راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پیشەیەكی نوێ‌ لەئەنبار
نان لەقوڕگی تەقەمەنییەكانی داعشدایە

که‌مال عه‌یاش
ئەگەرچی بۆمب‌و تەقەمەنییەكانی داعش مایەی مەترسی گەورەن، بەڵام بوونەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ بەشێك لەدانیشتووانی ناوچە تازە ئازادكراوەكان، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی توانای پوچەڵكردنەوەی بۆمبەكانیان هەیە.
21.09.2016  |  ئەنبار
داعش لەرومادی پاشەكشەی كردووە، بەڵام دنیایەك مین‌و تەڵەو تەقەمەنی داناوە ( :وێنه Craig DeBourbon / Getty)
داعش لەرومادی پاشەكشەی كردووە، بەڵام دنیایەك مین‌و تەڵەو تەقەمەنی داناوە ( :وێنه Craig DeBourbon / Getty)

چیتر ئەوە دیمەنێكی سەیر نییە لەشاری رومادی (110 كم خۆرئاوای بەغدای پایەتەخت) هەندێك هاوڵاتی مەدەنی ببینیت خەریكی پووچەڵكردنەوەی بۆمبێك یاخود مینێكی نەتەقیو بن، پاش ئەوەی بڵاوبوونەوەی بۆمبەكان لەماڵ‌و رێگاكاندا ببووە گەورەترین مەترسی بۆ دانیشتووانی ناوچەكە.

 

فالح مەرسومی كە نیشتەجێی گەڕەكی بەكرە لەناوەڕاستی رومادی، دەبووایە چاوەڕێی رێكارێكی دوورو درێژو ئاڵۆزی بەشی ئەندازەی سەر بەدەزگای لەناوبردنی تەقەمەنی بكات، بۆ ئەوەی ئەو بۆمبانە لاببەن كە لەماڵەكەیدا چێندرابوون، بەڵام ئەو رێگایەكی ئاسانتری گرتەبەرو پەنای بۆ ئەو كەسانە برد كە پووچەڵكردنەوەی ئەو تەقەمەنیانەیان كردۆتە پیشە.

 

پرۆسەی دۆزینەوەی ئەو كەسانەو رێككەوتن لەگەڵیشان ئەركێكی ئاسان نییە، وەك فالح مەرسومی بۆ "نیقاش"ی باس دەكات "چوومە دەروازەی شار، پاش ئەوەی زانیم ئەو شوێنە سەرەكییەیە كە شارەزایانی هەڵگرتنەوەی بۆمبی لێیەو دەستە دەستە وەكو كۆمەڵی كرێكاری بینا وەستاون، بەڵام نەمتوانی هیچ یەكێكیان بدۆزمەوە، چونكە لەبەر مەترسی لێپێچینەوەی یاسایی خۆیان ئاشكرا ناكەن".

 

دەشڵێت "توانای كەمی هێزە ئەمنییەكان لەهەڵگرتنەوەی بۆمبەكان‌و ئەو كرێ زۆرەی شارەزایانی هەڵگرتنەوەی تەقەمەنی داوای دەكەن، هاندەرێكی گەورە بوو، منی كردە لایەنێكی نوێ بۆ كێبڕكێكردن لەگۆڕەپانی پیشەی پووچەڵكردنەوەی بۆمبدا، ئەویش دوای ئەوەی سەیری چەند دیمەنێكی ڤیدیۆییم كرد كە شارەزایان لەتۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاویان كردبووەوەو چۆنێتی پووچەڵكردنەوەی ئەو بۆمبانەیان شیدەكردەوە".

 

پاش ئەوەی فالح توانی تەقەمەنییەكان لەماڵەكەی‌و ماڵی هەندێك لەخزم‌و هاوڕێیانیدا هەڵبگرێتەوەو بووە كەسێكی قاڵبوو لێهاتوو لەپووچەڵكردنەوەی بۆمب‌و ئەو تەڵانەی بۆ هاووڵاتیان دانراون، وازی لەكارە كۆنەكەی هێنا لەدوكانی چاككردنەوەی موەلیدەی كارەبا لەناوەڕاستی رومادی‌و دەستی بە كارە نوێیەكەی كرد كە بە"پیشەیەكی سەربەرزانە بۆ رزگاركردنی چەندین خێزان لەمەرگ‌و كەمئەندامبوون" وەسفی دەكات.

 

فالح دەڵێت "گروپەكەمان لە سێ كەس پێكدێت‌و كەمترین كرێ داوا دەكەین لەناو هەموو گرووپەكاندا كە كرێكەیان دەگاتە دوو ئەوەندەی ئەوەی ئێمە، چونكە ئێمە ماڵێك لەبەرامبەر 300 بۆ 700 دۆلاری ئەمریكی‌و ئۆتۆمبێلێك لەبەرامبەر 200 دۆلار چارەسەر دەكەین، ئەمەش بەپێی میكانیزمێكی كاركردن كە بریتییە لەسێ قۆناغ، یەكەمیان پشكنینی شوێنەكەو پاشان چارەسەركردن‌و پووچەڵكردنەوەی كاریگەری تەقەمەنییەكەیە، هەرچی قۆناغی كۆتاییشە ئەوا بەرپرسیارێتی خاوەن ماڵەكەیە كە ئاگاداركردنەوەی دەزگا ئەمنییەكان دەگرێتە ئەستۆ بۆ گواستنەوەی بۆمبەكان بۆ شوێنی لەناوبردنی تەقەمەنییەكان، لەوەتەی هاتووینەتە ناو شارەكەشەوە زیاتر لە (1500) بۆمبی جۆراوجۆرمان بەكەرەستەی ئاسایی‌و توانای سادەی خۆمان هەڵگرتۆتەوە".

 

پیشەی پووچەڵكردنەوەی مین‌و بۆمب خەڵكێكی زۆری بۆ خۆی راكێشاوە، عامر سوەیداوی (52 ساڵ) یەكێكە لەوانە كە ساڵی 2003 لەریزەكانی سوپای هەڵوەشاوەی عێراقدا كاری كردووەو پووچەڵكردنەوەی بۆمبی كردۆتە پیشە، پێشتر یارمەتی تیمەكانی ئەندازەی دەداو شوێنی بۆمبەكانی پیشان دەدان، ئەوكاتە دركی بەوە كرد كە شارەزاییەكەی یارمەتی دەدات بۆ دۆزینەوەی كارێك كە پارەیەكی زۆری لێوە دەست بكەوێت.

 

عامر سوەیداوی بە"نیقاش"ی وت "دوای ئەوەی تیمەكانی ئەندازەم بینی كە بۆمب‌و تەقەمەنییەكانیان پووچەڵ دەكردەوەو زۆربەشیان لەوانەبوون كە لەسوپای پێشوودا لەگەڵم بوون، دركم بەوەكرد كە منیش تەنیا كەرەستەكانم پێویستە كە ئەوانیش لەهەندێك دەرنەفیس‌و پلایس‌و تۆزێك وایەری كارەبایی تێناپەڕیت، هەروەك شارەزایی‌و بوێریشم هەیەو زانیاریی فراوانیشم سەبارەت بەهونەرەكانی دروستكردنی تەقەمەنی‌و شێوازەكانی مامەڵە لەگەڵ كردنیان هەیە، هەموو ئەوانە كردیانمە جادووگەرێكی چاكەكار كە كاری جادووگەرە شەڕەنگێزەكان پووچەڵ دەكاتەوە".

 

سوەیداوی وتیشی "لەم پیشەیەدا هەندێك هاوڕێمان لەدەستداوە بەهۆی كەمی شارەزایی‌و هەڵەشەییەوە، كارەكەمان تاڕادەیەكی زۆر لەبازرگانی چەك دەچێت كە قەدەغەیەو لەڕێی تۆڕێكی پەیوەندی جێمتمانە لەگەڵ هاوڵاتیان‌و هەندێك لەكارمەندانی هێزە ئەمنییەكان بەڕێوەدەچێت".

 

گەرەنتی راوەدوونەنانی عەشایری لەكاتی سەرنەكەوتن‌و شكستهێنانی پووچەلًكردنەوەی تەقەمەنییەكان، لەگەڵ گرتنە ئەستۆ بەرپرسیارێتی لەلایەن هەندێك لەوانەی ئەم پیشەیە دەكەن، خەسڵەتێكە ئەو هاوڵاتیانە رادەكێشێت كە دەیانەوێت لەمەترسی بۆمبە چێندراوەكان رزگاریان بێت، بەبێ ئەوەی بكەوە ژێر بەرپرسیارێتی لەكۆمەڵگەیەكدا كە تاڕادەیەكی زۆر نەریتە عەشایرییەكان باڵی بەسەردا كێشاوە.

 

فالح مەرسومی دووپاتی دەكاتەوە كە "چاوچنۆكی هەندێك بۆ بەدەستهێنانی پارە بەبێ شارەزایی‌و زانینی چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو تەقەمەنیانە، بەرەو مەرگی بردوون".

 

كاركردن لەم پیشەیەدا تەنیا لەو كەسانەدا چڕ نەبۆتەوە كە لەدەرەوەی دامەزراوەی سەربازین، بەڵكو كارمەندی ئەمنی هەن هەمان كار لەكاتی مۆڵەتەكانیاندا دەكەن.

 

یەكێك لە كارمەندانی پۆلیس لەشاری رومادی كە نازناوی "ئەبو حەفار"ی لەخۆی ناوە، بە"نیقاش"ی وت "كاركردن لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت لەهەڵگرتنەوەی بۆمب‌و تەقەمەنیدا زۆر جیاوازە، ٍچونكە ملكەچی فەرمانی سەربازی‌و رێنمایی رۆتینی نابم، من ئێستا كاری تایبەت بەخۆم دەكەم كە كارێكی باشەو پارەیەكی زۆرم لێ دەستدەكەوێت خەونم پێوەی نەبینیوە، بەتایبەتی كە شتی زۆر دەزانم لەبارەی قەبارەی بۆمبەكان‌و مەترسیەكانیان لەڕێی ئەو داتابەیسەی لەبەردەستماندایەو لەڕێیەوە لەمیكانیزمی كاركردن‌و مامەڵە لەگەڵ كردنیان تێدەگەم".

 

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە "هەندێك لەو كەسانەی ئەم پیشەیە دەكەن، حەبی پزیشكی دەخۆن كە یارمەتیان دەدات بۆ كەمكردنەوەی شڵەژان‌و پەلەپەكردن لەكاتی پووچەڵكردنەوەی تەقەمەنییەكاندا، چونكە ئێمە بەسەركێشیەكی مەترسیداری دەزانین‌و بەبێ ئەو حەبانە زۆركەس ناتوانن یەك بۆمب پووچەڵ بكەنەوە".

 

كەمتوانایی حكومی‌و جددی نەبوون لەمامەڵەكردن لەگەڵ دۆسێی بەربڵاوی بۆمب‌و تەقەمەنییەكان لەهەموو شارەكانی پارێزگای ئەنبار یارمەتیدەرێكی گەورە بووە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم پیشەیە، ئەمەش وای كردووە هەندێك كەس بیر لەدامەزراندنی كۆمپانیای تایبەت بەخۆیان بكەنەوە بۆ چارەسەركردنی تەقەمەنییەكان، یەكێك لەوانەش فالح مەرسومیە كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات "ئەم پیشەیە ئەگەرچی نوێ‌و مەترسیدارە، بەڵام پێموایە زۆر گرنگ دەبێت لەئایندەی نزیكداو مۆركێكی رەسمی وەردەگرێت بەتایبەتیش كە هەردوو حكومەتی ناوەندی‌و خۆجێیی هەمیشە هەوڵ دەدەن گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا جیهانیە تایبەتمەندەكان لەچارەسەركردنی تەقەمەنی لەسەرانسەری عێراقدا بكەن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌