راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌گه‌ر غاز فریای‌ هه‌ولێر بكه‌وێت
گره‌و له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌ك كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ دیار نییه‌

هونەر حەمەرەشید
ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ری‌ بۆرییه‌ نه‌وته‌كه‌ی‌ نێوان توركیاو كوردستان له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستیان به‌یه‌كتره‌، بۆیه‌ ئێستا باسی‌ راكێشانی‌ بۆری‌ غاز ده‌كه‌ن.
14.01.2016  |  سلێمانی
خارطة تبين البنية التحية لاقليم كردستان  ( :وێنه الموقع الرسمي لحكومة الاقليم )
خارطة تبين البنية التحية لاقليم كردستان ( :وێنه الموقع الرسمي لحكومة الاقليم )

چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌نقه‌ره‌و هه‌ولێر كه‌وتوونه‌ته‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر راكێشانی‌ بۆری‌ غاز، تاكو غازی‌ سروشتی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ ئه‌نقه‌ره‌و له‌وشێوه‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا بكرێت، ئه‌م قسه‌و باسه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ توركیا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڕینی‌ غازدایه‌ له‌لایه‌ن روسیاوه‌و هه‌رێمیش له‌هه‌ر فلسێك ده‌گه‌ڕێت كه‌ له‌قه‌یرانی‌ قوڵی‌ دارایی‌ رزگاری‌ بكات.

 

وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وا باسی‌ كردووه‌ كه‌ ته‌نها له‌سێ پارێزگاكه‌ی‌ هه‌رێمدا (هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك) بڕی 5,7 تریلیۆن مه‌تر سێجای غازی سروشتی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌كۆی 187 تریلیۆن مه‌تر سێجای كۆی یه‌ده‌گی جیهان كه‌ زیاتره‌ له‌ 3% ئه‌و یه‌ده‌گه‌.

 

به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ ئه‌و بوونی‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ی‌ غازو وردبوونه‌وه‌ له‌رووداوه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تی‌ ناكۆكی‌ روسیاو توركیا كه‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌میان گه‌وره‌ترین دابینكه‌ری‌ غازه‌ بۆ ئه‌نقه‌ره‌، زۆرێك له‌پسپۆڕان پێشبینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن بیرۆكه‌ی‌ راكێشانی‌ بۆری‌ غاز له‌نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئه‌نقه‌ره‌دا، به‌مزوانه‌ بچێته‌ قۆناغی‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

 

غالب محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی‌و وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌"نیقاش"ی‌ وت "هاوشێوه‌ی نه‌وته‌كه‌ی، غازی هه‌رێمی كوردستان ده‌رهێنان‌و هه‌نارده‌كردنی تێچوویه‌كی زۆر كه‌می ده‌وێت، ئه‌مه‌ به‌هۆی جۆری‌ باشی‌ غازه‌كه‌و شوێنی جوگرافی له‌ناوچه‌كه‌".

 

غالب محه‌مه‌د، كه‌ دكتۆرای له‌بواری وزه‌دا هه‌یه‌و تائێستا چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداوه‌، پێشیوایه‌ ئه‌گه‌ر روسیا غازی سروشتی وه‌ك كارتی فشار به‌كاربهێنێت له‌دژی توركیاو وڵاتانی ئه‌وروپا، ئه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان شوێنگره‌وه‌یه‌كی باشی روسیا ده‌بێت بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌.

 

 سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی‌و وزه‌ له‌باره‌ی یه‌ده‌گی غازی سرووشتی هه‌رێم ده‌ڵێت "هه‌رێم خاوه‌نی بڕێكی زۆر له‌وه‌ زیاتره‌، كه‌ به‌ 5,7 تریلیۆن مه‌تر سێجایه‌ خه‌مڵێنراوه‌، ئه‌گه‌ر كه‌ركوكیش بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێم‌و رووپێوی وردبكرێت یه‌ده‌گی هه‌رێم بۆ نزیكه‌ی 10 تریلیۆن مه‌تر سێجا به‌رزده‌بێته‌وه‌‌و به‌وه‌ش هه‌رێم ده‌بێته‌ خاوه‌نی نزیكه‌ی شه‌ش له‌سه‌دی كۆی یه‌ده‌گی جیهان".

 

غالب محه‌مه‌د وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات له‌سه‌ر بنه‌مای لێكۆڵینه‌وه‌كانی ده‌ڵێت "زۆرێك له‌خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌غازی سروشتی ته‌نراوه‌، كه‌ له‌ناوچه‌كانی گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات شۆڕده‌بێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی مه‌خموورو هه‌ولێر، به‌ڵام پارێزگای سلێمانی‌و ناوچه‌ی گه‌رمیان رێژه‌ی 80% غازی سروشتی هه‌رێمی كوردستانیان تێدایه‌".

 

هه‌نگاوی یه‌كه‌م

زانیارییه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌هه‌نارده‌ی غازی سروشتی ده‌كات‌و له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌میشدا غاز هه‌نارده‌ی توركیا ده‌كات‌و بڕیاره‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌مانگی شوباته‌وه‌ ده‌ست به‌راكێشانی بۆری گواستنه‌وه‌ی غاز بۆ توركیا بكات.

 

بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م زانیارییانه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ مانگی 10 رابردوو ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌سروشتییه‌كانی هه‌رێم له‌كۆڕبه‌ندی ئابووری وزه‌ی ئه‌تڵه‌نتیك له‌ئه‌سته‌نبوڵی توركیا له‌وتارێكدا وتی "تاساڵی 2020 هه‌رێم بڕی 20 ملیار مه‌تر سێجا غازی سروشتی هه‌نارده‌ی توركیاو وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كات".

 

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی لیژنه‌ی وزه‌و سامانه‌سروشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ست "نیقاش" كه‌وتوون، له‌مانگی شوباتی‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌ست به‌دروستكردنی بۆری گواستنه‌وه‌ی غازی سروشتی هه‌رێم بۆ توركیا ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش بۆ به‌ستنه‌وه‌ی غازی هه‌رێم به‌بۆری غازی شیرناخ له‌باكووری كوردستان له‌وڵاتی توركیا، كه‌ پرۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای بۆتاشی توركیه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت.

 

سایتی‌ یه‌نی‌ شه‌فه‌قی‌ توركی‌ له‌سه‌ر زاری‌ كۆمپانیای‌ بۆتاشه‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پرۆژه‌كه‌ به‌بۆرییه‌ك به‌درێژایی 185 كیلۆمه‌ترو پانی 40 ئینج كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت‌و ده‌بێت له‌ماوه‌ی 270 رۆژ ته‌واوبكرێت، به‌ته‌واوبوونیشی غازی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نرێته‌ توركیاو ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌تۆڕی غازی توركیاوه‌.

 

غازی كه‌ركوكیش هه‌نارده‌ده‌كرێت

هه‌ر به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌لیژنه‌ی سامانه‌سروشتییه‌كان دراوه‌ به‌"نیقاش" حكومه‌تی هه‌رێم جگه‌ له‌وه‌ی به‌رنامه‌ی هه‌یه‌ غازی سێ‌ پارێزگاكه‌ی هه‌نارده‌بكات، به‌نیازه‌ غازی كه‌ركوكیش هه‌نارده‌ بكات.

 

نه‌جات حوسێن، ئه‌ندامی لیژنه‌ی وزه‌ له‌ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی وت "حكومه‌تی خۆجێیی كه‌ركوك‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ست بكه‌ن به‌راكێشانی بۆری گواستنه‌وه‌ی غازی سروشتی كه‌ركوك بۆ توركیا، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی گواستنه‌وه‌ی غازی هه‌رێم بۆ ئه‌و وڵاته‌".

 

نه‌جات حوسێن وتیشی: "به‌م نزیكانه‌ ده‌ست به‌پرۆژه‌كه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام دیارنییه‌ راكێشانی ئه‌و بۆرییه‌، له‌كه‌ركوكه‌وه‌ چه‌ند ده‌خایه‌نێت‌‌و كه‌ی ته‌واو ده‌بێت".

 

به‌وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی وزه‌ له‌ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای ئه‌و غازه‌ی له‌كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌نارده‌ده‌كرێت، له‌گێڵگه‌كانی بای حه‌سه‌ن له‌شارۆچكه‌ی دوزی سه‌ر به‌تكریت ده‌رده‌هێنرێت، كه‌ برێكی زۆر یه‌ده‌گی غاز له‌و كێڵگانه‌ هه‌یه‌.

 

غازی سروشتی ده‌بێته‌ فریادره‌سی هه‌ولێر؟

له‌ئێستادا هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی دوو ساڵه‌ تووشی قه‌یرانێكی دارایی گه‌وره‌ بووه‌، به‌هۆی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق له‌سه‌ر نه‌وت‌و بودجه‌و شه‌ڕی داعش‌و دابه‌زینی نرخی نه‌وت، به‌وته‌ی شاره‌زایانی بواری ئابووری ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ له‌مساڵدا زیاتر قووڵبێته‌وه‌، شاره‌زایان پێیان وایه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانێت به‌هه‌نارده‌ی غازی سروشتی به‌شێكی زۆر له‌قه‌یرانه‌ داراییه‌كه‌ی چاره‌سه‌ربكات.

 

له‌و باره‌وه‌ دكتۆر غالب محه‌مه‌د، پێیوایه‌ به‌رهه‌مهێنان‌و هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی بۆ هه‌رێمی كوردستان سوودێكی باشی ده‌بێت به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ر بۆ توركیاو دواتر بۆ ئه‌وروپای هه‌نارده‌ بكات، چونكه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ داهاتێكی زۆری ده‌ستده‌كه‌وێت.

 

به‌وته‌ی ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواره‌ی وزی، توركیا ساڵانه‌ یازده‌ ملیار مه‌تر سێجا غازی سروشتی پێویسته‌و زۆربه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ده‌كات، كه‌ هه‌رێم بۆ زیاتر له‌ 70 ساڵ ده‌توانێت ببینه‌ سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی غاز بۆ ئه‌و وڵاته‌.

 

هه‌رناده‌ی غازی سروشتی هه‌رێم بۆ توركیا له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ 50 ساڵیه‌دایه‌، كه‌ له‌ساڵی 2013 له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و حكومه‌تی توركیا واژووكرا، ئێستا هاوشێوه‌ی بۆری نه‌وت بۆرییه‌ك بۆ هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی هه‌رێم بۆ توركیا رابكێشرێت.

 

شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه‌و سامانه‌سروشتییه‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌گرنگییه‌وه‌ باس له‌پڕۆژه‌ی راكێشانی بۆری غازی سروشتی له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ توركیا ده‌كات‌و بۆ "نیقاش" وتی "ئه‌و پرۆژه‌یه‌ پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژی گرنگه‌، كه‌ غازی سروشتی هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نرێته‌ توركیا بفرۆشێت، ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی تری داهات بۆ هه‌رێمی كوردستان".

 

شێركۆ جه‌وده‌ت وتیشی "ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌جدی كار له‌و پرۆژه‌یه‌ بكات‌و شه‌فافییه‌ت له‌داهاته‌كه‌ی هه‌بێت، به‌دڵنیایی كارگه‌رییه‌كی زۆر باشی ده‌بێت له‌چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی هه‌رێم، ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ی ده‌ستخستنی داهاتێكی باش له‌و پرۆژه‌یه‌".

 

سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه‌و سامانه‌سروشتییه‌كان، ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، كه‌ بڕیاره‌ پرۆژه‌ی بۆری غازی سروشتی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و توركیا له‌كۆتایی ساڵی 2017‌و سه‌ره‌تای ساڵی 2018 به‌ته‌واوی كۆتایی پێبێت،  هه‌رچه‌نده‌ ئێستا دیارنییه‌ هه‌رێم چه‌ند بڕی غاز هه‌نارده‌ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و كات به‌پێی توانای بۆرییه‌كه‌و گونجانییه‌تی له‌رووی زانستی‌و ته‌كنیكییه‌وه‌ دیارده‌بێت.

 

له‌ئێستادا سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ڕووی ده‌رهێنانی غازی سروشتی به‌پله‌ی یه‌كه‌م پڕكردنه‌وه‌ی پێویستی ناوخۆییه‌ بۆ وزه‌ی كاره‌باو به‌كارهێنانی له‌بواری پیشه‌سازی‌و ده‌ستخستنی سوته‌مه‌نی ناوخۆیی، كه‌ كۆمپانیای دانه‌غاز گه‌وره‌ترین كۆمپانیایه‌و له‌زۆرێك له‌كێڵگه‌كانی غازی سروشتی هه‌رێم كاری ده‌رهێنانی ئه‌و غازه‌ ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك به‌درێژایی 176 كیلۆمه‌تر غازی سرووشتی له‌كێڵگه‌ی كۆرمۆره‌وه‌ بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با له‌هه‌ولێرو سلێمانی‌و خورمه‌ڵه‌ش ده‌رده‌هێنێت‌و ده‌گوازێته‌وه‌.

 

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ هه‌نگاوه‌كه‌ شاره‌زایانی‌ بواری ئابووری هۆشداری ده‌ده‌ن، كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم هه‌مان سیاسه‌تی نه‌وت له‌هه‌نارده‌ی غاز بگرێته‌ به‌ر، ئه‌وا هیچ سودێكی نابێت‌و ره‌نگه‌ قه‌یرانه‌كانیش قووڵبكاته‌وه‌.

 

دكتۆر محه‌مه‌د ره‌ئوف شاره‌زای ئابووری‌و مامۆستای زانكۆی‌ سلێمانی‌ له‌و باره‌وه‌ بۆ "نیقاش" وتی "راسته‌ هه‌نارده‌ی غاز گرنگه‌ بۆ هه‌رێم، به‌ڵام له‌وه‌ گرنگتر ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ئاسته‌ ده‌كات، چۆن ده‌توانێت داهاته‌كه‌ی بخاته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانییه‌وه‌".

 

به‌وته‌ی محه‌مه‌د ره‌ئوف، ئه‌گه‌ر هه‌رێم هه‌مان سیاسه‌تی نه‌وت له‌هه‌نارده‌ی غازیش په‌یڕه‌و بكات، كه‌ به‌سیاسه‌تێكی "ناشه‌فاف" وه‌سفیكرد، ئه‌وا هیچ سوودێكی نابێت‌و داهاته‌كه‌ی وه‌ك داهاتی نه‌وت به‌ناشه‌فافی ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ به‌بڕوای‌ ئه‌و ئێستا داهاتی نه‌وت، نه‌ك نه‌بووه‌ته‌ فریادره‌س، به‌ڵكو حكومه‌تی هه‌رێمی تووشی قه‌رزێكی زۆر كردووه‌و قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌كانی هه‌رێمیشی قووڵكردووه‌ته‌وه‌.

 

به‌ره‌به‌ره‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت مانگی‌ داهاتوو راكێشانی‌ بۆرییه‌كه‌ ده‌ست پێبكات، به‌ڵام نازانرێ‌ ئه‌م گره‌وه‌ له‌سه‌ر چاره‌نووس‌و ئه‌نجامێكی‌ نادیار چی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌