راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شارە بێئارامەكە
سلێمانی.. باجی زیندوێتی‌و ناڕەزاییەكانی دەدات

هونەر حەمەرەشید
هەر كێشمەكێشم‌و ململانێ‌و نائارامییەك لەكوردستان سەرهەڵبدات، ئەبێت چەقەكەی لەسلێمانیدا بێت، ئەم شارە كە دانیشتوانەكەی شانازی بەزیندوێتییەوە دەكەن، باجی قورسی هەڵوێستەكانی داوە.
21.09.2016  |  سلێمانی
سلێمانی سەرەڕای باجە قورسەكان، بەڵام دەستبەرداری ناڕەزایەتی نابێت
سلێمانی سەرەڕای باجە قورسەكان، بەڵام دەستبەرداری ناڕەزایەتی نابێت

شاری سلێمانی، كە پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی كوردستانەو ناوەندی پارێزگای سلێمانییە لەباكووری رۆژهەڵاتی عێراق، ماوەی چەند ساڵێكە بە بەردەوامی كێشەو ململانێی سیاسی تێدایەو ئەمەش كاریگەری لەسەر شارەكە لەزۆر رووەوە داناوە.

 

دواین كێشەی سیاسی، كە لەو شارە روویدا رۆژی 1ی ئەیلولی ئەمساڵ بوو كاتێك كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و چەند سەركردەیەكی ئەو حیزبە لەرێگەی بەیاننامەیەكەوە، باڵی "ناوەندی بڕیار"یان لەناو حیزبەكەیان راگەیاندو دژی "باڵی دەسترۆیشتووی" حیزبەكەیان وەستانەوە كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی خێزانی جەلال تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەم هەڵوێستەش بارگرژییەكی تری لەشارەكەدا دروستكردو كاری گەیاندە سەر ئەگەری جوڵاندنی هێزی چەكداری بەرامبەر یەكتر.

 

هەر نا ئارامییەك لەناو ریزەكانی یەكێتی نیشیتمانی كوردستاندا، بەمانای نائارامی دێت لەسلێمانیدا، چونكە ئەو شارە جێنفوزی سەرەكی یەكێتییەو تەنانەت بە"زۆنی سەوز" ناودەبرێت –وەك هێمایەك بۆ رەنگی ئاڵاكەی یەكێتی كە سەوزە -.

 

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی بە"نیقاش"ی وت "هەر كێشەو ململانێیەك لەناو یەكێتی رووبدات، راستەوخۆ كاریگەی لەسەر شاری سلێمانی دەبێت‌و زۆرجار كێشەكان كاریگەری نەرێنیان لەسەر شارەكە دروستكردووە".

 

ئەو نائارامییەی لەچەند رۆژی رابردوو لەسلێمانی روویدا، تاكە رووداو نەبووە لەمساڵ‌و ساڵانی رابردوودا، بەڵكو ئەگەر سەیرێكی رووداوەكانی 10 ساڵی رابردوو بكرێت، دەبینرێت ساڵ نەبووە لانی كەم رووداوێكی گەورە لەهەرێمی كوردستاندا رووینەدابێت كە چەقەكەی سلێمانی بووبێت.

 

لەهەرێمی كوردستاندا شاری سلێمانی بەسەركێشترین‌و پڕ جموجۆڵترین شار ناودەبرێت، هەندێك هەن پێیان وایە ئەم شارە ناحەوێتەوەو هەمیشە بەدوای كێشەو ململانێدا دەگەڕێت، بەڵام زۆربەی دانیشتوانی شارەكە بۆچوونێكی پێچەوانەیان هەیەو پێیان وایە سلێمانی شارێكی زیندووەو هەمیشە بەدوای نوێبوونەوەو گۆڕانكاریدا دەگەڕێت.

 

ئاسۆس هەردی نوسەرو سەرنووسەری پێشووتری رۆژنامەی ئاوێنە، هۆكاری ئەوەی هەمیشە كێشەو ململانێكانی هەرێمی كوردستان لەسلێمانی دەست پێدەكات، بۆ "زیندوویەتی" شارەكە دەگێڕێتەوەو لەو بارەوە بە"نیقاش"ی وت "سلێمانی یەكێكە لەشارە زیندووەكانی هەرێم‌و عێراق، ئەوەش بەهۆی ئەو رەوتە رۆشنبیری‌و سیاسییانەی لەمێژووی شارەكە هەبووە".

 

هەردی، وتیشی "سلێمانی یەكێكە لەو شارانەی بەدرێژایی مێژوویی دروستبوونی هەمیشە رۆڵی یەكلاكەرەوەی هەبووە لەململانێ سیاسییەكان، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە شارەكە هەر لەسەرەتاوە لەسەر بنەمایەكی شارستانی بونیادنراوە".

 

ئاسۆس هەردی لەگەڵ ئەوەی لایەنی "زیندووێتی" سلێمانی بەئەرێنی باسكرد، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە ئەم زیندووێتییە زیانێكی زۆریشی لەپێشكەوتنی شارەكە داوە، بەوەی ئەم شارە هەمیشە ئارامی بەخۆوە نەبینیوە.

 

جگە لەوەی بەدرێژایی مێژوو زۆربەی شۆڕشە كوردییەكان لەناوچەی سلێمانییەوە سەریانهەڵداوە، لەمێژووی نزیكیشدا شاری سلێمانی سەرسەخترین شاری كوردی بووە لەرووبەرووبوونەوەی رژێمی بەعس، تەنانەت ساڵانی دوای راپەڕینی ساڵی 1991ەوە هەر لەم شارەوە دیسانەوە ناڕەزایی دژی دەسەڵاتی كوردی بەرپاكراو چەندین خۆپیشاندان‌و چالاكی گەورە بەڕێوەچوون كە بەشێكیان خوێنیان تیا رژاوە.

 

هەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایی‌و كێشمەكێشم ئەگەر لەرووی سیاسییەوە زیندوێتی بەشارەكە بەخشیبێت، ئەوا لەرووی ئابووری‌و گەشەی ژێرخانەوە زیانی گەورەی لێوەشاندووە.

 

یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان پێی وایە هەمیشە ململانێ سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كاریگەری خراپیان لەسەر رەوشی شارەكە لەڕووی سیاسی‌و ئابووری‌و كۆمەڵایەتی داناوە، وەك ئەوەی سلێمانی "دوعای شەڕ"ی لێكرابێت هەر كێشەیەكی سیاسی‌و ئابووری لەهەرێمی كوردستان روودەدات لەسلێمانییەوە دەستپێدەكات‌و لەو شارەشەوە كۆتایی پێدێت.

 

یاسین بە"نیقاش"ی وت "بەداتاو ئامار لەبەردەستماندایە، كە ئەو كێشە سیاسییانەی لەچەند ساڵی رابردوو لەهەرێم روویانداوە، كاریگەری نەرێنیان لەهەرێم دروستكردووە، بەشێوەیەك ئێستا ژێرخانی ئابووری شارەكە بەرەو دارووخانی تەواوی دەچێت".

 

ساڵی 2005 كاتێك هەردوو ئیدارەی سلێمانی‌و هەولێر یەكیانگرتەوەو لەلایەن پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتیمانییەوە كابینەی یەكگرتووی حكومەتی هەرێم پێكهێنراو هەولێر كرایە پایتەختی حكومەتەكە زۆرێك لایان وابوو سلێمانی پشتگوێدەخرێت‌و شارەكە رۆڵی نامێنێت، بەڵام هەر ئەوكات زۆربەی بەرپرسە باڵاكانی هەرێم، تەنانەت خودی جەلال تاڵەبانیش رایانگەیاند هەرگیز سلێمانی پشتگوێناخرێت‌و رۆڵی یەكلاكەرەوەی دەبێت لەپرسەكانی هەرێمی كوردستان.

 

ساڵێك دوای ئەوە (2006) بەشێكی گەورەو كاریگەری كەسایەتی سیاسی‌و جەماوەر لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوونەوە، ئەو باڵە نەوشیروان مستەفا جێگری سكرتێری حیزبەكە رێبەرایەتی دەكردن، هەر خۆی لەگەڵ كۆمەڵێك كەسایەتی هەرێمی كوردستان ساڵی 2009 لەسلێمانی بزووتنەوەیەكی سیاسیان بەناوی (گۆڕان) دامەزراند كە بۆ ساڵانێك بووە ئۆپۆزسیۆنی سەرسەختی دەسەڵات‌و سەنتەری چالاكییەكانیشی هەر لەسلێمانی بوو.

 

شوباتی 2011 سەرەتای خۆپیشاندان‌و مانگرتنێكی جەماوەری دژی حكومەتی هەرێم لەسلێمانی دەستی پێكردو دوو مانگی خایاند‌و دە كەسی تیا كوژرا، دواتریش بەزەبری هێز كۆتایی پێهێنرا، ساڵی 2013و 2014 لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم گۆڕان‌و یەكێتی دیسان لەسلێمانی كەوتنە ململانێیەكی توندی یەكترەوە، كە چەند كێشەیەكی سیاسی لەشارەكە دروستكردو ساڵی 2015ش ساڵی دەستپێكی قەیرانی دارایی ئابووری هەرێم كاریگەری خراپی لەسەر شارەكە داناو بەو هۆیەشەوە زنجیرەیەك ناڕەزایی جەماوەری سەریان هەڵدا.

 

 

ئێستاش كە قەیرانی دارایی قوڵتر دەبێتەوەو توڕەیی جەماوەری بەرامبەر دەسەڵات بەرەو هەڵكشان دەچێت، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە داوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دەكرێت لەسلێمانی تا ئەو ئاستەی هەندێك باس لەئەنجامدانی "شۆڕش" دەكەن.

 

عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری كوردستان پێی وایە هەموو ئەو رووداوانە سلێمانیان چەندین ساڵ بردووەتە دواوە.

 

عەلی حەمەساڵح، كە جێگری سەرۆكی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی كوردستانە بە"نیقاش"ی وت "ئابووری هەر شارێك پەیوەستە بە بەردەوامی ئارامی لەشارەكە، بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێكە سلێمانی ئارامی بەخۆوە نەبینیوە، رۆژ بەرۆژ ئابوورییەكەی لەهەموو روویەكەوە بەرەو دواوە دەچێت".

 

وتیشی "لەساڵی 2003 بەدواوە رۆژ بەرۆژ ئابووری سلێمانی بەرەو پێشەوە دەچوو، تا ساڵی 2009، بەڵام ململانێی سیاسییەكانی چەند ساڵی رابردوو ئەو پێشكەوتنەی راگرت‌و ئێستاش رۆژ بەرۆژ بەرەو دواوەی دەبات".

 

بەپێی ئامارێكی ژووری بازرگانی سلێمانی كە پشتی بەداتاكانی چوار ساڵی رابردووی وەزارەتی بازرگانی عێراق بەستووە، 30% سەرجەم پیشەسازی عێراق لەسلێمانییەو لەرووی گەشتیاریشەوە یەكێكە لەهەرە شارە پێشەنگەكان‌و ساڵانە سەدان هەزار كەس لەشارەكانی تری عێراقەوە سەردانی دەكەن، بەڵام هەموو ئەم ئامارانە بەهۆی قەیرانە سیاسی‌و ئابورییەكانی سلێمانییەوە لەپاشەكشەدان.

 

یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران لەمڕووەوە دەڵێت "ئێستا ئەگەر هەمان لێكۆڵینەوە لەسەر ئاستی عێراق ئەنجامبدرێت، ئەوە بەدڵنیایی سلێمانی ئەو رێژانەی پێشوو تۆمارناكات، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی ململانێكانی شارەكە".

 

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران دەشڵێت "ئێستا وەبەرهێنان بەتەواوی لەسلێمانی وەستاوە، بەشێوەیەك ئەو كەرتانەشی لەماوەی رابردوو لەشارەكە وەبەرهێنانیان تێدا كراوە، ئێستا كارناكەن، بۆ نموونە لەماوەی رابردوو سەرمایەدار هەبووە بایی سێ‌ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لەكەرتی كارەبا كردووە، بەڵام ئێستا بەهۆی ململانێ‌ سیاسی‌و ئابوورییەكانەوە، وەبەرهێنانەكەی وەستاوەو ناتوانێت كارەبا بەرهەمبهێنێت".

 

هەروەها باس لەوەش دەكات كە چەندین وەبەرهێنی خۆماڵی وەبەرهێنانەكانیان گواستووەتەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر‌و دەڵێت "ئەوەندەی من ئاگاداربم، تائێستا 11 وەبەرهێنی سلێمانی، كە خاوەنی سەرمایەكی گەورەن شارەكەیان بەرەو ئێران‌و توركیا جێهێشتووەو لەو دوو وڵاتە وەبەرهێنان دەكەن، ئێستا سلێمانی بووە بەبازنەیەكی داخراو، كە وەبەرهێنەری دەرەكی رووی تێناكات‌و دەروازەشی ئاوەڵا بووە بەڕووی وەبەرهێنەرە ناوخۆییەكان بۆ ئەوەی لێی رابكەن".

 

لەناو سلێمانیدا زۆر كەس هەیە پێیان وایە كێشەی پەككەوتنی ژێرخانی شارەكە تەنها پەیوەست نییە بەوەی كە وەبەرهێنەكان رووی تێناكەن، بەڵكو شارەكە باجی قورسی هەڵوێستەكانی داوە، چونكە حكومەتیش بەهۆی ئەوەی هەمیشە شارێكی نارازییە پشتگوێی خستووە.

 

سلێمانی ئێستا دوو رێگای لەبەردەمدایە، رێگایەكی ئاسان بەوەی خۆی بپارێزێت لەناڕەزایەتی‌و كێشەو ململانێ‌، رێگای دووەمیش رێگا قورسەكەیە بەوەی هەمیشە لەرێی كێشمەكێشم‌و دەربڕینی ناڕەزایی‌و خۆپیشاندانەوە كێشەكان یەكلایی بكاتەوە، بەڵام سروشتی خەڵكی ئەمشارە بەجۆرێكە، هەمیشە رێگا قورسەكە هەڵدەبژێرێت‌و دەبێت باجەكەشی بدات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌