راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گه‌ڕه‌كی‌ دوكه‌ڵی‌ نه‌وت
حه‌ی‌ نه‌فت.. ناوێك كه‌ هیچ خێروبێرێكی‌ بۆ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ نه‌بووه‌

محه‌ممه‌د زه‌یدی
ئه‌گه‌ر به‌ناوه‌كه‌یدا بێت ناوچه‌ی‌ حه‌ی‌ نه‌فتی‌ كوت ده‌وڵه‌مه‌ندترین ناوچه‌یه‌ له‌عێراقدا، كه‌چی‌ له‌ناوه‌ڕۆكدا رێك پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ راسته‌.
14.01.2016  |  واست

له‌نێوان بیره‌كانی‌ كێڵگه‌ی‌ ئه‌حدبی چینی‌‌و گازپرۆمی‌ روسی‌ له‌پارێزگای‌ واست ناوچه‌ی‌ حه‌ی‌ نه‌فت هه‌یه‌ كه‌ گه‌ڕه‌كێكی‌ دووره‌ده‌ستی‌ فه‌رامۆشكراوه‌و ساده‌ترین هۆكاره‌كانی‌ ژیانی‌ تیا نییه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ناوه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌ژین هیچ خێروبێرێكی‌ نه‌وتیان نه‌دیوه‌.

 

چه‌ند روخسارێكی‌ په‌شۆكاو كه‌ گه‌رمای‌ هاوین‌و سه‌رمای‌ زستان به‌روونی‌ كاری‌ تێكردوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هیچ جێگه‌یه‌كیان نییه‌ ناچاربوون له‌م ناوچه‌ بێخاوه‌نه‌دا كۆببنه‌وه‌.

 

دایكی‌ عه‌لی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌دانیشتوانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌چاره‌نووسی‌ چوار منداڵه‌كه‌ی‌ ده‌ترسێت‌و ده‌ڵێت "كاتێك ساڵی‌ 2006 له‌ناوچه‌كانی‌ خۆمان ده‌ركراین، هیچ چاره‌یه‌كمان نه‌ما هاتینه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌، ده‌بینیت هه‌موو چوارده‌ورمان نه‌وته‌، كه‌چی‌ به‌س دوكه‌ڵ‌و نه‌خۆشییه‌كه‌ی‌ بۆ ئێمه‌یه‌، له‌وه‌ ده‌ترسم بمرم‌و جێیه‌كی‌ باش بۆ منداڵه‌كانم دابین نه‌كه‌م".

 

حه‌ی‌ نه‌فت چیرۆكی‌ هه‌موو خێزانه‌ داماوو بێده‌رامه‌ته‌كانی‌ له‌خۆگرتووه‌، لێره‌ ساده‌ترین خزمه‌تگوزاری‌ ده‌سته‌به‌ر نه‌كراوه‌و گه‌ڕه‌ك‌و كۆڵانه‌كانی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌مه‌كی‌ دروستكراون، خانووه‌ قوڕه‌كان به‌چینكۆ سه‌ریان گیراوه‌ كه‌ باو بۆران زۆر به‌خێرایی‌ زیانیان پێده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر له‌ناو ژووره‌ بچوكه‌كانیاندا چه‌ند جێیه‌كیان جیا كردووه‌ته‌وه‌ بۆ خۆشوشتن‌و چێشت لێنان.

 

یه‌كێكی‌ تر له‌دانیشتوانی‌ ئه‌م گونده‌ به‌توڕه‌ییه‌وه‌ ده‌پرسێت: "كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان پاره‌یه‌كی‌ زۆریان لێوه‌ ده‌ست ده‌خرێت‌و ئێمه‌ش له‌وپه‌ڕی‌ خراپیدا ده‌ژین، ئایا ئه‌مه‌ راسته‌؟"، ده‌شڵێت "خانووه‌كانمان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌مه‌كی‌ بنیادنراوه‌‌و هیچ به‌شێكی‌ بۆ ژیان ناشێت‌و نه‌خۆشی‌ هه‌موو ده‌ورمانی‌ ته‌نیوه‌".

 

نزیكه‌ی‌ په‌نجا هه‌زار كه‌س له‌ناوچه‌ی‌ حه‌ی‌ نه‌فتی‌ پارێزگای‌ واست ده‌ژین كه‌ له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ بنیادنراوه‌، زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ لێره‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌ ئه‌وانه‌ن له‌ساڵانی‌ شه‌ڕی‌ تایفی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ خۆیان هه‌ڵهاتوون.

 

جاسم ئه‌عره‌جی‌ یاریده‌ده‌ری‌ پارێزگاری‌ واست به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ دانیشتوانی‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ له‌وپه‌ڕی‌ خراپی‌ گوزه‌راندان له‌رووی‌ نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌‌و نه‌بوونی‌ هه‌لی‌ كارو به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ بێكاری‌، ده‌شڵێت "ناتوانین هیچ پڕۆژه‌یه‌ك له‌م ناوچه‌یه‌ ئه‌نجام بده‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ زیاده‌ڕۆ دروستكراوه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ شاره‌وانیدایه‌".

 

یاریده‌ده‌ری‌ پارێزگاری‌ واست پێی‌ وایه‌ ئه‌گه‌ر خێرو بێری‌ عێراق به‌شێوه‌یه‌كی‌ یه‌كسان دابه‌ش بكرێت، ئه‌وا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گه‌ڕه‌كی‌ له‌م چه‌شنه‌ دروست نابن‌و ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ گریان‌و پێكه‌نینیشه‌ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ژیانیان ئێجگار خراپه‌‌و زێڕی‌ ره‌ش به‌ژێر ماڵه‌كانیاندا ده‌ڕوات".

 

دانیشتوانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ كاتێك له‌ماڵ‌و حاڵه‌كانی‌ خۆیان به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ رایانكرد، ره‌نگه‌ هیچ له‌خه‌یاڵیاندا نه‌بووبێت بۆ ماوه‌ی‌ ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌شوێنێكی‌ وێرانه‌ی‌ قه‌ره‌باڵغدا ده‌مێننه‌وه‌و هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كیشیان پێناگات.

 

سه‌عدون هادی‌ كه‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ حكومییه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ساڵانێكی‌ دوورو درێژه‌ ئه‌م گرفته‌ به‌رده‌وامانه‌یان هه‌یه‌‌و ده‌ڵێت "ئێمه‌ تازه‌ لێره‌ جێگیر بووین، ئه‌و زه‌ویه‌ی‌ خانووه‌كانیشمان له‌سه‌ر بنیادناوه‌ موڵكی‌ ده‌وڵه‌ته‌و كه‌س ناتوانێت داوامان لێبكات چۆڵی‌ بكه‌ین".

 

مونیر كه‌مر چالاكوانێكی‌ مه‌ده‌نی‌ پارێزگای‌ واسته‌و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگای‌ له‌گوزه‌رانی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌یه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌موو ساڵێك له‌زستاندا باران چه‌ند خانوویه‌ك وێران ده‌كات، به‌هۆی‌ نه‌خۆشیشه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ هه‌موویان مه‌ترسیان له‌سه‌ره‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ته‌نها ناوی‌ نه‌وتیان وه‌رگرتووه‌ نه‌ك داهاته‌كه‌ی‌".

 

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ دكتۆر سوندوس عه‌بدولحسێن به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ ته‌ندروستی‌ گشتی‌ پارێزگای‌ واست، ناوچه‌ی‌ حه‌ی‌ نه‌فت به‌مه‌ترسیدارترین جێگه‌ی‌ پارێزگاكه‌ ده‌ژمێردرێت له‌رووی‌ نه‌خۆشییه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ چڕی‌ دانیشتوانی‌ زۆره‌و هیچ گرنگییه‌ك به‌ته‌ندروستیان نادرێت‌و ده‌شڵێت "نه‌ ئاوی‌ خواردنه‌وه‌یان هه‌یه‌، نه‌ ئاوده‌ستی‌ پێویستیش".

 

فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ پارێزگاكه‌ش وه‌ك هه‌موو فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ تر ده‌سته‌پاچه‌ن له‌ئاست ئه‌م ناوچه‌یه‌، بیانووه‌كه‌ش ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌نه‌بوونی‌ پاره‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و هه‌ڵمه‌تی‌ پشكنین‌و كوتانانه‌ش كه‌ له‌پارێزگاكه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت، منداڵانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ ناگرنه‌وه‌.

 

به‌رپرسانی‌ ناوچه‌كه‌و فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش هۆشداری‌ ده‌ده‌ن له‌خراپتربوونی‌ ژیان‌و گوزه‌رانی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌، خه‌ڵكه‌كه‌شی‌ هه‌ر دوكه‌ڵی‌ نه‌وت ده‌بینن‌و دینارێك له‌داهاته‌كه‌ی‌ وه‌رناگرن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌