راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌فه‌یسبووك داوای‌ چه‌ك بكه‌
هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكی‌ گه‌وره‌و بچووك به‌ئاشكرا له‌بازاڕه‌كانی‌ به‌غدا ده‌ستده‌كه‌ون

سار ا قاهیره‌
وه‌ك چۆن دوكاندارێكی‌ ئاسایی‌ كه‌لوپه‌لی‌ دوكانه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر مێزێك نمایش ده‌كات، ئاوهاش كۆمه‌ڵێك ده‌مامكدار چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ له‌ناوچه‌ی‌ سه‌دری‌ به‌غدا نمایش ده‌كه‌ن.
7.07.2016  |  به‌غدا
بازاڕی‌ چه‌كفرۆشانی‌ به‌غدا
بازاڕی‌ چه‌كفرۆشانی‌ به‌غدا

نارنجۆك‌و موشه‌ك‌و گوله‌هاوه‌ن‌و چه‌ندین جۆری‌ چه‌ك له‌سه‌ر مێزی‌ بازاڕی‌ چه‌كفرۆشانی‌ سه‌در داندراوه‌و خاوه‌نه‌كانی‌ یان ده‌مامكیان كردووه‌ یاخود كڵاو له‌سه‌رو عه‌ینه‌ك له‌چاون.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م بازاڕه‌ به‌ناوبانگترین بازاڕی‌ چه‌كفرۆشانی‌ به‌غدایه‌، به‌ڵام تاكه‌ بازاڕیش نییه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ ناوچه‌ میللیه‌كان بازاڕی‌ له‌م شێوه‌یه‌یان تێدایه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌و ناوچانه‌ی‌ عه‌شیره‌ته‌كان باڵاده‌ستن‌و پۆلیس ده‌ستی‌ پێیان ناگات.

 

دیارده‌ی‌ چه‌كفرۆشی‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003وه‌ په‌ره‌ی‌ سه‌ندووه‌و بازاڕی‌ (مریدی‌) له‌ناوچه‌ی‌ سه‌در به‌شوێنی‌ سه‌ره‌كی‌ ئاڵوگۆڕی‌ چه‌ك داده‌نرێ‌ له‌عێراقدا كه‌ چه‌ندین جۆری‌ چه‌كی‌ قورس‌و سوكی‌ تێدایه‌.

 

عه‌لا زامل چه‌كفرۆش له‌بازاڕی‌ باب شه‌رجی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌ستكه‌وتنی‌ چه‌ك كارێكی‌ زه‌حمه‌ت نییه‌ له‌به‌غدا، چونكه‌ چه‌ندین رێگا هه‌یه‌ بۆ په‌یداكردنی‌.

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ په‌یداكردنی‌ چه‌ك خاڵه‌ سنورییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، چونكه‌ له‌توركیاوه‌ چه‌ك ده‌برێته‌ كوردستان‌و له‌وێوه‌ ده‌گاته‌ به‌غدا.

 

باس له‌وه‌ش ده‌كات نه‌ خاڵه‌ پشكنینه‌ زۆرو زه‌وه‌نده‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌غداو نه‌ ئه‌وانه‌ی‌ ناو به‌غداش ناتوانن رێ له‌گواستنه‌وه‌ی‌ چه‌ك بگرن، چونكه‌ چه‌ندین رێگای‌ وه‌ك فێڵكردن به‌باجی‌ تایبه‌ت‌و به‌رتیل به‌كارده‌هێنرێت.

 

زامل روونیده‌كاته‌وه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ له‌به‌غدان له‌كۆگاكانی‌ سوپاوه‌ ده‌برێن، به‌تایبه‌تی‌ له‌و یه‌كانه‌ی‌ سوپا له‌به‌ره‌كانی‌ پێشه‌وه‌ی‌ شه‌ڕن، چونكه‌ سه‌ربازه‌كان لێپێچینه‌وه‌یان لێناكرێت له‌سه‌ر ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ له‌شه‌ڕدا ونی‌ ده‌كه‌ن.

 

زۆربه‌ی‌ جاره‌كانیش به‌قسه‌ی‌ زامل كاتێك سه‌ربازێك ده‌كوژرێت چه‌ند جۆرێكی‌ چه‌كی‌ به‌ناوه‌وه‌ ده‌كرێت‌و پاشان ئه‌و چه‌كانه‌ له‌كۆگاكانه‌وه‌ ده‌برێنه‌ بازاڕ.

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ رێگایه‌كی‌ تری‌ ده‌ستكه‌وتنی‌ چه‌ك له‌رێی‌ ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌به‌ره‌كانی‌ جه‌نگدا چه‌كیان ده‌ست ده‌كه‌وێت.

 

ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ له‌بازاڕه‌كه‌ی‌ ئه‌وان ده‌ست ده‌كه‌وێت زۆر باشترین له‌چه‌كه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌، بۆیه‌ هه‌ندێ‌ له‌ئه‌فسه‌ره‌كان ده‌چنه‌ لای‌ ئه‌وان چه‌ك ده‌كڕن.

 

زۆربه‌ی‌ ئه‌و چه‌كانه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ناكۆكی‌ عه‌شایه‌ری‌‌و پارێزگاری‌ كه‌سی‌ به‌كاردێن، به‌جۆرێك ئێستا كه‌م ماڵ هه‌یه‌ له‌به‌غدا پارچه‌ چه‌كێكی‌ تیا نه‌بێت.

 

زامل‌و هاوڕێكانی‌ رۆژانه‌ پاره‌یه‌كی‌ ئێجگار زۆریان ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ ده‌گاته‌ هه‌زاران دۆلار، ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ نه‌بوایه‌، زه‌حمه‌ت بوو بتوانن ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌ست بخه‌ن.

 

چه‌كفرۆشانی‌ به‌غدا چه‌ندین رێگای‌ جیاوازیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ بۆ فرۆشتنی‌ چه‌ك، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌توانێت بچێته‌ بازاڕه‌كه‌ ئه‌وا ده‌توانێت له‌رێی‌ په‌یوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆنی‌ یان له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ داوای‌ چه‌ك بكات.

 

زامل به‌"نیقاش"ی‌ وت "كاتێك ساڵی‌ پار كۆچی‌ به‌كۆمه‌ڵی‌ خه‌ڵك ده‌ستی‌ پێكرد بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، زۆرێك له‌ئه‌ندامانی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چه‌كه‌كانیان فرۆشت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕێك پاره‌یان ده‌ست بكه‌وێت‌و ئه‌وانیش كۆچ بكه‌ن".

 

حه‌سه‌ن یاسری‌ كه‌ ئه‌ویش بازرگانێكی‌ چه‌كه‌و له‌بازاڕی‌ (مریدی‌) كارده‌كات ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ هه‌ر قه‌یرانێكی‌ سیاسی‌‌و ئه‌منیدا نرخی‌ چه‌ك به‌رز ده‌بێته‌وه‌و له‌كاتی‌ قه‌یرانی‌ ئابوریشدا داده‌به‌زێت.

 

حه‌سه‌ن به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ چه‌كی‌ بچووك ده‌فرۆشین وه‌ك ده‌مانچه‌ی‌ كڵۆك‌و كڵاشینكۆف‌و هه‌ندێجار ده‌گاته‌ بیكه‌یسی‌‌و هاوه‌نیش ئه‌مه‌ جگه‌ له‌هه‌موو جۆره‌كانی‌ فیشه‌ك‌و گوله‌هاوه‌ن‌و نارنجۆك".

 

روونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ كڕیارانیان ته‌نها خه‌ڵكی‌ ئاسایی‌ نین، به‌ڵكو ئه‌فسه‌رو به‌رپرسانیشیان تێدایه‌و زۆربه‌ی‌ زۆری‌ داواكارییه‌كان له‌سه‌ر ده‌مانچه‌ی‌ برته‌ (16ملم)ه‌ كه‌ ئه‌فسه‌رو پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كان پێیانه‌و نرخی‌ ده‌گاته‌ (1300) دۆلار.

 

هه‌ر به‌قسه‌ی‌ یاسری‌ جۆره‌ باوه‌كانی‌ تری‌ چه‌ك بریتین له‌ده‌مانچه‌ی‌ سیزر (13‌و 16ملم) كه‌ نرخی‌ ده‌گاته‌ (1400) دۆلار، له‌گه‌ڵ ده‌مانچه‌ی‌ واته‌ر كه‌ ئه‌فسه‌رانی‌ سوپاو پۆلیس پێیانه‌و له‌باشترین جۆری‌ ئه‌و ده‌مانچانه‌ن كه‌ له‌عێراقدا هه‌ن‌و نابێ‌ هیچ كه‌سێك هه‌ڵیگرێت جگه‌ له‌ئه‌ندامانی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و نرخیان ده‌گاته‌ (1800) دۆلار.

 

هه‌رچی‌ چه‌كی كڵاشینكۆفیشه‌ جۆره‌كانی‌ روسی‌‌و به‌لجیكی‌‌و رۆمانی‌‌و ئێرانی‌‌و یوگسلافی‌ له‌بازاڕدا هه‌ن كه‌ نرخیان له‌سه‌روو یه‌ك ملیۆن دیناره‌وه‌یه‌.

 

چه‌كی‌ (RBK47) كه‌ زێپۆشبڕه‌ له‌ناو عه‌شیره‌ته‌كاندا زۆر باویه‌تی‌ له‌گه‌ڵ چه‌كی‌ بیكه‌یسی‌ به‌جۆری‌ ئێران‌و روسییه‌وه‌ كه‌ نرخی‌ له‌سه‌رو دوو هه‌زار دۆلاره‌یه‌وه‌‌و نارنجۆكیش نرخی‌ په‌نجا دۆلاره‌.

 

چه‌ندین جۆری‌ هاوه‌ن هه‌ن كه‌ له‌بازاڕه‌كاندا ده‌فرۆشرێن‌و له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ به‌كاردێن، له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا ئاربیجی‌ زۆر باویه‌تی‌ كه‌ نرخی‌ گوله‌یه‌كی‌ نزیكه‌ی‌ هه‌زار دۆلاره‌.

 

یاسری‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات زۆربه‌ی‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ ده‌فرۆشرێن به‌پێی‌ یاسا قه‌ده‌غه‌ به‌ده‌ست كه‌سانی‌ ئاساییه‌وه‌بن، به‌ڵام چه‌كفرۆشه‌كان مۆڵه‌تی‌ ساخته‌ بۆ كڕیاره‌كانیان ده‌رده‌هێنن، ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ش له‌لایه‌ن ته‌زویرچییه‌كانی‌ بازاڕی‌ (مریدی‌)یه‌وه‌ ده‌ردێن كه‌ زۆر شاره‌زان له‌ساخته‌كردندا.

 

حاجی‌ ئه‌حمه‌د خشان كه‌ یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی‌ سه‌ردانی‌ بازاڕه‌كه‌ی‌ ده‌كرد، باس له‌وه‌ ده‌كات به‌هۆی‌ خراپی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منییه‌وه‌ خه‌ڵك روو له‌بازاڕی‌ چه‌كفرۆشان ده‌كه‌ن تا خۆیان بتوانن پارێزگاری‌ له‌خۆیان بكه‌ن.

 

حاجی‌ ئه‌حمه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "بوونی‌ ئه‌و هه‌موو گروپه‌ چه‌كداره‌ له‌عێراق‌و سوریا وایكردووه‌ به‌ئاسانی‌ چه‌ك له‌ناو هاوڵاتیاندا بڵاوببێته‌وه‌.. شه‌ڕی‌ عه‌شیره‌ته‌كانیش ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر بره‌وی‌ پێداوه‌".

 

به‌و پێیه‌ی‌ زۆر سه‌ردانی‌ بازاڕه‌كانی‌ مریدی‌‌و باب شه‌رجی‌ ده‌كات، حاجی‌ ئه‌حمه‌د له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ ده‌ستكه‌وتنی‌ چه‌كه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات سه‌ربازو ئه‌ندامانی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان سه‌رچاوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌و چه‌كانه‌ پێك ده‌هێنن پاش ئه‌وه‌ی‌ چه‌كه‌كان به‌ناوی‌ كه‌سانی‌ ونبووه‌وه‌ تۆمار ده‌كه‌ن‌و نه‌بوونی‌ چاودێریش كاره‌كه‌ی‌ بۆ ئاسان كردوون.

 

ئه‌م قسانه‌ی‌ حاجی‌ ئه‌حمه‌د یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ زانیارییه‌كانی‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كه‌ باس له‌بوونی‌ چه‌ندین فیڵ‌و ته‌ڵه‌كه‌بازی‌ ده‌كات بۆ بردن‌و فرۆشتنی‌ چه‌ك.

 

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كه‌ خۆی‌ داوای‌ له‌"نیقاش" كرد ناوه‌كه‌ی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ وتی‌ "هه‌ندێ‌ له‌سه‌ركرده‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ داوای‌ چه‌ك له‌حكومه‌ت ده‌كه‌ن، كاتێك پێیان ده‌گات له‌بازاڕی‌ ره‌ش ده‌یفرۆشنه‌وه‌".

 

باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ چه‌ندین بازاڕی‌ چه‌ك فرۆشتن له‌سه‌ر سنوری‌ سوریاو عێراق هه‌یه‌و چه‌كی‌ روسی‌‌و ئه‌مه‌ریكی‌ تیا ده‌فرۆشرێت، یه‌كێك له‌و بازاڕانه‌ له‌ناوچه‌ی‌ بوكه‌مال بووه‌ كه‌ دواتر حكومه‌ت دایخستووه‌.

 

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناتوانن به‌ئاسانی‌ بگه‌نه‌ بازاڕی‌ چه‌كفرۆشان له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ جار له‌ناوچه‌ میلییه‌كانن‌و پارێزراون، چه‌كفرۆشه‌كانیش به‌ئاسانی‌ ده‌توانن چه‌كه‌كانیان بشارنه‌وه‌.

 

به‌قسه‌ی‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بازاڕه‌كانیش ده‌بخرێن، ئاوا بازرگانه‌كان له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و به‌گروپی‌ داخراو ئه‌و بازرگانییه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

 

هه‌رچه‌نده‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن له‌هه‌وڵی‌ به‌رده‌وامدان بۆ بنبڕكردنی‌ دیارده‌ی‌ چه‌كفرۆشی‌، به‌ڵام عه‌مید سه‌عید معه‌ن وته‌بێژ به‌ناوی‌ فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ به‌غدا دوودڵی‌ خۆی‌ ناشارێته‌وه‌.

 

مه‌عه‌ن به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان به‌رده‌وام هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر ئه‌و بازاڕانه‌ی‌ گومان ده‌كات چه‌كیان تیا بفرۆشرێت.. پۆلیس چه‌ندین كه‌سی‌ گرتووه‌و ئێمه‌ش هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین، چونكه‌ ئه‌وه‌ مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر گیانی‌ هاوڵاتیان".

 

مه‌عه‌ن ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ سه‌ربازو ئه‌ندامانی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بتوانن چه‌ك له‌به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕه‌وه‌ دزه‌ پێبكه‌ن، چونكه‌ چه‌ندین خاڵی‌ پشكنین‌و مه‌فره‌زه‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌ربازو چه‌كداران ده‌پشكنن.

 

باس له‌وه‌ش ده‌كات هه‌ر كاتێك سه‌ربازێك ده‌كوژرێت چه‌كه‌كه‌ی‌ ده‌گێڕدرێته‌وه‌ بۆ كۆگاكان تا ئه‌ستۆپاكی‌ بۆ بكرێت.

 

پێده‌چێت ئه‌و رێوشوێنه‌ ئه‌منیانه‌ی‌ سه‌عه‌د مه‌عه‌ن باسی‌ ده‌كات نه‌یانتوانیبێت رێ‌ له‌كڕین‌و فرۆشتنی‌ چه‌ك بگرن، بگره‌ رۆژ به‌رۆژ ئه‌و بازرگانییه‌ په‌ره‌ی‌ زیاتر ده‌سه‌نێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌