راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئێرانیش پشكی‌ خۆی‌ ده‌وێت
هه‌رێمی‌ كوردستان رێڕه‌وێكی‌ تر بۆ نه‌وته‌كه‌ی‌ ده‌دۆزێته‌وه‌

هێمن حەسەن
راگرتنی‌ باڵانسی‌ هێز له‌نێوان توركیاو ئێراندا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ ناچاركردووه‌ وه‌ك چۆن بۆرییه‌كی‌ نه‌وتی بۆ توركیا ناردووه‌، ئاوهاش دانه‌یه‌كی‌ تر بۆ ئێران بنێرێت.
30.03.2016  |  سلێمانی
ناقلة نفط عراقية  ( :وێنه Wikimedia Commons / Ibrahimuo)
ناقلة نفط عراقية ( :وێنه Wikimedia Commons / Ibrahimuo)

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران ئێستا له‌گفتوگۆیه‌كی‌ نوێدان بۆ په‌ره‌پێدانی‌ په‌یوه‌ندیه‌ ئابورییه‌كانیان، ئه‌ویش راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وته‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ ئێران، هه‌ردوولا له‌سه‌روبه‌ندی‌ دیراسه‌كردنی‌ ئه‌و پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ری‌ زۆره‌ هاوكێشه‌ سیاسی‌‌و ئابورییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ بگۆڕێت.

 

بیرۆكه‌ی‌ راكێشانی‌  ئه‌و بۆڕیه‌ نه‌وته‌ ده‌مێكه‌ هه‌یه‌و بۆ ساڵی‌ 2010 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ په‌یوه‌ندیه‌ خێراكانی‌ پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ توركیا (ئه‌كه‌په‌) له‌گه‌ڵ (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان) ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ كه‌وته‌ په‌راوێزه‌وه‌، هه‌روه‌ها سزا ئابورییه‌كانی‌ خۆرئاواش له‌سه‌ر ئێران رێگه‌ی‌ به‌ده‌رفه‌تێكی‌ له‌وجۆره‌ نه‌دا.

 

له‌مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ رابردوو (2015) نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم سه‌ردانی‌ تارانی‌ كرد، له‌و سه‌ردانه‌دا به‌رپرسانی‌ ئێران هه‌مان پێشنیاری‌ راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وتیان بۆ نێچیرڤان بارزانی‌ كرده‌وه‌.

 

ئێستا جارێكی‌ تر ئێران په‌رده‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌و ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا رۆژی‌ 2ی‌ ئه‌م مانگه‌ (ئازار) نازم ده‌باغ نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌تاران گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێم‌و له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی‌ كۆبۆوه‌، نیقاش زانیویه‌تی‌ كه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پرسی‌ راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وت تاوتوێكراوه‌و ئێران له‌رێی‌ نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌  په‌یامی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ بۆ هه‌رێم ناردوه‌و ده‌یه‌وێت بیرۆكه‌كه‌ بكاته‌ جدی‌.

 

سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت وه‌ڵامێكی‌ ئه‌رێنی‌ به‌نوێنه‌ری‌ حكومه‌ته‌وه‌ ناردوه‌ته‌وه‌ بۆ ئێران‌و گفتوگۆ سه‌ره‌تاییه‌كانیش له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ئارادان، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه‌ پێوستی‌ به‌پشتیوانی‌ په‌رله‌مان‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێكی‌ دووره‌ رووبه‌رووی‌ گرفت بێته‌وه‌، چونكه‌ لایه‌نه‌ سیاسه‌كانی‌ هه‌رێم له‌هه‌ڵوێسته‌كانی‌ رابردوویاندا نیشیانیانداوه‌ كه‌ كۆكن له‌سه‌ر هه‌نگاوێكی‌ له‌و جۆره‌.

 

هه‌ر دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ ده‌نگۆی‌ راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وت له‌هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ئێران، بۆری نه‌وتی‌ هه‌رێم- جه‌یهان ته‌قینرایه‌وه‌، توركیا‌و هه‌رێم په‌كه‌كه‌یان تۆمه‌تباركرد، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ ره‌تیكرده‌وه‌ ئه‌و كاره‌ی‌ كردبێت، تائێستاش ئه‌نجامده‌ری‌ ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ ئاشكرا نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ناوخۆی‌ هه‌رێم په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ توركیا درێژكراو وا لێكدرایه‌وه‌ كه‌توركیا ده‌یه‌وێت هۆشدارییه‌ك بداته‌ هه‌رێم تا بۆری‌ نه‌وت بۆ ئێران رانه‌كێشێت.

 

د. سه‌مه‌د خه‌راجیانی‌ پسپۆڕی‌ بواری‌ نه‌وت‌و وزه‌ كه‌ بڕوانامه‌ی‌ دكتۆراكه‌ی‌ له‌و بواره‌دایه‌و چاودێرێكی‌ جموجۆڵه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌یه‌، له‌باره‌ی‌ راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وت له‌هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ئێران بڕوای‌ وایه‌ كه‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌بواری‌ ئابوری‌‌و سیاسیدا، به‌وته‌ی‌ ئه‌و هاوسه‌نگی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌ بۆ ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بكه‌وێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

 

خه‌راجیانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێران به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ بۆری‌ نه‌وت له‌هه‌رێمه‌وه‌ رابكێشێت، چونكه‌ ده‌یه‌وێت ئابوری‌ خۆی‌ ببوژێنێته‌وه‌، له‌لایه‌كی‌ تریش ململانێی‌ توندی‌ له‌گه‌ڵ سعودیه‌ هه‌یه‌و نه‌وت وه‌ك كارتێك له‌دژی‌ یه‌كتر به‌كاربهێنن، ئه‌مه‌ش وای‌ له‌ئێران كردوه‌ بیر له‌راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم بكاته‌وه‌".

 

به‌پێی‌ دواین ئاماری‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ئێستادا هه‌رێم رۆژانه‌ زیاتر له‌600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌رێی‌ بۆری‌‌و تانكه‌ره‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ توركیا‌و ئێران ده‌كات، به‌ڵام چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌ هه‌نارده‌كردنی‌ 900 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت رۆژانه‌ ده‌كه‌ن.

 

به‌بڕوای‌ ئه‌و پسپۆڕه‌ی‌ بواری‌ نه‌وت بۆ توركیا ئاسان نییه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ قبوڵ بكات، چونكه‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و هه‌رێم رێككه‌وتنی‌ 50 ساڵی‌ له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌، بۆیه‌ پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ روبدات نزیكه‌ توركیا رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.

 

به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ سه‌ر به‌یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌و پێی‌ باش نه‌بوو ناوی‌ بهێنرێت باس له‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌كات‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بۆری‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم- جیهانی‌ توركی، ئێستا ئه‌وانی‌ توشی‌ نا دڵنیایی‌ كردوه‌و گومانیان هه‌یه‌ له‌ته‌قینه‌وه‌كه‌، هۆكاره‌كه‌شی‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ توركیا هه‌ستی‌ كردوه‌ نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌رێم‌و ئێران له‌پرسی‌ نه‌وتدا.

 

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌كاتێكدا ئاماده‌ی‌ "دیداری‌ سلێمانی‌" بوو به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌رێم مافی‌ خۆیه‌تی‌ په‌یوه‌ندی‌ نه‌وتی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێكدا هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیا كۆتایی‌ پێ دێنێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ رێككه‌وتنی‌ له‌سه‌ركراوه‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش پابه‌ندی‌ ته‌واوی‌ به‌نده‌كانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌یه‌".

 

سه‌باره‌ت به‌راستی‌‌و دروستی‌ راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وت له‌هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ئێران به‌رپرسه‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاشكرایكرد كه‌ ئێستا گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ ئێران له‌سه‌ر راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وتی‌ له‌سه‌ره‌تادان‌و هه‌ردوولا سه‌رقاڵی‌ دیراسه‌كردنی‌ ورده‌كاری‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ن، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵێكی‌ جدی له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ئاینده‌دا بخرێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

 

پرسی‌ نه‌وت ناكۆكی‌ قوڵی‌ له‌نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق دروست كردوه‌، وێڕانی‌ چه‌ندین دانیشتن‌و كۆبوونه‌وه‌و یاسای‌ بودجه‌، به‌ڵام تائێستا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ رێكنه‌كه‌وتوون‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ند له‌ساڵی‌ 2014وه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ بڕیوه‌.

 

نیقاش له‌زاری‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ورده‌كاری‌ پێشنیاركراوی‌ پرۆژه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات، ئه‌ویش به‌م جۆره‌یه‌ كه‌ راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم بۆ ئێران له‌كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ كه‌ گه‌رمیان‌و كۆیه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت ده‌بێت، واته‌ نه‌وتی‌ كۆیه‌‌و گه‌رمیان‌و هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كی‌ تری‌ ئه‌و پارێزگایه‌ له‌رێی‌ بۆرریه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ ئێران ده‌كرێت.

 

له‌ئێستادا ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای‌ نه‌وت له‌بلۆكی‌ نه‌وتی‌ گه‌رمیان‌و هه‌ڵه‌بجه‌ كارده‌كه‌ن، كاركردنیش له‌چه‌ند كێڵگه‌یه‌كدا نزیكبوونه‌ته‌وه‌ له‌ده‌رهێنانی‌ نه‌وت، به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ بۆری‌ نه‌وته‌وه‌ ده‌بێت له‌رێی‌ تانكه‌ره‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ ناوخۆ بێت یان بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم.

 

هه‌ر به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ دوو رێگا پێشنیاركراوه‌ بۆ راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وت بۆ ئێران یه‌كێكیان له‌رێی‌ سنوری‌ (شوشمێ)وه‌ له‌ناوچه‌ی‌ هه‌ورامان كه‌ ده‌كه‌وێت رۆژهه‌ڵاتی‌ شاری‌ سلێمانی‌، رێگای‌ دووه‌میش په‌روێزخانه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشورو رۆژهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان سه‌رقاڵی‌ هه‌ڵسه‌نگاندن‌و دیراسه‌كردنی‌ ته‌واوی‌ پرۆژه‌كه‌یه‌.

 

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان رۆژانه‌ زیاتر له‌ 150 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌رێی‌ تانكه‌ره‌وه‌ له‌سنوره‌كانی‌ په‌رێزخان‌و حاجی‌ ئومه‌ران‌و باشماخه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ ئێران ده‌كرێت.

 

له‌دوای‌ ساڵی‌ 2010 وه‌ له‌ناوخۆی‌ هه‌رێم باس له‌رێككه‌وتنێكی‌ نهێنی‌ نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ده‌كرێت بۆ راكێشانی‌ دوو بۆری‌ نه‌وتی‌، یه‌كێكیان له‌ناوچه‌ی‌ زه‌رده‌وه‌ (پارتی‌) بۆ توركیا كه‌ ئه‌مه‌ جێبه‌جێكراوه‌و نه‌وتی‌ لێوه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت، دووه‌میان له‌ناوچه‌ی‌ سه‌وزه‌وه‌ (یه‌كێتی‌) بۆ ئێران، به‌ڵام پێداگیری‌ به‌رپرسانی‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ره‌نگه‌ سه‌لمێنه‌ری‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بێَت.

 

شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ وزه‌و سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "وه‌ك په‌رله‌مان تائێستا هیچ شتێكی‌ فه‌رمیمان له‌حكومه‌ت نه‌بیستووه‌ بۆ راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وت بۆ ئێران، به‌ڵام وته‌بێژی‌ حكومه‌ت باسی‌ له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان هه‌رێم‌و ئێران له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ هه‌یه‌".

 

شێركۆ جه‌وده‌ت ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات چه‌ند ساڵێكه‌ باسی‌ راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم ده‌كرێت، به‌وته‌ی‌ ئه‌و هه‌نگاوێكی‌ له‌وجۆره‌ ده‌بێت به‌ئاگاداری‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانرێت له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌ یاخود نا.

 

سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ وزه‌و سامانه‌ سروشتیه‌كان راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وت بۆ ئێران به‌هه‌نگاوێكی‌ گرنگ ده‌زانێت‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌ تا ئابوری‌ هه‌رێم فره‌ سه‌رچاوه‌ بێت سودی‌ زیاتری‌ بۆ ئابوری‌ كوردستان ده‌بێت، پێشیوایه‌ ناكرێت هه‌موو هێلكه‌كان بخرێنه‌ سه‌به‌ته‌ی‌ توركیاوه‌‌و پێویسته‌ سه‌رچاوه‌‌و رێڕه‌وی‌ تریش بۆ ئابوری‌ هه‌رێم بدۆزرێته‌وه‌.

 

هه‌ندێك له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم پشتیوانی‌ له‌راكێشانی‌ بۆری‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ن بۆ ئێران له‌پێناو راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ سیاسی‌ له‌نێوان ئێران‌و توركیادا ئه‌وه‌ش له‌پاڵ ئه‌و سوده‌ ئابورییه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌تی‌، پێیانوایه‌ كه‌ پشتبه‌ستنی‌ هه‌رێم ته‌نیا به‌توركیا بۆ ئاینده‌ مه‌ترسی‌ ده‌بێت، هه‌ریه‌كه‌ له‌یه‌كێتی‌‌و گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو به‌ ئاشكراو فه‌رمی‌ پشتیوانی‌ له‌و بیرۆكه‌یه‌ ده‌كه‌ن.

 

به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ هێشتا ته‌واوی‌ ورده‌كاری‌ پرۆژه‌كه‌ ئاشكرا نه‌بووه‌، نازانرێت درێژی‌ بۆرییه‌ نه‌وته‌كه‌ چه‌ند ده‌بێت‌و تێچوونه‌كه‌ی‌ كام لایه‌ن له‌ئه‌ستۆی‌ ده‌گرێت، "نیقاش" ویستی‌ زانیاری‌ زیاتری‌ له‌عه‌بدوڵا ئاكره‌یی‌ رێكخه‌ری‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و ئێران ده‌ستكه‌وێت، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو له‌و رووه‌وه‌ هیچ زانیاری‌‌و لێدوانێك بدات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌