راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سیاسه‌تی‌ نه‌ختینه‌یی‌ داعش
فێڵ‌و ته‌ڵه‌كه‌بازی‌ بازاڕی‌ دراوی‌ موسڵ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن

تایبه‌ت
داعش چه‌ندین رێگای‌ پڕ له‌فێڵ‌و ته‌ڵه‌كه‌بازی‌ گرتووه‌ته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ دراو له‌موسڵدا به‌ڕێوه‌ ببات‌و خۆی‌ چۆنی‌ ده‌وێت وه‌های‌ لێبكات.
17.03.2016  |  موسڵ
عراقي يستبدل العملة العراقي بالدولار الأميركي ( :وێنه يوري كورتز)
عراقي يستبدل العملة العراقي بالدولار الأميركي ( :وێنه يوري كورتز)

سیاسه‌تی‌ نه‌ختینه‌یی‌ داعش كه‌ "به‌یتولمال" به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات له‌سه‌ر سێ‌ كۆڵه‌كه‌ خۆی‌ راگرتووه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌كێبڕكێ‌و قاچاخ‌و فێڵكردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ قازانجی‌ راسته‌وخۆ، سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌‌و دیناری‌ عێراقی‌ كه‌ گوایه‌ داعش پوچه‌ڵی‌ كردوونه‌ته‌وه‌، هێشتا دراوی‌ سه‌ره‌كین له‌ناوچه‌كانی‌ قه‌ڵه‌مڕه‌ویداو كه‌س حیساب بۆ دیناره‌ ئاڵتونییه‌كه‌ی‌ خه‌لیفه‌ ناكات.

 

له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشدا له‌موسڵ وێنه‌ی‌ هیچ سیاسییه‌كی‌ عێراق نه‌ماوه‌، به‌ڵام به‌ربڵاوترین وێنه‌ له‌و شاره‌دا وێنه‌ی‌ بینجامین فرانكلینی‌ دامه‌زرێنه‌ری‌ ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌سه‌ر دراوی‌ سه‌د دۆلاری‌، چونكه‌ سه‌ره‌كیترین كۆڵه‌كه‌ی‌ بازرگانییه‌ له‌ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌ خه‌لیفه‌دا.

 

به‌یتولمال وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ داعشه‌و سه‌رجه‌م سیاسه‌ته‌كانی‌ نه‌ختینه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات‌و هه‌موو ئه‌و رێنماییانه‌ی‌ ده‌ریده‌كات یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن‌و كه‌س بۆی‌ نییه‌ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ بكات‌و دامه‌زراوه‌كانیشی‌ رۆڵی‌ ئه‌و بانكه‌ حكومییانه‌ ده‌گێڕن كه‌ له‌حوزه‌یرانی‌ 2014ه‌وه‌ داخراون.

 

رێنماییه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌ئاڵوگۆڕی‌ نه‌ختینه‌ له‌سه‌ر كاغه‌زێك چاپكراون‌و به‌جامی‌ هه‌موو نوسینگه‌و كۆمپانیاكانی‌ ئاڵوگۆِی‌ دراوه‌وه‌ هه‌ڵواسراون، ئه‌ندامانی‌ به‌یتولمال به‌وردی‌ چاودێری‌ ئه‌و كۆمپانیاو نوسینگانه‌ ده‌كه‌ن‌و سیخوڕه‌كانیان به‌ناو بازاڕدا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌بو سه‌عد كه‌ كاری‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراو ده‌كات له‌رێی‌ ڤایبه‌ره‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "وه‌رگرتنی‌ سوو قه‌ده‌غه‌یه‌و له‌گه‌ڵ حه‌واڵه‌كردن‌و وه‌رگرتنی‌ هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كیشدا ده‌بێت كۆپی‌ ناسنامه‌ی‌ كه‌سه‌كه‌و ناونیشانی‌ له‌موسڵ وه‌ربگرێت".

 

به‌یتولمال ده‌ست وه‌رده‌داته‌ كاروباری‌ دیاریكردنی‌ نرخ‌و ئاڵوگۆڕی‌ دراوه‌وه‌و هیچ كه‌سێك بۆی‌ نییه‌ له‌ 10 هه‌زار دۆلار زیاتر بباته‌ ده‌ره‌وه‌، مه‌گه‌ر بازرگان بێت‌و مۆڵه‌تی‌ پێبدرێت.

 

كۆمپانیاكانی‌ داعش بۆ كێبڕكێ‌‌و قاچاخ

بۆ جێبه‌جێكردنی‌ سیاسه‌ته‌ نه‌ختینه‌كه‌ی‌ داعش چه‌ند كۆمپانیایه‌كی‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراوی‌ دروستكردووه‌، هه‌ندێك به‌ناوی‌ ئاشكرای‌ خۆی‌‌و هه‌ندێكی‌ تر به‌ناوی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن تا له‌و رێیه‌وه‌ كۆنترۆڵی‌ بازاڕ بكه‌ن.

 

كاری‌ ئه‌م كۆمپانیایانه‌ ته‌نها دیاریكردنی‌ نرخی‌ دۆلار نییه‌، به‌ڵكو رۆڵیان هه‌یه‌ له‌دزه‌ پێكردن‌و به‌قاچاخبردنی‌ دراودا، ئه‌حمه‌د سه‌لمان ناوی‌ خوازراوی‌ كارمه‌ندێكی‌ پێشووی‌ بانكه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌غدای‌ پایته‌خت سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ دزه‌ پێكردنی‌ دۆلار بووه‌ بۆ موسڵ، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی‌ ده‌وروبه‌ری‌ سامه‌ڕا له‌ده‌ست داعش سه‌ندراوه‌ته‌وه‌، ئیتر بواری‌ دزه‌ پێكردنی‌ دۆلار كه‌متر بووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ داعش ئه‌و رێگایانه‌ی‌ به‌كارهێناوه‌.

 

سه‌لمان كه‌ ئێستا له‌كۆمپانیایه‌كی‌ تایبه‌ت له‌موسڵ كارده‌كات به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تری‌ دزه‌ پێكردنی‌ دۆلار هه‌ولێرو دهۆكه‌، چونكه‌ دۆلار له‌رێی‌ ناوچه‌ی‌ به‌نداوی‌ موسڵه‌وه‌ ده‌گات به‌داعش".

 

بۆ رێگرتن له‌م حاڵه‌تانه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ به‌غداو هه‌رێمی‌ كوردستان رێگه‌ ناده‌ن هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بگاته‌ موسڵ، به‌ڵام قاچاخچییه‌ كوردو عه‌ره‌به‌كان ئاماده‌ن سه‌ركێشی‌ بكه‌ن، چونكه‌ بڕی‌ قازانجیان ده‌گاته‌ 7%.

 

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تری‌ گه‌یشتنی‌ دۆلار به‌موسڵ سوریایه‌، چونكه‌ ئه‌و بازرگانه‌ سوریانه‌ی‌ له‌لای‌ داعش متمانه‌یان هه‌یه‌ به‌ئاسانی‌ ده‌گه‌نه‌ موسڵ‌و به‌دۆلار مامه‌ڵه‌كانیان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

 

فێڵه‌كانی‌ داعش

داعش چه‌ندین فێڵی‌ گرتووه‌ته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پارانه‌ی‌ له‌بانكه‌كانی‌ موسڵ بردوونی‌ ورده‌ ورده‌ بیانگۆڕێت به‌دۆلار.

 

له‌ناوچه‌كانی‌ داعشدا نرخی‌ سه‌د دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ به‌رامبه‌ر 130 هه‌زار دیناری‌ عێراقییه‌، واته‌ پێنج هه‌زار دینار له‌به‌غدا زیاتر، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر دیناره‌كه‌ له‌جۆره‌كانی‌ 25و 10و پێنج هه‌زار دیناری‌ بن، ئه‌گه‌ر دراوه‌كه‌ ببێت به‌هه‌زار دیناری‌، ئه‌وا دۆلار به‌ 135 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت، بۆ دراوه‌ بچوكه‌كانی‌ وه‌كو 250 دیناری‌، نرخی‌ دۆلار ده‌گاته‌ 155 هه‌زار دینار.

 

فه‌رمانبه‌رێكی‌ بانك كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "داعش نزیكه‌ی‌ 20% قازانجی‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت له‌ئاڵوگۆڕی‌ دۆلاردا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌رچی‌ داهاتی‌ هه‌یه‌ به‌دۆلار ده‌ستی‌ ده‌كه‌وێت، له‌كاتێكدا ئه‌و پارایه‌ی‌ ده‌یدات به‌خه‌ڵك وه‌ك موچه‌ به‌دینار ده‌بێت‌و به‌دیاریكراویش به‌دراوه‌ بچوكه‌كان ده‌یدات".

 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌مانه‌ش به‌یتولمال به‌دوای‌ سه‌رچاوه‌ی‌ تری‌ داهاتدا ده‌گه‌ڕێ‌، وه‌ك بڕینی‌ به‌شێك له‌موچه‌ی‌ خانه‌نشینان، چونكه‌ ئامانه‌ تاكه‌ توێژن كه‌ تائێستا حكومه‌تی‌ ناوه‌ند موچه‌یان بۆ ده‌نێرێت.

 

به‌هه‌موو ئه‌م هۆكارانه‌ داعش 22 مانگه‌ ده‌ستی‌ گرتووه‌ به‌سه‌ر بازاڕی‌ دراوی‌ موسڵداو یاریی‌ به‌دۆلارو دینار ده‌كات، هه‌رچی‌ دیناره‌ ئاڵتونییه‌كه‌ی‌ خه‌لیفه‌شه‌ كه‌ ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ 2015 بڵاویكرده‌وه‌ هیچ ده‌نگێكی‌ نه‌ماوه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌