده‌كات له‌هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی پرۆژه‌ی نه‌وتیان تێدایه‌".

 

بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م كێشه‌، ئیداره‌ی خۆجێیی پارێزگای موسه‌نا په‌نای بۆ حكومه‌تی فیدراڵی بردووه‌، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ حارس له‌همود سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا داوا ده‌كات لیژنه‌یه‌كی بێلایه‌ن له‌به‌غداوه‌ ئه‌ركی‌ داڕشتنه‌وه‌ی سنوور بگرێته‌ ئه‌ستۆو بۆ "نیقاش"ی دووپات كرده‌وه‌ "له‌به‌رامبه‌ر رێوشوێنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی حكومه‌تی زیقار بۆ دیاریكردنی سنوور بێده‌نگ نابین‌و هه‌وڵده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران باسی بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی بێنه‌ ناو مه‌سه‌له‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ مافی رۆڵه‌كانی پارێزگاكه‌ مسۆگه‌ر بكرێت".

 

بنچینه‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ بۆ سه‌رده‌می رژێمی سه‌دام حسێن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ سه‌رله‌نوێ سنووری زۆربه‌ی شاره‌كانی عێراقی داڕشته‌وه‌ به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی باری دیمۆگرافی‌و عه‌شایری ئه‌و شارانه‌، پاش رووخانی رژێمه‌كه‌ش له‌ساڵی 2003دا ئه‌و شارانه‌ داوایانكرد ره‌وشه‌كه‌ وه‌كو پێش گۆڕانكارییه‌كانی‌ لێبكرێته‌وه‌، به‌ڵام چه‌ند لایه‌نێكی‌ تر ئه‌وه‌یان ره‌تكرده‌وه‌، چونكه‌ سوودمه‌ندبوون.

 

سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ری په‌رله‌مان هه‌وڵیدا سنووری نێوان پارێزگاكان دابڕێژێته‌وه‌و ئه‌و بڕیارانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن رژێمی سه‌دام حسێنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌پرسی سنوور ده‌ركرابوون، به‌ڵام شكستیهێنا له‌هێنانه‌دی ئامانجه‌كه‌ی، چونكه‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان حیزب‌و كوتله‌كان له‌و كاته‌دا قووڵ بوون‌و نه‌یانده‌توانی گفتوگۆ له‌باره‌ی پرسێكی وا هه‌ستیاره‌وه‌ بكه‌ن.

 

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌لی عیتابی توێژه‌ری زانستی جوگرافیا به‌"نیقاش"ی وت "رژێمی سه‌دام حسێن گۆڕانكارییه‌كی دیمۆگرافی گه‌وره‌ی له‌نه‌خشه‌ی عێراقدا كرد له‌وانه‌ش له‌پارێزگاكانی باشووردا، دیارترین ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سنووری هاوبه‌شی نێوان زیقارو موسه‌نادا كراوه‌".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "بڕیاربوو له‌په‌رله‌مانی عێراق له‌چواچێوه‌ی ره‌شنووسی مادده‌ی 140ی ده‌ستووردا گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه‌كه‌وه‌ بكرێت، به‌ڵام پرۆژه‌كه‌ شكستی هێناو له‌چه‌ند مانگی رابردوودا كێشه‌كه‌ ئاڵۆزتر بوو به‌هۆی ململانێ له‌سه‌ر نه‌وت، هاوكات هۆزه‌كان ده‌ستیان له‌قه‌یرانه‌كه‌ وه‌ردا به‌مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتنی قازانج بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان".

 

قه‌یرانێكی هاوشێوه‌ش له‌سه‌ر سنووری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو پارێزگای زیقارو به‌سره‌ له‌ئاسۆدا ده‌ركه‌وتووه‌ به‌هۆی ململانێ له‌سه‌ر ناوچه‌ی زۆنگاوه‌كان كه‌ مانگی رابردوو رێكخراوی یونسكۆ ده‌ستنیشانی كرد بۆئه‌وه‌ی بخرێته‌ لیستی ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانه‌وه‌، به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌ش له‌هه‌ردوو پارێزگا ده‌ستیانكردووه‌ به‌ئاماژه‌دان به‌پرسی خاوه‌ندارێتی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی گرنگی زۆنگاوه‌كان ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ هاتنی هۆزی نوێی به‌خۆوه‌ بینی.

 

ماوه‌ی‌ رابردوو ناكۆكی‌ له‌نێوان ئه‌و هۆزانه‌دا له‌ناوچه‌ی خنزیری (30 كم باشووری قه‌زای چبایش-ی سه‌ر به‌پارێزگای زیقار) سه‌ریهه‌ڵدا، رووبه‌ری ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كه‌ ده‌گاته‌ حه‌وت هه‌زار دۆنم‌و نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س تێیدا نیشته‌جێن كه‌ له‌پارێزگاكانی میسان‌و به‌سره‌و زیقاره‌وه‌ هاتوون به‌ئومێدی ژیانێكی باشتر.

 

زۆنگاوه‌كان به‌به‌خێوكردنی گامێش‌و راوه‌ماسی به‌ناوبانگن ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ببنه‌ رووگه‌ی ئاواره‌كان‌و ئه‌و هۆزه‌نه‌ی‌ به‌دوای ده‌رفه‌تی كاردا ده‌گه‌ڕێن.

 

فه‌یسه‌ڵ سه‌لمان (55 ساڵ) كه‌ ئێستا له‌ناوچه‌ی‌ زۆنگاوه‌كان نیشته‌جێیه‌ به‌"نیقاش"ی وت "به‌هۆی بێكاریه‌وه‌ له‌دوای ساڵی 2003وه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م‌و خزمه‌كانمدا له‌شاری به‌سره‌وه‌ هاتووم بۆ ناوچه‌ی خنزیری‌و ده‌مانه‌وێت به‌ئاشتی بژین به‌بێ ململانێ له‌گه‌ڵ دانیشتووانه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی ناوچه‌كه‌".

 

به‌ڵام كازم عیال (60 ساڵ) له‌هۆزه‌كانی (به‌نی ئه‌سه‌د) له‌زیقار سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی مێژوویی ناوچه‌ی خنزیری بۆ هۆزه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌هۆكاری وشككردنی ناوچه‌ی زۆنگاوه‌كان له‌لایه‌ن رژێمی سه‌دام حسێنه‌وه‌ له‌وێ‌ راگوێزراون‌و ئیتر ناوچه‌كه‌ وشك بووه‌و به‌كه‌لًكی ژیان نه‌ماوه‌، ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت "دروستكردنی پرۆژه‌ی حكومی له‌م ناوچه‌ كشتوكاڵیه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ده‌مانه‌وێت وه‌ك رابردوو كشتوكاڵی بۆ بگه‌ڕێنینه‌وه‌".

 

به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ناوچه‌ی خنزیری سه‌ر به‌شاره‌وانی هوێری سه‌ر به‌به‌سره‌یه‌، نه‌شئه‌ت مه‌نسوری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پلاندانان‌و به‌دواداچوون له‌ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی وت "بنچینه‌ی كێشه‌ی دیاریكردنی سنووری هاوبه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناكۆكی له‌سه‌ر ئه‌و جۆگه‌ ئاویانه‌ی به‌ناوچه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕن".

 

ده‌شڵێت "به‌سره‌ له‌بودجه‌ی دارایی خۆی خزمه‌تگوزاری پێویستی بۆ ناوچه‌كه‌ دابینكردووه‌، هه‌روه‌ك لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی له‌فه‌رمانگه‌كانی ئاوو بوژاندنه‌وه‌ی زۆنگاوه‌كان‌و خانووبه‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت پێكهێناوه‌ بۆئه‌وه‌ی دانوستان له‌گه‌ڵ زیقار بكات به‌مه‌به‌ستی دانانی چاره‌سه‌ری هاوبه‌ش له‌م ناوچه‌یه‌دا".

 

به‌ڵام به‌دیع لوبنان خه‌یون قایمقامی قه‌زای چبایش له‌زیقار كاری لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندی دیاریكردنی سنووری ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی به‌سره‌ پێكیهێناوه‌و به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌و لیژنه‌یه‌ نایاساییه‌و به‌پرسانی به‌سره‌ له‌به‌ر رۆشنایی ململانێ عه‌شایرییه‌كان سنوور داده‌ڕێژنه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌موو ئه‌و نه‌خشه‌و دۆكیۆمێنتانه‌مان له‌لایه‌ كه‌ سنووری بنچینه‌یی زیقار ده‌سه‌لمێنن".

 

ململانێ سنوورییه‌كانی نێوان پارێزگاكانی باشوور بووه‌ته‌ قه‌یرانێكی نوێ‌و ده‌چێته‌سه‌ر قه‌یرانه‌كانی دیكه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ هۆزه‌ چه‌كداره‌كان ئه‌و ململانێیه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ حكومه‌تی فیدراڵی سه‌رقاڵه‌ به‌شه‌ڕی دژ به‌داعش‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌ وێرانكراوه‌كان به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌باكوورو خۆرئاوای وڵات، بۆیه‌ بایه‌خ به‌وه‌ نادات كه‌ له‌شاره‌كانی باشوور روو ده‌دات، پێشده‌چێت ململانێ سنوورییه‌كه‌ به‌ره‌و هه‌ڵكشان بچێت له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كه‌ بڕیاره‌ ساڵی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌