راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌رگ به‌پاشماوه‌ی‌ یۆرانیۆم
ئه‌و ئاسنه‌ی‌ له‌كوردستان به‌رهه‌مدێت مه‌ترسی‌ ژه‌هراویبوونی‌ له‌سه‌ره‌

راوێژ کامه‌ران
به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ كه‌ره‌سته‌ی‌ خاوی‌ كارگه‌كانی‌ ئاسن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌و ئاسنه‌ كۆن‌و شكاوانه‌ن كه‌ گومانی‌ ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت پاشماوه‌ی‌ یۆرانیۆمیان له‌سه‌ر مابێت.
18.08.2016  |  سلێمانی
كارگه‌ی‌ سلێمانی‌ ستیل له‌بازیان، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كارگه‌كانی‌ ئاسن ده‌ڵێن هه‌موو ئاسنێك پێش تواندنه‌وه‌ ده‌پشكنن.
كارگه‌ی‌ سلێمانی‌ ستیل له‌بازیان، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كارگه‌كانی‌ ئاسن ده‌ڵێن هه‌موو ئاسنێك پێش تواندنه‌وه‌ ده‌پشكنن.

كارگه‌كانی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ ئاسن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان پشت ده‌به‌ستن به‌و پارچه‌ ئاسنه‌ كۆنانه‌ی‌ له‌شاره‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و خوارووی‌ عێراقه‌وه‌ بۆیان دێت، به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و ئاسنانه‌ش یاخود ئۆتۆمبێلی‌ تێكشكاوی‌ جه‌نگه‌كانن یاخود شیشی‌ خانوو بینای‌ رووخاوی‌ بۆردمانكراوه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا ئه‌و گومانه‌ ساغ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌و ئاسنه‌ كۆنانه‌ پاشماوه‌ی‌ یۆرانیۆمیان له‌سه‌ره‌و پاش به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یان هه‌مان پاشماوه‌یان پێوه‌ ده‌مێنێت‌و ده‌چنه‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌.

 

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی  بازرگانی‌و  پیشه‌سازی له‌هه‌رێمی كوردستان 17 كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئاسن هه‌یه‌، له‌و كارگانه‌ 13 یان له‌پارێزگاری هه‌ولێرو 4 كارگه‌شیان له‌پارێزگای سلێمانین.

 

پێشتر چه‌ند راپۆرتێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باسیان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌شه‌ڕی‌ كه‌نداو له‌ساڵی‌ 1991 هێزی‌ هاوپه‌یمانان جۆره‌ چه‌كێكیان بۆ لێدانی‌ سوپای‌ عێراق به‌كارهێناوه‌ كه‌ یۆرانیۆمیان تیا بووه‌، ئه‌م ده‌نگۆیه‌ جارێكی‌ تر له‌ساڵی‌ 2003 دووباره‌ بووه‌وه‌.

 

رۆژنامه‌ی‌ گاردیان به‌پشت به‌ستن به‌راپۆرتی‌ رێكخراوی‌ ئاشتی‌ هۆڵه‌ندی‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌شه‌ڕی‌ ساڵانی‌ 1991و 2003 زیاتر له‌ 400 ته‌ن یۆرانیۆم له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانانه‌وه‌ له‌عێراق به‌كارهێنراوه‌و به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا به‌كاریهێناوه‌.

 

زۆربه‌ی‌ ئه‌و پاشماوانه‌ له‌سه‌ر ئۆتۆمبێل‌و تانك‌و كه‌ره‌سته‌ تێكشكاوه‌كان جێماون له‌شاره‌كانی‌ خواروو ناوه‌ڕاستی‌ عێراق، ئێستاش هه‌ر ئه‌و شارانه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ كارگه‌كانی‌ دروستكردنی‌ ئاسنن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆیه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س گومان ده‌كه‌ن پاشماوه‌ی‌ یۆرانیۆم گه‌یشتبێته‌ هه‌رێمیش.

 

خاوه‌ن كارگه‌یه‌كی‌ ئاسن له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ك خۆی‌ وتی‌ نایه‌وێت كێشه‌ی‌ بۆ دروست ببێت ئاماده‌نه‌بوو ناوی‌ ئاشكرا بكات به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ ئه‌و ئۆتۆمبێل‌و ئاسنانه‌ ده‌هێنین‌و دواتر ده‌یانكه‌نه‌وه‌ به‌ئاسن بۆ به‌كارهێنانه‌وه‌ جا بۆ كه‌ره‌سته‌ی‌ ناوماڵ بێت یاخود بۆ كه‌ره‌سته‌ی‌ بیناسازی‌". به‌ڵام دڵنیا نه‌بوو له‌وه‌ی‌ ئاخۆ هیچ ئاسه‌وارێكی‌ چه‌كی‌ مه‌ترسیداریان له‌سه‌ره‌ یاخود نا.

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ حاجی مه‌حمود عه‌لی‌ به‌رێوبه‌ری كۆمپانیای (سلێمانی ستیل) كه‌ كارگه‌كه‌یان له‌ ناحیه‌ی‌ بازیانی‌ سه‌ر به‌سلێمانییه‌‌و شیش به‌رهه‌مده‌هێنین‌و دواتر له‌دروستكردنی كه‌ره‌سته‌ی خانوبه‌ره‌ به‌كارده‌هێندرێته‌وه‌و له‌بازاڕه‌كانی هه‌رێم و باشوری عێراق ده‌فرۆشرێته‌وه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "كه‌ره‌سته‌ خاوه‌كانمان ئاسنی سكرابه‌، كه‌ به‌شێكی زۆری له‌باشورو ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه‌ ده‌هێنین ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌وێ ئه‌و جۆره‌ ئاسنه‌ هه‌م زۆره‌و هه‌میش هه‌رزانتره‌، نرخی ته‌نێك ئاسنی سكراب به‌پێی ڕۆژو جۆری سكرابه‌كه‌ش ده‌گۆڕێت، له‌ 130 بۆ 160 دۆلاردایه‌".

 

حاجی‌ مه‌حمود ره‌تی كرده‌وه‌ ئه‌وان ئاسنی پیسبوو به‌یۆرانیۆم به‌كار بهێنن، چونكه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت ئامێری‌ تیشكیان هه‌یه‌و به‌ر له‌وه‌ی‌ ئاسنه‌كه‌ بتوێننه‌وه‌ پشكنینی‌ بۆ ده‌كه‌ن.

 

ئه‌م باس‌و خواسه‌ هێشتا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان یه‌كلایی‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ ورد نه‌سه‌لمێنراوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی‌ ناوه‌نده‌ چاودێرییه‌كانیش بیستویانه‌ هه‌ر قسه‌یه‌و به‌به‌ڵگه‌ پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

 

زوڵفا مه‌حمود سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ ته‌ندروستی‌‌و ژینگه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان تا ئێستا به‌دواداچونیان بۆ ئه‌و پرسه‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵام له‌دڵه‌راوكێدان، چونكه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت "ده‌یان ڕاپۆرتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌ن له‌باره‌ی‌ پیسبونی‌ زۆرێك له‌و ئۆتۆمبێل‌و ئامێره‌ میكانیكیانه‌ی‌ باشوری‌ به‌غداد به‌یۆرانیۆم‌و هێنانی‌ ئه‌و جۆره‌ ئامێرانه‌ش بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان مه‌ترسیه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌و پێوسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ وردی‌ له‌سه‌ر بكرێت".

 

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌  به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و پرسه‌ نه‌ك ته‌نها مه‌ترسی‌ ته‌ندروستی‌، بگره‌ مه‌ترسی‌ ژینگه‌یشی‌ هه‌یه‌و ده‌بێته‌ هۆی‌ له‌ناوبردنی‌ ژیانی‌ زینده‌وه‌ره‌كانی‌ دیكه‌ش به‌رووه‌ك‌و گیانله‌به‌رانیشه‌وه‌، ئێستا گه‌یشتوینه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین".

 

ساڵی‌ پار د. كازم میقدادی‌ كه‌ پزیشكێكی‌ عێراقییه‌و نیشته‌جێی‌ سویده‌ كتێبێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌‌و به‌پشت به‌ستن به‌هه‌ندێ‌ به‌ڵگه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و یۆرانیۆمه‌ی‌ ساڵانی‌ 1991و 2003 له‌عێراق به‌كارهاتووه‌، به‌قه‌د 250 بۆمبی‌ ئه‌تۆم ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م زانیارییه‌ وابێت، ئه‌وا زه‌حمه‌ته‌ پارچه‌یه‌ك ئاسنی‌ تێكشكاوی‌ شه‌ڕه‌كان هه‌بێت‌و تیشكی‌ ئه‌تۆمی‌ له‌سه‌ر جێ‌ نه‌مابێت.

 

فه‌تحی محه‌مه‌د به‌ڕێوبه‌ری په‌یوه‌ندیه‌كان‌و راگه‌یاندن له‌وه‌زاره‌تی بازرگانی‌و  پیشه‌سازی نایشارێته‌وه‌ كه‌ به‌شێكی له‌و ئاسنانه‌ی هێندراونه‌ته‌ كوردستان مه‌ترسی پیسبونیان به‌یۆرانیۆم له‌سه‌ره‌، به‌ڵام به‌وته‌ی ئه‌و ئێستا چاره‌سه‌ری بۆ دۆزراوه‌ته‌وه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێشتر كۆمه‌لێك سكاڵای زۆر هه‌بوو له‌سه‌ر مه‌ترسیه‌كانی ئه‌و ئاسنه‌ی كه‌ له‌باشوور ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه‌ ده‌هات، ته‌نانه‌ت حاڵه‌ت هه‌بوو كه‌ پاشماوه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌شی تێدا به‌جێ مابوو، به‌ڵام له‌م دواییانه‌دا به‌رێوبه‌رایه‌تی كوالێتی كۆنتڕۆڵ له‌وه‌زاره‌تی پلاندانان‌و وه‌زاره‌تی پیشه‌سازیش ئه‌و كارگانه‌ی ناچاركرد ئامێری پشكینین دابنێن بۆ ئه‌و ئاسنانه‌، واته‌ ئێستا ئه‌و ئاسنانه‌ی له‌ناوه‌ندو باشوری عێراقه‌وه‌ ده‌هێندرێنه‌ كوردستان ده‌پشكێندرێن‌و گه‌ر پیسبووبن به‌یۆرانیۆم ده‌بێت بنێردرێنه‌وه‌".

 

 

فه‌تحی محه‌مه‌د ره‌تیشی كرده‌وه‌ كه‌ هیچ كارگه‌یه‌كی ئاسنی بێ مۆڵه‌ت له‌هه‌رێمدا هه‌بێت تا لابه‌لا سوود له‌و ئاسنانه‌ ببینن، چونكه‌ كارگه‌ی ئاسن پێویستی به‌ شوێنی گه‌وره‌و هێنانی كه‌ره‌سته‌ی خاو هه‌یه‌و گه‌ر به‌بێ مۆڵه‌ت بكرێته‌وه‌ ناتواندرێت به‌رێوه‌ببریت.

 

فازڵ عومه‌ر به‌رێوبه‌ری ناحیه‌ی بازیان (30كم باشووری‌ سلێمانی‌) كه‌ هه‌ر چوار كارگه‌ ئاسنه‌كه‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌ناحیه‌كه‌ی‌ ئه‌ودان، بوونی‌ مه‌ترسی‌ ئاسنی‌ پیسبوو پشت راست ده‌كاته‌وه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ش له‌و مه‌ترسییه‌ ئاگادار كراوینه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ ئێستا ئامێری پشكنینی ژینگه‌یمان داناوه‌و تائێستا هیچ حاڵه‌تێكی مه‌ترسیدار ڕوی نه‌داوه‌، هاوكات هه‌وای بازیانیش له‌ڕووی ژینگه‌ییه‌وه‌ له‌ئاستی مه‌ترسیدا نیه‌".

 

تائێستا هیچ ناوه‌ندێكی‌ ئه‌كادیمی‌ ئه‌م گرفته‌ی‌ نه‌كردووه‌ به‌خه‌می‌ خۆی‌‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر نه‌كردووه‌، ئه‌وانه‌ی‌ جه‌خت له‌مه‌ترسییه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، پشت به‌ئه‌زموونێكی‌ هاوشێوه‌ ده‌به‌ستن كه‌ پێشتر له‌وڵاتی‌ ئێران روویداوه‌.

 

حسێن حسێنی‌ مامۆستا له‌به‌شی‌ فیزیای‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات پێشتر توێژنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌شێك له‌و ئاسنانه‌ كراوه‌ كه‌ له‌عێراقه‌وه‌ براونه‌ته‌ ئێران، ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ ده‌ریخستووه‌ كه‌ مه‌ترسی‌ بوونی‌ چه‌كی‌ یۆرانیۆم له‌سه‌ر ئاسنه‌كان له‌ئارادایه‌.

 

حسێنی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێستا گه‌ر هه‌مان شت له‌كوردستان دوباره‌ بكرێته‌وه‌ ئه‌وا به‌دڵنیایه‌وه‌ گه‌ر ئاسنه‌كه‌ به‌پاشماوه‌ی‌ چه‌كه‌ ناوه‌كیه‌ كۆكراوه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق به‌كاری‌ هێناوه‌ پیسبوبێت، ئه‌وا مه‌ترسیه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ ته‌ندروستی‌ دروستده‌كات".

 

وتیشی‌ "ئێمه‌ ناتوانین به‌ڕه‌هایی‌ ئه‌وه‌ بڵێن كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و ئاسنانه‌ به‌یۆرانیۆم پیسبوبێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ش رێژه‌ییه‌و گه‌ر رێژه‌ی‌ پیسبونه‌كه‌ كه‌م بێت‌و له‌گه‌ڵ ئاسنی‌ خاوێندا تێكه‌ڵبكرێته‌وه‌ ئه‌وا مه‌ترسی‌ نییه‌، به‌ڵام گه‌ر رێژه‌كه‌ی‌ زۆر بێت ئه‌وا به‌كارهێنانی‌ زۆر مه‌ترسیداره‌و ده‌بێت ئه‌و ئاسنه‌ بخرێته‌ ژێر خاكه‌وه‌و به‌كار نه‌هێندرێته‌وه‌".

 

به‌گوێره‌ی ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی رابردوو 2015 ژماره‌ی تووشبووان به‌جۆره‌ جیاوازه‌كانی شێرپه‌نجه‌ بریتی بووه‌ له‌چوار هه‌زار و 726 كه‌س، به‌رێوبه‌ری‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ هیوا له‌سلێمانی‌، كه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ تایبه‌ته‌ به‌شێرپه‌نجه‌ مه‌ترسی‌ كارگه‌كانی‌ ئاسنی نه‌شارده‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ ئاسنی‌ وه‌ك پیس به‌كار بهێنن.

 

د. دۆستی نه‌جات  به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی هیوا به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌دڵنیایه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ بونی‌ كارگه‌كان به‌هۆی‌ ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ی‌ له‌پیسبونی‌ ژینگه‌دا دروستی‌ ده‌كه‌ن هۆكارن بۆ توشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ زانستی‌ له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و ئاسنه‌ كۆنانه‌ بكات كه‌ له‌باشورو ناوه‌ڕاستی‌ عێراقه‌وه‌ ده‌هێندرێن‌و له‌هه‌رێمی‌ كوردستان دوباره‌ به‌كار ده‌هێندرێنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌و ئاسنانه‌ یۆرانیۆمیان پێوه‌یه‌.

 

تا ئه‌و كاته‌ی‌ توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كان بوون یان نه‌بوونی‌ ئه‌م مه‌ترسییه‌ ده‌سه‌لمێنن، ده‌نگۆی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌لی‌ پیسبوو به‌یۆرانیۆم له‌باشوورو ناوه‌ڕاسته‌وه‌ بۆ كوردستان، هه‌ر مقۆ مقۆی‌ له‌سه‌ر ده‌مێنێت‌و یه‌كلایی‌ ناكرێته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌