راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گه‌وره‌ بچووك له‌ناو ده‌بات
دراوه‌ نوێیه‌كه‌ مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر بازاڕ دروست ده‌كات

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق دراوی‌ په‌نجا هه‌زار دیناری‌ ده‌ركرد، خه‌ڵك له‌وه‌ ده‌ترسن ئه‌م دراوه‌ نوێیه‌ دراوه‌ بچووكه‌كان له‌ناو ببات.
14.01.2016  |  به‌غدا
دراوی‌ جۆری‌ په‌نجا هه‌زار دیناری‌
دراوی‌ جۆری‌ په‌نجا هه‌زار دیناری‌

كاتێك محه‌مه‌د مه‌حمود موچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ وه‌رده‌گرت، بۆیه‌كه‌مجار دراوی‌ په‌نجا هه‌زار دیناری‌ به‌رچاوكه‌وت كه‌ له‌مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ رابردوو بانكی‌ ناوه‌ندی‌ بڕیاری‌ خستنه‌بازاڕی‌ راگه‌یاندبوو.

 

مه‌حمود كه‌ موچه‌كه‌ی‌ تاڕاده‌یه‌ك زۆره‌، ئه‌م دراوه‌ نوێیه‌ كاری‌ بۆ ئاسان ده‌كات به‌باشی‌ ده‌توانێت موچه‌كه‌ی‌ له‌گیرفانیدا بشارێته‌وه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "جاران ناچار ده‌بووم موچه‌كه‌م له‌عه‌لاگه‌یه‌كدا بشارمه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌دراوی‌ پێنج‌و ده‌ هه‌زاری‌ زۆر ده‌رده‌چوو، له‌وه‌ ده‌ترسام به‌و هۆیه‌وه‌ دزیم لێ‌ بكرێت".

 

ئه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ بۆ مه‌حمود باش بێت، ئه‌وا زۆر كه‌سی‌ تر به‌مه‌ترسی‌ ده‌بینن له‌سه‌ر گوزه‌رانیان، بۆ نموونه‌ عه‌لی‌ عه‌بدولستار یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ كه‌ به‌كرێی‌ رۆژانه‌ له‌ئه‌میندارێتی‌ به‌غدا كارده‌كات.

 

ئه‌و گه‌نجه‌ رۆژانه‌ ده‌ هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت، هه‌زار دیناری‌ بۆ هاتوچۆ خه‌رج ده‌كات، له‌وه‌ ده‌ترسێت ئه‌م دراوه‌ نوێیه‌ دراوه‌ بچووكه‌كان له‌ناو ببات‌و ئیتر رۆژانه‌ له‌بری‌ پێنج سه‌د دینار بۆ هه‌ر سه‌رێكی‌ پاس، ناچار ببێت هه‌زار دینار بدات، به‌مه‌ش كرێی‌ هاتوچۆی‌ ده‌بێته‌ دوو هێنده‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ حكومه‌ت بڕیاریداوه‌ موچه‌و كرێی‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانیشی‌ كه‌م بكاته‌وه‌.

 

له‌رووی‌ زانستییه‌وه‌ هیچ پێوه‌رێك نییه‌ قسه‌كانی‌ عه‌لی‌ بسه‌لمێنێت، به‌ڵام به‌ئه‌زموون ده‌ركه‌وتووه‌ كاتێك دراوی‌ جۆری‌ بیست‌و پێنج هه‌زار دیناری‌ چاپكرا، كرێی‌ هاتوچۆی‌ پاس له‌ 250 دیناره‌وه‌ بوو به‌ 500 دینار، بگره‌ پێشتریش دراوی‌ جۆری‌ سه‌د دیناری‌‌و دراوی‌ ئاسنیش هه‌بوون، كه‌چی‌ هیچیان باویان نه‌ما.

 

ئێستا بانكی‌ ناوه‌ندی‌ دراوی‌ جۆری‌ 25 دیناری‌‌و سه‌د دیناری‌ چاپ ناكات‌و بازاڕیش كار به‌ 50 دیناری‌ ناكه‌ن، بۆیه‌ خه‌ڵكی‌ له‌وه‌ ده‌ترسن دراوی‌ 250 دیناریش به‌هه‌مان چاره‌نووسدا بڕوات.

 

نه‌مانی‌ ئه‌م جۆره‌ دراوانه‌ له‌مامه‌ڵه‌ی‌ رۆژانه‌دا مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نرخی‌ كاڵاو شمه‌كه‌كان به‌رز ده‌بنه‌وه‌‌و به‌هۆشیانه‌وه‌ هه‌ڵاوسان دروست ده‌بێت‌و كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆی‌ له‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ ده‌رامه‌ت كه‌م‌و مامناوه‌ند ده‌بێت.

 

ئه‌و كاڵایه‌ی‌ جاران به‌ 250 دینار ده‌فرۆشرا راسته‌وخۆ نرخه‌كه‌ی‌ ده‌بێته‌ 500 دینار، ئه‌مه‌ش مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ هێزی‌ كڕینی‌ دینار داده‌به‌زێت.

 

بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ كه‌م ئه‌م دراوه‌ نوێیه‌ی‌ خستووه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌و داویه‌تی‌ به‌هه‌ندێ‌ فه‌رمانگه‌و بانك، بڕیار وایه‌ ورده‌ ورده‌ رێژه‌كه‌ی‌ به‌رز بكرێته‌وه‌.

 

شاره‌زایانی‌ ئابوری‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ راسته‌وخۆ نابینن له‌نێوان ده‌ركردنی‌ دراوی‌ نوێ‌‌و هاتنه‌ خواره‌وه‌ی‌ هێزی‌ كڕینی‌ دینار، به‌ڵام پێیان وایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ كار له‌بازاڕ ده‌كات.

 

باسم به‌سام توێژه‌ری‌ ئابوری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "بازاڕی‌ عێراق ناچێته‌ چوارچێوه‌ی‌ تیۆره‌كانی‌ بازاڕی‌ جیهان، ئه‌م دراوه‌ نوێیه‌ بۆ ئه‌وه‌ چاپكراوه‌ قه‌باره‌ی‌ دراو له‌ئاڵوگۆڕه‌ گه‌وره‌كاندا كه‌م بكرێته‌وه‌".

 

ده‌شڵێت "شێوازی‌ بازاڕ له‌عێراقدا ئه‌وه‌ ده‌سه‌پێنێت له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی‌ دراوی‌ نوێدا خه‌ڵك كه‌متر خواستیان بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كار به‌دراوه‌ كۆنه‌كان بكه‌ن".

 

به‌بڕوای‌ ئه‌و توێژه‌ره‌ چاره‌سه‌ر له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ ئه‌م دراوه‌ بۆ ئاڵوگۆڕه‌ گه‌وره‌كان ته‌رخان بكات‌و له‌پاڵیدا دراوه‌ بچووكه‌كان چاپ بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌بازاڕدا بمێننه‌وه‌و به‌هۆیانه‌وه‌ نرخ به‌رز نه‌بێته‌وه‌.

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ به‌دووری‌ نازانێت بازاڕ بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری‌ ده‌ركردنی‌ ئه‌م دراوه‌ نوێیه‌وه‌، بۆیه‌ بڕیاریداوه‌ بیرۆكه‌ی‌ چاپكردنی‌ دراوی‌ سه‌د هه‌زار دیناری‌ بۆ ماوه‌یه‌ك دوابخات كه‌ پێشتر بڕیاری‌ لێدابوو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بازاڕ كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر دروست نه‌بێت‌و هه‌ڵاوسان نه‌یه‌ته‌ ئاراوه‌.

 

ئێستا دراوه‌ نوێیه‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌و پلانی‌ بانكی‌ ناوه‌ندیش ئه‌وه‌یه‌ ورده‌ ورده‌ له‌بازاڕدا زۆری‌ بكات، زۆر كه‌س له‌وه‌ ده‌ترسن ئه‌م هه‌نگاوه‌ نوێیه‌ بچێته‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسای‌ ماسییه‌كانه‌وه‌ كه‌ ماسی‌ گه‌وره‌ ماسی‌ بچووك ده‌خوات، به‌و هۆیه‌وه‌ دراوه‌ بچووكه‌كان له‌بازاڕدا بكشێنه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌