راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

وه‌رزی‌ قازانجه‌ زۆره‌كه‌
چله‌ بۆ كه‌ربه‌لاییه‌كان بووه‌ته‌ خێرو به‌ره‌كه‌ت

عه‌باس سه‌رحان
چله‌ی‌ ئیمام حوسێن بۆ شیعه‌كان ته‌نها شیوه‌ن نییه‌، به‌ڵكو ده‌رفه‌تێكی‌ باشه‌ بۆ بازاڕگه‌رمی‌‌و كۆكردنه‌وه‌ی‌ داهاتێكی‌ زۆر.
3.12.2015  |  كه‌ربه‌لا
فرۆشیارانی‌ كه‌ربه‌لا له‌چله‌دا
فرۆشیارانی‌ كه‌ربه‌لا له‌چله‌دا

له‌چله‌ی‌ ئیمام حسێندا وه‌ك چۆن شه‌قامه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا پڕده‌بن له‌زیاره‌تكار، به‌هه‌مان شێوه‌ سه‌ر شۆسته‌كانیش پڕده‌بن له‌و كڕیارانه‌ی‌ سوود له‌بۆنه‌ ئاینییه‌كه‌ ده‌بینن بۆ ده‌ستخستنی‌ قازانجێكی‌ باش.

 

ئه‌و فرۆشیاره‌ كاتیانه‌ زۆربه‌یان دیاری‌ بچووك‌و ساده‌ به‌زیاره‌تكاره‌كان ده‌فرۆشن، هه‌ندێكی‌ تریشیان ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌یان له‌لایه‌ كه‌ سه‌ردانكه‌ره‌كان به‌درێژایی‌ رێگا پێویستیانه‌، وه‌ك پێڵاوو ئه‌و ئاڵایانه‌ی‌ به‌رزیان ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

هیچ شوێنێكی‌ دیاریكراو نییه‌ بۆ ده‌ستگێڕه‌كان، به‌ڵام زۆرینه‌یان له‌سه‌ر یه‌كتبڕی‌ شه‌قامه‌كان‌و ناوچه‌ی‌ سه‌ید جوده‌و فولكه‌ی‌ ته‌ربیه‌و پردی‌ زه‌ریبه‌ كۆده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌درێژایی‌ هه‌شتا كیلۆمه‌تری‌ رێگای‌ نێوان كه‌ربه‌لاو نه‌جه‌ف‌و قه‌زاكانی‌ هاوشێوه‌ی‌ توه‌یریج.

 

له‌سه‌ر یه‌كتربڕی‌ ئیبراهیمی‌ كه‌ شاری‌ كه‌ربه‌لا به‌قه‌زای‌ توه‌یریج ده‌به‌ستێته‌وه‌، ژماره‌یه‌ك فرۆشیار وه‌ستاون‌و له‌ده‌وریشیان زیاره‌تكارانی‌ كه‌ربه‌لا كۆبوونه‌ته‌وه‌.

 

مه‌یسه‌م كازم یه‌كێك له‌و فرۆشیارانه‌ی‌ له‌وێدا وه‌ستاوه‌ به‌"نیقاش"ی‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌ یا سێ‌ هه‌فته‌ی‌ چله‌دا نزیكه‌ی‌ یه‌ك ملیۆن‌و پێنج سه‌د هه‌زار دیناری‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش به‌قه‌د موچه‌ی‌ دوو مانگ‌و نیوی‌ فه‌رمانبه‌رێكه‌.

 

ده‌شڵێت "له‌مه‌دا خۆم به‌ته‌نها نیم، مێردی‌ خوشكه‌كه‌م له‌وبه‌ری‌ شه‌قامه‌كه‌ وه‌ستاوه‌و له‌و ماوه‌یه‌دا چوار هێنده‌ی‌ ئه‌و موچه‌یه‌ په‌یدا ده‌كات كه‌ له‌زانكۆی‌ كه‌ربه‌لا وه‌ریده‌گرێت، ئه‌و رۆژانه‌ پاش ده‌وامه‌كه‌ی‌ دێته‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌و كه‌لوپه‌له‌كان ده‌فرۆشێت".

 

هه‌ر شۆسته‌یه‌ك قه‌ره‌باڵغی‌ زیاره‌تكارانی‌ پیا تێپه‌ڕ ببێت ده‌بێته‌ بازاڕێكی‌ گونجاو بۆ فرۆشیاره‌كان، ئه‌وان له‌وێ‌ یاری‌ منداڵان‌و ته‌زبیح‌و جل‌و به‌رگ‌و ئاڵاو شیرینی‌ ده‌فرۆشن.

 

له‌پاڵ ده‌نگی‌ بڵندگۆی‌ شیوه‌ن‌و سروده‌ ئاینییه‌كانیشدا، ده‌نگی‌ ئه‌و بڵندگۆیانه‌ش ده‌بیسترێت كه‌ فرۆشیاره‌كان دایان ناوه‌و خۆی‌ نرخی‌ كاڵاكان دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌.

 

له‌م جۆره‌ بۆنه‌ ئاینییانه‌دا دوو جۆر كه‌س كارده‌كه‌ن، به‌شێكیان بێكاره‌كانن كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا بڕێك پاره‌ی‌ باشیان ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌شێكی‌ تریشیان فه‌رمانبه‌رانی‌ ده‌وڵه‌تن كه‌ موچه‌كانیان به‌شیان ناكات‌و له‌و رێیه‌وه‌ داهاتێكی‌ زیاتر په‌یدا ده‌كه‌ن.

 

موختار حه‌مید (23 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌و گه‌نجه‌ بێكارانه‌ی‌ سوودی‌ باشیان له‌ده‌رفه‌ته‌كه‌ بینوه‌، موختار به‌ر له‌عاشورا بایی‌ 300 هه‌زار دینار كه‌لوپه‌لی‌ كڕیوه‌و له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڕه‌كی‌ حه‌ی‌ عه‌سكه‌ری‌ هه‌ڵیگرتووه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا.

 

موختار به‌"نیقاش"ی‌ وت "پاره‌كه‌م له‌باوكم قه‌رزكردو دوای‌ عاشورا بۆی‌ ده‌گێڕمه‌وه‌"، هه‌رچه‌نده‌ نازانێت چه‌نده‌ قازانج ده‌كات له‌وكاره‌، به‌ڵام به‌راورد به‌ئه‌زموونه‌كانی‌ پێشوو لانی‌ كه‌م دوو هێنده‌ی‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت.

 

هه‌ر زوو موختار له‌ده‌روازه‌ی‌ شه‌قامی‌ ئیمام حسێن شوێنێكی‌ بۆ خۆی‌ گرتووه‌ كه‌ تا دره‌نگانێكی‌ شه‌و لێی‌ ده‌مێنێته‌وه‌، یان شه‌وانیش هه‌ر له‌وێ‌ ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و جێگه‌یه‌ زۆر قه‌ره‌باڵغه‌و ئه‌گه‌ر چۆڵی‌ بكات فرۆشیارانی‌ تر ده‌یگه‌نێ‌.

 

هه‌ر له‌نزیك موختاره‌وه‌، زه‌كی‌ جاسم كه‌لوپه‌له‌كانی‌ هه‌ڵڕشتووه‌ كه‌ پێكهاتوون له‌گۆره‌وی‌ پیاوان‌و ژنان‌و جل‌وبه‌رگی‌ ره‌ش بۆ منداڵ‌و كه‌وله‌په‌لی‌ تری‌ یاری‌.

 

زه‌كی‌ فه‌رمانبه‌ری‌ حكومه‌ته‌و موچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ 450 هه‌زار دیناره‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "موچه‌كه‌م به‌شم ناكات، بۆیه‌ له‌م كاتانه‌دا كار ده‌كه‌م‌و بڕێك قازانج ده‌ست ده‌خه‌م".

 

زه‌كی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ر له‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بایی‌ 500 هه‌زار دینار له‌ناوچه‌ی‌ شۆرجه‌ی‌ به‌غدا بڕێك كه‌لوپه‌لی‌ كڕیوه‌و ئێستا له‌گه‌ڵ كوڕه‌ 17 ساڵانه‌كه‌یدا ده‌یانه‌وێت قازانجی‌ لێبكه‌ن.

 

زه‌كی‌ ئه‌و قازانجه‌ ئاشكرا ناكات كه‌ ده‌ستی‌ ده‌كه‌وێت نه‌وه‌ك ببێت به‌چاوه‌وه‌، به‌ڵام نایشارێته‌وه‌ كه‌ قازانجه‌كه‌ی‌ كه‌م نییه‌، چونكه‌ كه‌لوپه‌له‌كان به‌چه‌ند قاتی‌ نرخی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆیان ده‌فرۆشێت، بۆ نموونه‌ هه‌ندێ‌ كه‌لوپه‌لی‌ منداڵان 250 دیناریان پێده‌دات‌و به‌هه‌زار دینار ده‌یان فرۆشێته‌وه‌.

 

زیاره‌تكاران خواستێكی‌ زۆریان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی‌ له‌سه‌ر رێگاكان نمایش ده‌كرێن، چونكه‌ به‌شێكی‌ زۆریان له‌پارێزگا دووره‌كان‌و وڵاتانی‌ تره‌وه‌ هاتوون‌و ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ وه‌ك به‌ره‌كه‌ت یان یادگاریی‌ ده‌كڕن، بۆ نموونه‌ مه‌هدی‌ سه‌یاح كه‌ له‌ناوچه‌ی‌ خوزستانی‌ خوارووی‌ ئێرانه‌وه‌ هاتووه‌، بڕێكی‌ زۆری‌ ته‌زبیح‌و شیرینی‌ كڕیوه‌و وه‌ك به‌ره‌كه‌ت ده‌یباته‌وه‌ بۆ هاوڕێ‌‌و كه‌سوكاره‌كه‌ی‌.

 

مورته‌زا جه‌وادیش كه‌ له‌دیوانییه‌وه‌ چووه‌ته‌ كه‌ربه‌لا، هه‌موو جارێك به‌ده‌ستی‌ خاڵی‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌یی‌‌و ده‌بێت بڕێك دیاری‌ بباته‌وه‌، مورته‌زا لانی‌ كه‌م ساڵی‌ جارێك ده‌چێته‌ كه‌ربه‌لاو پێی‌ وایه‌ نرخی‌ كه‌لوپه‌له‌كان له‌لای‌ ده‌ستگێڕه‌كان زۆر هه‌رزانتره‌ به‌راورد به‌بازاڕ.

 

ئه‌وانه‌ی‌ قازانج له‌رۆژانی‌ چله‌ی‌ ئیمام حسێن ده‌كه‌ن ته‌نها خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ نین، به‌ڵكو زۆرێك هه‌ن له‌بابل‌و نه‌جه‌فه‌وه‌ ده‌چنه‌ ئه‌وێ‌‌و كه‌لوپه‌ل ده‌فرۆشن، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا خواردن‌و خواردنه‌وه‌و شوێنی‌ مانه‌وه‌یان به‌خۆڕاییه‌و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان خه‌ڵكی‌ پێشكه‌شی‌ ده‌كه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌